Print
 كارتی‌ كشانه‌وه‌ی‌ كورد له‌ به‌غدا فه‌رامۆشكراوه‌
Saturday, July 12, 2008

 

راپۆرت: فرمان عه‌بدولڕه‌حمان

ئه‌ندامێكی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان ره‌خنه‌ له‌ هه‌ڵوێستی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كورد ده‌گرێت له‌ به‌رامبه‌ر مامه‌ڵه‌یان بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ماده‌ی‌ 140، داواش ده‌كات فشاری‌ سیاسیی‌ بخه‌نه‌ سه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق‌و ئه‌مه‌ریكا بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و ماده‌ ده‌ستوورییه‌.

مه‌حمود عوسمان، په‌رله‌مانتاری‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ له‌ لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌ رایگه‌یاند: ماده‌ی‌ 140 ئه‌وه‌ چه‌ند ساڵه‌ جێبه‌جێ‌ ناكرێت‌و هه‌ر رۆژه‌ به‌ بیانوویه‌ك دوا ده‌خرێت، هه‌ربۆیه‌ كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتووه‌ كورد فشاری‌ سیاسیی‌ به‌رامبه‌ر مالیكی‌‌و ئه‌مه‌ریكا به‌كاربهێنێت، چونكه‌ به‌ بڕوای‌ ئه‌و دوو لایه‌ن توانای‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و ماده‌یه‌یان هه‌یه‌، ئه‌وانیش نوری‌ مالیكی‌‌و ئه‌مه‌ریكان.

مه‌حمود عوسمان وتی‌: "دوو ساڵه‌ هاوار ده‌كه‌م له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كورد هیچ ناكات‌و فشاری‌ سیاسیی‌ به‌كارناهێنێت به‌رامبه‌ر مالیكی‌، چونكه‌ ئیشه‌كه‌ به‌ ده‌ست حكومه‌تی‌ مالیكییه‌و ده‌بێت فشاری‌ لێبكرێت، فشار دروستكردنیش خۆ به‌ پاڕانه‌وه‌ نابێت‌و ئیشت بۆ ناكات، به‌ڵكو ده‌بێت پێی‌ بڵێیت من له‌گه‌ڵ‌ تۆ به‌شدارم، وه‌زیرم هه‌یه‌، پشتیوانیت ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر ئه‌م ماده‌ ده‌ستوورییه‌ جێبه‌جێ‌ نه‌كه‌یت، منیش به‌شداریی‌ حكومه‌ته‌كه‌ت ناكه‌م".

حكومه‌ته‌كه‌ی‌ مالیكی‌ حاڵی‌ حازر 6 وه‌زیرو جێگرێكی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌یه‌، جگه‌ له‌ سه‌رۆك كۆمار، كه‌ به‌ بڕوای‌ چاودێرانی‌ سیاسیی‌ تا ئێستا كورد نه‌یتوانیوه‌ وه‌كو كارتی‌ سیاسیی‌ بۆ دروستكردنی‌ فشار له‌سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی‌ مالیكی‌ به‌كاریبهێنێت به‌مه‌به‌ستی‌ به‌رجه‌سته‌كردنی‌ داواكارییه‌كانی‌، له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه‌ جێبه‌جێكردنی‌ ماده‌ی‌ 140.

مه‌حمود عوسمان له‌و لێدوانه‌یدا بۆ رۆژنامه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد كه‌ پێویسته‌ كورد فشاری‌ سیاسیی‌ به‌كاربهێنێت‌و وتی‌: "یه‌كێك له‌و كارتانه‌ی‌ كورد ده‌توانێت به‌كاری‌ بهێنێت بۆ دروستكردنی‌ فشار له‌سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی‌ مالیكی‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ حكومه‌ت بوترێت ئه‌گه‌ر ئه‌و ماده‌یه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌ جێبه‌جێی‌ نه‌كه‌یت، ئاماده‌نیم به‌شداربم له‌ حكومه‌ت‌و وه‌زیره‌كانم ده‌كشێنمه‌وه‌".

كشانه‌وه‌ له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ مالیكی‌ یه‌كێكه‌ له‌و كارته‌ سیاسییانه‌ی‌ زۆرێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ به‌شداره‌كانی‌ حكومه‌تی‌ مالیكی‌ به‌كاریانهێناوه‌و دیارترینیشیان كشانه‌وه‌ی‌ وه‌زیره‌كانی‌ جه‌بهه‌ی‌ ته‌وافوق بوو له‌ حكومه‌ت، كه‌ ژماره‌یان شه‌ش وه‌زیر بوو، بێجگه‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان كه‌ عه‌لی‌ بابان وه‌زیریه‌تی‌‌و به‌هۆی‌ نه‌كشانه‌وه‌ی‌، له‌ لیستی‌ ته‌وافوق دوورخرایه‌وه‌، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ جه‌بهه‌ی‌ ته‌وافوق كه‌ له‌ مانگی‌ ته‌مموزی‌ 2007دا خستیانه‌ڕوو، قه‌یرانێكی‌ سیاسیی‌ بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ مالیكی‌ دروستكرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ مایه‌ی‌ پرسیاره‌، كورد سه‌رباری‌ ناكۆكییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ‌ مالیكی‌ تا ئێستا په‌نای‌ بۆ ئه‌و كارته‌ نه‌بردووه‌.

