(سبه‌ی):
به‌یاننامه‌ی كۆمه‌ڵێك گه‌نجی قوتابی‌و خوێندكاری زانكۆ‌و نوسه‌رو ڕۆژنامه‌نوس‌و چالاكوانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی شاری هه‌ولێر بۆ په‌رله‌مانی كوردستان!
به‌ڕێز سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی‌و یه‌كه به‌یه‌كه‌ی ئه‌ندامانی به‌ڕێزی په‌رله‌مانی كوردستان، تكایه له‌ئاستی به‌رپرسیارێتی ویژدانی‌و ئه‌خلاقی‌و ئینسانی خۆتاندابن‌و ڕێگربن له‌و ئاگره‌ی كه‌خه‌ریكه له‌ئه‌نجامی پشتگوێخستنی داخوازییه‌كانی خه‌ڵك‌و گوێنه‌گرتنی ده‌سته‌ڵاته‌وه له‌وڵاته‌كه‌ماندا ده‌كه‌وێته‌وه، به‌ڕێزان ئێوه شاهێدن كه پاش نیوه‌ڕۆی ڕۆژی 5شه‌ممه 17/2/2011 دووای ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانێكی هێمنانه له‌شاری سلێمانی‌و ته‌واوبوونی ئه‌و كۆبوونه‌وه له مه‌یدانی سه‌رای ئه‌و شاره، ئاراسته‌ی كۆبوونه‌وه‌كه به‌ره‌و لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان به‌خۆپیشاندان ده‌گۆڕێت‌و له‌ئه‌نجامی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی چه‌كدارییانه‌ی پاسه‌وانه‌كانی ئه‌و باره‌گا حیزبییه‌شه‌وه، چه‌ندین بریندار‌و قوربانی ده‌كه‌وێته‌وه، ئێمه لای خۆمانه‌وه وه‌كو كۆمه‌ڵێك گه‌نجی قوتابی‌و خوێندكاری زانكۆ‌و نوسه‌رو ڕۆژنامه‌نوس‌و چالاكوانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌شاری هه‌ولێر، ده‌نگی خۆمان ده‌خه‌ینه پاڵ سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه داوای چاكسازی ئیداری‌و چاككردنی باری ژیانی خه‌ڵكی‌و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری زیاتر‌و له‌سه‌روهه‌مووشیانه‌وه گوێگرتن بۆ ڕای شه‌قام ده‌كه‌ن.
به‌ڕێز سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان‌و یه‌كه به‌یه‌كه‌ی ئه‌ندامه به‌ڕێزه‌كان، به‌ناوی گه‌له‌وه، له‌پایته‌ختی وڵاته‌وه، له‌و شوێنه‌ی كه هه‌ریه‌كه له‌دامه‌زراوه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان‌و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی تێدایه، داواتان لێ ده‌كه‌ین په‌رله‌مانی كوردستان به‌ئه‌ركی ویژدانی‌و ئه‌خلاقی خۆی هه‌ڵبستێت‌و له‌ئاستی ئه‌و متمانه‌یه‌دا بێت كه گه‌ل له‌سندوقه‌كانی هه‌ڵبژاردن پێی به‌خشییه‌وه، تكایه ئه‌گه‌ر خۆتان به‌نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی گه‌ل ده‌زانن داواتان لێده‌كه‌ین كه:
1- هه‌رچی زووه په‌رله‌مانی كوردستان دانیشتنێكی به‌په‌له ئه‌نجام بدات‌و تێیدا بڕیار بدات كه هه‌ریه‌كه له‌دامه‌زراوه سه‌ربازی‌و چه‌كداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌حیزبی‌و ده‌وڵه‌تییه‌وه، ناچار بكات به‌وه‌ی چه‌كه‌كانیان دژ به ناڕه‌زاییه‌تییه‌كانی شه‌قام به‌كار نه‌هێنن.
2- داوا ده‌كه‌ین په‌رله‌مانی كوردستان سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت ناچار بكات به ئه‌نجامدانی هه‌رچی به‌په‌له‌ی چاكسازی به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌یان كه كه‌مترین كاتیان ده‌وێت بۆ جێبه‌جێ كردن‌و به‌ڵێندان بۆ جێبه‌جێ كردنی ته‌واوی خواسته‌كانی تری خه‌ڵكی تووڕه‌و ناڕازی هه‌رێمی كوردستان.
