Print
 كۆنترۆڵكردنی سنووره‌كان و به‌رگرتن له‌ هاورده‌كردنی شمه‌كی خراپ
Tuesday, July 15, 2008

راپۆرتی: محه‌مه‌د شێخ فاتح

ده‌زگای‌ كوالیتی‌ كۆنترۆڵ‌ بڕیارده‌دات كه‌ له‌كاتی‌ هێنانی‌ هه‌ر كاڵایه‌كدا پێویسته‌ بازرگان مۆڵه‌تی‌ هاورده‌ی‌ هه‌بێت‌و هاورده‌كارانیش پێیانوایه‌ كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ ئه‌ركی‌ بازرگانان قورس ده‌كات، هێنده‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ ئه‌وان‌و هاوڵاتییان مسۆگه‌ر ناكات، سه‌رۆكی‌ ده‌زگاكه‌ش رایگه‌یاند كه‌ مۆڵه‌تی‌ هاورده‌ هیچ ئه‌ركێك ناخاته‌ سه‌ر هاورده‌كارو بازرگانان، به‌ڵكو ئه‌ركه‌كه‌ی‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌زگاكه‌یان.
له‌ قۆناغی‌ یه‌كه‌می‌ ده‌ستبه‌كاربوونیاندا، ده‌زگای‌ كوالیتی‌ كۆنترۆڵ‌ به‌ پشكنینی‌ گۆشتی‌ به‌ستراو‌و خواردنه‌وه‌ گازییه‌كان‌و ئاو ده‌ستپێده‌كات، به‌ وته‌ی‌ د. موئه‌یه‌د، له‌دوای‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ له‌ رووی‌ مه‌ترسیدارییه‌وه‌ خواردن‌و خواردنه‌وه‌كان به‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌م دێن، ناوبراو وتیشی‌: «له‌ 15 ساڵی‌ داهاتوودا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌ رابروودا چه‌ند شتی‌ خراپمان خواردووه‌».

له‌میانه‌ی‌ ئه‌و كۆنفرانسه‌ی‌ كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی‌ سه‌رۆكی‌ ده‌زگای‌ كوالیتی‌ كۆنترۆڵ‌‌و نوێنه‌ره‌كانی‌ مام جه‌لال‌و وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌‌و ته‌ندروستی‌‌و ده‌یان سه‌رمایه‌دارو بازرگانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ كه‌ رۆژی‌ 13ی ته‌مموزی 2008 یه‌كێتی‌ هاورده‌و ناردنكارانی‌ كوردستان له‌ شاری‌ سلێمانی‌ گرێیدا، شێخ مسته‌فا عه‌بدولڕه‌حمان، سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ هاورده‌و ناردنكارانی‌ كوردستان، باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ هه‌رچه‌نده‌ كۆنترۆڵی‌ جۆریی‌‌و مۆڵه‌تی‌ هاورده‌ گه‌شه‌ به‌ بازاڕه‌كانی‌ كوردستان ده‌دات، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌و ده‌زگایه‌ هاوكاریی‌ هاورده‌كاران بكات‌و ئاسانكاریی‌ یاساییان بكات، شێخ مسته‌فا وتیشی‌: «ده‌بێت حكومه‌ت رۆتینیاتی‌ ده‌ره‌كی‌ وه‌لاوه‌ بنێت‌و گرنگیی‌ به‌ بواره‌ جه‌وهه‌رییه‌كان بدات»، لێدوانه‌كانی‌ شێخ مسته‌فا له‌كاتێكدایه‌ كه‌ سه‌رۆكی‌ ده‌زگای‌ كوالیتی‌ كۆنترۆڵ‌ رایگه‌یاند كه‌ ئامانجی‌ ده‌زگاكه‌یان پارێزگاریكردنه‌ له‌ ته‌ندروستیی‌ هاوڵاتییان‌و كارئاسانیكردن بۆ بازرگانان. 

بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر چۆنێتی‌ گواستنه‌وه‌و ئه‌مباركردنی‌ شمه‌ك‌و خوراكدا، یه‌كێك له‌ میكانیزمه‌ پیشكه‌وتووه‌كان كه‌ ئێستا له‌ جیهاندا په‌یڕه‌و ده‌كرێت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت له‌ سه‌رچاوه‌وه‌ ده‌ستبگیرێت به‌سه‌ر كاڵاكاندا، كه‌ له‌ جێبه‌جێنه‌كردنی‌ میكانیزمێكی‌ له‌و جۆره‌دا هه‌م ده‌زگای‌ كوالیتی‌ كۆنترۆڵ‌ زیانی‌ لێده‌كه‌وێت‌و هه‌م بازرگان‌و هاوڵاتییانیش.

