Print
 جومعه‌ی‌ درۆ...
Monday, February 28, 2011
ئارام مه‌حمود

درۆ بكه‌ن درۆ بكه‌ن، دواجار هه‌ولێر قسه‌ی‌ خۆی‌ هه‌رده‌كات...
ئه‌وه‌ی‌ ئێواره‌ی‌ جومعه‌ له‌ كوردستان تیڤیه‌وه‌ مه‌هزله‌ی‌ "جومعه‌ی‌ شادی‌" بینیبێ‌، باوه‌ڕ ناكه‌م به‌دڵی‌ خۆی‌ له‌و شه‌وه‌ پڕ شه‌مه‌ره‌زارییه‌دا تێر خه‌وتبێ‌، به‌ڕاستی‌ نائومێدتان كردین، سه‌لماندتان ئێوه‌ هه‌رگیز ناتوانن ببنه‌ پێشڕه‌وی‌ میلله‌ت، ئه‌رێ‌ به‌ڕاست رۆشنبیرانی‌ شاری‌ قه‌لاَ و مناره‌، ئه‌وه‌ ئێوه‌ بون له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان؟ ئه‌وه‌ هه‌ر ئه‌و پارته‌یه‌ كه‌ له‌شاره‌كه‌ی‌ ئێمه‌ خۆپیشانده‌ر ئه‌كوژێ و بۆته‌ فریادڕه‌س بۆ شاره‌كه‌ی‌ ئێوه‌؟ ئه‌ی‌ جیاوازیی‌ نێوان شه‌قامه‌كانی‌ ئێوه‌ و ساحه‌ی‌ خه‌زرای‌ لیبیا له‌و ئێواره‌ پڕ شه‌رمه‌زاریدا چی‌ بون؟ پێمان بڵێن پلاندانه‌رانی‌ ئه‌و هاتوهاوار و چه‌واشه‌كارییه‌ی‌ شه‌قامه‌كانی‌ ئێوه‌، هه‌ر ئه‌وانه‌ نه‌بون كه‌ بڕیاریاندا باره‌گاكانی‌ گۆڕان له‌ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌لاَتیاندا بسوتێنن؟ هه‌ر ئه‌وانه‌ن نه‌بون بڕیاری‌ گوللـه‌ بارانكردنی‌ سه‌ركرده‌كانی‌ یه‌كگرتویاندا له‌ بادینان؟ ئاخر ئه‌وه‌ چ مه‌نتیقێكه‌ گه‌نجه‌كانی‌ ئێمه‌ سنگ بنێن به‌گوله‌وه‌، كه‌چی‌ گه‌نجه‌كانی‌ ئێوه‌ ئه‌وه‌نه‌ دڵخۆش و شادومانن به‌م پارت و سه‌رۆكه‌، ئاخر پێمان بڵێن چۆن؟ با باوه‌ڕتان پێبكه‌ین.

 سلێمانی‌ دڵنیا له‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌ دوا قسه‌ی‌ ئێوه‌ نیه‌، دڵنیایه‌ له‌وه‌ی‌ گه‌نجه‌ ئازاده‌كانی‌ ئێوه‌ زو یا دره‌نگ قسه‌ی‌ خۆیان ده‌كه‌ن.

ئێمه‌ پێتان ناڵێین بۆ تائێستا بێده‌نگن، ئێوه‌ ئازادن كه‌ی‌ كات و شوێن دیاری‌ ده‌كه‌ن، به‌لاَم ئه‌وه‌ی‌ هه‌مومان ده‌یزانین ئه‌وه‌یه‌، ترس لای‌ ئێوه‌ هه‌رگیز له‌و ترسه‌ گه‌وره‌تر نیه‌ كه‌ له‌ به‌نغازی‌ و سه‌رت و درنه‌ و ته‌رابلوس هه‌یه‌، ئالیاته‌كانی‌ كوشتنیش لای‌ ئێوه‌، هه‌رگیز ناگه‌نه‌ ئاستی‌ ئه‌و تۆقاندن و وێرانكارییه‌كانه‌ی‌ لای‌ ئه‌وان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش ره‌نگبێ‌ یه‌كێك بێت له‌و خۆشبه‌ختیانه‌ی‌ كه‌ له‌م نائومێدییه‌دا دڵخۆشی‌ كردوین.

له‌ شرۆڤه‌یه‌كی‌ كورتی‌ ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌دا ده‌ڵێم، گرنگ نیه‌ پارتی‌ له‌م قۆناغه‌دا چی‌ ده‌كات و چی‌ ده‌ڵێت، چونكه‌ له‌دوای‌ 17ی‌ مانگه‌وه‌ واقیعێكی‌ نوێ‌ دروستبوه‌ ئه‌بێ‌ هه‌موان ملی‌ بۆ بده‌ن، ئه‌ویش واقعی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ میلله‌ت و ملدانه‌ بۆ خواسته‌كانی‌، جگه‌ له‌وه‌ش هه‌مو پێشهاته‌كان ئاماژه‌ به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ هاوسه‌نگی‌ هێز ده‌كه‌ن بۆ ئه‌م هه‌رێمه‌، كه‌ ئه‌مه‌ ره‌نگبێ‌ روناكترین خاڵی‌ ده‌ركه‌وتوی‌ گۆڕانكارییه‌ نوێكان بێت، به‌تایبه‌ت دوای‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ گۆڕان و یه‌كێتی‌ كه‌ بێگومان ئه‌و هه‌نگاوه‌ واقیعێكی‌ نوێ‌ دێنێته‌ ئاراوه‌، پارتی‌ له‌حیزبی‌ قائد و "پارتی‌ زۆرینه‌ی‌ ره‌هاوه‌" ده‌خاته‌وه‌ چوارچێوه‌ ئاساییه‌كه‌ی‌ رابردوی‌.

Sbeiy.com © 2007