Print
 سه‌رۆك ... ئه‌م شاره‌ بۆ ؟!... ئه‌ی پارتی بۆ؟!...
Tuesday, March 1, 2011



بێستون مه‌حه‌مه‌د ساڵح مسته‌فا
ده‌زانم... گوێمان لێناگریت، وه‌لێ له‌ روانگه‌ی ئه‌خلاق و ئیلتیزام و هه‌ستكردن به‌ لێپرسراوێتی، وه‌ك هاوڵاتیه‌ك ئه‌م هه‌یڤ په‌یڤینه‌، وه‌ك راو رای جیاواز، كه‌ هاتیته‌وه‌ هیوادارم ده‌ست و پێوه‌نده‌كه‌ت بیخه‌نه‌ به‌رده‌م به‌ڕێزتان...

نێتشه‌ی فه‌یله‌سوف ده‌ڵێت: هه‌رده‌م له‌ رێگه‌ی لوتمه‌وه‌ هه‌ست به‌ بۆنی خراپه‌كارییه‌كان ده‌كه‌م...

سه‌رۆك ئه‌م شاره‌ بۆ؟!... بارگرژی، نائارامی، به‌ عه‌سكه‌ركردن، به‌حیزبكردن، ترس و تۆقاندن، شپرزه‌یی...

مێژوی ئه‌م شاره‌، هه‌رده‌م وه‌فاو دڵسۆزی و نیشتمانپه‌روه‌ری، به‌ته‌نگه‌وه‌هاتن، خۆنه‌ویستی، به‌رخۆدان...

ئه‌م شاره‌، ده‌یان كه‌ڵه‌پیاو و به‌هره‌مه‌ند و شاعیر و هونه‌رمه‌ند و رۆشنبیرو بیرمه‌ند و سیاسی تێداهه‌ڵكه‌وتوه‌...

ئه‌م شاره‌، شاری شێخی نه‌مر و مه‌حوی و بێكه‌س وسالم و حه‌مدی و گۆران و پیره‌مێرد و قانیع، كامه‌ران موكری، دڵشاد مه‌ریوانی... ده‌یان و ده‌یانی تر...

ئه‌م شاره‌، شێره‌ ژنی وه‌ك حه‌پسه‌ خانی نه‌قیبی تێدا هه‌ڵكه‌وتوه‌...

سه‌رۆك ئه‌م شاره‌، ره‌مز و سومبلی نیشتمان په‌روه‌رییه‌، با له‌ مێژوی دور و نزیكی ئه‌م شاره‌ دو نمونه‌ بۆ به‌ڕێزتان راسته‌وخۆ تایبه‌ته‌ به‌ بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێزتان له‌ لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان بخه‌مه‌ڕو...

نمونه‌ی یه‌كه‌م، وه‌فاو دڵسۆزی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری خه‌ڵكی سلێمانی، ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ساڵه‌كانی سی سه‌ده‌ی رابورد، ئه‌و كات مه‌لا مسته‌فای بارزان و زیاتر له‌ حه‌فتا خێزانی بارزانیه‌كان (نه‌فی) ده‌كرێن بۆ سلێمانی، نزیكه‌ی ده‌ساڵ له‌م شاره‌دا ده‌گیرسێنه‌وه‌، رژێم و قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن مه‌لا مسته‌فای بارزان بگرن، بۆیه‌ بارزانی ناچار حه‌شار ده‌درێت، له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی نیشتمان په‌روه‌ری ئه‌م شاره‌ بارزانی مسته‌فا رزگار ده‌كه‌ن، یه‌ك له‌و كورده‌ دڵسۆزانه‌ ناوی (محێدین چناره‌ییه‌).

نمونه‌ی دوه‌م، (١٣ی حوزه‌یرانی ١٩٩٤) ئه‌م شاره‌ خه‌ڵتانی خوێن كرا له‌لایه‌ن دۆسته‌ ستراتیژیه‌كه‌ی ئێستای به‌ڕێزتان، كاتێك ته‌رمی پۆله‌ شه‌هیدێكی شه‌ڕی ناوخۆ به‌ره‌و گردی شه‌هیدان ده‌برێت، ئه‌م شاره ‌و خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ له‌ خوێنا بۆ پارتی شه‌پۆلی ئه‌دا، ده‌یان قوربانی لێكه‌وته‌وه‌!...

نمونه‌ی یه‌كه‌م مێژوه‌كه‌ی پێش راپه‌رینه‌ و دوه‌میان دوای راپه‌ڕینه‌...

خێره‌ ئێستا سه‌رۆك ده‌زگای راگه‌یاندنی حیزبه‌كه‌ت به‌ گه‌نج و خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ ده‌بێژن (ئاژاوه‌گێڕ)!... ئه‌مه‌ وه‌فای دورو نزیكی ئه‌م شاره‌یه‌، له‌ هه‌ولێری پایته‌خته‌وه‌ (جومعه‌ی شادی) سازده‌كه‌ن، له‌ كاتێكدا سلێمانی پۆلێك شه‌هیدی گه‌نج له‌پێناو ئازادی و چاكسازیدا گیانی خۆیان به‌ نیشتمان به‌خت ده‌كه‌ن!...

بۆ پارتی؟!... زۆر جار گوێبیستی ئه‌وه‌ ده‌بین بۆ پارتی؟!...

ده‌بێ ئه‌و پرسیاره‌ به‌م شێوه‌یه‌ بكرێت: له‌ مێژوی دورو نزیكی ئه‌م شاره‌ هه‌ڵوێستی ئه‌م شاره‌، به‌م هه‌مو فیداكارییه‌ بێت، بۆ گوله‌باران له‌ باره‌گای پارتیه‌وه‌ بۆ خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌؟!...

