Print
 چه‌ند سه‌رنجێك له‌سه‌ر قسه‌كانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌
Thursday, February 24, 2011

به‌رهه‌م خالید  
      
  ده‌مه‌وێت بێ هیچ پێشه‌كییه‌ك راسته‌وخۆ بچمه‌ سه‌ر لێدوانه‌كانی‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی‌ و چه‌ند سه‌رنجێك له‌باره‌ی‌ قسه‌كانییه‌وه‌ بخه‌مه‌ڕو. هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ قسه‌كانیدا و وه‌ك هه‌میشه‌و وه‌ك ته‌واوی‌ به‌رپرسه‌كانی‌ دی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ له‌سه‌ر روداوه‌كه‌ یان باشتره‌ بڵێم كاره‌ساته‌كه‌ی‌ 17ی‌ شوبات، وتی‌: ئێمه‌ كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ترمان هه‌یه‌ كێشه‌ی‌ مادده‌ی‌ 140مان هه‌یه‌ بۆیه‌ نابێ‌ خۆمان به‌ هه‌ندێ‌ كێشه‌ی‌ تر سه‌قاڵ بكه‌ین؟. پێویسته‌ لێره‌دا بڵێین له‌راستیدا ئێمه‌ كێشه‌ی‌ مادده‌ی‌ 140مان نییه‌ كێشه‌ی‌ مانه‌وه‌ی‌ ئێوه‌مان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌لاَت. مادده‌ی‌ 140 خۆی‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ بو، به‌لاَم ئێوه‌ له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ كێشه‌كه‌ی‌ پێ‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن هه‌ر خۆتان كردتان به‌ كێشه‌و ئێستا گیرتان خواردوه‌ به‌ده‌ستییه‌وه‌، پاشان ئێوه‌ تاكه‌ی‌ ده‌تانه‌وێ‌ به‌بیانوی‌ 140ه‌وه‌ شه‌رعییه‌ت به‌ مانه‌وه‌ی‌ خۆتان بده‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ 140 هه‌ر ته‌نها ئێوه‌ بتوانن چاره‌سه‌ری‌ بكه‌ن، له‌راستیدا هه‌ر ئێوه‌ ناتوانن چاره‌سه‌ری‌ بكه‌ن ته‌نانه‌ت هێنده‌ ئه‌م مادده‌یه‌تان به‌ ئاقارێكی‌ خراپدا بردوه‌ ته‌نانه‌ت بۆ هێزه‌كانی‌ ده‌سه‌لاَتداری‌ داهاتوش ئێجگار قورس بوه‌. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد پێویسته‌ هه‌مومان هه‌وڵبده‌ین بۆ جێبه‌جێكردنی‌ مادده‌ی‌ 140، من نازانم مه‌به‌ستی‌ به‌ڕێزیان له‌ وشه‌ی‌ (هه‌مومان) چییه‌؟ چونكه‌ له‌وه‌ته‌ی‌ ئه‌م مادده‌یه‌ له‌ ده‌ستوردا جێگیر كراوه‌ بۆ ته‌نها جارێكیش ئێوه‌ی‌ ده‌سه‌لاَتدار نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ راوبۆچونی‌ خه‌ڵك و گوێتان له‌كه‌س نه‌گرت، جگه‌ له‌وه‌ش رۆژنامه‌نوسان و رۆشنبیران چه‌ند ساڵێكه‌ هاوارده‌كه‌ن، ده‌نوسن، پێشنیار ده‌كه‌ن، ئێوه‌ هه‌رگیز گوێتان لێ‌ نه‌گرتن، كه‌واته‌ پێمان مه‌ڵێن پێویسته‌ به‌ هه‌مومان چاره‌سه‌ری‌ بكه‌ین، ئێوه‌ كه‌ی‌ گوێتان له‌ خه‌ڵك گرتوه‌ و كه‌ی‌ گوێ‌ له‌خه‌ڵك ده‌گرن، ئێوه‌ تائێستاش له‌ ژوره‌ تاریكه‌كاندا نه‌بێ‌ كۆبونه‌وه‌ ناكه‌ن و بڕیاره‌كانتان ناده‌ن.

پاشان ئێوه‌ خۆتان به‌ مه‌زڵوم ده‌زانن؟! له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی‌ شوشه‌ی‌ په‌نجه‌ره‌ی‌ بیناكه‌تان شكاوه‌؟! به‌لاَم خه‌ڵك به‌ مه‌زڵوم نازانن كه‌ خوێنی‌ رژاوه‌ و ماڵی‌ وێران بوه‌ ئه‌مه‌ش زۆر سه‌یره‌، چونكه‌ ئێوه‌ چ هێرشتان كردبێته‌ سه‌ر باره‌گای‌ خه‌ڵك و چ هێرشتان كرابێته‌ سه‌ر هه‌ر خوێنتان رشتوه‌، واته‌ له‌ هه‌ردو حاڵه‌ته‌كه‌دا ئه‌وه‌ هه‌ر حیزبه‌كه‌ی‌ ئێوه‌یه‌ زوڵمی‌ له‌ خه‌ڵك كردوه‌، ته‌نانه‌ت هۆكاری‌ توڕه‌بونی‌ خه‌ڵكیش به‌هۆی‌ زوڵمه‌كانی‌ حیزب و ده‌سه‌لاَتدارانه‌وه‌یه‌، خه‌ڵك هیچ ده‌سه‌لاَتێكیان نییه‌ تا بتوانن زوڵم بكه‌ن.

 هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانی‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كرد، كه‌ هێزه‌كانیان له‌ سه‌ر داواكاری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت بوه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنی‌ بارودۆخه‌كه‌ ئه‌مه‌، له‌كاتێكدا پێشتر ئاری‌ هه‌رسین وته‌بێژی‌ پارتی‌ له‌ سلێمانی‌ وتبوی‌ هاتنی‌ هێزی‌ پارتی‌ بۆ پاراستنی‌ پارتی‌ و لقی‌ پارتی‌ بوه‌، چونكه‌ هێزه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ پارتیان نه‌پاراستوه‌. ئه‌مه‌ش واته‌ له‌سه‌ر بڕیاری‌ پارتی‌ خۆی‌ بوه‌.

هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانی‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كرد هاتنی‌ هێزه‌كانمان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ سه‌روه‌ری‌ یاسایه‌؟! به‌ قسه‌ی‌ به‌ڕێزیان بێت له‌ سلێمانی‌ یاسا نه‌ماوه‌ و ئه‌وه‌ ته‌نها ئه‌وانن ده‌توانن یاسا بگه‌ڕێننه‌وه‌ و هێزه‌كانی‌ ئه‌مانیش بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ یاسا هاتون، جگه‌ له‌مان كه‌سیتر ناتوانێ‌ یاسا بگه‌ڕێنێته‌وه‌! كه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ سه‌رله‌به‌ری‌ هه‌ڵه‌یه‌ هه‌روه‌ها ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ كه‌ پارتی‌ پێی‌ وایه‌ یاسا ته‌نها به‌ رشتنی‌ خوێنی‌ خه‌ڵك و ئه‌نجامدانی‌ توندوتیژی‌ و بێده‌نگكردنی‌ خه‌ڵك و كه‌بتكردن و چاوسوركردنه‌وه‌ ده‌چه‌سپێ‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌م هونه‌ره‌ش ته‌نها ئه‌وان ده‌یزانن. هه‌روه‌ها ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كه‌ به‌ڕێزیان پێیانوایه‌ له‌هه‌ر شوێنێ‌ خۆپیشاندن كرا ئه‌وا له‌و شوێنه‌ یاسا نییه‌، یان نامێنێ‌ بۆئه‌وه‌ی‌ یاسا بگه‌ڕێته‌وه‌ پێویسته‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ و خۆپیشانده‌ران سه‌ركوت بكرێن، ئه‌مه‌ش له‌دیدی‌ به‌ڕێزیانه‌وه‌ واته‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ یاسا بۆ ئه‌و شوێنه‌!
 
