|
بۆچی سوپای توركیا خوازیاری له‌شكركێشییه؟ |
Wednesday, July 18, 2007 |
خه‌بات عه‌بدوڵا
له‌وه‌ته‌ی كۆماری توركیا دامه‌زراوه له‌ڕێی سوپاكه‌یه‌وه هه‌ڕه‌شه ده‌كات. له پاش هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی تا هه‌نوكه، توركیا زۆر به سه‌ختی له قه‌یرانی شوناسدا ده‌ژی، به‌شێك له ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌و قه‌یرانه بهڕهقیب ته‌ماشاكردنی ده‌وروبه‌ره. توركیای كۆماری نه له‌گه‌ڵ دراوسێكانیدا: یۆنان، قوبروس، بولگاریا، ئه‌رمه‌نستان، روسیا، ئێران، عێراق، سوریا دۆستایه‌تییه‌كی پته‌وی دامه‌زراندووه، نه ئاماده‌شه له‌ناوخۆدا ده‌ست له دوژمنایه‌تی كورد هه‌ڵبگرێت. ا
ئه‌گه‌رچی له‌پاش روخانی فاشیزمی به‌عسییه‌وه سوپای توركیا نه‌یتوانیوه له‌شكركێشی بكات بۆ سه‌ر هه‌رێمی رزگاركراوی كوردستان، به‌ڵام له‌ڕێی (هه‌ڕه‌شه‌كردن، هێزكۆكردنهوه، بۆردومانكردن، غافڵكوژی، سیخوڕی، تیرۆر...هتد) ده‌ستی وه‌رداوه‌ته كاروباری ناوخۆی هه‌رێمه‌وه.
به پێی راپۆرته رۆژنامه‌وانییه‌كان و لێدوانه‌كانی خودی سوپای توركیا، حاڵی حازر به مه‌به‌ستی پێماڵكردنی ناوچه سنورییه‌كان و راوه‌دوونانی گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، سوپای توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی له‌شكركێشی بۆ سه‌ر هه‌رێمی رزگاركراوی كوردستان ده‌كات.
به‌پێچه‌وانه‌ی له‌شكركێشییه‌كانی پازده ساڵی پێش‌و، ئه‌مجاره‌یان سوپای توركیا جگه له‌وه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی كوردییه‌وه هیچ هاوكاریه‌ك ناكرێت، رووبه‌ڕووی گه‌وره‌ترین ناڕه‌زایی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته و هی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپاش بۆته‌وه. ئه‌ی كه‌واته بۆچی سوپای توركیا خوازیاری له‌شكركێشییه؟
بێ تێگه‌یشتن له‌و قه‌یرانه ناوخۆییه‌ی كه سیسته‌می سیاسی له توركیا به ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنێت و له هه‌ڵبژاردنی سهرۆكایهتیشدا گه‌یشته ترۆپك، ناكرێت له جه‌ختكردنه‌وه‌ی سوپا بۆ له‌شكركێشی و هه‌ڕه‌شه‌كانی تێبگه‌ین. ا
له مێژووی توركیای كۆماری‌دا، هیچ حكومه‌تێك هێنده‌ی حكومه‌ته ئیسلامییه‌كه‌ی ئاردۆگان ته‌نگی به سوپا هه‌ڵنه‌چنیوه. به بیانوی جێبه‌جێكردنی مه‌رجه‌كانی كۆپنهاگن و خێراكردنی هه‌نگاوه‌كانی بوونه ئه‌ندام له ئه‌وروپای یه‌كگرتوودا، پارله‌مانی توركیا به ده‌ستپێشكه‌ری پارتی داد و گه‌شه‌پێدان ده‌نگی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك ریفۆڕم دا، كه له به‌شێكی زۆری‌دا دانانی سنووره بۆ ده‌سه‌ڵاتی ره‌های سوپا. ئیسلامییه‌كان هه‌ربه‌وه‌وه نه‌وه‌ستان، له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماردا به‌نیازبوون، گه‌ر سوپا ده‌ستی وهرنهدایهته پرۆسه‌كه‌وه، دوا قه‌ڵای عه‌لمانییه‌كان كه دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه بۆ خۆیانی ڕام بكه‌ن. له ژیانی سیاسی ناوخۆدا، سوپای توركیا هه‌میشه ده‌سه‌ڵاتێكی تۆقێنهربووه. جگه له‌وه‌ی كه سێ جار كوده‌تای سازداوه و نزیكه‌ی سی جاریش هه‌وڵی كوده‌تای داوه و سه‌ری نه‌گرتووه، له پاش كوده‌تای 1980 و به پێی ده‌ستوری 1982، ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌وره‌ی پێ‌بڕا و هه‌ردوو دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییشی به‌خۆیه‌وه گرێدا. به پێی به‌نده‌كانی ده‌ستوری ناوبراو، سه‌رۆك كۆمار ده‌سه‌ڵاتی دیاریكردنی دادوه‌رانی دادگای ده‌ستوری و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای فێركردن و ئه‌ندامانی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی هه‌یه. سه‌رۆك كۆمار ده‌بێت پارێزه‌ری سیستمی عه‌لمانی توركیا بێت و له دانانی كه‌سێكی وادا، سوپا بڕیارده‌ری یه‌كه‌مه. ئه‌مه جگه له دامه‌زراوه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كه له سیستمه دیموكراتییه‌كانی ئه‌وروپادا له وێنه‌ی نییه.
