Print
 سه‌رۆك و حكومه‌ت و یاسا
Tuesday, March 1, 2011


ئاری‌ شێخ نوری‌
ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ له‌ شه‌قامی‌ كوردیدا ئه‌گوزه‌رێ‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ فه‌شه‌لی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ هه‌رێمێك كه‌ له‌ ته‌نها 3 پارێزگا پێكهاتوه‌ و كۆی‌ دانیشتوانه‌كه‌شی‌ ناگاته‌ كۆی‌ دانیشتوانی شارێكی‌ گه‌وره‌ له‌وڵاته‌كانی‌ ده‌وروبه‌رمان! سه‌یره‌ هه‌رێمێكی‌ بچكۆله‌ به‌م هه‌مو حاكمه‌ی‌ كه‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌یدا وجودیان هه‌یه‌ و هه‌ره‌یه‌كه‌یان خۆیان به‌ حكومه‌تێ‌ ده‌زانن ئه‌مه‌ حاڵی‌ ئه‌و هه‌رێمه‌ بێت!

هێشتا شانازیش بكه‌ن به‌ ئه‌زمونه‌كه‌یه‌وه‌!
نه‌م دیوه‌ و نه‌م بیستوه‌ له‌ هیچ شوێنێكی‌ دنیا ئه‌زمونێكی‌ سه‌قه‌ت هه‌بێت به‌ڕاژه‌ی‌ سه‌قه‌تی‌ ئه‌م ئه‌زمونه‌ی‌ ئێمه‌ هه‌مانه‌ و هێشتا جێی‌ شانازی‌ بێت، به‌ منه‌تێكی‌ گه‌وره‌ به‌ خه‌ڵكی‌ بفرۆشرێته‌وه‌! ئه‌زمونێكی‌ 20 ساڵه‌ كه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ كارتۆنی‌ و دابه‌شكردنی‌ ده‌سه‌ڵات فیفتی‌ به‌ فیفتی‌ ده‌ست پێبكاو جه‌نگێكی‌ براكوژی‌ به‌دوای‌ خۆی‌ دا بهێنێت و هه‌زاران رۆڵه‌ی‌ میله‌تی‌ تیادا بدرێ‌ به‌ كوشت و هه‌ریه‌كه‌و په‌لكێشی‌ هێزیكی‌ دوژمن بكا و بیهێنێته‌ سه‌ر ئه‌وی‌ تر و له‌ ئه‌نجام دا به‌ رێكه‌وتنێكی‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ و داوای‌ لێبوردنێكی‌ بێ‌ مانا، ده‌ست بخه‌نه‌وه‌ ده‌ستی‌ یه‌ك و هه‌مو نه‌هامه‌تیه‌كانی‌ جه‌نگه‌كه‌ بۆ میله‌ت به‌جێ‌ بهێڵن و بۆخۆشیان له‌ سایه‌ی‌ ئیتفاقێكی‌ به‌ناو ستراتیجی‌ دا بكه‌ونه‌ دابه‌شكردنی‌ ده‌سه‌ڵات و ئه‌رز ئاو و سامان، ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی‌ هه‌رێمه‌كه‌ش! كه‌چی‌ هێشتا جێی‌ شانازی‌ بێ! ئه‌ی‌ پێمان ناڵێن حه‌قی‌ میله‌ت له‌كوێی‌ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ ستراتیژیه‌دایه‌؟

دیاره‌ و ئاشكرایه‌ كه‌ حه‌قی‌ میله‌ت ته‌نیا سوك كردنی‌ خوێنی‌ رۆڵه‌كانیه‌تی‌، ئه‌گه‌ر نا هه‌ر هیچ نه‌بوایه‌ له‌ دوای‌ ئه‌و هه‌مو ساڵه‌ له‌ نه‌هامه‌تی‌ كه‌ به‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ به‌سه‌ر میله‌تاندا هێنا له‌ بچوك ترین هه‌نگاودا چاره‌نوسی‌ بێسه‌ر و شوێنه‌كانتان بۆ كه‌س و كاره‌كانیان یه‌كلا بكردایه‌ته‌وه‌، قه‌ره‌بوی‌ زه‌ره‌رمه‌ندانی‌ ئه‌و جه‌نگه‌ تان بكردایه‌ته‌وه‌، نه‌ك ئاماده‌نبن كه‌ زیندانیه‌كانی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش به‌ زیندانی‌ سیاسی‌ تۆمار بكه‌ن. ئێستاش له‌دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ چه‌ند ساڵیكه‌ له‌دوای‌ روخاندنی‌ رژێمی‌ فاشی‌ ئێوه‌ بێباكانه‌ و بێ‌ گوێدانه‌ ئه‌و میلله‌ته‌ی‌ كه‌ چه‌ندین ساڵی‌ ره‌شی‌ لێتان قبوڵ‌ كرد و به‌ هه‌مو ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ شكور و قایل بو له‌ به‌ر كورد بونتان له‌سه‌ر شانیان ئێوه‌یان برده‌ سه‌ر به‌رزترین كورسیه‌كانی‌ وڵات، ئێوه‌ش ئاوا وه‌ڵامی‌ میله‌ت ئه‌ده‌نه‌وه‌؟ ئه‌وه‌تا له‌ گه‌وره‌ترین شاری‌ هه‌رێمه‌كه‌تان ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژه‌ خوێنی‌ لاوه‌كان ده‌ڕژی‌ مناڵ‌ و گه‌نج و پیر ئیسلام و گاوریان عیلمانی‌ و سه‌له‌فییان رژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان داوای‌ سه‌ره‌تایی‌ ترین مافی‌ خۆیان ده‌كه‌ن چی‌ بو وه‌ڵا متان؟

