Print
 ئه‌و كاته‌ی‌ گوللـه‌ جێی به‌رد ده‌گرێته‌وه‌
Thursday, February 24, 2011

 

شۆرش دۆڵبێشكی‌  
      
  رێگه‌كانی‌ داواكاری‌ هه‌مو مرۆڤێك چه‌ندین شێواز ده‌گرێته‌ خۆی‌، جا ئه‌گه‌ر هه‌مو ئه‌و رێگه‌ جیاوازانه‌ نه‌گه‌یشتنه‌ بنبه‌ست ئه‌وا ئه‌و مرۆڤه‌ توشی ده‌هری‌ بون یان جۆرێك له‌بێ هیوایی ده‌بێت، جا ئه‌گه‌ر گه‌لێك له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتێكی‌ چه‌وسێنه‌ری گیرفان پركڕدابێت ‌و گوێ به‌ داواكاری‌ و بۆچونه‌كانیان نه‌درێت ده‌بێت ئه‌و خه‌ڵكه‌ چی بكات؟
 
له‌ مێژه‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان دادو بێدادیه‌تی‌ له‌ ده‌ست ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ڕوی‌ (فه‌سادی‌ ئیداری‌، سیاسی، هه‌ڵته‌كانی‌ ژێرخانی‌ ئابوری‌، گیرفان پركردن، به‌ تاڵان بردنی‌ نه‌وت، پشتكردنه‌ میلله‌ت، بێكاری‌، گوێ نه‌دانه‌ لایه‌نی‌ ته‌ندروستی‌ و مه‌عیشه‌تی‌ خه‌ڵكی‌ ...هتد.
 
ده‌سه‌ڵات نه‌ك هه‌ر وه‌ڵامی‌ داواكاریه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ نه‌داونه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو به‌چه‌ندین درۆ و دروشمی‌ جیاواز خه‌ڵكیان فریو داوه‌، كه‌ زۆربه‌یان به‌ ڤیدیۆ له‌ ئه‌رشیفدا هه‌ن كه‌ چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وبه‌ر باس له‌ چاكردن و دابین كردنی‌ هه‌ندێك شت ده‌كات، وه‌كو كێشه‌ی‌ كاره‌باو چه‌ندانی‌ تر...

كاتێك هاوڵاتی‌ له‌ڕێی نوسین و میدیاوه‌ بێ ئومێد ده‌بێت، ئایا ده‌بێت چی بكات؟

بێگومان تاكه‌ چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ بێته‌ سه‌رشه‌قام و ده‌نگی‌ ناڕه‌زایی‌ دژی‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ به‌رزبكاته‌وه‌، لێره‌شدا ساده‌ترین مافی‌ خه‌ڵكی ته‌نها هاویشتنی‌ به‌رده‌ كه‌ له‌ زۆربه‌ی‌ وڵاتان كارێكی‌ ئاساییه‌ و حه‌قێكی‌ مه‌شروعه‌ و زۆرمان له‌و بابه‌تانه‌ بینیوه‌، به‌ڵام ئایا ده‌كرێت گوللـه‌ جێگه‌ی‌ به‌رد بگرێته‌وه‌!

ئایا ئه‌كرێت كه‌ خاوه‌نی‌ ده‌سه‌ڵاتێك بویت ئیتر وا بزانیت دنیا شامی‌ شه‌ریفه‌ و نابێت كه‌س ده‌نگی‌ لێوه‌ بێت؟ یان ده‌كرێت هوتاف به‌ دیموكراتی‌ و ئازادیه‌وه‌ لێده‌یت و له‌ هه‌مان كاتدا وه‌ڵامی‌ به‌ردت به‌ گوللـه‌ و كوشتن بێت بۆ هاوڵاتیانی‌ كوردزبانی‌ خۆت!

خۆ ئه‌گه‌ر دوژمن له‌ وڵاتێكی‌ تر هاتبێتته‌ سه‌رت ئه‌وا مافی‌ خۆته‌و بگره‌ ئازایه‌تیه‌، كه‌ خۆت و بیناكه‌ت نه‌ده‌یت به‌ ده‌سته‌وه‌، به‌ڵام دیاره‌ جیاوازی‌ هاولاتی‌ خۆ ت و دوژمنت نه‌كردوه‌.

لێره‌دا ده‌پرسین ئایا ئه‌گه‌ر خوێن نه‌ڕژایه‌ و به‌وپه‌ڕی‌ سنگفراوانیه‌وه‌ پێشوازی‌ له‌ خۆپیشانده‌ران بكرایه‌، باشتر نه‌بو بۆ شه‌خسیه‌تی‌ خۆت و پارت و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ت؟ ئایا وێران بونی‌ بیناكه‌ و شكاندنی‌ هه‌ندێك په‌نجه‌ره‌ باشتر نه‌بو له‌ هاویشتنی‌ گوللـه‌ به‌ره‌و سنگی‌ رۆڵه‌كانت.

Sbeiy.com © 2007