Print
  ئێمه‌ ئاشتیخوازین و گوڵتان پێشكه‌ش ده‌كه‌ین... به‌سییه‌تی‌ كوشتن!
Tuesday, March 1, 2011


حه‌مه‌ی‌ ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ
زۆر گرنگه‌ له‌م ساته‌وه‌خته‌دا، ئێمه‌ش وه‌كو گه‌نجانی‌ میسر و به‌حره‌ین و وڵاته‌ مه‌ده‌نییه‌كانی‌ رۆژئاوا، وه‌كو گه‌نجه‌ خوێندكار و روناكبیره‌كانی‌ دونیا، داخوازی‌ و رێپێوان و خۆپیشاندانه‌كانمان به‌شێوه‌یه‌كی‌ مه‌ده‌نیانه‌ و شارستانیانه‌ نومایش بكه‌ین...

 زۆر گرنگه‌ سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ چه‌ك به‌ده‌ست و شه‌ڕفرۆش و بوغراو كه‌ڕ و گه‌نده‌ڵ، به‌ زمانی‌ توندوتیژ و مرۆڤكوژییه‌وه‌ له‌ داخوازی‌ و داواكارییه‌كانی‌ زۆرینه‌ی‌ میلله‌تی‌ شاره‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌مان دێته‌ وه‌ڵام... به‌رامبه‌ر به‌ به‌ربارانكردنی‌ ئێوه‌ كه‌ ده‌بوایه‌ روینه‌دایه‌! ئه‌وانی‌ دڕنده‌ به‌ فیشه‌ك و گوللـه‌بارانمان ده‌كه‌ن و خوێنی‌ گه‌نجه‌ جوان و ئازاو بوێره‌كانی‌ سلێمانی‌ ده‌ڕێژن...

ئێوه‌ی‌ گه‌نجان ده‌رفه‌ت به‌و دڕنده‌و هاوڕێی‌ چه‌ك و فیشه‌ك و بارودانه‌ مه‌ده‌ن كه‌ شه‌قامه‌كانی‌ شاری‌ هه‌ڵمه‌ت و قوربانی‌ به‌ خوێنی‌ گه‌شی‌ ئێوه‌ سور ببێت، رێگه‌یان مه‌ده‌ن ناشیرینتان بكه‌ن و عه‌قڵ و لۆژیك له‌ده‌ست بده‌ن، ئێوه‌ كوڕی‌ قه‌ڵه‌م و مه‌عریفه‌ و زانست و جیهانگیری‌ بن، ئێوه‌ كوڕی‌ كۆمپیوته‌ر و ئینته‌رنێت و فه‌یسبوك و دونیای‌ ته‌كنۆلۆژیان و تێكه‌ڵ به‌ ئایدیۆلۆژیای‌ حیزبه‌ چه‌قبه‌ستوه‌كان مه‌بنه‌وه‌...

 پێویسته‌ به‌رپرسانی‌ پۆلیس و ئاسایش و دژه‌ تیرۆر و زێره‌ڤانی‌ توشی‌ شۆك بكه‌ن و سه‌ریان له‌ عه‌قڵ و بیری‌ نوێ و ره‌فتاری‌ مه‌ده‌نییانه‌ی‌ ئێوه‌ سوڕبمێنێت!

ئه‌وه‌ی‌ رۆژی‌ دوشه‌ممه‌ 21-02-2011 له‌ مه‌یدانی‌ ئازادیی‌ به‌رده‌ركی‌ سه‌رای‌ سلێمانیدا نمایشتان كرد، شایانی‌ ستایش و شكۆمه‌ندی‌ و شانازیی هه‌مو روناكبیر و نیشتیمانپه‌روه‌ر و ئاشتیخوازێكه‌... شایانی‌ نیشاندانییه‌تی‌ به‌ هه‌مو دونیا، دونیای‌ ئازادیخواز و پێشكه‌وتو، پێویسته‌ ئه‌و ره‌فتار و وێنه‌ و وێنایه‌تان به‌رده‌وام بێت تا هه‌مو داخوازییه‌كانی‌ میلله‌ت دێنه‌دی‌ و به‌رپرسان ناچار ده‌كه‌ن گوێتان لێبگرن...