 یه‌كێك له‌ هۆكاری‌ كاركردن به‌و سیستمه‌ش «مۆڵه‌تی‌ هاورده‌»یه‌، ده‌زگاكه‌ش بۆ جێبه‌جێكردنی‌ كاره‌كانی‌ پشت ده‌به‌ستێت به‌ ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای‌  پسپۆڕی‌ وه‌ك (ئێس جی‌ ئێس، ترانسكۆنت، ئێلیستیوارت)، كه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهاندا‌و تایبه‌ت به‌ كوالیتی‌ كۆنترۆڵ‌‌و پاڵپشت به‌ 56 هه‌زار كارمه‌ند كارده‌كه‌ن.

كاتێك كه‌ بازرگانێك ده‌یه‌وێت كاڵایه‌ك له‌ كارگه‌یه‌كه‌وه‌ بهێنێت، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ له‌ رێگه‌ی‌ كارمه‌نده‌كانیانه‌وه‌ به‌دواداچوون ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و كارگانه‌، كه‌ ئایا كاڵاكانیان له‌ چی‌ پێكهاتووه‌و  سومعه‌و فرۆشی‌ كاڵاكانی‌ ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ له‌ وڵاته‌كه‌ی‌ خۆیدا له‌ چ ئاستێكدایه‌، پاشان له‌ قۆناغی‌ دووه‌مدا نموونه‌یه‌ك له‌ كاڵای‌ كۆمپانیاكه‌ وه‌رده‌گرێت‌و ده‌نێردرێت بۆ تاقیگه‌، ئه‌وكات خه‌رجیی‌ به‌دواداچوون‌و پشكنینه‌كان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر هاورده‌كارو بازرگان، پاشان بڕوانامه‌ ده‌درێته‌ بازرگانه‌كه‌و مۆڵه‌تی‌ هاورده‌ی‌ پێده‌درێت‌و له‌ هه‌مانكاتدا ژماره‌ی‌ كاڵاكان چه‌ند بن ئه‌وه‌نده‌ش داوای‌ بڕوانامه‌ی‌ لێده‌كرێت. 

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كاڵاكان له‌ كۆمپانیا یان كارگه‌كه‌وه‌ ده‌هێنرێن، ده‌خرێنه‌ بارهه‌ڵگری‌ ساردكه‌ره‌وه‌وه‌‌و مۆری‌ گومرگی هه‌ردوو وڵاته‌كه‌ی‌ لێده‌درێت، كه‌ به‌ وته‌ی‌ د. موئه‌یه‌د عه‌بدولڕه‌حمان، له‌ باركردنه‌وه‌ تا داگرتن باره‌كان به‌ وردیی‌ چاودێریی‌ ده‌كرێن.

ئه‌گه‌رچی‌ هه‌ندێك له‌ بازرگانان گومانیان هه‌یه‌ له‌و بارهه‌ڵگرانه‌ی‌ كه‌ باره‌كان له‌ وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌هێننه‌ كوردستانه‌وه‌و پێیانوایه‌ كه‌ له‌ رێگه‌دا ساردكه‌ره‌وه‌كانیان ده‌كوژێننه‌وه‌، به‌ڵام له‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌واندا سه‌رۆكی‌ ده‌زگای‌ كوالیتی‌ كۆنترۆڵ‌ باسی‌ له‌ به‌كارهێنانی‌ ئامێرێك كرد به‌ناوی‌ «دێتا لۆگه‌ر»، به‌ جۆرێك كه‌ له‌ شوێنی‌ باركردنه‌وه‌ سفر ده‌كرێت‌و به‌رواری‌ له‌سه‌ر داده‌نرێت‌و به‌ر له‌وه‌ی‌ بارهه‌ڵگره‌كه‌ لۆك بكرێت ده‌خرێته‌ ناویه‌وه‌، ناوبراو ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ رێگه‌ هه‌ندێك كرانه‌وه‌و باركردنه‌وه‌ی‌ تێدایه‌، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا ئامێره‌كه‌ ژماره‌ راسته‌كه‌ ده‌دات.

