Print
 ئه‌فسه‌رانی خوله‌كانی‌ هه‌رێم، داوا ده‌كه‌ن له‌ هێزه‌كانی‌ پۆلیس و پێشمه‌رگه‌و ئاسایش له‌لایه‌ن حیزبه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ به‌كارنه‌هێنرێن
Monday, February 28, 2011


(سبه‌ی‌):
 
بانگەوازێك لە ئەفسەرانی خولە جیاجیاکانی کۆی هەرێمی کوردستان‌‌ و خولەکانی (١ و ٢ و ٣)ی قەڵاچۆلان.
پلەدارو، فەرماندەو، سەربازو، پێشمەرگەو، پۆلیس‌و، پۆلیسی ئاسایشە سەربەرزەکانی کوردستان
سڵاوی نیشتمانپەروەریتان لێبێت.
هەمومان خەونمان بەوەوە دەدی کە وەك هەمو میلەتانی جیهان، لە دەوڵەتێکدا بژین، کە تیایدا خاوەنی سیستەمی سەربازی‌ نیشتیمانی‌، هەروەها هێزی داکۆکیکار لە گەلەکەمان‌و ئەزمونی هەرێمی کوردستان بێت بە پەرلەمان‌و حکومەت‌ و هەمو دامودەزگا دیموکراتیەکانیەوە.
لە خەونی ئەوەدابوین، رۆژێك دابێ‌ و حیزبەکانی کوردستان چەکدارو میلیشیایان نەبێت‌و ئێمەش بەبێ جیاوازی، پارێزەری ئازادی‌ هەڵسوڕان‌و دەسکەوتەکانیان بین.
خەونمان بەوەوە دەبینی دەسەڵاتداران‌ و سیاسیەکانی کورد لەبری ئەوەی بمانکەنە ئامرازی دەستیان بۆ براکوژی‌، بمانکەن بە ئامرازی دەستی نیشتیمانەکەمان بۆ بەرگری لە خاکەکەی‌و ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکان.
بەداخەوە لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی هەرێم، ئەو خەونانەی ئێمەیان کردە زڕەخەون، هێشتاش بەوەوە ناوەستن‌و دەیانەوێت بە بیانوی جیاوازەوە، چەکدارەکانیان بکەن بە گژ خۆپیشاندەرا‌‌ن‌و جەماوەری سڤێلی ئاشتیخوازی گەلەکەماندا. لەوەش سامناکتر دەیانەوێت ناوی ئێوە بزڕێنن‌و وەك مورتەزەقەی وڵاتە دیکتاتۆرەکان بتانکەنەوە بەگژ خەڵکی ئازادیخوازو بەشمەینەت‌و گەنج‌و لاوی کوردستاندا.
ئێمە بەگیانی هاوپیشەیی‌و هاونیشتمانێتیەوە تکاتان لێدەکەین کە:
وەك رەوشتی هەمیشەییتان نیشتمانیانە رەفتار بنوێنن‌، ئامانجە بەرزەکانی کوردستان‌و مەترسیە راستەقینەکانی دوژمنان نەبێت، هیچ دنەدانێکی ناوخۆ، بە هەند وەرنەگرن.
تکایە وریا بن؛ دەستتان نەچێتە خوێنی میللەتەکەمان. بێلایەنانە بمێننەوە، تەماشای ئەو بەهاو ئەرزشە مەزنە بکەن کە سوپای میسر لە ناوخۆو دەرەوەی وڵاتەکەی بەدەستی هێناو دەستی نەچوە خوێنی مرۆڤی وڵاتەکەی.
پۆلیس‌و پۆلیسەکانی ئاسایش، ئەی ئەوانەی بەبێ بونی ئێوە، کوردستان دەبوە لانکی تیرۆرستان‌و خۆراکی چەوری دوژمنان...
 تکایە وریا بن، بە چەوتیی بەکارتان نەهێنن‌و نەتانکەن بەگژ خۆپیشاندەراندا. ئێوەن کە بەرپرسیارێتی ئاسایشی ناوخۆی هەرێمی کوردستانتان لە ئەستۆیە، هەر لەبەرئەوەیە کە لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا، پایەو رێزی زۆر تایبەتتان هەیە. تکایە متمانەی گەل بپارێزن‌و مەبنە داردەستی هیچ کەس‌و لایەنێك‌ بۆ ئازاردان‌و گرتن‌و کوشتنی خۆپیشاندەران.
پێشمەرگە قارەمانەکان، ناوی ئێوە سیمبوڵی ئازادی نیشتمانەکەمانە.
ئێوەن بەدیهێنەری ئەم ئازادیەو هەر ئێوەن سیمبوڵی پاراستنی ئەزمونەکەمان. نەکەن تێوە بگلێن‌و دەسەڵاتداران وەك میلیشیاکانیان بۆ داکۆکی لە خواست‌و بەرژەوەندیەکانیان بەکارتان بهێنن.
تکایە با هەمومان دەست لەناودەست، پابەندی پرەنسیبە باڵاکان‌و شەرەفی میهەنی‌و رێزی خۆمان لەناو گەلەکەماندا بین‌و دەستکەوتەکانی کوردستانەکەمان بپارێزین.
دەست لەناودەست تا بەدیهێنانی ئامانجەکانمان

کۆمه‌ڵه‌ی ئه‌فسه‌رانی نیشتیمان
بنکەی ١: دەڤەری سلێمانی
بنکەی ٢: دەڤەری هەولێر
بنکەی ٣: دەڤەری کەرکوك
بنکەی ٤: دەڤەری دهۆك
بنکەی ٥: دەڤەری زاخۆ
په‌یوه‌ندنی ڕاسته‌وخۆ به‌ کۆمه‌ڵه‌که‌وه‌
 [email protected]   

 

Sbeiy.com © 2007