ئه‌نجومه‌نی ناوبراو جاران مانگانه كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ده‌كرد به ئاماده‌بوونی سه‌رۆك كۆمار، سه‌رۆك وه‌زیران، وه‌زیرانی به‌رگری و ناوخۆ و ده‌ره‌وه و داد و كاروباری گه‌یاندن و پێنج له گه‌وره جه‌نه‌ڕاڵه‌كانی سوپا، له كاره‌كانی حكومه‌تی دهكۆڵێییهوه و له‌و باره‌وه راسپارده‌ی ده‌دا.
له چه‌ند ساڵی پێشوودا جگه له‌وه‌ی له‌رێی هه‌ندێك ریفۆڕمهوه سنور بۆ ده‌سه‌ڵاتی سوپا دانرا، ئه‌ركی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییش له ده‌سه‌ڵاتێكی ته‌نفیزییه‌وه گۆڕا بۆ ده‌سه‌ڵاتێكی راوێژكاری. ئه‌گه‌رچی سوپا وا پیشان ده‌دات كه لایه‌نگری بوون به ئه‌ندامی توركیایه له ئه‌وروپادا، به‌ڵام ئه‌مه درۆیه‌كی گه‌وره‌یه، چونكه بوون به ئه‌ندامی توركیا، مانای له ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵاتی سوپا و په‌ڕوباڵ كردنێتی، بۆیه سوپا له ژێره‌وه هه‌ركاتێك ویستبێتی رای گشتی به ئاراسته‌ی دژه ئه‌وروپا سازداوه. ا
راستیه‌كه‌ی هیچ كاتێك هێنده‌ی ئێستا، سوپای توركیا پێویستی به سه‌لماندنی (خود) نه‌بووه. به‌وپێیه‌ش هیچ كاتێك هێنده‌ی ئێستا پێویستی به هه‌ڕه‌شه‌كردن و خۆگیڤكردنه‌وه و به‌رپاكردنی جه‌نگ نه‌بووه. ده‌بێت پێش هه‌ر لایه‌نێكی دیكه سه‌ركردایه‌تی پارتی كرێكارانی كوردستان له‌وه تێبگه‌ن نه‌چنه شه‌ڕێكه‌وه كه سوپا خوازیاریه‌تی. ا
جگه له مه‌سه‌له‌ی سه‌لماندنی خود سوپا له‌ڕێی به‌رپاكردنی جه‌نگه‌وه و پیشاندانی خۆی وه‌كو تاكه پارێزه‌ری وڵات له مه‌ترسیه‌كان، ده‌یه‌وێت سۆزی رای گشتی به‌لای خۆیدا كێش بكاته‌وه و مه‌ترسی سه‌ركه‌وتنه‌وه‌ی ئیسلامییه‌كان له هه‌ڵبژاردنی پارله‌مان و پۆستی سه‌رۆك كۆماردا ساتمه بكات. سوپای توركیا دڵنیایه كه ناتوانێت له‌ڕێی لهشكركێشییهوه چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد بكات، له ڕووی عهسكهریشهوه خه‌یاڵپڵاوییه گه‌ر توركیا بیه‌وێت به‌بێ پشتیوانی لایه‌نه كوردییه‌كان سه‌دان كیلۆ مه‌تر له‌شكره‌كه‌ی بۆ سه‌ر بنكه‌كانی په‌كه‌كه ببات. به‌ڵام توركیا له‌ڕێی هه‌ڕه‌شه و به‌كارهێنانی هێزه‌وه ده‌توانێت هه‌ندێك ئامانجی تریش له ده‌ره‌وه‌ی قه‌یرانه ناوخۆییه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت. له‌شكركێشی توركیا بۆ ناو هه‌رێم هه‌ڕه‌شه‌ی جدی بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵاتی كوردی دروست ده‌كات و ئاسته‌نگی گه‌وره‌ش له‌به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140دا ده‌خولقێنێت، بۆیه له هه‌موو بارێكدا نابێت هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا به‌خه‌مساردی وه‌ربگیرێن. هه‌ڵوێستی یه‌كگرتووانه‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد له‌وباره‌یه‌وه و هه‌ماهه‌نگكردن له‌گه‌ڵ وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، دوو ئامڕازی گرنگی به‌گژداچوونه‌وه‌ی خه‌ونه‌كانی سوپای توركیا ده‌بن دژ به كورد و هه‌رێمی كوردستان. |
|
|