Print
 قه‌زافیش چاوه‌ڕێی ته‌له‌فۆنه‌!
Monday, February 28, 2011
یوسف ره‌سوڵ شه‌ریف


له‌سه‌ره ‌مه‌رگی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی حوسنی موباره‌کدا بو، کاتێک تاڵه‌بانی له‌ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ پشتیوانی خۆی بۆ ئه‌و دیکتاتۆره‌ نیشاندا و چه‌ند رۆژێک دوای ئه‌مه‌ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی کۆتایی هات و به‌رگه‌ی ناڕه‌زایی هاوڵاتیانی وڵاته‌که‌ی نه‌گرت! که‌چی له‌و رۆژه‌وه‌ که‌ هاوڵاتیانی شاری سلێمانی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌بون به‌‌ ئامانجی فیشه‌ک و گوله‌کانی پارتی و ناڕه‌زاییه‌کان تاوه‌کو ئێستا زیاتر بون و شاره‌کانی تریشی گرتۆته‌وه‌، بۆته‌نها جارێک خۆی نه‌کرد به‌خاوه‌نی هاوڵاتیانی کوردستان و بێهه‌ڵوێست، وشه‌یه‌کی نه‌درکاند، پرسه‌یه‌کی ماته‌مینی بۆکه‌س وکاری شه‌هیدان نه نارد، هیوایه‌کی چاک بونه‌وه‌ی بۆ برینداره‌کان نه خواست و ‌به‌یانێکی ئومێدبه‌خشی به‌ خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵکی کوردستان نه‌دا!
 
خه‌ڵکی پارێزگای سلێمانی حه‌قه‌ باشتر بیربکه‌نه‌وه‌ و رێگه‌نه‌ده‌ن که‌ که‌سانێک ته‌نها له‌کاتی ته‌نگانه‌ی خۆیاندا په‌نایان بۆبه‌رن و بێنه‌به‌رده‌رگایان و ماستاویان بۆ بکات! زۆرینه‌ی ده‌نگه‌کانی یه‌کێتی له‌ پارێزگای سلێمانیه‌ ئه‌ی که‌واته‌ بۆچی سه‌رۆک کۆماری عێراقی فیدراڵ له‌به‌غدای پایته‌خت وا چه‌قی گرتوه‌ و بێهه‌ڵوێسته‌ یان ئه‌وه‌تا ده‌ستی له‌وێش شۆر دوه‌و‌ ده‌ماری حیزبایه‌تی و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ هێشتا له‌ده‌ماغ دا له‌چه‌که‌ره‌کردندایه‌ ‌و به‌هه‌مان شێوه‌ی پارتی هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی به‌هی خۆی نازانێت! ؟

تۆبڵێی سه‌رۆک ترسی کوده‌تای له‌ و سێ جێگره‌ی نه‌بێ، هه‌ربۆیه‌ پایته‌خت جێناهێڵێ و ناگه‌ڕێته‌وه؟‌ یان ئه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن نیه‌ تاوه‌کو بگه‌ڕێته‌وه‌! یان ئه‌وه‌تا ئه‌وا‌نه‌ی که‌بونه‌ته‌ قوربانی یان له‌خۆپیشاندانه‌کاندا به‌شدارن به‌جه‌ماوه‌ری گۆڕانیان ده‌زانێت و خۆی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌واندا به‌ به‌رپرسیار نازانێت؟ خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ نه‌بن، ئه‌وا گومانه‌که‌م خراپتر ده‌بێت و ده‌ڵێم: له‌وانه‌یه‌ سه‌رگه‌رمی وه‌رگرتنی ته‌له‌فۆنێک بێت له‌گه‌ڵ معه‌مه‌ر قه‌زافی به‌ر له‌کۆتایی هاتنی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی تاوه‌کو پشتیوانی خۆی بۆ ئه‌و و کۆمه‌ڵکوژیه‌که‌ی ئه‌ویش ده‌رببڕێت!

ئایا یه‌کێتی له‌سایه‌ی رێککه‌وتنی ستراتیژی نێوان خۆی و پارتی دا جگه‌له‌وه‌ی که‌چاوپۆشی له‌گه‌نده‌ڵی 50 به‌ 50ی نێوان هه‌ردولادا ده‌کات و پێکهاته‌یه‌کی سه‌ره‌کیه‌ له‌ناو گه‌نده‌ڵیه‌که‌دا، چاوپۆشی له‌به‌ناحه‌ق رشتنی خوێنی هاوڵاتیانیش ناکات؟ ئایا کاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتوه‌ بڵێین مارکه‌ی یه‌کێتی و پارتی له‌ناو گێژاوی خۆیاندا خه‌ریکی له‌ناوچونن؟ ئه‌وه‌تا له‌ ساڵی 2005وه‌ یه‌کێتی و پارتی به‌یه‌ک لیست له‌په‌رله‌مانی عێراق و هه‌رێمی کوردستاندا دابه‌زیون، ئه‌وه‌ش نه‌ک نه‌یتوانیوه‌ ئارامیه‌ک به‌هاوڵاتیان له‌به‌ر دوباره‌ نه‌بونه‌وه‌ی شه‌ڕی براکوژی ببه‌خشێت، به‌ڵکو ئه‌و دو هێزه‌ و کوردستان زیاتر که‌وتونه‌ته‌ ناو زه‌لکاوی گه‌نده‌ڵیه‌وه و ئه‌وه‌نده‌ی به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتداران مه‌ترسیان له‌سه‌ر نیشتوه‌، خه‌ڵکه‌ بێ داهاتوه‌که‌ ئه‌و ترسه‌ی له‌سه‌ر نیه و‌ ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌نا که‌ ده‌سه‌ڵاتداران زیاتر خه‌می ئه‌و هه‌رێمه‌و کوردستانیان بێت، به‌ڵکو ئه‌و داهات و ده‌ستکه‌وتانه‌یان له‌ده‌ست ده‌چێت که ‌خه‌ڵکی لێی بێبه‌شه و ‌له‌ژێر ره‌حمه‌تی ئه‌واندایه، هه‌ر ئه‌و هۆکاره‌ش پاڵ به هاوڵتیانه‌وه‌ ‌ده‌نێت بچنه‌ سه‌رشه‌قامه‌کان و هه‌وڵ بۆداهاتویه‌کی رۆشنتر بده‌ن.
 