3- داوا ده‌كه‌ین په‌رله‌مانی كوردستان لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه له‌كه‌سانی بێلایه‌ن‌و ڕاستگۆ پێك بهێنێت بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و گرژیانه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو به‌ئێستاشه‌وه، تاوه‌كو ته‌قه‌كه‌ران بدرێن به‌دادگا ئه‌گه‌ر به‌هه‌ر هۆكارێك ده‌ستڕێژی به‌قه‌ستی كوشتیان له‌خه‌ڵكی خۆپیشانده‌ری شاری سلێمانی كردووه، چونكه ئێمه پێمان وایه شكانی شوشه‌ی باڵه‌خانه‌یه‌كی حیزبی‌و سیاسی‌و چه‌كداری هیچ پاساو نیه بۆ كوشت‌و كوشتاری خه‌ڵكی ناڕازی‌و توڕه‌ی كوردستان‌و شكاندنی شوشه‌ی باڵه‌خانه‌كانمان له ڕژانی خوێنی ڕۆڵه‌كانی ئه‌م وڵاته پێ گرنگتر‌و به‌بایه‌ختره.
4- داوا ده‌كه‌ین به‌هه‌ر ڕێگه‌یه‌ك بووه په‌رله‌مانی كوردستان فشار بخاته سه‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان تاوه‌كو ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویست بدات به‌خه‌ڵكی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پاسه‌وانانی یه‌كێك له‌ئۆرگانه‌كانی ده‌ست ڕێژی ڕاسته‌وخۆیان له‌خه‌ڵكی خۆپیشانده‌ر كردووه‌و سه‌رباری بوونی هێزی پۆلیس‌و ئاسایشی شاره‌كه‌ش، ئه‌و حیزبه هه‌ڵساوه به‌ناردنی هێزه چه‌كداره‌كانی خۆی بۆ سه‌ر ئه‌و شاره، كه به‌بۆچوونی ئێمه ئه‌مه ئه‌وه‌نده‌ی هێمای سه‌ركوتكردنی ده‌گه‌یه‌نێت نیوهێنده بۆ پارێزگاری كردن نه‌بووه له‌باره‌گا‌و شوێنه حیزبییه‌كان.
5- له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دووئیداره‌یی به‌زه‌قی هه‌ستی پێده‌كرێت، داوا ده‌كه‌ین به‌هه‌ر ڕێگه‌یه‌ك بووه، په‌رله‌مانی كوردستان فشار بخاته سه‌ر به‌رپرسانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان‌و ڕوون كردنه‌وه‌ی پێویستیان لێ وه‌ربگرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له‌ناوچه‌ی ژێرده‌سته‌ڵاتی حیزبه‌كه‌یاندا گرژی سه‌ری هه‌ڵداوه‌و فه‌رمانی جوڵه‌پێكردنی سه‌رجه‌م ده‌زگا سه‌ربازییه ده‌وڵه‌تی‌و حیزبییه‌كان دراوه.
6- داوا ده‌كه‌ین په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك نوێنه‌ری خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه، بۆ هاوڵاتیه‌كانی خۆی ڕوون بكاته‌وه كه ئایا ئه‌و كه‌س‌و لایه‌نه كێیه كه فه‌رمانی ته‌قه‌كردنی داوه به‌چه‌كداره‌كانی ئه‌م وڵاته كه به‌و جۆره ده‌ستڕێژی گولله له‌هاوڵاتیه‌كانی خۆیان بكه‌ن‌و بێ ڕه‌حمانه منداڵ‌و مێردمنداڵی شارێك داركاری بكه‌ن.
7- داوا ده‌كه‌ین په‌رله‌مانی كوردستان لێكۆڵینه‌وه‌ی جدی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و هه‌ریه‌كه له‌ده‌زگاكانی پۆلیس‌و ئاسایش‌و فریاگوزاری بكات كه هۆكار چییه نه‌یان توانیوه ڕێگری بكه‌ن له‌هه‌ڵكوتانه سه‌ر باره‌گای هه‌ر یه‌كه له‌پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سلێمانی‌و سوتاندنی باره‌گای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌شاری هه‌ولێر! له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته په‌رله‌مانی كوردستان لێپێچینه‌وه له‌هه‌ر یه‌ك له‌وه‌زیری ناوخۆ‌و هه‌ردوو به‌ڕێوبه‌ری ده‌زگاكانی ئاسایشی سلێمانی‌و هه‌ولێر بكات.
