Print
 بۆ مامۆستایانی‌ زانكۆی‌ سه‌ڵاحه‌ددین... ئێوه‌ شكۆی‌ زانكۆتان شكاند
Monday, February 28, 2011

به‌رهه‌م خالید

سڵاو مامۆستایانی‌ زانكۆی‌ سه‌لاحه‌ددین... ئه‌م كاته‌تان باش... ده‌مه‌وێ‌ لێتان بپرسم... ئێوه‌ی‌ به‌ڕێز تائێستا له‌ خۆتان پرسیوه‌ ئێوه‌ چین و كێن؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ی‌ به‌ڵێ‌ یه‌ كه‌واته‌ پێمان بڵێن: ئێمه‌ مامۆستای‌ زانكۆین، ئێمه‌ چینه‌ هه‌ره‌ هۆشیار و هه‌ره‌ ئه‌كادیمی‌ و رۆشنبیره‌كه‌ی‌ كۆمه‌ڵگاین. ئێمه‌ له‌وه‌ گه‌وره‌ترین فه‌رمانبه‌ری‌ حیزب بین، له‌وه‌ هۆشیارترین ئیراده‌مان سه‌ركوت بكرێ‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ئێمه‌ین كۆمه‌ڵگا هۆشیار ده‌كه‌ینه‌وه‌؟! ئێمه‌ین كار ده‌كه‌ین بۆ ئازادكردنی‌ ئیراده‌ی‌ ئینسانه‌كان له‌ژێر ده‌ستی‌ حیزب و ده‌یگه‌ڕێنینه‌وه‌ ژێر ركێفی‌ خۆی‌؟! ئێمه‌ین له‌ناو ئه‌م تاریكستانه‌دا مه‌شخه‌ڵی‌ روناكیمان به‌ ده‌سته‌وه‌ گرتوه‌؟. به‌ڵام به‌ڕێزان خۆ ئه‌مانه‌ هه‌ر به‌ قسه‌ نابن، كه‌واته‌ با ئێمه‌ش بپرسین كوا ئه‌و هۆشیارییه‌؟ كوا ئه‌و مه‌شخه‌ڵه‌؟ كوا ئه‌و رۆشنبیری‌ و كوا ئه‌و ده‌نگه‌ دلێره‌؟ كوا ئه‌و ئیراده‌ ئازاده‌؟ مامۆستایان... ئه‌گه‌ر مرۆڤێك هۆشیاربێ‌، نابێ‌ قبوڵی‌ بكات ئیراده‌ی‌ سه‌ركوت بكرێ‌، ئه‌ی‌ نازانن هێگڵ پێی‌ وایه‌ ئازادی‌ له‌ هۆشیارییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ‌؟ چونكه‌ مرۆڤی‌ هۆشیار باش ده‌زانێ‌ ئه‌و شته‌ی‌ پێی‌ ده‌وترێ‌ ئازادی‌ و ئیراده‌ی‌ ئازاد، له‌ هۆشیارییه‌وه‌ دروست ده‌بێ‌. مامۆستایان رۆژگارێ‌ كه‌ زۆر كه‌م به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕیوه‌ هه‌ندێكتان مامۆستام بون، دوای‌ چه‌ند ساڵ مامۆستایه‌تی‌ ئێوه‌ و قوتابیبونی‌ من، ئێستا له‌ خۆم ده‌پرسم: مامۆستاكانم كێ‌ بون؟! لێم ببورن... زۆر دڵگران بوم مامۆستایان... تائێستا وامزانیبو رۆژێ‌ له‌ رۆژان سه‌ردانی‌ باره‌گایه‌كی‌ حیزبیم نه‌كردوه‌، كه‌چی‌ تازه‌ هه‌سته‌كه‌م من چوار ساڵ بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌خۆم بزانم له‌ بینایه‌كی‌ حیزبی‌ خوێندومه‌ و چوارساڵ له‌و بینایه‌ی‌ حیزب ده‌وامم كرد كه‌ پێیان ده‌وت زانكۆ، ئه‌گه‌رچی‌ هه‌میشه‌ ئه‌و راستییه‌ تاڵه‌م زانیوه‌ كه‌ زانكۆكانمان سه‌ربه‌خۆ نین، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌مزانیبو كه‌ زانكۆكانمان كۆیله‌ن؟! ده‌رگاكانیان له‌ژێر ركێفی‌ حیزبدایه‌ و كردنه‌وه‌ و داخستنی‌ به‌ ده‌ستی‌ حیزب خۆیه‌تی‌... نه‌مزانیبو باره‌گایه‌كی‌ حیزبین و حیزب هه‌ر رۆژێ‌ پێی‌ خۆش بو وه‌كو باره‌گاكانی‌ خۆی‌ ده‌رگاكه‌ی‌ داده‌خاو به‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ ده‌ڵێ‌: بڕۆنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌.