هه‌رچه‌نده‌ كاركردن به‌ سیستمی‌ كوالیتی‌ كۆنترۆڵ‌ له‌ عێراقدا مه‌ركه‌زییه‌، به‌ڵام ئێستا ئه‌و سیستمه‌ كۆنه‌و به‌ بڕوای‌ د. موئه‌ید ناكرێت له‌سه‌ر ئه‌و سیستمه‌ به‌رده‌وام بین، بۆیه‌ ناوبراو ئاشكرایكرد كه‌ سیستمه‌كه‌ی‌ به‌غدا بواری‌ ده‌ستكاریكردنی‌ تێدایه‌‌و ئه‌وه‌شی‌ باسكرد كه‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌غدا رێككه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌و كاڵاو خواردنانه‌ی‌ كه‌ له‌ به‌سره‌ ده‌فرۆشرێت ده‌بێت له‌ كوردستانیش بفرۆشرێن، ئه‌و لێدوانانه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ بریكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانانی‌ عێراق رایگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌ ده‌روازه‌ی‌ به‌سره‌وه‌ به‌ هه‌وانته‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ بێسه‌روبه‌ر مۆڵه‌تی‌ هاورده‌ ده‌ده‌نه‌ هاورده‌كاره‌كان، له‌لایه‌كیتره‌وه‌ پرۆفیسۆر محه‌مه‌د ره‌ئووف، مامۆستای‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌، گومانی‌ هه‌یه‌ له‌ سه‌ركه‌وتنی‌ ئه‌و ده‌زگایه‌، چونكه‌ ئه‌و پێیوایه‌ كه‌ به‌پێی‌ ده‌ستوور ده‌بێت ده‌زگای‌ كوالیتی‌ كۆنترۆڵ‌ سه‌ر به‌ ناوه‌ند بێت، بۆیه‌ له‌ دهاتوودا ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌غدا ده‌زگاكه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌و كار به‌ سیستمێكی‌ جیاوازتر بكات، محه‌مه‌د ره‌ئووف له‌ به‌شێكی‌ تری‌ قسه‌كانیدا باسیشی‌ له‌وه‌كرد كه‌ كوردستان سنووری‌ نییه‌‌و ناتوانرێت سنووره‌كانی‌ كۆنترۆڵ‌ بكرێت، له‌ هه‌مانكاتیشدا ناتوانین ئه‌و شتانه‌ی‌ كه‌ له‌ به‌غداوه‌ دێن بیگێڕینه‌وه‌ بۆ ناوخۆی‌ عێراق، له‌ به‌رامبه‌ر لێدوانه‌كانیدا سه‌رۆكی‌ ده‌زگای‌ كوالیتی‌ كۆنترۆڵ‌ باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ ناتوانن خاڵی‌ سنووریی‌ له‌گه‌ڵ‌ عێراقدا دابنێن، به‌ڵكو چه‌ند خاڵێكی‌ پشكنینیان به‌ناوی‌ «نقاگ التماس» داناوه‌.

نه‌توانینی‌ كۆنترۆڵكردنی‌ سنووره‌كانی‌ كوردستان‌و رێگه‌نه‌دانی‌ حكومه‌تی‌ به‌غدا به‌ دانانی‌ سنوور له‌نێوان كوردستان‌و عێراق له‌لایه‌ك‌و توندكردنه‌وه‌ی‌ وه‌رگرتنی‌ مۆڵه‌تی‌ هاورده‌كردن، بازرگانه‌كان ناچارده‌كات كه‌ له‌ باشووری‌ عێراقه‌وه‌ شمه‌ك‌و خۆراك هاورده‌ بكه‌ن‌و به‌وه‌ش زیانێكی‌ زۆر به‌ ئابووریی‌ كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت. 

ئیسماعیل محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ هاورده‌و ناردن له‌ وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌، باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ ئه‌وان مۆڵه‌تی‌ هاورده‌ به‌ بازرگان ده‌ده‌ن‌و هیچ رسوماتێكیش له‌سه‌ر كاڵاكان دانانێن به‌ جگه‌ره‌و خواردنه‌وه‌كانیشه‌وه‌، به‌ڵام عومه‌ر حسێن كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ سه‌رمایه‌داره‌ به‌ناوبانگه‌كانی‌ شاری‌ سلێمانی‌، باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ 80%ی‌ جگه‌ره‌كانی‌ كوردستان له‌ ورده‌ ته‌ڵاش دروستكراون، بۆیه‌ سه‌رسامه‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌ ره‌سمی‌ له‌سه‌ر جگه‌ره‌ دانه‌ناوه‌، عومه‌ر حسێن ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ پێویسته‌ كوالیتی‌ كۆنترۆڵ‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ چه‌ند دراوی‌ قورس ده‌برێته‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ش بهێنرێته‌ ناوه‌وه‌، ئه‌و سه‌رمایه‌داره‌ له‌میانه‌ی‌ روونكردنه‌وه‌ی‌ قسه‌كانیدا باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ به‌ سه‌دان هه‌زار دۆلار ده‌درێت به‌ چكلێت‌و نه‌سته‌له‌، یان 2 هه‌زارو 400 دۆلار ده‌درێت به‌ یه‌ك ته‌ن زه‌یت، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌ سه‌دان هه‌زار زه‌ویی‌ كشتوكاڵی‌ گونجاو هه‌یه‌ كه‌ ده‌توانرێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌كاربهێنرێت.

 

Sbeiy.com © 2007