Print
 سامان شاڵی: كورد نه‌یتوانیوه‌ له‌ ئه‌مریكا لۆبییه‌كی باش پێكبهێنێت
Tuesday, August 12, 2008

بوونی لۆبی له‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌بێته‌ خاڵی به‌هێزی و گه‌شه‌كردن، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و لۆبییه‌ له‌وڵاتێكی زلهێز و پێشكه‌وتوودابێت و لۆبییه‌كه‌ش خۆی به‌هێز و كاریگه‌ر بێت. وه‌ك بوونی لۆبی جوله‌كه‌ له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، كوردیش به‌هۆی ئه‌و باره‌ جیاوازه‌انه‌ی به‌درێژایی مێژوو پێیدا تێپه‌ڕ بووه‌، به‌رێژه‌یه‌كی دیار ئاواره‌ی وڵاتان بووه‌ و ئێستا له‌زۆرێك له‌ وڵاتانی جیهان به‌تایبه‌ت ئه‌وروپا و وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كورد هه‌ن، به‌ڵام ئایا كورد توانیویه‌تی له‌و وڵاتانه‌ لۆبییه‌كی باش دروست بكات؟ سامان شاڵی یه‌كێكه‌ له‌و رۆشنبیرانه‌ی ساڵانێكه‌ له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ژی و چه‌ند ساڵێكیش سه‌رۆكی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كورد "KNC" بووه‌ له‌ ئه‌مریكای باكور و كه‌نه‌دا، شاڵی له‌م دیمانه‌یه‌دا باس له‌ لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانی لۆبی كورد له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كات.

دیمانه‌ی: سبه‌ی

سبه‌ی: لێره‌ و له‌وێ باس له‌ بوونی لۆبی كورد له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و هه‌وڵه‌كان بۆ به‌هێزكردنی ئه‌و لۆبییه‌ ده‌كرێت، ئایا كورد توانیویه‌تی لۆبییه‌كی تا ئه‌ندازه‌یه‌ك باش له‌ ئه‌مریكا دروست بكات؟
سامان شاڵی: ئێستا لۆبی كورد له‌و ئاسته‌دا نییه‌ كه‌ پێوست ده‌كات تیایدابێت و به‌و جۆره‌ش نییه‌ كه‌ خۆمان ده‌مانه‌وێت. ئه‌مه‌ش هۆكاری زۆری له‌پشته‌وه‌یه‌، جاران حزبه‌كان نوسینگه‌ی خۆیان نه‌بوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نوێنه‌رایه‌تی نه‌بوو، به‌ڵام به‌تایبه‌ت له‌كاتی شه‌ڕی ناوخۆدا كه‌ نوسینگه‌ی ئه‌و حزبانه‌ كرانه‌وه‌ زۆركاریگه‌ریان له‌سه‌ر په‌رته‌وازه‌كردن و لاوازكردنی لۆبی كوردیی هه‌بوو، چونكه‌ هه‌ر لایه‌ك بۆخۆی هه‌وڵی ده‌دا، به‌ڵام ده‌بوو هه‌موومان بۆ كورد هه‌وڵمان بدایه‌.
به‌داخه‌وه‌ له‌و بواره‌دا كزین و ته‌مانتوانیوه‌ ئه‌و كوردانه‌ی له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادان یه‌كیان بخه‌ین و لۆبییه‌كی به‌هێزیان لێ دروست بكه‌ین و په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و له‌نێوانیاندا دروست بكه‌ین.
هه‌رچه‌نده‌ لۆبی به‌ پێی زۆری و كه‌می ژماره‌ی كه‌سه‌كان و تاكه‌كان نییه‌، به‌ڵكو جۆرایه‌تی ئه‌و تاكانه‌ گرنگه‌، ئێمه‌ كوردی باشمان هه‌یه‌ و خه‌ڵكی زانا و لێهاتوو و شاره‌زامان هه‌یه‌ و هه‌وڵده‌ده‌ن و ئیش ده‌كه‌ن، به‌ڵام بڵاو و پچڕپچڕن، ئێمه‌ خۆمان له‌ كۆنگره‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كوردستان "KNC" پار هه‌وڵماندا كۆنگره‌یه‌ك سازبكه‌ین و ئه‌و رێكخرا و و كۆمه‌ڵه‌ و تاكه‌ كوردیانه‌ كۆبكه‌ینه‌وه‌، تا جارێكی تر بتوانین خۆمان رێكبخه‌ینه‌وه‌ و هه‌ماهه‌نگی هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ كار و پشتگیری ده‌وێت و ئه‌و پشتگیرییه‌ش له‌لایه‌ن كورده‌كانی ئه‌مریكاوه‌ زۆر كه‌مه‌.
هه‌رچه‌ندیشه‌ ئه‌مڕۆ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵات و بڕیار به‌ده‌سته‌، به‌ڵام نه‌ هه‌رێمی كوردستان و نه‌ كورد به‌گشتی بایه‌خ به‌ كورده‌كانی ئه‌مریكا ناده‌ن.