ئێوه‌یه‌ك كه‌ نه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆن و خه‌سڵه‌ته‌كانی‌ ژیانی‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌تان هه‌ڵگرتوه‌، شێواز و ستایلی‌ ژیان و بیركردنه‌وه‌ و داخوازی‌ و خولیای‌ ئێوه‌ جیاواز و ناكۆكه‌ له‌ شێواز و ستایلی‌ ژیانی‌ باوان و به‌رپرسه‌كان. ئێوه‌ توانای‌ كۆپیكردنه‌وه‌ی‌ هزرو ره‌فتاری‌ باوك و باپیرانی‌ خۆتان نییه‌، ئێوه‌ توانای‌ دانیشتن و گوێگرتنی‌ چه‌قبه‌ستوان و بیری‌ سواو سه‌له‌فی‌ و كۆنه‌خوازتان نییه‌... ئێوه‌ گۆڕانكاری‌ و وه‌رچه‌خانتان گه‌ره‌كه‌... دینامیكییه‌ت و جوڵه‌ و ئیشكردتان ئه‌وێت، ئێوه‌ بڕواتان به‌ كرداره‌ و ده‌ڵێن كردار شه‌رته‌، به‌ڵام به‌ ته‌تبیق و جێبه‌جێكارییه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر قسه‌...

 قسه‌ی‌ زۆر و كرده‌وه‌ی‌ كه‌م بێزاری‌ كردون، گوێنه‌گرتنی‌ به‌رپرسان بۆ داخوازی‌ و قسه‌ و خه‌ون و خولیاكانتان توڕه‌ی‌ كردون.

به‌ڵام ناكرێت توڕه‌بونتان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و له‌به‌رده‌م كامێراكانی‌ دونیا و كه‌ناڵه‌ ئاسمانی‌ و فه‌زاییه‌كاندا نومایش بكه‌ن، چونكه‌ ئاكامه‌كانی‌ توڕه‌بون و هه‌ڵچون و به‌رد بارانكردن به‌ره‌و خوێنڕشتنتان ده‌بات... ده‌بێت ئه‌و راستییه‌ تاڵه‌ بزانن كه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ چه‌كی‌ هێزی‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و به‌و چه‌كه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ زمانی‌ چه‌ك و توندوتیژی‌ گه‌یشتوه‌ و مێژویه‌كی‌ دورودرێژی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ستراتیژیه‌ته‌دا هه‌یه‌، ده‌بێت ئێوه‌ زمانی‌ سه‌رده‌مه‌كه‌ی‌ خۆتانیان بۆ شرۆڤه‌ بكه‌ن و گوڵ و ئاڵای‌ كوردستانیان پێشكه‌ش بكه‌ن... وا بزانن رۆژی‌ ڤالانتاینه‌ و دیاری‌ و گوڵیان پێشكه‌ش بكه‌ن. توشی‌ شۆكیان بكه‌ن، نیشانیان بده‌ن كه‌ ئێوه‌ ئاژاوه‌گێڕ و گێره‌شێوێن و تێكده‌رو فه‌رهودچی‌ و دز و به‌رد وه‌شێن نین... نیشانیان بده‌ن كه‌ ده‌توانن ئه‌وانی‌ چه‌ك به‌ده‌ست فێری‌ مه‌ده‌نییه‌ت بكه‌ن.

برا گه‌نجه‌ جوانه‌كانم، ده‌ستی‌ جوانتان ماچ ده‌كه‌م، ده‌ستی‌ پڕ له‌ گوڵتان ئه‌وشم...
چاك بزانن كه‌ پیاوانی‌ ئاسایش و پۆلیسی‌ كوردستان هه‌مویان برا و كه‌سوكاری‌ ئێمه‌ن، ئه‌وان پارێزگارییه‌ له‌ ژیان و ماڵ و سامانمان ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش هه‌ر كوردن و هاونه‌ته‌وه‌ و هاوشاریی‌ و هاوزمانی‌ ئێمه‌ن، ئه‌وانیش دوژمنی‌ ئێمه‌ نین... ئه‌وان به‌رپرسی‌ ئه‌و گه‌نده‌ڵی‌ و ناعه‌داله‌تی‌ و كه‌مبونی‌ خزمه‌تگوزاری‌ نین، له‌به‌رئه‌وه‌ تكایه‌ فێریان بكه‌ن و پیشانیان بده‌ن (به‌ عه‌مه‌لی‌ و كرداره‌كی‌) ئه‌وانیش وه‌كو برا و به‌هه‌مان شێوه‌ ره‌فتارتان له‌گه‌ڵتان بكه‌نه‌وه‌...

چاك بزانن ئه‌گه‌ر ئێوه‌ نه‌رمونیان و ناتوندوتیژ نه‌بن، ئه‌وانیش چه‌كه‌كانیان روبه‌ڕوی‌ سنگی‌ روتی‌ ئێوه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئێوه‌ مه‌ده‌نییانه‌ به‌رده‌وام بن ده‌سه‌ڵات ناچار ده‌بێت به‌ره‌و پیرتان دێن و گوێتان لێده‌گرن... ئه‌گه‌رنا ئه‌وا خوانه‌خواسته‌و گوێی‌ دوژمنانمان كه‌ڕ بێت: خوێنی‌ گه‌شتان شه‌قامه‌كانمان سور ده‌كه‌ن.

Sbeiy.com © 2007