Print
 سەرۆكەكان جیاوازن
Wednesday, March 2, 2011


ئازاد چالاك
لە وڵاتە دیموكراسییەكاندا، كاتێك هاوڵاتییەك لەوپەڕی دنیاو دور لە وڵات و سەرۆكە دیموكراتخوازەكەی خۆی توشی مەترسییەك دەبێتەوە، یاخود هەڕەشە لە ژیانی دەكرێت، حكومەتی ئەو وڵاتە لە رێی سەفارەت و كونسڵگەرییەكانیەوە پارەو ئیمكاناتێكی گەورە دەخاتە خزمەت پرۆسەی رزگاركردن و نەقڵكردنی هاوڵاتییانی خۆی، جا چ ئەوانە بن كە بە رەچەڵەك خەڵكی ئەوێن، یاخود ئەوانەش كە بیانین، بەڵام رەگەزنامەی ئەو وڵاتەیان هەڵگرتوە.

ئەم پەرۆشی و بەتەنگەوەهاتنەی بەرپرسانی وڵاتە دیموكراسیەكان بۆ ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانیان لە هەر شوێنێكی ئەم زەمینە فراوانە، وا لە هەمو تاكێك دەكات كە هەست بكات چەند مرۆڤێكی بەنرخە لای سەركردە و لای ئەو سیستمەی وڵاتەكەی بەڕێوە دەبات، هەر بۆیە ئەویش ئەو هەست و نەستە پاك و ئینتیمایەی بۆ گەل و نیشتمانەكەی بەهێزتر دەبێت و متمانەی زیاتریشی پێ دەبەخشێت.

سەرۆك لەوێ بە یەك چاو سەیری هاوڵاتییانی خۆی دەكات، جیاوازی لەنێوان ئەندامی حیزبەكەی خۆی و حیزبێكی تر ناكات، جگە لەوەش جیاوازی نێوان هاوڵاتییەكی ئاسایی لەگەڵ بەرپرسێكی حیزبەكەی ناكات و كە لێیان دەقەومێ هەمو هەر هاوڵاتی دەرەجە یەكن و هەندێكجار سەرۆك و بەرپرسان گرنگی زیاتر بە هاوڵاتییانی ئاسایی و ژن و منداڵ دەدەن لە كەسێكی سەر بە حیزبەكەیان، یان حكومەتەكەیان.

لە كوردستانەكەی خۆمان كە تائێستا بەدەر نییە لە شێواز و بیركردنەوە و رەفتاری دەوڵەتە دیكتاتۆری و دواكەوتوەكانی دەوروپشتمان، بێ هیچ دو دڵییەك سەدا سەد پێچەوانەی ئەو وڵات و سیستمانەیە كە زۆر جار بەرپرسانی كوردستان خۆیانی پێ دەشوبهێنن.

خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی شاری سلێمانی و ناوچەكانی تر جارێكی تر لەو خەوە خۆشە رایچڵەكاندین و پێیوتین؛ ئێمە وەك تونس و میسر نین، ئێمە زیاتر لە سەرۆكی لیبیا نزیكترین، ئێمە ئامادەین بە خوێنساردییەوە تەقە لە هاوڵاتییانی ناڕازی خۆمان بكەین، تاوانباریان بكەین، راپێچی دەزگا ئەمنییەكانیان بكەین.

هاوڵاتییانی كورد بەدەر لە سیناریۆ ئامادەكراوەكانی دەسەڵات، پەلاماری دامودەزگای حكومەت و تەنانەت بارەگا حیزبییەكانیشیان نەداو نەیان سوتاندن، كەچی ئەو هەمو كوشتار و بریندارەیان لێكەوته‌وه، لەجیاتی خۆپیشاندەران دەسەڵات هەر خۆیان كەناڵی ئاسمانی سەربەخۆی (نالیا)یان سوتاند و هێزە سەربازییەكانیان خستە ئینزارەوە و جوڵەیان پێكردن و لولەی دەبابەكانیان ئاراستەی ئۆپۆزسیۆنی بێ چەك و نەخشەی داگیركردن و قەتڵ و عامی شاریان داڕشت.

باوكی رێژوان، بە چاوی پڕ فرمێسك و دڵی پڕ لە قوڵپی گریانەوە وتی؛ با خوێنی كوڕەكەم دوا خوێن و دوا شەهید بێت و كوڕەكەی كردە قوربانی پاراستنی بارودۆخی كوردستان و ئارامی شاری سلێمانی، كەچی دەسەڵات ئەو قسانەی بۆ مەرامی سیاسی بەكارهێنا، سەرۆك لە جیاتی ئەوەی لە خۆی بپرسێت؛ بۆچی هاوڵاتی كوردستان ئەوەندە بەتەنگ شار و خەڵك و خوێنی هاوڵاتییانی ترەوەن و بۆچی ئەوەندە خۆڕاگرن و دنیا كاول ناكەن، ئەی بۆچی ئەوانی خاوەن دەسەڵات وا بە ئاسانی و بێ سێ و دو بێ هەستكردن بە هیچ بەرپرسیارێتییەك خەڵك بە گێرەشێوێن و دەستی دەرەكی تۆمەتبار دەكەن و ئەمری تەقەكردن و رەشەكوژی بەرامبەر هاوڵاتییانی خۆیان دەردەكەن، هەقە سەرۆك لە مەكتەبی سیاسییەكەی خۆی بپرسێ، بۆچی وەك خەڵكی كوردستان لێدوانەكانیان و رەفتاریان ژیرانە و ئاشتیخوازانە نەبو؟!

من دڵنیام ئەگەر ئەو كوژراوانە هی هەر بەرپرسێكی ئەوان بوایە، ئەوا سەدان رێژوان و باوكی وەك (حاجی عەلی كاشی)یان دەكوشت، بە دوژمن و خیانەتكار تۆمەتباریان دەكردن، ئەو گیانی لێبوردنەی هاوڵاتییانیان بۆخۆیان بەڕەوا نەدەبینی و بە زمانی تۆڵەسەندنەوە و (تەعدا قبوڵنەكردن) شەڕێكی خوێناوییان هەڵدەگیرساند.

گەنجانی زانكۆ و سەرای سلێمانی بە گوڵ  روبەڕوی پێشمەرگە بونەوە و بۆ قەرەبوكردنەوەی بارەگای لقی چواری پارتی بانگەشەی كۆكردنەوەی پارەیان بۆ جام و شوشە شكاوەكانی راگەیاند، بەڵام نە سەرۆك و نە بەرپرسانی حیزب هەتا ئەمڕۆ دانیان بەوەدا نەنا كە ئەوان هەڵەیان كردوە و خەڵكیان شەهید و بریندار كردوە و داوای لێبوردنیشیان لە خەڵكی توڕەی كوردستان نەكرد.

سەرۆكەكانمان خۆیان لە سەر و خەڵك و لە سەرو نیشتمانەوە دەبینن، خۆیان بە موقەدەس و خەڵكیش بە پێپەتی و كۆیلە سەیر دەكەن.

كاتی ئەوە هاتوە، سەرۆكەكانی كورد چەند پلەیەك بێنە خوارەوە و نزیكتر ببنەوە لە هاوڵاتییان، چونكە ئێستا خەڵك و ئەوان لە دو دونیای زۆر جیاوازدا بیردەكەنەوە و ژیان بەسەر دەبەن.

سەرۆكەكانمان دەبێت بزانن هەمو شتێك تەمەنێكی هەیە و هەمو قۆناغێكیش لەگەڵ ئەوەی پێش خۆی جیاوازە و بە یەك شێوە مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت.

Sbeiy.com © 2007