راستی‌ فیشه‌كی‌ بیكه‌یسی‌ و كڵاشینكۆفه‌كانی‌ پێشتر و پێش ئێوه‌ش لوله‌كانیان هه‌ر روی‌ له‌ میله‌ت بو؟

یان خوێنڕشتنی‌ چه‌ند مێردمنداڵێك له‌سه‌ر دو به‌رد ئه‌گه‌ر هاوێشتبێتیان؟

پێمان ناڵێن شانازی‌ ئه‌م ئه‌زمونه‌ له‌چی‌ دایه‌، ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی‌ هه‌ناسه‌ی‌ تێدا نه‌هێشتبێ‌؟

هه‌موتان كاتێك مایكرۆفۆنێك ده‌بینن یه‌كسه‌ر ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ باسكردنی‌ ده‌ستكه‌وته‌كان و خوێنی‌ شه‌هیدان و ئه‌زمونه‌كه‌ و سه‌روه‌ری‌ یاسا و ئه‌م ئاشتی‌ و دیموكراسی‌ و ئه‌و ئارامیه‌ی‌ كه‌ به‌س بۆ خۆتانه‌!

ئاخر پێم ناڵێن كام ئارامی‌؟ ئه‌و ئارامیه‌ی‌ كه‌ له‌ناو چه‌قی‌ شاردا هێزێكی‌ 50 كه‌سی‌ و به‌ ئاشكرا بینای‌ كه‌ناڵێكی‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ بكاته‌ خۆڵه‌ مێش ؟

كام سه‌روه‌ری‌ یاسا ئه‌و یاسایه‌ی‌ له‌خوار پێی‌ خۆتان و كه‌س و كاره‌كانتانه‌وه‌ ته‌نیا به‌سه‌ر فه‌قیر و هه‌ژار میله‌تدا سه‌پاندوتانه‌؟ یان ئه‌و یاسایه‌ی‌ توانی‌ ده‌ستگیركردنی‌ خوێنڕێژێكی‌ نییه‌ كه‌ به‌ ئاشكرا به‌ به‌رچاوی‌ سه‌دان كه‌سه‌وه‌ به‌ ده‌مانچه‌یه‌كه‌وه‌ به‌دوای‌ گه‌نجانی‌ به‌شخوراوی‌ شاردا راده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیه‌ك ده‌یوت "ده‌ڵێی‌ راوه‌ به‌راز ده‌كه‌ن ته‌قه‌ به‌ناو خه‌ڵكا ئه‌كه‌ن"؟

كام دیموكراتی‌ ئه‌و دیموكراتیه‌ی‌ وه‌ڵامی‌ به‌رد به‌ فیشه‌كی‌ بیكه‌سی‌ بێ ده‌ده‌نه‌وه‌؟
حكومه‌ت تۆ بونت هه‌یه‌؟ ئه‌ی‌ ئه‌گه‌ر هه‌یت له‌كوێی‌ ئه‌م شاره‌ بونت هه‌یه‌ له‌ به‌رده‌م كه‌ناڵه‌ سوتاوه‌كه‌، یان له‌سه‌ر شۆسته‌ خوێناویه‌كانی‌ شه‌قامه‌كان؟

سه‌رۆكه‌كان ئێوه‌ له‌ كوێی‌ ئه‌م هه‌مو تراژیدیایه‌ی‌ شه‌قامه‌كانی‌ شاره‌كه‌م دان؟
كامتان خۆتان به‌ سه‌رۆكی‌ راسته‌قینه‌ی‌ ئه‌مشاره‌ ده‌زانن؟ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ سه‌رۆك بونایه‌ ده‌بو ئێستا له‌ شه‌قامی‌ سالم و به‌رده‌رگی‌ سه‌را گوێتان له‌ موعاناتی‌ ئه‌و هه‌مو خه‌ڵكه‌ بگرتایه‌، كه‌وا چه‌ند رۆژه‌ بێ‌ ماندوبون له‌ناو چه‌قی‌ ئه‌م شاره‌دا هاوار ده‌كه‌ن، مه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ش هاوڵاتی‌ ئه‌و هه‌رێم و وڵاته‌ نین كه‌ ئێوه‌ سه‌رۆكن به‌ سه‌ریانه‌وه‌؟ یان خه‌ڵاتی‌ بێگانه‌كان له‌ خوێنی‌ لاوانی‌ كورد شیرین ترن؟ یان رۆژی‌ نیشتیمانی‌ وڵاتێكی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ خوێنی‌ لاوانی‌ كورد شیرینتره‌؟ وه‌فتان بێ‌ هه‌ر ئه‌و لاوانه‌ بون ئێوه‌یان برده‌ سه‌ر كورسی‌ ده‌سه‌ڵات. ئێستاش كاتی‌ دانه‌وه‌ی‌ وه‌فاتانه‌...
 

Sbeiy.com © 2007