Print
 هه‌مو نه‌وه‌یه‌ک پێویستی به‌ شۆڕشێکی نوێیه‌...
Monday, February 28, 2011
پێشڕه‌و جه‌مال

Every generation needs a new revolution.

هه‌مو نه‌وه‌یه‌ک پێویستی به‌شۆڕشێکی نوێیه. ئه‌مه‌وته‌ی تۆماس جێفیرسۆنه‌ سێهه‌م سه‌رۆکی ویلایه‌ته ‌یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکایه‌ له ‌ساڵی ١٨٠١. ئه‌م زنجیره‌ خۆپیشاندانه‌ی هه‌رێمی کوردستانی گرتۆته‌وه‌ باشتره‌ ناوی بنێین سه‌ره‌تای شۆڕشێک به‌ناوی شۆڕشی گه‌نجان... ئه‌م نه‌وه‌ی نوێیه‌که‌ رژاونه‌ته‌ نێو شه‌قامه‌کان پێکهاتون له‌نه‌وه‌یه‌ک که ‌بێبه‌شن له‌هه‌مو مافه ‌سه‌ره‌تایه‌کانیان و ده‌یانه‌وێت له‌ رێگه‌ی ئه‌م خۆپیشاندانانه‌وه‌ شۆڕشێک به‌ربا بکه‌ن دژی ئه‌و گه‌نده‌لیه‌ی که ‌هه‌رێمی کوردستانی گرتۆته‌وه ‌و له‌م گه‌نده‌ڵستانه‌دا گه‌نجان بونه‌ته‌ سوته‌مه‌نی و بێ به‌شن له‌مافه ‌سه‌ره‌تایه‌کانیان.

شۆڕشی نوێ...
شۆڕشی نوێ ئه‌و شۆڕشه‌ چه‌کداریه ‌بو که‌ له‌پاش نسکۆی ساڵی ١٩٧٤ هاته‌کایه‌وه ‌له‌بۆ درێژه‌دان به‌خه‌باتی چه‌کداری که‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌تاکه‌رێگه ‌بو بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانمان. راسته‌ هه‌ندێک له‌و سه‌رکردانه‌ی که ‌به‌شدار بون له‌ هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شۆڕشی نوێ پێکهاتبون له‌چه‌ند سه‌رکرده‌یه‌کی شۆڕشی ئه‌یلول٬ به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌ له‌یاد که‌ین که ‌زۆربه‌ی ئه‌و شۆڕشگێڕانه ‌پێکهاتبون له ‌گه‌نجه ‌خوێن گه‌رمه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ و به‌ ته‌مه‌نێکی گه‌نجیه‌وه‌ چه‌کی خه‌باتیان کرده ‌شانیان، بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌کانمان، نه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌باشتر وایه ‌بڵێین گه‌نجانی ساڵی حه‌فتاکان بۆ هه‌شتاکان پێویستیان به‌م شۆڕشه ‌چه‌کداریه ‌بو که ‌تاکه‌ رێگا بو له‌پاش ده‌یان جار دایلۆگ و گفتوگۆ له‌نێوان لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کاندا.

ئه‌و گه‌نجانه‌ی که ‌له‌ شۆڕشی نوێدا بونه‌ هه‌وێنی شۆڕشه‌که ‌و له‌پاشاندا به‌رهه‌می شۆڕشه‌که‌یان بو به ‌راپه‌ڕینێکی سه‌رتاسه‌ری و له‌ کوردستان و ئازادکردنی سه‌رجه‌م ناوچه‌کان... ئه‌و گه‌نجانه‌ی که ‌هه‌وێنی شۆڕشی نوێ بون ئێستا هه‌ندێکیان بونه‌ته‌ کوێخاو ده‌یانه‌وێت هه‌مان شۆڕشی رابردو به‌م نه‌وه‌نوێیه‌ی ئێستا بفرۆشنه‌وه ‌و خه‌باتی رابردویان بکه‌نه‌ قوربانی هه‌مو حه‌ز و ئاواته‌کانی گه‌نجان.