ئه‌م پرسیاره‌، دو ره‌هه‌ندی هه‌یه‌:
١/ پاش كۆنگره‌ی ١٣، سلێمانی چاوه‌ڕێی گۆڕانی ریشه‌یی و رادیكالی له‌ پارتی ده‌كرد. سه‌ره‌تا هه‌نگاوی هێنانی سه‌ركردایه‌تی پارتی بۆ ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌، چاودێرانی سیاسی پێیان وابو، پارتی له‌ ئاشتبونه‌وه‌ی گشتی به‌ كردار ده‌گه‌ڕێت، له‌و روانگه‌وه‌ دروشمی پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی و دادپه‌روه‌ری به‌رزكردۆته‌وه‌. به‌تایبه‌تی قوڵبونه‌وه‌ له‌ به‌رنامه‌ و مانیفیستی بڕیاردراوی كۆنگره‌ی ١٣، ئیدی ده‌كه‌ویته‌ چاوه‌ڕوانی و ئه‌گه‌ر و گریمانه‌كان ده‌ست پێده‌كات...
٢/به‌داخه‌وه‌، یه‌ك له‌ گرفته‌كانی پارتی له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا هه‌رده‌م هه‌ڵه‌ی به‌ هه‌ڵه‌ چاره‌سه‌ركردوه‌، هه‌رگیز نه‌یتوانیوه‌، به‌پێی بارودۆخ و شوێن و كات مامه‌ڵه‌ له‌ته‌ك ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ به‌گشتی و سلێمانی به‌تایبه‌ت بكات... بڕوانن له‌ دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ به‌ دیاریكراوی ئه‌و كه‌سایه‌تی و سه‌رپه‌رشتیارو سه‌ركردانه‌ی بۆ ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ به‌گشتی و سلێمانی به‌تایبه‌ت هه‌رگیز خوێندنه‌وه‌و خۆ گونجاندنیان بۆ ئه‌م شاره‌ چه‌كه‌ره‌و موتوربه‌ی له‌ تێنه‌گه‌یشتنه‌وه‌ بوه‌، ئه‌وانه‌ی دیاریكراون بۆ مه‌سئولیه‌ت له‌م شاره‌دا له‌ ئاست مه‌نتیقی ئه‌م شاره‌ نه‌بون، نه‌یانتوانیوه‌ په‌یامه‌كه‌ به‌ هه‌ردو سه‌ر بگه‌یه‌نن، كاره‌ساته‌ لقێكی وه‌ك لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ باره‌گاكه‌ی له‌ ناوه‌ندی شاری سلێمانیدایه‌، لێپرسراو زۆرینه‌ی ده‌سته‌ی كارگێری نامۆن به‌دیدوبۆچون و سروشت و چۆنیه‌تی پێبه‌پێ رۆشتن له‌ته‌ك ویست و ئیراده‌ی ئه‌م شاره‌، زۆربه‌یان خه‌ڵك و كه‌سی ئه‌م شاره‌نین له‌گه‌ڵ رێزی بێ پایانم، ده‌بینی له‌ كاره‌ساتێكی وه‌ك ١٧ شوباتی خوێناوی ئه‌وه‌ په‌رچه‌كردارێكی سروشتی ئه‌و ته‌بع و كه‌سایه‌تیانه‌ بۆ خه‌ڵكی شار ده‌خاته‌ڕو، ئیدی كار له‌كار ده‌ترازێ و كاره‌سات ده‌خوڵقێت...

ئیدی ... یه‌كه‌م گوله‌ی ١٧شوباتی خوێناوی نه‌ك هه‌ر پارتی، به‌ڵكه‌ ئه‌زمونه‌كه‌ی خسته‌به‌ر نه‌بون و نه‌مانی شه‌رعیه‌ت و مه‌شروعیه‌ت، چۆن؟!...

له‌ كورترین پێناسه‌ بۆ شه‌رعیه‌ت: واته‌، بونی ده‌سه‌ڵات یاخود حوكمه‌ت پشت به‌ست به ‌(رێسای دیاریكراوی ده‌ستوری یاخود سیستمی یاسایی). واته‌: جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ سه‌روه‌ری یاسا...

له‌ كورترین پێناسه‌ بۆ مه‌شروعیه‌ت: واته‌، بونی ده‌سه‌ڵات یاخود حوكمه‌ت كه‌ ره‌فتار و كردار و چالاكی دادی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌به‌ر بێنێت، به‌ دیوێكدا، به‌ دیوێكی تردا ره‌زامه‌ندی گه‌ل مسۆگه‌ر بكات، واته‌ له‌ یه‌ك كاتدا عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و ره‌زامه‌ندی گه‌ل له‌ هه‌گبه‌ی ده‌سه‌ڵات و حوكمه‌تدا بێت...

سه‌رۆك... هیوادارم له‌م دیده‌ ساكار و ساده‌یه‌ی منی هاوڵاتی تێبگه‌یت، ئیدی دوای ١٧ی شوباتی خوێناوی نابێ باس له‌ شه‌رعیه‌ت و مه‌شروعیه‌ت بكه‌یت و وه‌ره‌ بۆ گۆڕه‌پانی سه‌رای ئازادی، پێكه‌وه‌ ژیان و لێبورده‌یی و دادپه‌روه‌ری به‌هه‌ق ده‌سته‌به‌ر بكه،‌ نه‌ ئێمه‌ ده‌ڵێین بۆ سلێمانی و نه‌ تۆش بڵێ بۆ پارتی!...

Sbeiy.com © 2007