Print
 سەرەتای کۆتایی، با شۆڕشی سپی بە گورگان خواردو نەدرێت
Monday, February 28, 2011
كرمانج محەمەد ئەحمەد

ساڵی 2011 لە خۆڕهەڵاتی ناوەڕاستدا بە شۆڕشی گەنجانی ناوچەکە پیرۆز بو، گەردەلولی بێزاری و داوای گۆڕینی سیستەمی چەقبەستوی سەرکردە ئەزەلیەکان هەمو ناوچەکەی هەژاند. تائێستا لە میسر و تونس سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە چەند وڵاتێکی تریش گۆڕان بەڕێوەیە. ئەم شەپۆلی گۆڕانە کاتی نییە و لە ماوەی چەند ساڵی داهاتودا سیستەمێکی نوێێ سیاسی لە ناوچەکەدا دێنێتە ئاراوە. بەڕای من لە چەند ساڵی داهاتودا خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا مێردەزمەی حوکمی بنەماڵەکان لەسەر شانی خۆی لادەدات و زۆربەی شانشینەکانیش بەرەو شانشینی دەستوری دەڕۆن.

بێگومان ئەم گۆڕانکارییانە کوردستانیش دەگرێتەوە. جەماوەر رژاونەتە سەرشەقام و داوای گۆڕانکاری دەکەن لە حوکمدا. داوای نەمانی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامان و داهاتەکان دەکەن. با لێرەدا کارو کاردانەوەکان و ئاڕاستەی روداوەکان بخەینە بەر تیشکی بەراودکاری لەگەڵ شۆڕشە سەرکەوتوەکان و بەردەوامەکانی ناوچەکە.

 هەر بەماوەیەکی کەم لەسەرەتای شۆڕشی میسر، تونس و یەمەندا گەنجان دروشمی گۆڕانی رژێمیان هەڵگرتو (بڕۆ) لەسەر زاری هەمو خۆپیشاندەران بو. نەمانی حوکمی بنەماڵەی فەرمانڕەوا و گۆڕانی سیستەمی حوکم لە هەریەک لەو وڵاتانەدا بەتاکە رێگەی چاک کردنی و چاکسازی ناسێنرا. پاش ئەوەی بۆ دەیان ساڵ فەرمان رەواکانیان مژدەی چاکسازییان دەدا بە گوێی خەڵکدا بێئەوەی هیچ بگۆڕن. ئایا سەرانی دەسەڵات و بنەماڵەکان لە کوردستان چەند ئامادەن دەست لە دەسەڵات هەڵبگرن کە تاکە رێگەی چاکسازیە لە سیستەمی دەسەڵاتدا؟ ئێستا هەوڵێکی گەورەی دەسەڵات هەیە هەتا ناڕەزاییەکان بچوک بکەنەوە بۆ ناڕەزایی بەرامبەر بە لقی چوار و خاویی لە پرۆسەی بەناو چاکسازیدا. هەتا سزای بەئەنقەست کوشتن و بریندارکردنی دەیان هاوڵاتی ببێتە لێبورنێکی خێڵەکیانە و دوای ئەوە هەر لایە و بەلای کاری خۆیدا بڕوات و بنەماڵەکان هەربەفەرمانڕەوا بمێننەوە. رژێمی موبارەک و بن عەلی ئەم تەکتیکانەیان هەمو بەکار هێنا بەڵام وریایی خۆپیشاندەران ئەم دەرفەتەی لێستاندنەوە.

