Print
  نوێنه‌ری گه‌ل كێیه‌...
Monday, February 28, 2011


عه‌دنان داودی‌

خۆبه‌زلزانی‌ و گوێ‌ نه‌گرتن له‌ ده‌نگی‌ جه‌ماوه‌ر خراپترین نم،نه‌ی‌ دیكتاتۆره‌كانه‌، ئه‌و دیكتاتۆره‌ی‌ خوێنی‌ كه‌سی‌ به‌لاوه‌ هه‌ند نه‌بێ‌ و به‌ ته‌نها و ته‌نها بیری‌ لای‌ كۆمه‌ڵ كردنی‌ دۆلار بێ‌، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ وڵات به‌ تاپۆی‌ شه‌رعی‌ خۆی‌ بزانێ‌ و دان نه‌نێ‌ به‌ ده‌ستور و مافی‌ گه‌ل لای‌ ئه‌و به‌ ته‌نها ژیانێكی‌ ساده‌ی‌ رۆژانه‌ی‌ هاوڵاتیان بێ‌، دكتاتۆریه‌تی‌ حیزبایه‌تی‌ له‌ هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دا بێ‌ كه‌ هه‌مو گه‌ل بكات به‌ حیزبی‌ و نه‌ته‌وه‌ بكات به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی‌ حیزبی‌ و نه‌ته‌وه‌ په‌ره‌ستی‌ له‌ناو كۆمه‌ڵدا بسڕێته‌وه‌. ئه‌و دكتاتۆره‌ی‌ ده‌یه‌وێ‌ هه‌تا هه‌تایه‌ حاكم بێ‌ و مه‌له‌كی‌ بێ‌ و خۆی‌ شه‌رع و خۆی‌ یاسا بێ‌ با هه‌ر نه‌بێ‌.

 له‌ هه‌مو وڵاتانی‌ سه‌ر گۆی‌ زه‌وی‌، له‌و وڵاتانه‌ی‌ به‌ خۆیان ده‌ڵێن گه‌ل خاوه‌نی‌ ده‌سه‌ڵاته‌، هه‌میشه‌ حكومه‌ت گوێی‌ گرتوه‌ له‌ ده‌نگی‌ گه‌ل، ئه‌مه‌ له‌و وڵاتانه‌ی‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پاك و دور له‌ كڕینی‌ ده‌نگی‌ خه‌ڵكانی‌ حیزبی‌ و مه‌حسوب له‌سه‌ر حیزبیه‌ت بێ‌، به‌ڵام ئه‌م رۆژهه‌ڵاته‌ی‌ ئێمه‌ هه‌میشه‌ حیزب له‌ هه‌وڵی‌ كڕینی‌ ده‌نگه‌ و هه‌مو رێگایه‌ك وه‌به‌رئه‌گرێ‌ بۆ ده‌رچون له‌ هه‌ڵبژاردن، هه‌مو كۆنتراكتێك ئه‌كات با له‌گه‌ڵ شه‌یتانیش بێ‌، گرنگ نیه‌ ئه‌گه‌ر ده‌یان ساڵ پێش ئه‌وه‌یش شه‌ڕی‌ براكوژی‌ له‌گه‌ڵدا كردبێ‌.

 له‌ كوردستانی‌ ئێمه‌ نه‌خوێندنه‌وه‌ی‌ به‌رامبه‌ر، دان پێنه‌نانی‌ مافی به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌ر گه‌لیش بێ‌، پرۆسه‌ و به‌رنامه‌ی‌ به‌ به‌رنامه‌ی‌ حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان بوه‌ له‌وه‌تی‌ هه‌ن، شه‌ڕی‌ ناوخۆ و شه‌ڕی‌ براكوژی‌ شه‌سته‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ پێشو هه‌روه‌ها شه‌ڕه‌ ناوخۆكانی‌ كۆتایی‌ هه‌فتاكان و هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابورد هه‌مو نمونه‌ی‌ ره‌های‌ بێوێنه‌ی‌ دكتاتۆریه‌تی‌ حیزبی‌ و نه‌خوێندنه‌وه‌ی‌ به‌رامبه‌ر له‌ كلتوری‌ حیزبایه‌تی‌ كوردستاندا به‌ زه‌قی‌ دیاره‌، ئه‌وه‌نده‌یش خنكاون له‌و پرۆسه‌یه‌دا ده‌بینین له‌یه‌كه‌م كرانه‌وه‌ی‌ حیزبایه‌تی‌ و بڵندبونه‌وه‌ی‌ ده‌نگی‌ گه‌ل، نامێنن و به‌ ته‌نها كاولكاری‌ و خوێنی‌ پڕ حه‌سره‌تی‌ داچۆڕاوی‌ گه‌ل جێده‌هێڵن، وا دیاره‌ وه‌كو نه‌عامه‌ له‌و راستیه‌ ملی‌ خۆیان له‌ چاڵ ده‌نێن و نایانه‌وێ‌ راستیه‌كان ببینن.