 به‌خۆدزینه‌وه‌ له‌ راستیه‌کان که‌ هیچ به‌رنامه‌یه‌کی چاکسازی و ئامانجێکیان نیه‌، ده‌ستخه‌ڕۆی خه‌ڵکی کوردستان ده‌که‌ن! ئه‌براهام لینکۆلنی کۆنه ‌سه‌رۆکی پێشوی ئه‌مریکاش ده‌ڵێت: هه‌رکه‌سێک ئامانجی نه‌بێت، ناگاته‌ هیچ شوێنێک (به‌هیچ شتێک ناگات)! ده‌شێت‌ سه‌رۆک و به‌رپرسه‌کانی ئێمه‌ ئه‌و کورسیه‌یان به‌ ئامانج زانیبێت که‌ ئێستا له‌سه‌ری داده‌نیشن هه‌ربۆیه‌ش زۆر خۆیان ماندو ناکه‌ن و ناچن به‌ده‌م داواکاری‌ هاوڵاتیانه‌وه‌ و مێژو له‌بیرده‌که‌ن، که‌ کرده‌وه‌ چاک و خراپه‌کان هه‌مو له‌خۆده‌گرێت! ئه‌وه‌شیان له‌بیرچۆته‌وه‌ که‌ هه‌مو دکتاتۆره‌ له‌ناوچوه‌کان له‌به‌رگه‌نده‌ڵی و پاوانکاری ده‌سه‌ڵات بونه‌ته‌ دیکتاتۆر و هه‌مو دکتاتۆرێکیش بۆگه‌ن ده‌کات ده‌نا هه‌ر سه‌رۆکێک خزمه‌تی هاوڵاتیانی خۆی بکات و مافیان لێ زه‌وت نه‌کات، که‌س به‌رده‌رگی پێنه‌گرتون!

کرداره‌کانی رابردو ئه‌وه‌ی سه‌لماندوه‌، که‌ هه‌ردو هێزی یه‌کێتی و پارتی تاچه‌ند په‌رۆشی‌ کوردایه‌تی و حیزبایه‌تین و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌کانیان چۆنه‌ به‌تایبه‌ت پارتی. ئه‌وه‌ش له‌کوشتنی ئه‌ندامانی یه‌کگرتوی ئیسلامی و سوتانی باره‌گاکانی گۆڕاندا زۆر رونه‌. پارتی و یه‌کێتی مانه‌وه‌ی خۆیان به‌لوله‌ی تفه‌نگه‌کانه‌وه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌ و واده‌زانن ئه‌وان ده‌بێت تا دونیا به‌دونیایه‌ کورسی حوکمیان له‌ژێر بێت و هه‌ردولایا‌ن به‌ حیزبیانه‌ و نا کوردانه‌ بیرده‌که‌نه‌وه ‌و چاویان ده‌چێته‌ پشتی سه‌ریان کاتێک گۆڕان داوای سه‌ربه‌خۆیی هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌کات . له‌به‌رئه‌وه‌ش له‌مانای دیموکراتی نه‌گه‌یشتون، هه‌روا ده‌زانن هه‌ڵبژاردن بابکرێت، به‌ڵام هه‌رده‌بێ ئێمه‌ ده‌رچین که‌واته‌ کوردستان یه‌کسانه‌ به‌ میسری سه‌رده‌می حوسنی موباره‌ک و حوسنی موباره‌کیش یه‌کسانه‌ به‌ بارزانی و تاڵه‌بانی!

‌له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ کوردێک ببینم له‌ده‌روه‌ی‌ وڵات خه‌ڵاتێک وه‌رگرێت به‌تایبه‌تیش بۆ ئاشتی بێت، به‌ڵام قه‌ت به‌و دعایه‌ ناڵێم ئامین که ‌سه‌رۆکێک له‌هه‌رێمه‌که‌یدا خوێن به‌ناحه‌ق بڕێژرێت نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ ناو هاوڵاتیه‌کانیه‌وه‌ و نزیکه‌ی یه‌ک له‌سه‌ر سێی هاوڵاتیانی وڵاته‌که‌ی له‌خۆپیشانداندان! دوای ئه‌وه‌ کام ئاشتی؟ له‌کام حه‌قی خۆی له‌پێناو ئاشتیدا خۆشبوه‌؟ کام ئاشتی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ و کام دو هێزی دژبه‌یه‌کی ئاشتکردۆته‌وه‌؟ یان ئه‌وه‌تا خه‌ڵاته‌که‌ زیاتر په‌یوه‌ندی به‌ دڵنیایی مه‌سیحیه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌بێت، ئه‌وا هاوڵاتییانی هه‌رێم خۆیان خۆڕسکانه‌ دژبه‌ ئاینی جیاوازنین و کێشه‌ی ئاینیان له‌گه‌ڵ هیچ که‌س نیه‌ و هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به‌که‌سه‌وه ‌نیه‌!
 

Sbeiy.com © 2007