Print
 هه‌ولێر؛ له‌به‌رده‌م بازاڕی‌ نیشتیمان، به‌ 20 ئاسایش و زێره‌ڤانی‌ له‌هاوڵاتییه‌ک ده‌ده‌ن
Wednesday, March 2, 2011


(سبه‌ی):
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ بڕیاربو ئه‌مڕۆ وه‌كو سه‌رجه‌م شاروشارۆچكه‌كانی‌ تر له‌شاری‌ هه‌ولێریش خۆپیشاندان بكرێت، دوای كۆبونه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌ک هاوڵاتی، هه‌وڵی خۆپیشاندانه‌كه‌ له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئاسایش و زێره‌ڤانیه‌وه‌ سه‌ركوت کرا.
شایه‌دحاڵێك كه‌ نه‌یویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات، به‌ (سبه‌ی) راگه‌یاند، له‌ به‌رده‌م بازاڕی‌ نیشتیمانی‌ شاری‌ هه‌ولێر به‌ 20 چه‌کداری هێزه‌كانی‌ زێره‌ڤانی‌ و ئاسایش به‌جلی‌ مه‌ده‌نیه‌وه‌، له‌ هاوڵاتییه‌کیان داو به‌سه‌ختی برینداریان کرد.
هاوکات چه‌ندین كه‌س له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ ده‌ستگیركراون،‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌یان له‌نێوان خۆیاندا کردوه‌، له‌ئێستاشدا هێزێكی‌ زۆری‌ ئاسایش و زێره‌ڤانی‌ به‌جلی‌ مه‌ده‌نیه‌وه‌ له‌ناوشاری‌ هه‌ولێردا ده‌سوڕێنه‌وه‌.
ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێكه‌ پارتی‌ ترسی له‌ناو هاوڵاتیانی هه‌ولێر دروستكردوه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ رۆژنامه‌نوسان و چالاكوانانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ ئه‌و شاره‌ ده‌که‌ن.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ دوێنێ (پێنجشه‌ممه‌) به‌بێ ئاگاداری‌ وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵاو توێژینه‌وه‌ی‌ زانستی‌، یه‌كێتی‌ قوتابیانی‌ سه‌ر به‌ پارتی‌ خوێندنی‌ سه‌رجه‌م زانكۆو په‌یمانگاكانی هه‌ولێری راگرت، چونی هاوڵاتیانیش بۆ ئه‌و شاره‌ قه‌ده‌غه‌کراوه‌.

هێژامحه‌مه‌د

Sbeiy.com © 2007