Print
 ده‌سه‌ڵاتێکی که‌ڕ و کوێر!
Thursday, February 24, 2011

دانا ‌هه‌ڵه‌بجه‌یی  
      
  ده‌مێکه‌ به رێگا جوراوجۆره‌کانی گوتن، چرپه‌ و هاوار به‌ گوێی ده‌سه‌ڵاتا ئه‌چڕێت. به‌ نوسین، به‌ هه‌مو میتۆده‌کانی میدیا داخوازییه‌کانی میلله‌ت ئه‌خرێته‌ به‌رچاوی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام دیاره‌ هه‌م گوێی به‌ لۆکه‌ ئاخنیوه‌‌ هه‌م چاوی نوقانوه‌.

ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌دڵی نه‌بێت، نابێت بوترێت وبنوسرێت. له‌سه‌ر لاپه‌ریه‌ک نوسه‌ره‌که‌ی ئه‌کوژرێت. له‌سه‌ر گوتنێک، گوتاربێژه‌که‌ی ئه‌کوژرێت و دادگایی ئه‌کرێت. خه‌ڵکی دڵسۆز قسه‌ی بۆکردن فه‌رامۆشیانکرد، رۆژنامه‌ ئازاده‌کان بۆیان نوسین به‌ڵام دڕانیان و تاوانبارتینکرد، هێزی ئۆپۆزسۆن هۆشداری دان، به‌ڵام گاڵته‌یان هات.

میلله‌ت هه‌مو میتۆدێکی سه‌رده‌میانه‌ی به‌کارهێنا بۆ ئه‌وه‌ی که‌مێک به‌ خۆیانا بچنه‌وه‌ و بارودۆخه‌که‌ به‌ره‌و چاکسازی و دادپه‌روه‌ری و بنه‌بڕی گه‌نده‌ڵی بڕوات، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات رۆژبه‌ڕۆژ لوتبه‌رزانه‌ و خۆبه‌زلزانانه‌ هیچ حسابێکیان بۆ که‌س نه‌کرد.

تاکه‌ شتێک که‌ به‌ ده‌ست میلله‌ته‌وه‌ مابو، هاتنه‌ سه‌ر شه‌قام و خۆپیشاندان بو، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ خه‌وی خۆمه‌زنی راچڵه‌کێنێت و بێداری کاته‌وه‌ و له‌ که‌لی شه‌یتان بێنێته‌ خواره‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌شیان والیکرد که‌ به‌ ته‌واوی ره‌وته‌که‌ به‌ به‌ ئاستی هه‌ڵته‌کاندنی ته‌واوی ده‌سه‌ڵات بیت، نه‌ک بۆ داخوازی و چاکسازی.

ئه‌گه‌ر ئه‌یانه‌وێت به‌ سوڵحی عه‌شایری چاره‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌ سیاسی و ئابورییه‌ بکه‌ن که‌ کوردستانی گرتۆته‌وه‌، کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ بچوکبکه‌نه‌وه‌ بۆ باوکی شه‌هیدێک، ئه‌وا ‌هه‌ڵه‌یه‌کی مێژوی ئه‌که‌ن و ئه‌که‌ونه‌ به‌ر ئه‌و وروژمه‌ی که رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ندی گرتوه‌ته‌وه‌ و ئه‌بنه‌ که‌ره‌سه‌ی ئێکسپایه‌ری رۆژهه‌ڵاتی نوێ، که‌ ده‌مێکه‌ پلانی بۆ دانراوه‌.

هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵک به‌ ناوی ئه‌زمون، که‌ من تێناگه‌م ئه‌گه‌ر 20 ساڵ گه‌مژه‌ترین که‌س بخه‌یته‌ ناو تاقیگه‌یه‌ک هه‌رچۆنێک بیت داهێنانیک وه‌به‌رهه‌م ئه‌هێنیت. ئایا جگه‌ له‌ کوردستان که‌س به‌ کیانه‌ سیاسیه‌کی خۆی ئه‌ڵێت ئه‌زمون؟

ئه‌گه‌ر به‌ 20 ساڵ نه‌توانرێت کاریک بکرێت به‌ 20ی ترێش ناکرێت. خه‌ڵک حه‌وسه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌ی نه‌ماوه‌ بۆ 20 ساڵی دیکه‌ش له‌ ئه‌زمونگه‌یه‌ک که‌ پێی ئه‌وترێت کوردستان، به‌ ده‌ست نادانایه‌که‌وه‌ ببێته‌ که‌ره‌سه‌ی تاقیگه‌.

ئه‌م ئه‌زمونه‌ کۆشکی پاشایه‌تی و خۆشگوزه‌رانییه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتدارن، نه‌بونی ئاینده‌ و هه‌ژارییه‌ بۆ خه‌ڵک. ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بیت هه‌مو مه‌ترسییه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م خۆپیشاندانه‌ی کوردستان ئه‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی زیان به‌ وه‌به‌رهێنان و کۆمپانیا بیانییه‌کان ئه‌گه‌یه‌نێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ هۆتێل رۆتانای هه‌ولیَر و باڵه‌خانه‌ به‌رزه‌کان نانی گه‌نج و نه‌وه‌ نوێیه‌که‌ی وڵاته‌که‌مان بدات، هه‌رچی کۆمپانیای دز و فاشیل له‌ لوبنان و تورکیا وڵاته‌ عه‌ربییه‌کان هه‌یه رویان له‌ کوردستان کردوه‌، چونکه‌ ئه‌وانه‌ به‌رهه‌مه‌کانیان وه‌کو به‌رهه‌مه‌ چینییه‌کان وایه‌ که‌ چاوی بازاڕی کوردستانیان ده‌رهێناوه‌ له‌ بێ فه‌ڕی.

له‌ هه‌مو کوردستان یه‌ک دانه‌ کۆمپانیای موعته‌به‌ری ئه‌وروپی نابینم که‌ وه‌به‌رهێنان بکات له‌ ئه‌زمونگه‌که‌ی کوردستان، چونکه‌ بواری گه‌نده‌ڵی و ساخته‌کاری تیا نییه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتداران.

ئه‌گه‌ر ده‌م له‌ باسی دیموکراسی و ئازادی ئه‌درێت که گوایه‌‌ له‌ ئه‌زمونگه‌ی کوردستان هه‌یه‌، ئه‌وا ئه‌بیت ئه‌وه‌شیان له‌ بیر بێت، میله‌تێکی ئازاد و دیموکراسی مافی خۆیانه‌ خۆپیشاندان بکه‌ن و کۆیله‌یه‌تی قبوڵ نه‌که‌ن. ئایا ئه‌گه‌رده‌سه‌ڵات دیموکراس بێت و میلله‌ت کۆیله‌، ئه‌وه‌ کام ناوی لێئه‌نرێت.

شه‌پۆلی نه‌وه‌یه‌کی نوێ به‌ڕێوه‌یه‌، گه‌نجانێکی جوان و پاک له‌ هه‌ڵمه‌تدان، خوێنکی گه‌شی لاوی کورد له‌ کوڵدایه‌ که‌ به‌ ده‌ستی کورد ئه‌پژێت، میله‌ته‌ێکی زیندو که‌ قه‌د نه‌وی نه‌بوه‌ له ره‌وتی میژوی خۆیاندا ناو تۆمار ئه‌که‌ن، له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی که‌ڕ و لاڵ و کوێر وه‌ستاون. ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ملکه‌چی داوکانیان نه‌بن، سبه‌ی ملێکیش نامینێت بۆ که‌چ کردن.

Sbeiy.com © 2007