|
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی ناوخۆ: داوامان له‌وه‌زیری ناوخۆ كردوه ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه |
Tuesday, February 22, 2011 |
(سبه‌ی):
كاروان ساڵح ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه خۆجێیه‌كان له په‌رله‌مانی كوردستان، به(سبه‌ی) راگه‌یاند: دوای روداوهكای 17ی شوبات كه خوێنی چه‌ندین كه‌س به‌ناهه‌ق رژاو ترس و تۆقاندن بڵاوبۆوه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته گه‌یشتینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی بانگێشتی هه‌ردو وه‌زیرانی ناوخۆ و پێشمه‌رگه بكه‌ین بۆ لیژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه خۆجێیه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه) بانگێشتی هه‌ردو وه‌زیری ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ی كرد، به‌ڵام ته‌نها وه‌زیری ناوخۆ ئاماده‌ی دانیشتنی لیژنه‌كه‌مان بو، وه‌زیری پێشمه‌رگه خۆی له‌م بابه‌ته شارده‌وه و ئاماده نه‌بو بێته په‌رله‌مان، بۆیه له‌مباره‌یه‌وه ئاگاداری سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانمان كرده‌وه كه ئه‌مه به‌كارێكی زۆر ناشیرین ده‌زانین.
وتیشی: ئه‌مه له‌هه‌ر وڵاتێكدا بێت له‌م كات و ساته‌دا لیژنه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی بانگێشتی وه‌زیرێك بكات و ئاماده نه‌بێت، چاكتر وایه ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه یان په‌رله‌مانی كوردستان متمانه‌ی لێ بسه‌نێته‌وه.
ده‌رباره‌ی هاتنی وه‌زیری ناوخۆ بۆ لیژنه‌كه‌یان، كاروان ساڵح وتی: چه‌ندین پرسیارمان ئاراسته‌ی وه‌زیری ناوخۆ كرد و سه‌رجه‌م كهمتهرخهمییهكانمان له روداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌دا خسته‌ڕو، به‌وه‌ی كه حكومه‌ت به‌كاری خۆی هه‌ڵنه‌ستاوه و نه‌یتوانیوه باره‌گاكان و خۆپیشانده‌ران بپارێزێت، له‌وه‌ی كه پاسه‌وانانی پارتی دیموكراتی كوردستان ته‌قه له‌خۆپیشانده‌ران نه‌كات.
ناوبراو، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، پرسیارمان له‌وه‌زیری ناوخۆ كردوه ده‌رباره‌ی ئه‌و شوێنه‌ی كه به‌ردێكی لێنه هاویشتراوه و خۆپیشاندانی لێ نه‌كراوه باره‌گاكانی گۆڕانه له هه‌ولێر و سۆران و شه‌قڵاوه و بنه‌سڵاوه و دهۆك، هه‌روه‌ها ته‌له‌فزیۆنی لۆكاڵی گۆڕان و نوسینگه‌ی رۆژنامه‌ی (رۆژنامه) و رادیۆی گۆڕانه، به‌ڵام په‌لامار دراون و سوتێنراون ، كه وه‌زیری ناوخۆ به‌رپرسی یه‌كه‌مه له‌م كه‌مته‌رخه‌میه.
رونیشیكرهوه، داوامان له‌وه‌زیری ناوخۆ كردوه ده‌ست له‌كاربكێشێته‌وه، راپۆرتی تایبه‌تمان ئاماده كردوه بۆ دانیشتنی نائاسایی سبه‌ینێی په‌رله‌مان.
|
|
|