Print
 رونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕانه‌وه‌
Monday, February 28, 2011


(سبه‌ی):
دوێنێ‌ 23/2 په‌رله‌مانی‌ كوردستان كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ نا ئاسایی‌ گرێ‌ دا به‌ مه‌به‌ستی‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر  روداوه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ كوردستان. پاش نزیك به‌ 7 سه‌عات گفتوگۆكردن و خستنه‌ روی‌ بیرو بۆچون و هه‌ڵوێستی‌ ئه‌ندامانی‌ سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان، و پاش نزیك به‌ 4 سه‌عات گفتوگۆی‌ لیژنه‌كانی‌ یاسایی‌ و ناوخۆ و سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنه‌كان، و پاش ئه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان به‌ڵێنی‌ دابو كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ بخرێته‌ به‌رده‌می‌ په‌رله‌مانتاران بۆ ئه‌وه‌ی‌ دوا سه‌رنج و تێبینی‌ خۆیانی‌ له‌سه‌ر بده‌ن، كه‌چی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان بڕیارنامه‌یه‌ك كه‌ له‌ 17 بڕگه‌ پێك هاتبو خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ بوار به‌ ئه‌ندامان بدرێت هیچ سه‌رنجێكی‌ له‌سه‌ر بده‌ن.
دیاره‌ زۆرینه‌ی‌ بڕگه‌كانی‌ ئه‌م بڕیاره‌ له‌ ژێر فشاری‌ ئۆپۆزسیۆن و به‌شێك بوه‌ له‌ داخوازی‌ خۆپیشانده‌ران و شه‌قام، به‌ڵام سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ش ئه‌م چه‌ند سه‌رنجانه‌مان  هه‌یه‌ كه‌ ده‌یخه‌ینه‌ به‌رده‌م كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان:
1. شێوازی‌ خستنه‌ ده‌نگ دانی‌ ئه‌م بڕیاره‌ و بوار نه‌دان به‌ په‌رله‌مانتاران بۆ خستنه‌ روی‌ سه‌رنج و ره‌خنه‌كانیان، كارێكی‌ نایاسایی‌ و دوور له‌ پرۆتۆكۆل و به‌ڵینی‌  خودی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان بوو.
2.  له‌م بڕیاره‌دا هیچ جۆره‌ میكانیزم و كات دیاری‌ نه‌كراوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ بڕگه‌كانی‌ بڕیاره‌كه‌. بۆیه‌ ئێمه‌ لێره‌دا داواده‌كه‌ین كه‌:
أ‌- له‌ ماوه‌ی‌ 24 كاتژمێردا بڕگه‌كانی‌: 2،3،5،7، 9، 17 جێبه‌جێ‌ بكرێـت
ب‌- ده‌بێت له‌ ماوه‌ی‌ ته‌نها یه‌ك هه‌فته‌دا، هه‌نگاوی‌ به‌رجه‌سته‌كراو و میكانیزمی‌ جێبه‌جێ‌ كردنی‌ سه‌رجه‌م بڕگه‌كانی‌ تر بنرێت به‌ تایبه‌ت بڕگه‌ی‌ 15 كه‌ داوای‌ بانگهێشتكردنی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت و وه‌زیرانی‌ پێشمه‌رگه‌و وناوخۆ ده‌كات.
3. ئێمه‌ داوامان كردبو به‌ رونی‌ و دیاریكراوی‌ باس له‌ سزادانی‌ ته‌قه‌كه‌ران و به‌رپرسه‌كانیان له‌ خۆپیشانده‌ران بكرێت. به‌ڵام له‌ بڕیاره‌كه‌دا به‌ نارۆشنی‌ و لاستیكی‌ باس له‌و مه‌سه‌له‌ گرنگه‌ كراوه‌.
4. ئه‌م بڕیارانه‌ی‌ په‌رله‌مان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناكاته‌ كۆتایی‌ هێنان به‌ خۆپیشاندان له‌ شاره‌كانی‌ هه‌رێمدا تا وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ داواكاریه‌كانیان. ئێمه‌ وه‌ك فراكسیۆنی‌ گۆڕان خۆپیشاندان به‌ مافێكی‌ سروشتی‌ و ده‌ستوری‌ و یاسایی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ ده‌زانین.
5. ئێمه‌ وه‌ك فراكسیۆنی‌ گۆڕان پشتیوانی‌ ته‌واوی‌ خۆمان بۆ سه‌رجه‌م داواكاری‌ و داخوازیه‌كانی‌ جه‌ماوه‌ری‌ شاری‌ سلێمانی‌ و سه‌رجه‌م شاره‌كانی‌ كوردستان دوپات ده‌كه‌ینه‌وه‌و به‌ڵێنیان پێده‌ده‌ین كه‌ به‌رده‌وام داكۆكی‌ له‌و داوایانه‌ بكه‌ین و هیچ جۆره‌ مساوه‌مه‌یه‌ك له‌سه‌ر داخوازیه‌كانیان نه‌كه‌ین.
6. داخوازی‌ ئێمه‌ بۆ بانگهێشت كردن ولێپرسینه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت و وه‌زیرانی‌ ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی‌ متمانه‌یه‌. ئێمه‌ ئه‌وان به‌ به‌رپرسیاری‌ یه‌كه‌می‌ هه‌مو ئه‌و دۆخه‌ نا ئارامه‌ ده‌زانین.
جه‌ماوه‌ری‌ كوردستان
له‌ كاتێكدا هێشتا چه‌ند كاتژمێرێك به‌سه‌ر ئه‌و دانیشتنه‌ی‌ په‌رله‌مان و ئه‌و بڕیاره‌ تێنه‌په‌ڕیوه‌، كه‌چی‌ له‌ هه‌ولێری‌ پایته‌ختی‌ كوردستان به‌ چه‌ندین شێوازی‌ جیا جیا سه‌رجه‌م ناوه‌رۆكی‌ ئه‌و بڕیاره‌ پێشێل ده‌كرێت بۆ نمونه‌: له‌ ئه‌مرۆوه‌ به‌ بڕیارێكی‌ به‌په‌له‌ سه‌رجه‌م بازگه‌كانی‌ هه‌ولێر له‌ روی‌ هاوڵاتیانی‌ شارو شارۆچكه‌كانی‌ تر داخراوه‌. ئه‌مه‌ سه‌رباری‌ به‌رده‌وام بون له‌ شه‌پۆلێكی‌ هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر و چاوسوركردنه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ كردن له‌ قوتابیان و گه‌نجان و مامۆستایان و چالاكوانانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ وهاوڵاتیان  كه‌ بارێكی‌ ناسه‌قامگیری‌ له‌ شاری‌ هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری‌ دروست كردوه‌.
هه‌روه‌ها مۆڵه‌ت به‌ خوێندكاران و قوتابیانی‌ زانكۆكان دراوه‌ كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵی‌ خۆیان بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ نێو زانكۆكاندا درێژه‌ به‌ ناره‌زایه‌تیه‌كانیان نه‌ده‌ن.
ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ له‌ خزمه‌تی‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌م بڕیاره‌دا نیه‌و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی‌ ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.


فراكسیۆنی‌ گۆڕان                              
  24/2/2011

Sbeiy.com © 2007