مامۆستایان..... له‌به‌رده‌م ده‌رگای‌ ئه‌و زانكۆیه‌ی‌ من ده‌وامم لێ‌ كرد به‌رۆژی‌ روناك و له‌ قه‌ره‌باڵغترین كات و شوێندا سه‌رده‌شت عوسمان رفێنراو دواجاریش تیرۆر كرا... سه‌رده‌شت شه‌هید بو له‌ناو ئه‌و مردنه‌دا ژینێكی‌ ئه‌به‌دی‌ ده‌ژی‌، به‌ڵام نه‌مزانی‌ ئه‌مڕۆ هه‌مو مامۆستایان و هه‌مو زانكۆش تیرۆر ده‌كرێ‌! ئێمه‌ی‌ ته‌له‌به‌كانی‌ زانكۆ و هه‌ندێ‌ له‌ مامۆستایان ساڵی‌ پار خۆپیشاندانمان كرد دژی‌ تیرۆركردنی‌ سه‌رده‌شت. ئه‌ی‌ ئێستا كێ‌ خۆپیشاندان بكا دژی‌ تیرۆركردنی‌ زانكۆ و دژی‌ تیرۆركردنی‌ خوێندكار و دژی‌ تیرۆركردنی‌ ئێوه‌ی‌ (مامۆستای‌ زانكۆ)؟ ببورن... ئه‌ڵێن راستی‌ وه‌كو ژه‌هر تاڵه‌، من گومانم هه‌یه‌ ژه‌هر تاڵَ بێ‌، ئاخر ئه‌گه‌ر شیرین نه‌بوایه‌ حه‌كیمێكی‌ وه‌كو سۆكرات نه‌یده‌نۆشی‌! به‌ڵام راستی‌ بۆیه‌ تاڵه‌، چونكه‌ ته‌حه‌مولی‌ بیستنی‌ ناكه‌ین، به‌ڵام ژه‌هر تاڵ نییه‌... من پێتان ده‌ڵێم له‌و رۆژه‌وه‌ی‌ سۆكرات ژه‌هری‌ نۆشی‌ ئێجگار شیرینه‌ ئه‌م ژه‌هره‌... مامۆستایان زۆر هه‌ستم به‌ تێكشكان كرد دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ زانیم به‌ فه‌رمانی‌ حیزب ده‌رگای‌ زانكۆتان لێ‌ داخراو، به‌ ئێوه‌ش و ئه‌و ته‌له‌بانه‌ی‌ كه‌ چاوه‌ڕێی‌ ئێوه‌ن هۆشیاریان بكه‌نه‌وه‌ پێیان وتون برۆنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌... مامۆستایان له‌ ماڵه‌وه‌ دانیشن.. چه‌ند خۆشه‌ ماڵه‌وه‌، چه‌ند ئارامه‌ ماڵه‌وه‌، خه‌متان نه‌بێ‌... هه‌مو ئه‌و ته‌له‌بانه‌ی‌ كه‌ زانكۆ ته‌واو ده‌كه‌ن و شه‌هاده‌ لای‌ ئێوه‌ وه‌رده‌گرن ئه‌رۆنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌و لێی‌ دائه‌نیشن و چ ئومێدێكیان به‌ دامه‌زراندنیش نییه‌. زانكۆ له‌م هیچستانه‌ ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ دوای‌ چه‌ندین ساڵ له‌ كۆتایدا هه‌ر ئه‌مان نێرێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌؟! به‌ڵام پێش ناردنه‌وه‌ خاڵیمان ده‌كاته‌وه‌ له‌ مه‌عریفه‌ له‌ ئومێد له‌ ئینسانیه‌ت، چ یارییه‌كی‌ بێ‌ مانایه‌ خوێندن له‌ وڵاتی‌ ئێمه‌دا. له‌م سه‌رابستانه‌ له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ دوای‌ زانكۆ بمانخه‌نه‌ ناو كۆمه‌ڵگا، ده‌ماننێرنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌؟! ئێوه‌ش بڕۆنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، تا بزانن ئه‌م چونه‌وه‌یه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ چ تامێكی‌ هه‌یه‌؟ به‌ڵام خه‌متان نه‌بێ‌، ئێوه‌ وه‌كو ئێمه‌ نین، ئومێدی‌ گه‌ڕانه‌وه‌تان هه‌یه‌، ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانتان، موچه‌كانیشتان بۆ حسابه‌. كه‌ زانكۆ شوێنی‌ موچه‌ وه‌رگرتن بێ‌، كه‌ له‌ماڵیشه‌وه‌ موچه‌كانتان بۆ حساب بێ‌، ئیدی‌ ده‌رگای‌ زانكۆ كرابێته‌وه‌ یان به‌سه‌رابێ‌ مێشی‌ چ خه‌مێك ئه‌بێ‌ به‌ میوانی‌ ئێوه‌؟ لێم ببورن...

