Print
 باوکێک کوڕه‌که‌ی خۆی کوشت و بڕایه‌وه‌...!؟
Thursday, February 24, 2011

شاخه‌وان عه‌لی‌  
      
  ژماره‌یه‌کی گه‌وره‌ له‌ گه‌نج، رۆشنبیر و مرۆڤی هۆشیار، ئه‌کادیمی و نوسه‌ر، ته‌نانه‌ت به‌شێک له‌سیاسیه‌کانی ناو هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵات له‌ دوای راپه‌رینه‌وه‌ به‌رده‌وام له‌سه‌ر خه‌تن، ده‌نوسن، داواده‌که‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی سیسته‌می سیاسی کوردستان به‌ به‌ره‌و ملهوڕی و سته‌مکاری هه‌نگاو نه‌نێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌ر له‌ هه‌ر سیاسیه‌کی ئه‌م وڵاته‌ دیموکراتیزه‌کردنی کوردستان مه‌یلی خه‌ڵکی کوردستانه و به‌ درێژایی زیتر له‌ نیو سه‌ده‌ له‌ به‌رخوداندا بوه‌ بۆی، له‌ هه‌مانکاتدا پارته‌ سیاسیه‌کانی کوردستان توانیویانه‌ ئیستیغلالی ئه‌م هه‌سته‌ی خه‌ڵکی بکه‌ن و حه‌جمی جه‌ماوه‌ری خۆیانی پێ گه‌وره‌ بکه‌ن، له‌ هه‌مان کاتیشدا به‌ڵێنێکی ئاشکرای ئه‌م شۆڕشگێرانه‌ بوه‌ به‌ خه‌ڵکی کوردستان .

ئه‌گه‌ر پارته‌کان له‌ هه‌ڵبژاردندا په‌یمان بده‌ن و جێبه‌جێی نه‌که‌ن ئه‌وا له‌ هه‌ڵبژاردنی دادێدا متمانه‌ی خۆیان له‌ ده‌ستده‌ده‌ن و پارت و بزوتنه‌وه‌ی تریان له‌ رودا راستده‌بێته‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر شۆڕشگێڕه‌کان به‌ڵێن و ئامانجه‌کانی خه‌ڵکی به‌ مه‌نزڵنه‌گه‌یه‌نن، دور نیه‌ شۆڕشیان به‌سه‌ردا نه‌کرێته‌وه‌ .

کوردستان موحیتێکی گه‌وره‌ی گه‌نده‌ڵی و بێدادیه‌، دیموکراتی تیایدا ساخته‌ و ناواقیعیه‌، حاڵی کوردستان له‌ ئێستادا زۆر جیاواز نیه‌ له‌وه‌ی له‌ سه‌دساڵی رابردویدا هه‌بوه‌، له‌م هه‌رێمه‌دا وه‌رچه‌رخانێکی سیاسی و فه‌رهه‌نگی گه‌وره‌ روینه‌داوه‌، له‌سه‌ر جیاوازی بیروبۆچون، خۆپیشاندان، حیزبی بون و حیزبی نه‌بون، داواکردنی مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان هێشتا مرۆڤ ده‌کوژرێت، هێشتا مرۆڤ ره‌زیل ده‌کرێت و به‌ند ده‌کرێت .

له‌م وڵاته‌دا‌ هه‌زاران مرۆڤ به‌ بێ پاساوی یاسایی و ئه‌خلاقی له‌ دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ ده‌کوژرێت، دواهه‌مینه‌کانیان سۆران و سه‌رده‌شت و رێژوان و سه‌رکێو و شێرزاد و ده‌یان بریندار و زیندانیکراو و تێهه‌ڵدراوه‌، ده‌زگاکانی راگه‌یاندن ده‌سوتێنرێن و رۆژنامه‌نوس و په‌یامنێر ئازارده‌درێن.

پارتی دیموکراتی کوردستان و سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ی که‌ به‌شی هه‌ره‌زۆری تاوانی ئه‌مجاره‌ی له‌ ئه‌ستۆیه‌، وه‌ک نه‌خوێنده‌وارێک که‌ نه‌توانێت روداوه‌کان بخوێنێته‌وه‌، وه‌ک رابواردنێک که‌ خه‌ڵکی به‌ قه‌شمه‌ر بزانێت، ئه‌م کێشه‌یه‌ بچوکده‌کاته‌وه‌ بۆ کێشه‌ی خێزانێک، گروپێک، شارێک و چه‌ند شارو چکه‌یه‌ک...
 
