Print
 خوێندكاری زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین و زانكۆكانی تری هه‌ولێر پشتیوانی له‌ خۆپیشانده‌رانی سلێمانی ده‌که‌ن
Monday, February 28, 2011

(سبه‌ی):
له‌گه‌ڵ فراوانبونی ناڕه‌زاییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کان که‌ هه‌مو شاره‌کانی هه‌رێمی کوردستانی گرتوه‌ته‌وه‌، خوێندكاری زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین و زانكۆكانی تری هه‌ولێر له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشانده‌رانی سلێمانی ده‌ربڕی.
هاوکات دوابه‌دوای فراوانبونی ناڕه‌زاییه‌کانی شاری هه‌ولێر و به‌یاننامه‌ پشتیوانییه‌که‌ی خوێندكاری زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین و زانكۆكانی تری هه‌ولێر، خوێندکارانی زانکۆی سه‌ڵاحه‌دین نێردرانه‌وه‌و ماڵه‌وه‌و به‌بڕیاری سه‌رۆکایه‌تی ئه‌و زانکۆیه‌ش، ماوه‌ی مانگێک کرایه‌ پشو.
به‌یاننامه‌ی كۆمه‌ڵێك خوێندكاری زانكۆی سه‌لاحه‌دین و زانكۆكانی تری هه‌ولێر

خوێندكارانی ئازیز
مامۆستایانی به‌ڕێز
هاوولاَتیانی شاری هه‌ولێری قاره‌مان
- ئێمه‌وه‌كو كۆمه‌ڵێ خوێندكاری زانكۆكانی هه‌ولێر له‌ڕوانگه‌ی هه‌ست كردنمان به‌ به‌ر پرسیارێتیه‌وه‌ به‌رامبه‌ر نیشتمان و میلله‌ته‌كه‌مان بڕیارماندا كه‌ئیتر بێده‌نگ نه‌بین، وه‌كوهاوڕێ و هاونیشتمانیه‌كانمان هه‌ڵوێستی خۆمان ده‌ربڕین.
 ئێمه‌جگه‌له‌ پشتیوانی كردنمان بۆخۆپیشانده‌رانی سلێمانی و هه‌موو ناوچه‌كانی تری كوردستان بڕیارماندا كه‌ئیتر ئێمه‌ش له‌ڕیگه‌ی ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌وه‌ بێده‌نگی خۆمان بشكێنین، ئه‌مه‌ش وه‌كو هه‌نگاوی یه‌كه‌ممان ده‌بێت، وه‌ئه‌گه‌ر ده‌سه‌لاَت وه‌لاَمێكی باوه‌ڕپێكراوی بۆئێمه‌ و هاونیشتمانیه‌كانمان نه‌بێت له‌ناوچه‌كانی تری كوردستان ئه‌وا ئێمه‌ش ڕێگه‌ی تری مه‌ده‌نیانه‌ی دیكه‌ ده‌گرینه‌به‌روه‌كو(كه‌مپین و خۆپیشاندان و مانگرتن).
 بۆیه‌ داواده‌كه‌ین به‌زووترین كات ئه‌م داواكارییانه‌مان جێ به‌ جێ بكه‌ن:
1- ڕاگرتنی هه‌مووجۆره‌ توندوتیژییه‌ك به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران وه‌كوته‌قه‌كردن و هه‌ڕه‌شه‌كردن و گرتنیان.
2- گوێگرتن له‌داواكانی خۆپیشانده‌ران و جێ به‌جێ كردنی له‌زووترین كاتدا.
3- ده‌ست كردن به‌ چاكسازی بنه‌ڕه‌تی له‌ هه‌موو بواره‌كاندا.
4-داكۆكی كارین له‌وه‌ی كه‌ده‌سه‌لاََت ده‌بێت گوێ له‌ڕای شه‌قام بگرێت.
5- ڕاگرتنی هه‌رجۆره‌ سووكایه‌تی پێكردنێك له‌لایه‌ن ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كانی حیزبی ده‌سه‌لاَته‌وه‌ به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران و گۆڕینی ئاراسته‌ی خۆپیشاندانه‌كان.
 وه‌هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی مامۆستایان و قوتابیان و فه‌رمانبه‌رانی زانكۆی سلێمانی به‌رزده‌نرخێنین به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ یه‌كگرتویه‌یان به‌رامبه‌ر به‌بارودۆخی هه‌نووكه‌یی ئێستای كوردستان، وه‌ ده‌خوازیین هه‌موولایه‌كمان له‌ ئاست به‌رپرسیارێتی مێژوویماندا بین و یه‌ك هه‌ڵوێست بین و چیتر بێده‌نگی دوا هه‌ڵبژاردنمان نه‌بێت. 

Sbeiy.com © 2007