مه‌حمود عوسمان وتی‌: "جێبه‌جێكردنی‌ ماده‌ی‌ 140 بۆ كورد زۆر گرنگه‌و به‌شداری‌ ئێمه‌ش بۆ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ جێبه‌جێكردنی‌ ده‌ستووری‌ عێراقییه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ستوور جێبه‌جێ‌ نه‌كرێت، كورد چی‌ ده‌كات له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ مالیكیدا". ناوبراو ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ كورد بۆیه‌ تا ئێستا په‌نای‌ بۆ ئه‌و كارته‌ نه‌بردووه‌، "چونكه‌ له‌وه‌ ده‌ترسێت ئیمتیازاته‌كانی‌ به‌غدای‌ له‌ده‌ستبچێت". 

ئه‌و لێدوانه‌ی‌ په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانیی‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ دوو هه‌فته‌ی‌ له‌مه‌وبه‌ر نێچیرڤان بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، چاوی‌ به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق كه‌وت‌و به‌پێی‌ چاوپێكه‌وتنێكی‌ رۆژنامه‌ی‌ (شرق الاوسط) له‌گه‌ڵ‌ نێچیرڤان بارزانیدا، ناوبراو روونیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌شێك له‌ بابه‌تی‌ دانوستاندنه‌كان مه‌سه‌له‌ی‌ جێبه‌جێكردنی‌ ماده‌ی‌ 140 بووه‌. مه‌حمود باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ نێچیرڤان بارزانی‌ دڵنیایی‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كه‌ی‌ مالیكییه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی‌ ماده‌كه‌، به‌ڵام ده‌ڵێت: "من به‌ كاك نێچیرڤانم وت ئێمه‌ به‌یاننامه‌ی‌ ره‌سمیمان ده‌وێت، چونكه‌ قسه‌كانی‌ مالیكی‌ ره‌نگه‌ موجامه‌له‌ی‌ سیاسیی‌ بێت".

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌داو له‌ چه‌ند لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانییاندا چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی‌ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ لیسته‌ عه‌ره‌بییه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق رایانگه‌یاند كه‌ "ماده‌ی‌ 140 مردووه‌". له‌وباره‌یه‌وه‌ په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ وتی‌: "ئێمه‌ به‌یانێكی‌ ره‌سمیمان ده‌وێت كه‌ له‌ نووسینگه‌ی‌ مالیكییه‌وه‌ ده‌ربچێت‌و بڵێت ئه‌م ماده‌یه‌ ده‌ستوورییه‌و ماوه‌و ده‌بێت جێبه‌جێ‌ بكرێت بۆئه‌وه‌ی‌ تێبگه‌ین، به‌ڵام تا ئێستا له‌ هیچ شوێنێك ته‌سریحی‌ نه‌داوه‌ بڵی‌ ماده‌كه‌ ماوه‌و ده‌ستوورییه‌"، هه‌ربۆیه‌ به‌ بڕوای‌ ئه‌و مالیكی‌ نایه‌وێت ماده‌كه‌ جێبه‌جێ‌ بكات‌و كه‌مته‌رخه‌میی‌ به‌رامبه‌ر ده‌كات، وتیشی‌: "باشه‌ كورد هه‌ڵوێستی‌ چییه‌؟ ته‌نها ته‌ماشای‌ ده‌كات‌و گوێی‌ لێده‌گرێت!".

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ ره‌خنه‌ی‌ ئه‌وه‌شی‌ له‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كورد گرت كه‌ ته‌نها یه‌خه‌ی‌ دیمستۆرا ده‌گرن بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ماده‌ی‌ 140، كه‌ به‌ بۆچوونی‌ مه‌حمود عوسمان "دیمستۆرا فه‌رمانبه‌رێكی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌و هه‌مووشمان ده‌زانین ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ژێر هه‌ژموونی‌ وڵاته‌ زلهێزه‌كاندایه‌، به‌ تایبه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكا"، وتیشی‌: "ئێمه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مه‌ریكادا ناكه‌ین‌و یه‌خه‌ی‌ دیمستۆرا ده‌گرین، به‌وشێوه‌یه‌ چۆن كاره‌كه‌مان جێبه‌جێ‌ ده‌بێت، ئیشی‌ ئێمه‌ لای‌ مالیكی‌‌و ئه‌مه‌ریكایه‌و ئێمه‌ش یه‌خه‌ی‌ كه‌سیان ناگرین‌و هیچمان بۆ ناكرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ كه‌س گوێمان ناداتێ‌‌و حسابمان بۆ ناكات‌و هه‌ر كات به‌ڕێ‌ ده‌كه‌ین".

Sbeiy.com © 2007