8- داوا ده‌كه‌ین به‌هه‌ر ڕێگه‌یه‌ك بووه په‌رله‌مانی كوردستان فشار بخاته سه‌ر یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، تاوه‌كو ڕێگه به میدیاكانیان نه‌ده‌ن ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خه‌ڵك به(ئاژه‌وه‌گێڕ) وه‌سف بكه‌ن، چونكه ئه‌وه هێنده‌ی تر توڕه‌ییه‌كانی شه‌قام زیاد ده‌كات‌و به‌تێكچوونی باری ئارامی كوردستانیش هیچ كه‌س‌ولایه‌نێكمان سودمه‌ندنین، ئێمه پێمان وایه ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا ڕووده‌ده‌ن ده‌رئه‌نجامی كه‌ڵه‌كه‌بوونی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی میلله‌ته كه به‌داخه‌وه تا ئێستا به‌پێی پێویست گوێی بۆ نه‌گیراوه، بۆیه به‌گونجاویشی ده‌زانین سه‌رجه‌م میدیاكان ده‌سته‌واژه‌ی (خۆپیشاندان) له‌بری(ئاژاوه‌گێڕ) به‌كار بهێنن.
9- له‌هه‌ر وڵاتێكی دیموكراسی دنیادا ئه‌گه‌ر دۆخی وڵات به‌ره‌و گرژی بڕوات، سه‌رۆكی وڵات له‌هه‌رشوێنێكی دنیا بێت به‌په‌له ده‌گه‌ڕێـته‌وه وڵاته‌كه‌ی‌و هه‌وڵی هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه ده‌دات، بۆیه له‌ڕێی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه داوا ده‌كه‌ین هه‌رچی زووه سه‌رۆكی هه‌رێم له گه‌شته‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌و به‌و پێیه‌ی به‌رپرسی باڵای هێزه چه‌كداره‌كانی هه‌رێمه، فه‌رمانی پێویست بدات به هێزه چه‌كداره‌كانی وڵات كه له‌ئه‌گه‌ری هه‌رگرژییه‌كدا چه‌ك به‌كار نه‌هێنن.
10- ئێمه ده‌نگی خۆمان ده‌خه‌ینه پاڵ ده‌نگی ئه‌و كه‌س‌و لایه‌نانه‌ی كه داوای چاكسازی ئیداری‌و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی‌و بێدادی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ن‌و داواش له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ین كه بڕیاری خێرا‌و به‌په‌له بدات به‌سه‌ر حكومه‌تدا كه گوێ بۆ داخوازییه‌كانی شه‌قام بگرێت، تا به‌پێچه‌وانه‌وه متمانه‌ی خۆیشی نه‌كوتووه‌ته ژێر پرسیاره‌وه.
11- گوێنه‌دان به‌م داواكارییه‌مان ناچاری خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زایه‌تی‌و مانگرتنمان ده‌كاته‌وه.
كۆمه‌ڵێك گه‌نجی قوتابی‌و خوێندكار‌و نوسه‌رو ڕۆژنامه‌نوس‌و مامۆستا وچالاكوانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی شاری هه‌ولێر.
22/2/2011
هه‌ولێر
ناوه‌كان:
1- بیار ڕه‌شید عارف: كۆلێژی هونه‌ره‌جوانه‌كانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین.
2- بورهان حه‌مه غه‌ریب: به‌شی فه‌ره‌نسی كۆلێژی زمانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین
3- جێمس چینی: كۆلێژی هونه‌ره جوانه‌كانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین
4- ڕابه‌ر فاریق: شاعیر
5- ڕێبین فه‌تاح: ڕۆژنامه‌نوس
6- به‌رزان عه‌لی حه‌مه ڕۆژنامه‌نوس
7- هه‌ڤاڵ نه‌ژاد ڕۆژنامه‌نوس‌و چالاكوانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی
8- ڕه‌وه‌ز یاسین قادر كۆلێژی هونه‌ره‌جوانه‌كانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین
9- هونه‌ر ئه‌حمه‌د سالار كۆلێژی هونه‌ره‌جوانه‌كان زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین
10- هاوبیر عه‌لی له‌به‌شی فه‌ره‌نسی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین
11- جوانڕۆ به‌ختیار له‌به‌شی فه‌ره‌نسی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین
12- شاد ڕه‌شید عارف كۆلێژی هونه‌ره‌جوانه‌كانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین
13- عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ڕۆژنامه‌نوس
14- مه‌حمود یاسین كوردی ڕۆژنامه‌نوس
15- كه‌مال چۆمانی ڕۆژنامه‌نوس
16- یادی هاشم كۆلێژی هونه‌ره‌جوانه‌كان
17- ئالان ساحێبقران ڕۆژنامه‌نوس
18- هاوكار شێخه كۆلێژی هونه‌ره‌جوانه‌كان
19- كاروان ئه‌مین له‌تیف كۆلێژی
20- سعود هاشم ڕۆژنامه‌نوس
21- سابات حه‌مید مه‌جید كۆلێژی
22- خطاب عزیز سلیمان كۆلیژی ئاداب- زانكۆی سه‌لاحه‌دین