Print
 په‌رله‌مانتارێكی‌ ئه‌وروپا به‌ڵێنی‌ دا توندوتیژییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بكاته‌ پرۆتۆكۆلێك و پێشكه‌شی‌ په‌رله‌مانی‌ ئه‌وروپای‌ بكات
Monday, February 28, 2011
(سبه‌ی‌):
دوێنێ‌ (سێشه‌ممه‌)، لەشاری هایدلبێرگی ئەڵمانیا کۆنفرانسێک لەسەر گۆڕانکارییه‌كانی‌ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر چاودێری خانمی پەرلەمانتار (فرانسیسکا برانتنه‌ر) بەڕێوەچو.
خاتو فرامسیسكا برانتنه‌ر ئەندام پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپایە لەسەر پارتی سەوزەکانی ئەڵمانیا لەهەمان کاتدا راوێژکاری پەرلەمانی ئەوروپایە بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم کۆنفرانسە بەبەشداری چەندین ئەندام پەرلەمانی پارتی سەوزی ئەڵمانی و چەندین پرۆفیسۆر و کەسایەتی تر بەشداریان تێدا کردبو لەهەمان کاتدا دو کەسایەتی خه‌ڵكی‌ لیبیاش بەشداریان کردبو، پێنج کوردی شاری شتوگارت بەنوێنەرایەتی رەوەندی کوردی بەشداریان کرد. توانییان سەرنجی کۆنفرانسەکە و خانمی پەرلەمانتار رابکێشن بۆ ئەو رەشەکوژییەی کە چەکدارەکانی پارتی لەحەڤدەی خوێناوی دا لەشاری سلیمانی خوڵقاندیان.
نوێنه‌رانی کوردستان به‌چڕوپڕی باسی‌ بارودۆخی باشوری کوردستان بەگشتی و شاری سلێمانیان كرد به‌ تایبه‌تی‌، لەهەمان کاتدا لەڕێی سیدیەوه‌ کارەساتە خوێناوییه‌کانی چەند رۆژی رابردویان خسته‌ڕو.
خاتو فرامسیسكا برانتنه‌ر داوای لە نوێنەرەکان کرد لەڕێی ئیمایلەوە رۆژانە لەبارودۆخی شارو شارۆچکەکانی باشوری کوردستان ئاگاداری بکەنەوە. به‌ڵینی دا لەلای خۆیەوە هەمو ئەو راپۆرت و هەواڵانەی کە رۆژانە بەدەستی دەگات بەزوترین کات بیانکاتە پڕۆتۆکۆڵێک و پێشکه‌شی په‌رله‌مانی ئه‌وروپایان بکات.
Sbeiy.com © 2007