له‌ سه‌ره‌تادا زۆر له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بو بڵێت ئه‌مه‌ کێشه‌ی پارتیه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نێکی سیاسی رقله‌دڵدا، بۆی گرنگ نه‌بو ئه‌گه‌ر گۆڕان بێت یان یه‌کگرتو ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بهاتبا و ئه‌و لایه‌نه‌ دۆسته‌ ستراتیجیه‌که‌شی بێت، پارتی به‌وه‌ بریندار ده‌بێت ئه‌گه‌ر بزانێت ئه‌م کێشه‌یه‌ی له‌ته‌ک خه‌ڵکدایه‌، له‌ ته‌ک جیلێکی نوێدایه‌، له‌ته‌ک به‌شه‌ هۆشیاره‌که‌ی کۆمه‌ڵگادایه‌، به‌ دیوێکیتردا ده‌میگۆناکات بڵێت ئه‌مه‌ کێشه‌یه‌که‌ له‌گه‌ڵ سیسته‌مدا، له‌گه‌ڵ کۆی فه‌زای سیاسی و ئیداریدا، له‌گه‌ڵ سته‌م و ناعه‌داله‌تیدا، به‌ڵکو ده‌یه‌وێت بڵێت ئه‌مه‌ کێشه‌یه‌که‌ له‌ ته‌ک لقی 4دا، ته‌نانه‌ت له‌ سوڵحێکی عه‌شایه‌ریدا، له‌ سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ لای حاجی عه‌لی کاشی ئه‌دهه‌م بارزانی وا باسی ده‌کات که‌ ئه‌مه‌ ره‌فتاری ته‌نها که‌سێکه‌، پێشمه‌رگه‌یه‌که‌، خوێندکارێکی قوتابخانه‌که‌ی مه‌لا مسته‌فای بارزانیه!

ته‌نانه‌ت سه‌رۆکی پارتی له‌ په‌یوه‌ندیه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ باوکی شه‌هید رێژواندا پێی ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ کوڕی خه‌ڵک نیه‌، ته‌نانه‌ت کوڕی تۆیش نیه‌، ئه‌وه‌ ته‌نها کوڕی منه‌! ئه‌مه‌ هیچ نیه‌ جگه‌ له‌ کورتکردنه‌وه‌ی کێشه‌که‌ بۆ بچوکترین حه‌جم، بۆ نزمکردنه‌وه‌ی کۆی کێشه‌که‌ تا نزمترین ئاست!
 
ئه‌مه‌ شه‌ڕی دو منداڵ نیه‌، له‌ مه‌دلولی ئه‌و مرۆڤه‌ی که‌ له‌ کوردستاندا له‌سه‌ر به‌ردهاویشتن ده‌کوژرێت به‌وه‌ کۆتایی نایه‌ت داوای لێبوردن له‌ بنه‌ماڵه‌که‌ی بکرێت، به‌ڵکو کوڕی هه‌مو ئوم کۆمه‌ڵگایه‌ کوژراوه‌ و بریندار کراوه‌ و زیندانیکراوه‌، کاتێک خۆپیشانده‌رێک له‌ وڵاتێکدا ده‌کوژرێت ئه‌وه‌ خۆپیشاندان کوژراوه‌، ئه‌وه‌ دیموکراسی و سه‌روه‌ری یاسا ئه‌تککراوه‌، وڵاتێک چاوترسێنکراوه‌.

رێژوان دوا پرۆژه‌ی ئه‌وه‌بو که‌ له‌ به‌رده‌م لقی 4دا شه‌هیدکرا، دوای ئه‌وه‌ خودی رێژوان هیچ پرۆژه‌ و قسه‌یه‌کی نیه‌. من نازانم چۆن ده‌توانین له‌باتی شه‌هیدێک له‌ بکوژێک خۆش ببین؟ له‌ کاتێکدا ده‌نگی زیندو و جاڕس و مه‌ترسیدار ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێت لێناگه‌ڕیم بێیته‌ سه‌رجاده‌، باسم بکه‌یت، پیشانمبده‌یت، دوخێکی مه‌ترسیدار له‌ کۆی سیسته‌می سیاسی و ئیداری کوردستاندا هه‌یه‌ که‌ به‌ داوای لێبوردن له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌ک و شارێک و چه‌ند شارۆجكه‌یه‌ک کۆتایی نایه‌ت، له‌کاتێکدا که‌ حیزب له‌م کێشه‌یه‌دا یاسای بێئیشکردوه‌ و سه‌روه‌ریه‌که‌یی خستۆته‌ مه‌ترسیه‌وه‌، که‌ ئازادی و دیموکراسی رسواکردوه‌، که‌ پارله‌رمان و حکومه‌تی ئیفلیجکردوه‌، پێویسته‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی داوای لێبوردن له‌ گه‌لی کوردبکات نوچیش بدات بۆ داواکانی خۆپیشانده‌ر، پێمێڵی یاسا بێت و ملی بۆ که‌چ بکات، ئه‌و فوتێچونه‌ی که‌ له‌ رابردودا هه‌یبوه‌ و ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌مو کایه‌کانی ژیاندا گرتوه‌ فشبکاته‌وه‌ و بگه‌ڕێته‌وه‌ حه‌جمی راسته‌قینه‌ و جێگای راسته‌قینه‌ی خۆی، ده‌بێت حیزب به‌ خۆشی خۆی ده‌سبه‌رداری هه‌مو ئه‌و شتانه‌ بێت که‌ هی خۆی نیه‌ و له‌هه‌مانکاتیشدا ده‌بێت له‌ که‌له‌ی سه‌ریه‌وه‌ به‌وه‌ رازیبێت که‌ هه‌ندێ شت هه‌ن هی مرۆڤ خۆین، وه‌ک ئازادی و مافه‌ سروشتی و مه‌ده‌نیه‌کانی.
 

Sbeiy.com © 2007