Print
 كه‌سوكار و هاوڕێیانی‌ سوركێو زاهیر ئیدانه‌ی‌ ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر خۆپیشانده‌رانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ده‌كه‌ن
Tuesday, February 22, 2011
(سبه‌ی‌):
له‌دوای‌ گیانله‌ده‌ستدانی‌ رۆڵه‌ی‌ بنه‌ماڵه‌كه‌یان، كه‌سوكارو هاوڕێیانی‌ سوركێو زاهیر ئیدانه‌ی‌ ته‌قه‌كردن له‌ خۆپیشانده‌رانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ده‌كه‌ن و به‌پێویستی‌ ده‌زانن حكومه‌ت گوێ له‌ داواكاریی‌ هاوڵاتیانی‌ خۆپیشانده‌ر بگرێت.
مامی‌ سوركێو زاهیر مه‌حمود به‌ (سبه‌ی‌) راگه‌یاند: له‌ئێستادا كه‌ زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانن و داوای‌ مافه‌ ره‌واكانیان ده‌كه‌ن، پێویسته‌ حكومه‌ت گوێ‌ له‌ داواكارییه‌كانیان بگرێت و به‌فیشه‌ك وه‌ڵام نه‌درێنه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ كاتێكدا كه‌ سه‌رجه‌م میلـله‌ت به‌شدار بوه‌ له‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ ئازادی‌ و ئه‌م ئه‌زمونه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.
وتیشی‌: ئه‌مڕۆ بۆ ماوه‌ی‌ 5 رۆژ خۆپیشاندان به‌رده‌وامه‌ و تاوه‌كو ئێستا به‌رپرسێك نه‌هاتوه‌ گوێ‌ له‌ داواكارییه‌كانی‌ میلـله‌ت بگرێت.
له‌لایه‌كی‌ دیكه‌شه‌وه‌  فه‌رهاد زاهیر برای‌ شه‌هید سوركێو رایگه‌یاند: داوای‌ یاسایی تۆمار ده‌كه‌ین له‌سه‌ر بكوژی‌ سوركێو و ئێمه‌ لێبوردنمان هه‌یه‌، به‌ڵام نه‌ك لێبوردنێك كه‌ خۆمان ناشرین بكه‌ین له‌به‌رچاوی‌ خه‌ڵك ئه‌مڕۆ براكه‌مان به‌ گولـله‌ وه‌ڵامدراوه‌ته‌وه‌.
هاوپۆلێكی‌ سوركێویش به‌ (سبه‌ی‌) راگه‌یاند: سبه‌ینێ‌ پێشانگایه‌كی‌ ئیشی‌ ده‌ستی‌ خوێندكاران ده‌كرێته‌وه‌ له‌ بری‌ وێنه‌ی‌ ده‌ستی‌ خوێندكاران وێنه‌ی‌ شه‌هید سوركێو هه‌ڵده‌واسین به‌ سه‌رجه‌م پێشانگاكه‌دا.
سوركێو زاهید خوێندكاری‌ پۆلی‌ چواره‌می‌ ئاماده‌یی بو له‌ خوێندنگه‌ی‌ ئاماده‌یی سلێمانی‌ كوڕان له‌ دایكبوی‌ ساڵی‌ 1994 بو.
 
Sbeiy.com © 2007