ئه‌وكاتیش كه‌ ته‌له‌به‌بوم هه‌ر خه‌ریكی‌ ره‌خنه‌گرتن و پرسیاركردن بوم، به‌ڵام پرسیار و ره‌خنه‌كانی‌ ئه‌م جاره‌ گه‌لێك جودایه‌... مامۆستایان ئه‌گه‌ر مێشی‌ هه‌ر خه‌مێك میوانتانه‌، ئه‌گه‌ر پڵنگی‌ هه‌ر ئیراده‌یه‌ك له‌ ناختانا سه‌روه‌ره‌ و به‌ئاگایه‌... قبوڵی‌ مه‌كه‌ن ئه‌م بڕیاره‌، ئه‌م مردنه‌، ئه‌م تیرۆره‌، وه‌رنه‌ سه‌ر جاده‌، بێده‌نگ مه‌بن، سه‌یری‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ بكه‌ن، زانكۆی‌ سلێمانی‌ شكۆمه‌ندی‌ بۆ زانكۆ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ و ئێوه‌ش ملی‌ زانكۆ و ئه‌كادیمیا ده‌شكێنن؟! ئه‌م سوكایه‌تییه‌ قبوڵ مه‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر قبوڵیشی‌ ده‌كه‌ن، توخوا ئیتر مه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ زانكۆ، توخوا هه‌ر له‌ماڵه‌وه‌ دانیشن. توخوا ئیتر ناسنامه‌ی‌ مامۆستای‌ زانكۆ له‌ خۆتان بكه‌نه‌وه‌ و خۆتان مه‌كه‌ن به‌ پاڵه‌وانی‌ فاشیلی‌ ئه‌كادیمیا، خۆتان مه‌كه‌ن به‌ سۆپه‌رمانی‌ مه‌عریفه‌ و سپێشل وه‌نی‌ رۆشنبیری‌ و بیریاری‌ گه‌وره‌ی‌ كۆمه‌ڵگا. توخوا ئیتر له‌و ده‌زگایه‌ی‌ حیزبه‌وه‌ شانازی‌ هه‌بونی‌ زانكۆمان پێ‌ مه‌فرۆشنه‌وه‌، هه‌ر له‌ماڵه‌وه‌ دانیشن... ئای‌ كه‌ خۆشه‌ ماڵه‌وه‌...ئا...

هه‌ر له‌ماڵه‌وه‌ دانیشن، ئه‌گه‌ر ئه‌م دانیشتنه‌ هیچ سودێكی‌ نه‌بێ‌، سودی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ كه‌ چیتر حیزب ناتوانێ‌ خۆی‌ بكا به‌ كوێخاتان و چۆنی‌ پێ‌ خۆشبێ‌ ئاوا قورمیشتان بكا. ئه‌گه‌ر له‌ماڵه‌وه‌ بن ئازادی‌ به‌ده‌ست دێنن، ئه‌گه‌ر له‌ماڵه‌وه‌ بن چیتر كه‌س ناتوانێ‌ بتان نێرێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌. توخوا هه‌ر له‌ماڵه‌وه‌ دانیشن، مه‌یه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌. ده‌زانن له‌م دۆخه‌دا هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ یه‌عنی‌ چی‌؟ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ یه‌عنی‌: ئازادبون له‌ كۆیله‌یی‌، هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ واته‌ هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تی‌، هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ واته‌ قبوڵنه‌كردنی‌ سوكایه‌تی‌... كه‌چی‌ نه‌ك نه‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵكو هه‌موشتانیان نارده‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌؟! به‌راست یارۆكان كه‌ی‌ بریاری‌ هاتنه‌وه‌تان بۆ ده‌رئه‌كه‌ن؟ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ مرۆڤی‌ گه‌وره‌ی‌ ده‌وێ‌.. ئیراده‌ی‌ پۆڵاینی‌ ده‌وێ‌.. رۆحی‌ ئازادی‌ ده‌وێ‌.. ئێوه‌ كه‌ به‌ بڕیاری‌ حیزب بڕۆنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌.. چۆن ده‌توانن به‌ بریاری‌ خۆتان و به‌ ویستی‌ خۆتان له‌ ماڵ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ و بێنه‌ سه‌ر شه‌قام... مامۆستایان بۆمان بسه‌لمێَنن مامۆستا و چینه‌ هۆشیاره‌كه‌ی‌ كۆمه‌ڵگان، نیشانمان بده‌ن كادری‌ حیزب و فه‌رمانبه‌ری‌ حیزب نین. كێ‌ فه‌رمانی‌ داخستنی‌ زانكۆی‌ ده‌ركرد؟ بۆ قبوڵتان كرد؟ بۆ بێده‌نگن؟ چۆن مه‌عریفه‌ و چۆن هۆشیاری‌ له‌به‌رده‌م جه‌هلدا ملی‌ ده‌شكێ‌؟ چۆن ده‌نگی‌ دلێرو نوكی‌ قه‌ڵه‌م كڕنۆش بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌بات؟ ئه‌گه‌ر نه‌توانن ده‌وامی‌ زانكۆ ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌، هه‌رگیز ناتوانن ملی‌ شكاوی‌ مه‌عریفه‌ و ئه‌ستۆی‌ وردی‌ رۆشنبیری‌ و ئابڕوی‌ تكاوی‌ زانكۆ بگه‌ڕێننه‌وه‌، ئه‌گه‌ر وا نه‌كه‌ن توخوا ئیتر هه‌ر له‌ماڵه‌وه‌ دانیشن... هه‌رگیز نه‌یه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌.

Sbeiy.com © 2007