فەرمانڕەوایانی میسر دەیان وت: میسر تونس نییە، لیبیا دەڵێت: لیبیا تونس و میسر نیە و لە بەحرینیش دەڵێن بارودۆخمان لەوانی تر جیایە. بەڵام خۆپیشاندەران پێیان دەگوتن و دەڵێن چارەسەری ئەو قەیرانەی دروستتان کردوە هەریەک چارەسەرەو ئەویش رۆیشتنتانە. لە کوردستانیش دەڵێن بارودۆخمان جیایە و دوژمنمان زۆرە و ناوچە دابڕاوەکان هێشتا نەگەڕاونەتەوە، بۆیە دەبێت خەڵک بێدەنگ بێت گوێمان لە ناڕەزایی نەبێت. نازانم بۆ تاکە رێگەی گەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان و سەرکەوتن بەسەر دوژمنەکاندا تەنها و تەنها درێژ کردنەوەی حوکمی بنەماڵەکان و درێژکردنەوەی فەرمانڕاوایی گەندەڵستانە. قەزافی بە خۆپیشاندەران دەڵێت جرج و موبارەک پێیدەگوتن دەستی دەرەکی و خائین و فەرمانڕەوایان لە کوردستان پێان دەڵێن: ئاژاوەچی و فیتنەگێڕ. هەر هەموشیان کە دەگاتە تینیان بادەدەنەوەو دەڵێن ئێمەش لەگەڵ داواکانی خۆپیشاندەرانین. بن عەلی و موبارەک هەریەکەو لەدوا وتاریاندا ئەمەیان دوبارەکردەوە. لە کوردستانیش دەسەڵات واخەریکە هەروەک ئەوانی تر زمانی دەگۆڕێت و دەڵێت دەبێت گوێ لە خۆپیشاندەران بگرین.

رۆڵی ئۆپۆزسیۆنە کلاسیکیەکان لە هەریەکەی لەو وڵاتانەی سەرەوە دیار، بەڵام جیا بو. لە میسر ئیخوانەکان و وەفد و ئەوانی تر بەشداری راستەوخۆی شۆڕشەکە بون. کاتێک هەندێک لەو حیزبانە لەگەڵ دەسەڵاتدا دانیشتن لە مەیدانی ئازادیەوە گوتیان ئەمانە نوێنەرمان نین و ئەوانیش هەرزو گەڕانەوە ناو خەڵک. لە بەحرەین هەر لەدوای کوشتارەکەی مەیدانی لوئلوئەوە، کە لەوەی سلێمانی گەورەتر نەبو، ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان هاتە دەرەوە و دەسەڵات بەدوایدا رادەکات تا رازیبکات بۆ دانیشتن و بگەڕێتەوە پەرلەمان، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی لای خۆمان هەر زو ئامادەیی دەربڕی، بەبێ هیچ مەرجێک، لەگەڵ دەسەڵاتدا دانیشێت. ئۆپۆزسیۆنی لای خۆمان زیاتر لە ئۆپۆزسیۆنی یەمەنی نزیکە، کە پاش چەند رۆژ راپەڕین خەریکن تازە یەک یەک پشتگیری لە خۆپیشاندەران دەردەبڕن. هەر رۆژەی دەسەڵات فێڵێکی تازەیان لێدەکات و لە جەماوەریان دوردەخاتەوە.

لە یەمەن و میسر و تونس داواکاریەکان دیار و وزە بەخش بون بۆ جەماوەر: دەبێت دەسەڵات بڕوات و حکومەتێکی تر دابمەزرێنرێت. لە بەحرەین دەڵێن دەبێت فەرمانڕەوایی بگۆررێت بە مەلەکی دەستوری. لە کوردستان هەندێک دەیانەوێت ئەم راپەڕینە بە چەند وەهم و دەسکەوتێکی کەم بکوژێننەوە. دەستکەوتی وەک مەحکوم کردنی ئەو تاوان بارانەی خەڵکیان گولەباران کرد و پێشکەشکردن و دەستپێکردنی پلانی چاکسازی، هەتا بەم فێڵە دەسەڵات و فەرمانڕەواکان هەر لەجێی خۆیان بمێننەوەو لەم تەوژمی گۆڕانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خۆیان قوتارکەن. خوێنەرانی بەڕێز، ئەم کەسانەی لە دەسەڵاتدان لە کوردستاندا، پێش قەزافی و پێش ئەوەی عەلی عەبدوڵا و موبارەک خەو بە دەسەڵاتەوە ببینن، ئەمان لە ترۆپکی دەسەڵاتدا بون بەسەر کوردەوە چ بەسەر گوندەکانەوە و دواتریش بەسەر شارەکانەوە. زیاد لە چل ساڵە فەرمانڕەوان هەندێک جار بەسەر پانتاییەکی جوگرافی پچوکەوە و ئێستاش بەسەر پانتاییەکی گەورەترەوە. خۆمان گوتەنی بیانکوژە، بیان بڕە، رێێکەوتننامەیان لەگەڵ ئیمزابکە، پەیمانیان لێوەربگرە و یان پاشتر پاشگەزببنەوە، پلانی چاکسازی دابنێن یان تێکیبدەنەوە، هەر ئەوەندەیان پێەو بەس.

