Print
 بۆ پشتیوانیكردن له‌ چاكسازی و دژایه‌تیكردنی‌ گه‌نده‌ڵی‌، كه‌مپه‌ینی‌ (كه‌ركوكیش كوردستانه‌) پێكهێنرا
Monday, February 28, 2011
(سبه‌ی‌):
له‌ په‌یامێكدا كه‌ ئاراسته‌ی‌ رای‌ گشتییان كردوه‌، ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ نوێنه‌رانی‌ چین و توێژه‌ جیاجیاكانی‌ پارێزگای‌ كوركوك، پشتگیری‌ خۆیان خستوه‌ته‌ڕو بۆ دژایه‌تیكردنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و هێنانه‌كایه‌ی‌ چاكسازی‌ سیاسی‌ و هاوكات چه‌ند خاڵێكیش ده‌خه‌نه‌ڕو.
ئه‌مه‌ش ده‌قی‌ به‌یاننامه‌كه‌یه‌:
ئێمه‌ گروپێك له‌ رۆشنبیر و رۆژنامه‌نوس و نوسه‌ر و پارێزه‌ر و گه‌نجان و چالاكوانانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌شاری‌ كه‌ركوك كه‌ به‌شێكین له‌گه‌لی‌ كوردستان، جگه‌ له‌پشتگیریكردن له‌ته‌واوی‌ داوا ره‌واكانی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ چاكسازی‌ سیاسی‌ و نه‌هێشتنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و پێكه‌وه‌ژیانی‌ ئاشتیانه‌، داوا ده‌كه‌ین ئه‌م په‌یامه‌ی‌ ئێمه‌ كه‌ له‌م خاڵانه‌ چڕده‌بێته‌وه‌ جێبه‌جێبكرێت.
1- به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌كردنی‌ توندوتیژی‌ و به‌كارهێنانی‌ چه‌ك به‌رامبه‌ر هاوڵاتیان.
2- رێزگرتن له‌خۆپیشاندانی‌ ئاشتیانه‌ و گوێ گرتن له‌داوا ره‌واكانی خه‌ڵك و جێبه‌جێكردنیان.
3- قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی‌ قوربانیه‌كانی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوی‌ شاری‌ سلێمانی‌ و داوای‌ لێبوردن له‌میلـله‌ت و كه‌س و كاریان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌.
4- به‌دادگایی گه‌یاندنی‌ به‌رپرسیارانی‌ هه‌مو ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی‌ له‌ 17ی‌ شوباته‌وه‌ تائێستا درێژه‌یان هه‌یه‌ له‌ته‌قه‌كردن له‌خۆپیشانده‌ران و په‌لاماردانی‌ باره‌گا و سوتاندنی‌ و سوكایه‌تیكردن به‌كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندن و میدیاكاران.
له‌م مینبه‌ره‌وه‌ كه‌مپینی‌ (كه‌ركوكیش كوردستانه‌) راده‌گه‌یه‌نین بۆ پشتگیری‌ له‌خۆپیشاندانی‌ ئاشتیانه‌ و داخوازیه‌ ره‌واكانی‌ ته‌واوی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان. 
       
             كه‌ركوك
       23/2/2011
Sbeiy.com © 2007