|
هاوڵاتیانی هه‌ولێر: خه‌ڵکی هه‌ولێر بێده‌نگ نه‌بوه‌و بێده‌نگیش نابێت |
Tuesday, March 1, 2011 |
(سبه‌ی):
له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی ناڕه‌زاییه‌کان له‌شاری هه‌ولێر و له‌ترسی ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان، ژماره‌یه‌کی زۆری هێزه چه‌کداره‌کانی پارتی له‌و شاره بڵاوکراونه‌ته‌وه‌و ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایی لای هاوڵاتیان دروستکردوه.
له دوێنێ (پێنجشه‌ممه)ه‌وه به‌شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ باری نائاسایی له شاری هه‌ولێر راگه‌یه‌ندراوه‌و له‌گه‌ڵ داخستنی ده‌وامی زانکۆ و په‌یمانگاکان، هێزێکی زۆری چه‌کدار له‌کوچه‌و کۆڵانه‌کاندا بڵاوکراونه‌ته‌وه‌و سه‌رجه‌م ده‌روازه‌کانی شاریش به‌ڕوی هاوڵاتیاندا داخراون.
به‌پێی زانیارییه‌کانی (سبه‌ی)، پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ (هه‌ینی) به‌شێوه‌یه‌کی به‌رنامه‌داڕێژراو، پارتی ژماره‌یه‌ک لایه‌نگری خۆی له نزیک بینای پارێزگا‌و (قاوه‌خانه‌ی مه‌چکۆ) به‌ناوی پشتگیری له‌سه‌رۆکی هه‌رێم بڵاوکرده‌وه، که گوایه ده‌نگی ناڕازیی له‌و شاره‌دا نیه.
له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، ئه‌و لایه‌نگرانه‌ی پارتی سوکایه‌تییان به هاوڵاتیه‌ک و چه‌ند رۆژنامه‌نوسێک کرد، به‌بیانوی ئه‌وه‌ی داوای ئه‌نجامدانی چاکسازی و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵیان کردوه.
به‌پێی لێدوانی هاوڵاتیانی هه‌ولێر، هێزه‌کانی پارتی له‌ترسی خۆپیشاندان و له‌کاتی نوێژی (هه‌ینی)دا، گه‌مارۆی چه‌ند مزگه‌وتێکیان داب‌و، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا ژماره‌یه‌ک وتارخوێنی مزگه‌وته‌کان نیگه‌رانی و بێزاری خۆیان له‌و ره‌فتاره‌ی پارتی پیشانداو ته‌ئکیدیان کرده‌وه، هه‌ولێر شارێکی زیندوه‌و ناڕازییه، به‌ڵام ئه‌نجامنه‌دانی خۆپیشاندان بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه نایانه‌وێ خوێن بڕێژرێ، له‌کاتێکدا پارتی هێزێکی زۆری کۆکردۆ‌ته‌وه.
ئاماژه‌شیان به‌وه‌داوه، "خه‌ڵکی هه‌ولێر بێده‌نگ نه‌بوه‌و بێده‌نگیش نابێت و ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی دێته ده‌نگ".
هاوکات به وته‌ی هاوڵاتیانی شاری هه‌ولێر، پارتی هێزێکی چه‌کداری زۆری به‌جلوبه‌رگی مه‌ده‌نییه‌وه بڵاوکردوه‌ته‌وه‌و ئه‌مه‌ش بێزاری و ناڕه‌زایی زۆری لای هاوڵاتیانی ئه‌و شاره دروستکردوه. |
|
|