Print
 خاك به‌ڕوی ئاسمانا هه‌ڵناپژێ!... (گه‌نجانی نيشتمان بڕيار ده‌ده‌ن)
Thursday, February 24, 2011

بێستون محه‌مه‌د ساڵح   
      
  با طيل موقابيلى حه‌ق وه‌ستا، به‌تاڵه‌ ئيشی
گه‌ردی به‌باده‌ خاكێ بێ هه‌ڵپژێ به‌ گه‌ردون
 (مه‌حوی)
زوير مه‌بن... هه‌مو خاكی به‌ر پێی ئێوه‌ ده‌بين، ئێمه‌ پردو سوپه‌رو قه‌ڵغان، ئێوه‌ بيری وردی سه‌ر كی بۆردتان، پڕ زانياری، پلانی ئاسۆی روناك و موژده‌ی ده‌ركه‌وتنی رۆژێكی نوێ له‌ تويته‌رو فه‌يس بوكدا دابڕێژن...

ئاخر، موباره‌ك حوشتری له‌به‌رابه‌ر تۆڕو شۆڕشی سپی زانياری گه‌نجانی ميسر به‌كارهێنا... به‌ڵته‌چی و چه‌قۆ وه‌شێنی خسته‌ گه‌ڕ!...

په‌تای توانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ پۆليسيه‌كان تا دێ گڵۆڵه‌يان رو له‌ لێژييه‌...

 به‌ر له‌ (٢٠) ساڵ، هه‌ڕه‌تی گه‌نجی ئێمه‌ وه‌ك ئێوه‌ نه‌بو، ئێمه‌ يه‌ك دوژمنی سه‌ره‌كی و هاوبه‌شمان هه‌بو، ناوی (به‌عس)بو، سێ رۆژ به‌ر له‌ راپه‌ڕينی ٧/٣/١٩٩١به‌رده‌ركی سه‌رای سلێمانی (مه‌يدانی ئازادی بۆ ئێوه‌) دو تانك و يه‌ك زرێپۆشی لێوه‌ستابو، كوچه‌ و كۆڵان و چوخمه‌ی شار به‌ پياوانی رژێم و به‌كرێگيراو، ته‌نرابو...

 ئهوێ رۆژێ ته‌نها راديۆو رێكخستن و گيانی نيشتمان په‌روه‌ری و تۆڵه‌ی شه‌هيد و ئه‌نفال و كيميابارانی كوردستان سه‌رزمان و نێو دڵی ئێمه‌بو... حه‌ماسی خۆشه‌ويستی نيشتمان، كونه‌ مشكی له‌ فاشييه‌كان كردبوه‌ قه‌يسه‌ری...

 كات له‌ دوای كات... تاو له‌ دوای تاو... سات له‌ دوای سات... چاوه‌ڕێی يه‌كه‌م بروسكه‌... يه‌كه‌م دروشم... هه‌مو يه‌كه‌مه‌كان ته‌نهاو ته‌نها له‌ پێناو سه‌رفرازيی و ئازادی يه‌كجاره‌كی...

(تۆپه تۆپ ته‌ياره‌، ده‌رمان ناكات له‌م شاره‌) گروپ گروپ، له‌ كوچه ‌و كۆڵان و چوخمه‌كانی شاره‌وه‌، شاڕێی به‌رخۆدان و به‌رنگاربونه‌وه‌ی جۆشدا...

ئيدی، راپه‌ڕين شاری ته‌نی، له‌ هه‌مو لايه‌كه‌وه‌ به‌ور ئاسا، شێرانه‌، گيان فيدای خۆشه‌ويستی نيشتمان بو!...

ئێوه‌ ئه‌ی گه‌نجانی زێده‌ هوشياری شاره‌كه‌م، ئاپۆره‌ و ناڕه‌زايی و خۆپيشاندانی ئاشتيانه‌ی رۆژانه‌تان، دڕ به‌ له‌شكری (گه‌نده‌ڵی ) ده‌هێنێت!...

نا ئومێدی و بێكاری له‌ چاڵ ده‌نێت...

دادپه‌روه‌ری و يه‌كسانی و ماف و ئازادی له‌سه‌ر ده‌ستی ئێوه‌ فه‌راهه‌م ده‌بێت...

به‌شداری سياسی ئێوه‌ی گه‌نج، نه‌مانی هه‌ژمونی حيزبی ته‌قليدی، قه‌يرانی كه‌ڵه‌كه‌بوی گه‌نده‌ڵی، سامانی دزراوی ميلله‌ت، تێكچڕاوی و ئاڵۆزی و تێكشكاوی سيستمی سياسی، بونيادنانه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی ژێرخانی كۆمه‌ڵگه‌... له‌ ئه‌ستۆی ئێوه‌دايه‌...

مه‌شخه‌ڵی گۆڕانكاری له‌ ده‌ستی ئێوه‌يه‌...
 كۆمه‌ڵگه‌يه‌ك به‌رهه‌م بێنن چالاك...
ئازادی راو رای به‌رامبه‌ر پارێزراو بێت...
 به‌های هيچ شتێك به‌ هێندی پيرۆزی گيانی مرۆڤ نه‌بێت...
 هه‌مو شتێك له‌ پێناو خۆشگوزه‌رانی تاك بێت...

له‌ مێژه‌ مه‌حوی فه‌رمويه‌تی يۆنانيه‌كان ناهه‌قن و عوسمانيه‌كان هه‌قن. ناهه‌قيش ئه‌گه‌ر بێ به‌ربه‌ره‌كانێ له‌گه‌ڵ حه‌قدا بكا، ره‌نجی به‌ با ده‌چێ. خاكێكيش بێ به‌ روی ئاسمانا هه‌ڵپژێ، گه‌ردی ده‌درێ به‌ با!...

به‌و پێيه‌، ئێوه‌ی گه‌نجانی نيشتمانم له‌سه‌ر هه‌قن، ده‌سه‌ڵات و حيزبه‌ فيشه‌ك هاوێژو له‌شكر كێشه‌ مه‌غۆله‌كان، به‌ربه‌ره‌كانێی ئێوه‌يان پێ ناكرێ، دوچاری په‌تای توانه‌وه‌ بون، به‌ختی ره‌شی خۆيان تاقيكرده‌وه‌و پێتانا هه‌ڵپژان، هێمن بن بزانن چۆن، چۆن گه‌رديان به‌با ده‌چێت!...

ئه‌م عه صره‌، عه‌صرو وه‌قته‌ له‌ بۆ فا جيرێ له‌ هيچ
دينی نه‌كا ويقايه‌، حه‌يا نه‌يگرێ له‌ هيچ
 (مه‌حوی)‌

Sbeiy.com © 2007