له‌ رۆژی‌ 24\2ی‌ ئه‌مساڵه‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ گۆڕان كردیان له‌ناو هۆڵی‌ په‌رله‌مان، له‌ راستیدا سه‌ركه‌وتنی‌ شۆڕشێكی‌ ده‌گمه‌ن بو، به‌راستی‌ وته‌كانیان ده‌نگی‌ گه‌ل بو، ئه‌و ده‌نگانه‌ ده‌نگی‌ نوێنه‌ری‌ گه‌ل بون، ده‌نگی‌ پارله‌مانتاری‌ راسته‌قینه‌ و نوێنه‌ری‌ راسته‌قینه‌ی‌ گه‌ل ئه‌وانه‌ بون، ئه‌وانه‌یش كه‌ دانیشتبون و بێده‌نگ بون هه‌روه‌كو له‌ پرسه‌دا بن، ئه‌وانه‌ نوێنه‌ری‌ حیزب بون و حیزب چۆكی‌ دا بو، حیزب له‌به‌رده‌م ده‌نگی‌ نوێنه‌ری‌ گه‌ل ده‌می‌ داخرا بو، قسه‌ی‌ بۆ نائه‌هات.

 حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار ناچار ده‌كرێ‌ گوێ‌ بگرێ‌ له‌ ده‌نگی‌ گه‌ل، چی‌ دی‌ لوتبه‌رزی‌ حیزبی‌ نامێنێ‌، ئه‌و لوت به‌رزی و بێ‌ موبالاتی‌ و سه‌ره‌ڕۆییه‌ی‌ كه‌ بوه‌ هۆی‌ به‌ فیڕۆدانی‌ زه‌مه‌ن و ته‌مه‌ن و موڵك و ماڵی‌ ئه‌م گه‌له‌.

 راسته‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ به‌ هه‌ڵبژاردن هاتوه‌ته‌ سه‌ر حوكم، به‌ڵام خۆ هه‌مو ده‌زانین هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ چۆن بو، چی‌ سیاسه‌تێكی‌ خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی‌ ماددی‌ و ته‌نده‌رات و بیره‌ نه‌وتیه‌كان له‌ نێوان دو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار هه‌بو، ئه‌وسا ئه‌و شتانه‌ له‌ هه‌مو كه‌سێكه‌وه‌ دیار نه‌بو، به‌ڵام وا شه‌ماڵی‌ گۆڕانكاری‌ كه‌ هه‌مو رۆژهه‌ڵاتی‌ گرتۆته‌وه‌ نه‌ك به‌ ته‌نها كوردستان، به‌ڵكو له‌ تێكڕای‌ وڵاتان تارای‌ له‌ڕوی‌ ناشیرینی‌ ده‌سه‌ڵات و هه‌مو كۆنتراته‌ نهێنیه‌كان لابردو هه‌مو شتێ‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ركه‌وت.

وا دیاره‌ حكومه‌ته‌كان هه‌تا دوا هه‌ناسه‌یان به‌رگری‌ له‌ بونی‌ خۆیان ئه‌كه‌ن، هه‌یانه‌ به‌بێ‌ ئه‌قڵی‌ ره‌فتار ئه‌كات، هه‌روه‌كو قه‌زافی‌ ده‌یكات و هه‌شیانه‌ به‌بێ‌ خوێنڕشتنێكی‌ ئه‌وتۆ، بڕیاری‌ جێهێشتنی‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌دات بۆ گه‌ل، بریا له‌ كوردستانیش به‌بێ‌ خوێن رشتنێكی‌ تری‌ گوێ‌ بگیرێ‌ له‌ ده‌نگی‌ گه‌ل و به‌ڕوی‌ داواكاریه‌كانه‌وه‌ بڕۆن.

Sbeiy.com © 2007