Print
 پەیامی گەنجێکی خۆپیشاندەر بۆ دەسەڵات
Friday, February 25, 2011

پەری ئەحمەد  
      
  بە دەسەڵات دەڵێین: چەکەکانی دەستمان (ماوسە)، ئێوە بە کلکی کڵاشینکۆف روبەڕوی ئێمە دەبنەوە، ئێمەش بە کلیکی ماوس، ئێوە شەڕی پارە دەکه‌ن، ئێمە شەڕی پارو دەکەین، ئێوە گولەبارانمان دەکەن، ئێمە گۆڵبارانتان دەکەین، ئێوە هەڕەشەمان لێ دەکەن، ئێمە بە پێکەنینەوە بەرەوڕوتان دێین، پێتان دەڵین، مافەکانمان بۆ بگێڕنەوە، لەمە زیاتر بێزارمان مەکەن.

پەیامی ئێمەی گەنجان، بەتایەبەت ئێمە کە نەوەی دوای راپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١ین، پەیمان بە هەمو چین و توێژەکانی گەلی کوردستان دەدەین کە بەردەوامین لە ئاگادارکردنەوەی دەسەڵات، بۆئەوەی بێتەوە سەر هۆشی خۆیی و بە خۆیدا بچێتەوە، بۆ ئەوەی بزانێت کە ئێمەی خۆپیشاندەران، سەربازی هەمیشەیی ئەو شۆڕشە سپییە ئەلەکترۆنییەین کە جیهانی عەره‌بی گرتوەتەوە، شەپۆلی ئەو گەردەلولی ناڕەزاییەن، کە لە رۆژئاوای نیشتمانی عەرەبییەوە هەڵیکردوە، ئێمە ئەڵقەیەکی گرێدراوی، دانەبڕاوی ئەو زنجیرە شۆڕشە یەک لەدوای یەکەین کە بەرەو رۆژهەڵات بەڕێوەیە، ئێمە سەر بەهیچ حیزب و لایەنەێک نیین، کەسیش هانمان نادات ئێمە داخوازیکەری مافە ئاساییەکانی ئەم گەلەیین، ئێمە مومێ نەکوژاوەین، روناکەری رێگای رێپێوانەکانیین، وزەبەخش و پاڵپشتی ئاپۆڕەی جەماوەرین.

بەدەسەڵات دەڵێین: ئێمە ماندونەناسین، کۆڵنادەین، ئەو سەروەت و سامانەی کە ئێوە تەراتێنی پێوەدەکەن، رەنجی سەرشانی باوباپیرانی ئێمەیە، ئەگەر عەیامێک بو توانیتان زوڵم و غەدر و ناعەدالەتی بەرانبەر بە نەوەکانی پێش ئێمە بکەن، ئەوا سەردەمی عەولەمە و دونیای ئەمڕۆ هەرگیز رێگاتان پێنادات بەردەوامبن لەو کارانە.

بەدەسەڵات دەڵێین: لە کاتێکدا کە ئێوە لە کۆشک و باڵەخانەی هایلایڤدا دەژین، کەسوکاری ئێمە لە ژوریَکی تاریکی کرێچی بێکارەبادا دەژین، لە کاتێکدا کە مناڵەکانی ئێوە بە مۆنیکا و هەمەرو حیمایەوە بۆ قوتابخانەکان دەبرێن، مناڵانی ئەم میللەتە بە جوتێ پێلاوی لاسیکەوە بە قوڕشێلان بەرەو قوتابخانەیەکی دو ژوری بێ ئاو و کارەبا، لەسەر زەوی وانەکانیان بە کولەمەرگی، بەسەرما و گەرما بەسەر دەبەن.

 ئێوە و ماڵ و مناڵتان لەناو نازونیعمەتدا دەژین، هەرکاتێک بتانەوێت پاسپۆرت لە گیرفاندایەوە ڤیزە حازرە، ئۆتێلە پێنج نەجمەکان لە ئەوروپا و ئەمه‌ریکا بۆتان حیجزکراوە، باوک و دایکی ئێمەش بەدەست دەیان نەخۆشی کۆشندەوە دەناڵێنن، لەبەر نەبونی خزمەتگوزاری تەندروستی زۆریشیان بە سەکتەی دڵ و مێشک کوتوپڕ گیان لەدەستدەدەن،
پێتان دەڵیَین بە ویژدانتان!: ئەگەر ئێوە لە جێی ئێمەبن ئەوانەتان پێقبوڵ دەکرێت!

لە کۆتایدا پێتان دەڵێین: هەرچیتان هەیە، بردوتانە و کۆتانکردوەتەوە، موبارەکتان بێت... بەڵام لێرە بەدواوه‌ چیتر لە توانای کەسدا نەماوە، کەس ئەو بارودۆخەی پێقبوڵناکرێت، عیبرەت لە دەوروبەر وەرگرن، دەسهەڵبڕن، خۆتان بەو خەڵکە بڵێن: نۆرەی ئێوەیە، فەرمون جەماوەر، مافی خۆتانە، کە هەناسەیەکی ئازادی هەڵکێشن، ئێتر نۆرەی ئێوەیە...

Sbeiy.com © 2007