ئەوە خەوە کە کۆلکە خوێندەوارێک بە ئیمزاکردنی رێککەوتنێک ببێت بە تەکنۆکراتێکی پسپۆڕ و وڵات ئاوەدانکاتەوە. ئەوە خەونە کەسێک لە هەمو ژیانیدا چوارمانگ لەسەرتەختەی خوێندنی کۆلێجێکی سەربازی دانەنیشتبێت بە پەیمانێکی سەرتەلەفزیۆن ببێت بەجەنەراڵێکی سەربازی و سوپای کوردی دامەزرێنێت. ئەوە خەونە گەر وابزانین ئەو لەشکری مەسئولە حیزبیانەی هەرچی سەرگرد و شاخ و هاوینەهەوارە لەخۆیان تاپۆ کردوە هەروا بە پەیمانێک بیدەنەوە بە خەڵک و بێن لە تەیراوای هەولێر و لە خەباتی سلێمانی خانو بکڕن یان بەکرێبگرن. ئەی چاکسازی چییە ئەگەر ئەمانە نەبێت؟. ئەوە خەونە گەر وابزانین ئەو تاکانەی پەنجا ساڵە پێشمەرگە و برای یەکتری دەکوژن، دیل دەکوژن، دۆست و دوژمن بێسەروشوێن دەکەن، تا بینە قاقایان خوێنە بە گفتێک ببن بە فریشتە و کە گەنجێک بەناهەق دەدرێتە بەر گوللـە، وەک هەزاران کەسی ئاسایی فرمێسکێک بەچاویاندا بێتەخوارەوە. ئەوە خۆهەڵهەڵەتاندنە، گەر وابزانین بەشەو و رۆژێک ئەم تاکانەی نزیکەی نیو سەدەیە، ئاخر نیو سەدە زۆر زۆرە، بەسەر ملی دەسەڵاتەوەن لەشار و لادێکاندا ببن بە فریادڕەس و پسپۆری چاکسازی. ئەگەر خۆیان یان هەندێک لە ناو ئۆپۆزیسیۆندا خۆڵی ئەو وەهمە بکەن بەدەموچاوماندا، دەبێت بە ئاشکرا پێان بڵێین ئەمە فێڵە و لە باشترین حاڵەتیشدا حاڵی نەبون یان خۆدزینەوەیە لە ئەرکەکان.

تاکە رێگەی چاکسازی گۆڕانی حوکمە. هەر پلانێکی چاکسازی لە لایەن دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆنەوە دەبێت نەخشەڕێگای ئەو گۆڕانەی بەڕونی تێدابێت، با نەهێڵین راپەڕنی گەنجان بەگورگان خواردو بدرێت. گەلی ئێمەش شایستەی ئەوەیە لە دیکتاتۆریەت و حوکمی بنەماڵەکان و گەندەڵی رزگاری بێت وەک گەلی میسر و تونس. ئەمەش تاکە رێگەی چارەسەری ناوچە دابڕاوەکان و کێشەکانە لەگەڵ ناوەندی عێراقدا. ئەو كێشانە بە گەندەڵ و خاوەن سەرمایەی نایاسایی و ئەوانەی قازانجی ماددی خۆیان هەیە لە مانەوەی کێشەکاندا، چارەسەر ناکرێت. با بە فەرمان رەوایان بڵێین: بۆ ئەوەی چاکسازی بکرێت دەبێت بڕۆن. بڕۆن با لە مێردەزمەی نیو سەدەی فەرمانڕەواییتان رزگارمان بێت.

Sbeiy.com © 2007