Print
 په‌یامی‌ ژماره‌یه‌ك له‌ رۆژنامه‌نوسان و چالاكوانانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌ گه‌رمیان بۆ جه‌ماوه‌ری‌ خۆپیشانده‌ری‌ سلێمانی‌
Monday, February 28, 2011

خۆپیشانده‌رانی ئازیزی شاری‌ سلێمانی...
خه‌ڵكانی ناڕازیی كوردستان ....
له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌م نامه‌یه‌ بۆ ئێوه‌ ده‌نوسین، ئه‌وه‌تان پێڕاده‌گه‌یه‌نین كه‌ ئێوه‌ ته‌نها ده‌نگی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ سلێمانیی نین، به‌ڵكو نوێنه‌رایه‌تی‌ خواست و داواكاریه‌كانی‌ هه‌مو خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌كه‌ن و گه‌روی‌ هه‌مو ئینیسانێكی‌ ئازادیخوازی‌ ئه‌م وڵاته‌ن. چیتر دیواری‌ ئه‌و سنوره‌ی‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات له‌ نێوان شاره‌كان و بۆ به‌هێزكردنی‌ عه‌رشه‌كه‌ی‌ خۆی دروستیده‌كرد بونی‌ نه‌ماوه‌و ئێستا كه‌س نییه‌ رێگه‌ له‌ هاوسۆزی و پشتیوانی‌ شار و ناوچه‌كانی‌ كوردستان له‌ یه‌كتری‌ بگرێت.
 هه‌ربۆیه‌ ئێمه‌ به‌ناوی‌ ژماره‌یه‌ك له‌ رۆژنامه‌نوس و چالاكوانی‌ كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیی له‌ گه‌رمیان، له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌م په‌یامه‌وه‌، وێڕای ده‌ربڕینی‌ پشتیوانی‌ خۆمان بۆ ئێوه‌ی‌ ئازیز و داواكانتان، ئه‌م داواكارییانه‌ ئاراسته‌ی‌ ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ین:
1- گوێ له‌ داخوازیی‌ جه‌ماوه‌ری‌ كوردستان و سلێمانی‌ بگیرێت و داخوازییان وه‌كو كۆمه‌ڵێك داخوازیی ناوچه‌یی بچوك سه‌یر نه‌كات، به‌وپێیه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیانی‌ سلێمانی‌ ده‌یڵێن و گوزارشتی لێده‌كه‌ن، خه‌م و ئازاری‌ هه‌مو هاوڵاتیانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌یه‌.
2- به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناو و ناتۆره‌ی‌ خراپ له‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ خه‌ڵك و خۆپیشانده‌رانی‌ گه‌نجان نه‌نرێت.
3- ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێم و به‌تایبه‌ت پارتی دیموكراتی‌ كوردستان، داوای‌ لێبوردن له‌و خۆپیشانده‌رانه‌ بكات كه‌ شه‌هید و برینداری‌ كردون و پۆزش بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ بهێننه‌وه‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌و ده‌ستدرێژییانه‌ی‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا كراوه‌، هاوكات لێپێچینه‌وه‌ی‌ یاساییش له‌گه‌ڵ‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌و روداوانه‌دا بكرێت.
4- ده‌بێت نوێنه‌رانی‌ شه‌قامی‌ كوردی له‌ناو كۆبونه‌وه‌ سیاسیه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌م روداوانه‌ به‌شدار بن و كۆبونه‌وه‌كان هه‌ر به‌ته‌نها له‌ نێو نوێنه‌ری‌ حیزبه‌ سیاسیه‌كاندا كورت نه‌بنه‌وه‌.
5- ده‌بێت پارله‌مانی‌ كوردستان مه‌سئولانه‌ تر به‌شداریی له‌ چاره‌سه‌ری‌ گرفته‌كاندا بكات و زه‌مین و زه‌مانی‌ چاره‌سه‌ریه‌كانیش دیاری بكات.
له‌ كۆتاییدا داوا له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌م دواكاریانه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ خه‌ڵكی كوردستان وه‌ك دوا په‌یام و دوا ئینزار وه‌ربگرن و له‌وه‌ زیاتر هه‌وڵی‌ فه‌رامۆشكردنی‌ نه‌درێت، چونكه‌ به‌رده‌وامی ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ ئه‌مڕۆ به‌ زیانی‌ هه‌مولایه‌ك ته‌واو ده‌بێت .

ژماره‌یه‌ك له‌ رۆژنامه‌نوسان و چالاكوانانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌ گه‌رمیان
                    24/2/2011

Sbeiy.com © 2007