Print
 ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی سوید داوا ده‌كات حیزبه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌رێم نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر موماره‌سه‌ی‌ توندوتیژی‌
Monday, February 28, 2011
(سبه‌ی‌):
کارینا هێگ، ئه‌ندامی لیژنه‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ سوید له‌سه‌ر لیستی‌ سۆسیال دیموکرات، له‌ لێدوانیکدا له‌سه‌ر ڕه‌وشی ئێستای‌ کوردستانی رایگه‌یاند: سۆسیال دیموکراته‌کان پاڵپشتی له‌ کاری دیموکراسیكردنی کوردستانی عێراق ده‌که‌ن و له‌ ماوه‌ی زۆر دورودرێژی ڕابوردوشدا به جدی و کاریگه‌ریان‌ له‌سه‌ر ڕه‌وشی دیموکراسی و گه‌شه‌سه‌ندن له‌ هه‌رێم هه‌بوه‌ له‌ رێگه‌ی‌ په‌یوه‌ندی و ۆرکشۆپ و ڕاهێنان بۆ پارته‌ سیاسیه‌ کوردییه‌کان.
وتیشی: سۆسیال دیموکراته‌کان به‌چاوێکی پڕ سه‌رنج وبایه‌خه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی پۆزه‌تیڤانه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌ڕوانن و پێویسته‌ ئه‌و ڕه‌وشی دیموکراتی‌ و گه‌شه‌کردنه‌ی‌ له‌ کوردستانی عێراقدا هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت له‌ گه‌شه‌سه‌ندنی سیستمی فره‌ حیزبی که‌ گه‌شه‌سه‌ندنێکی پۆزه‌تیڤانه‌یه‌، به‌رده‌وامی‌ هه‌بێت به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ توندوتیژی.
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌‌ سوید له‌ لێدوانه‌كه‌یدا باسی له‌وه‌شكرد: مافی خۆپیشاندان و مافه‌ دیموکراتیه‌کانی تر، ده‌بێ داکۆکی لێبکرێت و پێویسته‌ خه‌بات له‌دژی‌ گه‌نده‌ڵی بکرێت.
داواشیكرد: هه‌مو پارته‌ سیاسییه‌کان خۆیان له ‌توندوتیژی به‌دور بگرن و هه‌مویان ڕێکبکه‌ون له‌سه‌ر دیالۆگێکی ئاشتیانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کیشه‌که‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ن.
Sbeiy.com © 2007