شۆڕشی گه‌نجان...
منیش وه‌ک تۆماس جێنێفر پێموایه ‌ئه‌م نه‌وه‌ی ئێستا پێویستی به‌ شۆڕشێکی نوێیه‌...  خۆپیشاندانه‌کانی هه‌رێم هه‌مو سیمبۆڵی ئاماده‌کاری گه‌نجانه‌ ‌بۆ به‌رپا کردنی شۆڕشێک بۆ دابینکردنی مافه‌سه‌ره‌تایه‌کانی تاکی کورد، له‌م هه‌رێمه ‌ساوایه‌دا که ‌ته‌مه‌نی وا خه‌ریکه ‌ده‌بێته‌٢١ ساڵ و هێشتاکه ‌خه‌ریکی گاگۆڵکێیه ‌و پێ ناگرێت. گه‌ر ئامانجه‌کانی شۆڕشی نوێ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌کان بوبێت ئه‌وا ئامانجه‌کانی شۆڕشی گه‌نجان به‌ده‌ستهێنانی مافه ‌سه‌ره‌تایه‌کانی تاکی کورده‌ که ‌پێکهاتوه ‌له ‌ئازادی... گه‌ر شۆڕشی چه‌کداری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ شۆڕشێک بوبێت دژی رژێمێکی دیکتاتۆر ئه‌وا ‌شۆڕشی مه‌ده‌نی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ شۆرشێکه‌ دژی ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌ی که ‌باڵی کێشاوه‌ به‌سه‌ر ناۅچه‌کانی هه‌رێمدا... گه‌ر داواکانی ئێوه‌ له ‌شۆڕشی رابردودا داوای مافێکی یه‌کسانی بوبێت ئه‌وا داواکانی گه‌نجان له‌م شۆڕشی نێرگزه‌دا دابینکردنی خۆزمه‌تگوزاریه ‌سه‌ره‌تایه‌کانه‌ و پرۆژه‌یه‌کی چاکسازیه ‌له‌سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌ و دائیره‌کاندا.

من پێموایه ‌داواکانی ئێمه‌ی گه‌نج ‌بۆ پرۆژه‌یه‌کی چاکسازی و بنبڕکردنی گه‌نده‌ڵی به‌ شۆڕشگێڕه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردو دابین ناکرێت. به‌م سیستمی حوکمڕانیه‌ دابین ناکرێت که‌ حکومه‌ت ماڵی حیزب بێت و تاکه ‌بڕیارده‌ر له‌م هه‌رێمه‌دا ته‌نها ٢ که‌س بن. من گومانم له‌کردار شه‌رته‌کانی سه‌رۆکی حکومه‌ت نیه‌... دڵنیام که‌سێکی شیاوه‌و حه‌ز به‌خزمه‌ت ده‌کات... بهڵام گومانم زۆر له‌بێ ده‌سه‌ڵاتیه‌که‌ی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمه ‌کاتێک به‌زه‌رده‌خه‌نه ‌کارتۆنیه‌که‌ی ده‌ڵێت به‌ڵێ کردار شه‌رته‌... من گومانم له‌توانای و لێهاتوی هه‌ندێک له‌ وه‌زیره‌کانی ئه‌م حکومه‌ته‌ نیه‌ وه‌لێ بێزار ده‌بم کاتێک ده‌بینم وه‌زیرێک بڕیاره‌کانی به‌رپرسی لقێک یان خود به‌رپرس مه‌ڵبه‌ندێک جێبه‌جێ ده‌کات...

ئه‌مانه ‌هه‌موی ئازاره‌کانی ئێمه‌ی گه‌نجن... به‌ڵام ئێوه‌ لێمان تێ ناگه‌ن. ئه‌مانه ‌هه‌موی خه‌مه‌کانی ئئێمه‌ی گه‌نجن، به‌ڵام ئێوه ‌گوێی بۆ ناگرن... ئێمه‌ی گه‌نج فێری کوده‌تا نین و ئێوه‌ فێری ئه‌و وشه‌تان کردین٬ ئێمه‌ی گه‌نج گێره‌شێوێن نین، به‌ڵکو داهێنه‌ری بیرێکی نوێین... ئێمه ‌تازه‌بوینه‌ته ‌پشکۆیه‌کی ئه‌م شۆڕشه‌ و درێژه ‌به‌ خه‌بات ده‌ده‌ین. ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ی له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ هه‌ڵقوڵاوی که‌موکوڕییه‌کانی رابردون... شنه‌بای گۆڕان ئاڕاسته‌که‌ی روی له ‌ئێمه‌یه‌ و دڵنیابن ئێمه‌ش کۆڵ ناده‌ی هه‌تا ئامانجی ئه‌م شۆڕشه‌مان به‌دی نه‌هێنین...

Sbeiy.com © 2007