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ ده‌ستێك له‌ پشتی‌ ئه‌و كاره‌وه‌یه‌ و پێویسته‌ ده‌سته‌كه‌ ئاشكرا بكرێت، ئه‌م قسه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ كۆنه‌ و ئه‌وه‌نده‌ش دوباره‌كرایه‌وه‌ كاتێك ده‌ته‌وێ‌ بینوسیته‌وه‌ پیته‌كانی‌ هه‌ڵده‌وه‌رێن، چونكه‌ رزیون و به‌ ئاسته‌م ده‌توانی‌ پێكه‌وه‌یان بلكێنی‌ و رسته‌كه‌ دروست بكه‌ی‌، جگه‌ له‌وه‌ش چه‌ندین ساڵه‌ بۆ هه‌مو ناڕه‌زایی‌ و خۆپیشاندان و داواكارییه‌كی‌ ره‌وا هه‌میشه‌ ده‌ڵێن ده‌ستی‌ له‌ پشته‌وه‌یه‌ باشه‌ به‌ڕێزان ئێوه‌ چه‌ندین ساڵه‌ بۆ نه‌تانتوانی‌ ئه‌م ده‌سته‌ ئاشكرا بكه‌ن؟ ئه‌م ده‌سته‌ سیحرییه‌ چی‌ بو هه‌ر ئاشكرا نه‌بو؟ بۆ جارێك له‌بری‌ ده‌ست نه‌تان وت: قاچی‌ له‌ پشته‌وه‌یه‌؟ له‌به‌ر هیچ نا ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر بۆ ته‌نها جارێكیش بوه‌ با شتێكی‌ جیاواز له‌ ئێوه‌ ببیستین، هه‌م بۆ خۆتان باشه‌و هه‌م مێشكی‌ ئێمه‌ش ئاشنا ده‌بێ‌ به‌ قسه‌یه‌كی‌ نوێ‌ و ئه‌وه‌نده‌ قسه‌ی‌ دوباره‌ نابیستین و ئه‌وه‌نده‌ش توڕه‌ نابین. پاشان با بپرسین ئه‌ی‌ سوتانی‌ باره‌گاو رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌كانی‌ گۆڕان له‌ هه‌ولێر و بنه‌سلاَوه‌ و سۆران و شه‌قلاوه‌ چی‌ له‌پشته‌وه‌ بو؟ به‌ راست شۆرتی‌ كاره‌با بو یان قه‌زاوقه‌ده‌ر؟ ئاخر به‌ڕێزان قه‌زاو قه‌ده‌ریش یاسایه‌كی‌ هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ دوباره‌ نابێته‌وه‌، پاشانیش ئه‌ی‌ تالاَنكردنی‌ باره‌گای‌ گۆڕان له‌ دهۆك ئه‌ی‌ ئه‌مه‌یان چی‌؟ نه‌كا وه‌ك مه‌لای‌ مه‌شهور بڵێن ره‌شه‌بایه‌ك هه‌ڵیكردو شت و مه‌كه‌كانی‌ بیناكه‌ی‌ له‌گه‌ڵ خۆی‌ برد! ده‌ڵێن جارێك مه‌لای‌ مه‌شور بۆ بردنی‌ میوه‌ په‌یژه‌یه‌ك دێنێ‌ و سه‌رده‌كه‌وێته‌ سه‌ر دیواری‌ باخێك و دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌چێته‌ ناو باخه‌كه‌وه‌ فه‌رده‌یه‌ك پڕ ده‌كا له‌میوه‌و ده‌مه‌كه‌ی‌ ده‌به‌ستێ‌، له‌وكاته‌ی‌ ده‌یه‌وێ‌ بڕواته‌ ده‌ره‌وه‌ خاوه‌نی‌ باخه‌كه‌ دێت و پێی‌ ده‌ڵێ‌: مه‌لا ئه‌وه‌ بۆ هاتویه‌ ناو باخه‌كه‌م؟ ئه‌ویش ده‌ڵێ‌ قوربان خوا شاهیده‌ ئه‌م شه‌و له‌سه‌ربان نوستبوم ره‌شه‌بایه‌كی‌ قایم هه‌ڵیكردو له‌گه‌ڵ خۆیدا منی‌ هێنایه‌ نێو باخه‌كه‌ی‌ تۆ، خاوه‌ن باخه‌كه‌ش پێی‌ ده‌ڵێ‌ باشه‌ ئه‌گه‌ر وایه‌ ئه‌ی‌ ئه‌م هه‌مو میوه‌یه‌ كێ‌ لێی‌ كرده‌وه‌؟ مه‌لاش ده‌ڵێ‌ قوربان كاتێك ره‌شه‌باكه‌ له‌گه‌ڵ خۆی‌ بردمی‌ منیش بۆئه‌وه‌ی‌ خۆم بگرمه‌وه‌ ده‌ستم به‌چڵی‌ داره‌كانه‌وه‌ ده‌گرت بۆئه‌وه‌ی‌ ره‌شه‌باكه‌ له‌گه‌ڵ خۆی‌ نه‌مبا، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ میوه‌كان به‌ده‌ستمه‌وه‌ هاتن و لێبونه‌وه‌ و كه‌وتنه‌ سه‌ر زه‌ویه‌كه‌، ئه‌ویش پێی‌ ده‌ڵێ‌: باشه‌ ئه‌گه‌ر وایه‌ ئه‌ی‌ كێ‌ میوه‌كانی‌ خسته‌ ناو فه‌رده‌كه‌ و ده‌مه‌كه‌ی‌ به‌ست؟ مه‌لاش ده‌ڵێ‌ وه‌لاَ قوربان له‌و كاته‌وه‌ ده‌مه‌وێ‌ درۆیه‌ك بۆ وه‌لاَمی‌ ئه‌و پرسیاره‌ بدۆزمه‌وه‌، به‌لاَم نه‌متوانی‌.

له‌كۆتایدا پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌ین ده‌سه‌لاَت له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هیچ بیانویه‌كی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌ بۆ شه‌رعییه‌ت دان به‌ مانه‌وه‌ی‌ خۆی‌، هه‌روه‌ها هیچ ئامرازێكیشیان لا نه‌ماوه‌ بۆ په‌رده‌پۆشكردنی‌ كه‌موكورتییه‌كان، وه‌كو مه‌لای‌ مه‌شهوریش هیچ وه‌لاَمێكیان پێ‌ نییه‌ بۆ ئه‌و پرسیارانه‌ی‌ كه‌ دروست ده‌بن ته‌نها جیاوازییه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌، ئه‌وان ناتوانن له‌ كۆتاییدا وه‌كو مه‌لای‌ مه‌شهور دان به‌ راستییه‌كاندا بنێن. به‌لاَم ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ دڵخۆشییه‌ بۆ ئێمه‌و جێگی‌ نیگه‌رانییه‌ بۆ ئه‌وان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چیتر گوێ‌ له‌ لێدوانه‌كانیان ناگرین ئه‌گه‌ر گوێش بگرین بۆ ئه‌وه‌یه‌ دڵنیا ببینه‌وه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌وان هه‌رگیز شتێكی‌ نوێیان پێ‌ نییه‌ بۆ وتن.

Sbeiy.com © 2007