Print
 له‌ سه‌عاتی‌ سفردا له‌ هه‌ولێر خۆپیشاندان ده‌ست پێ ده‌كات
Thursday, March 3, 2011
(سبه‌ی‌):
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ به‌یاننامه‌ و لێدوانی‌ كه‌سایه‌تی‌ و چالاكوانی‌ مه‌ده‌نی‌ باسوخواسی‌ خۆپیشاندان بۆ چاكسازی‌ له‌ هه‌ولێر هاته‌ ئاراوه‌، سه‌ره‌ڕای‌ به‌ مه‌عه‌سكه‌ر كردنی‌ هه‌ولێر، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌كردن و گرتنی‌ هاوڵاتیان، له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا ئه‌مڕۆ سێ‌ هاوڵاتی‌ شاری‌ هه‌ولێر له‌لایه‌ن چه‌كداره‌كانی‌ پارتییه‌وه‌ رفێندراون.
په‌یامنێرمان له‌ هه‌ولێره‌وه‌ پێی‌ راگه‌یاندین: له‌كاتێكدا سێ‌ هاوڵاتی‌ (خالید شینه‌ حه‌سه‌ن - ئیسماعیل عه‌بدولڕه‌حمان عه‌بدوڵا - شێرزاد ئه‌بوبه‌كر حسێن) له‌ باخی‌ گشتی‌ پێكه‌وه‌ راوه‌ستاون، له‌لایه‌ن چه‌كداره‌كانی‌ ئاسایشی‌ پارتییه‌وه‌ رفێندراون و تائێستا چاره‌نوسیان نادیاره‌.
شایه‌نی‌ باسه‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێكه‌ پارتی‌ به‌ هه‌زاران چه‌كداری‌ له‌ناو شاری‌ هه‌ولێردا بڵاوكردۆته‌وه‌، هاوكات له‌لایه‌ن یه‌كێتی‌ قوتابیانی‌ پارتیشه‌وه‌ سه‌رجه‌م زانكۆ و په‌یمانگاكانی‌ هه‌ولێر داخراوه‌.
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ رێكخه‌رانی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ هه‌ولێر به‌ سبه‌یان راگه‌یاند: خۆپیشاندانی‌ ئه‌مڕِ بۆیه‌ دواخراوه‌، چونكه‌ دڵنیابوین پارتی‌ خوێن ده‌ڕێژیت، به‌ڵام بڕیارمانداوه‌ له‌ سه‌عاتی‌ سفردا خۆپیشاندانی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ له‌ هه‌ولێر ئه‌نجام بده‌ین و به‌ هه‌زاران كه‌س بڕژێنینه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كانی‌ هه‌ولێر.
وتیشی‌: تائێستا به‌پێی‌ ئه‌و داتایانه‌ی‌ لای‌ ئێمه‌یه‌ زیاتر له‌ 15000 هه‌زار كه‌س ئاماده‌یی خۆیان راگه‌یاندوه‌ كه‌ چاره‌نوسیان هه‌رچی بێت له‌گه‌ڵمان بڕژێنه‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و دژی‌ ئه‌م بارودۆخه‌ به‌شداری‌ خۆپیشاندان بكه‌ن.
Sbeiy.com © 2007