سبه‌ی: هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ دروستكردنی لۆبییه‌كی كوردیی به‌هێز له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
سامان شاڵی: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئیشی كردووه‌، ئیشه‌كان بچوكبن یان گه‌وره‌بن ئێمه‌ وه‌ك "KNC" پشتگیری ده‌كه‌ین و ئه‌و كارانه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌مان ده‌به‌ن. پاره‌یه‌كی زۆر سه‌رفكراوه‌ توانراوه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ‌ لۆبییه‌كانی تر و هه‌ندێك له‌ كۆنگرێسمانه‌كان دروست بكرێت.
به‌ڵام ده‌بێت له‌ناو خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین، ده‌بێت بچینه‌ ناو خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆمانه‌وه‌ له‌ ئه‌مریكا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌وانه‌ به‌كاربێنین بۆ به‌دیێنانی ئامانجه‌كانمان، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و لایه‌نه‌ی فه‌رامۆش كردووه‌. هه‌وڵدراوه‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ناو واشنتۆن به‌هێز بكرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ خه‌ڵكه‌كه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ ده‌توانن به‌فیعلی كاریگه‌ری دروست بكه‌ن و له‌گه‌ڵ‌ كۆنگرێس و سینات قسه‌ بكه‌ن.
ده‌بێت تۆڕێكی په‌یوه‌ندی به‌هێز له‌ناو ئه‌و كوردانه‌ دروست بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌و تۆڕه‌ دروست نه‌كراوه‌. هه‌ندێك جار كه‌م كه‌مه‌ سه‌ردانی چه‌ند شوێنێك ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش وه‌ك پێویست نییه‌، چونكه‌ ده‌بێت له‌هه‌موو ولایه‌ته‌كان به‌هێزبین و كه‌سه‌ پسپۆڕ و شاره‌زاكانی كوردیش له‌وێ حه‌زده‌كه‌ن ئیش بكه‌ن و كه‌سی به‌تواناشمان هه‌یه‌، كه‌چی ئه‌وانه‌ی ئه‌مریكا فه‌رامۆش كراون، بڕوانه‌ لێره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین راوێژكار و به‌رپرس هه‌ن كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ هێنراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و پسپۆڕانه‌ی تێدا نییه‌ كه‌ له‌ ئه‌مریكان، نازانم هۆكاری ئه‌وه‌ چییه‌ كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان كورده‌كانی ئه‌مریكا فه‌رامۆش كراون و وه‌ك پێویست بایه‌خ به‌ شاره‌زا و پسپۆڕه‌كانمان له‌وێ ناده‌ن.
راسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵده‌دات بۆخۆی له‌وێ لۆبییه‌ك دروست بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ‌ لۆبییه‌كانی دیكه‌دا هه‌وڵده‌دات، په‌یوه‌ندی كورده‌كانی ئه‌وێ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م لۆبییه‌دا كزه‌ و دابڕاون له‌یه‌كتر. ئه‌وه‌ش خۆی له‌خۆیدا باشه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من ده‌یبینم دابڕاوه‌ له‌گه‌ڵ‌ لۆبییه‌كه‌ی خۆیدا كه‌ كورده‌كانی ئه‌وێیه‌ و هه‌وڵی په‌یوه‌ندی ده‌دات له‌گه‌ڵ‌ لۆبییه‌كانی تردا.

سبه‌ی: لۆبی به‌یه‌ك لایه‌ن یان به‌ توێژێك دروست نابێت، تاكه‌كان، رێكخراوه‌كان، حزبه‌ سیاسییه‌كان چ كاریگه‌ریان له‌ پرۆسه‌ی پێكهێنانی لۆبی كورد له‌ ئه‌مریكا هه‌یه‌؟
سامان شاڵی: پرۆسه‌ی دروستكردنی لۆبی هه‌ماهه‌نگی زۆری ده‌وێت و ته‌نها به‌یه‌ك لایه‌نیش ناكرێت، ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌وڵبده‌ن، خه‌ڵكێكی زۆر هه‌یه‌ به‌پێی پێویست گوێیان لێ نه‌گیراوه‌ و ته‌نسیق له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وانه‌ نییه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ هاوكاری.
ئێستاش به‌داخه‌وه‌ رۆڵی تاك لایه‌نه‌ی حزبه‌كان و كاركردن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان كاریگه‌ری بۆسه‌ر لۆبی كورد له‌ ئه‌مریكا هه‌یه‌، نوێنه‌ر و كادره‌كانیان له‌ ئه‌مریكا له‌هه‌ندێك چالاكیدا ئه‌گه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ و له‌حزبه‌كه‌یانه‌وه‌ رێیان پێنه‌درێت ئه‌وا له‌وێ به‌شداری ناكه‌ن، ئه‌وه‌ زۆر كاریگه‌ری خراپی هه‌یه‌ و هه‌رچه‌نده‌ ئێستا باره‌كه‌ به‌ره‌و باشتر چووه‌ به‌ڵام به‌وجۆره‌ش نییه‌ كه‌ له‌ئاستێكی گونجاودا بێت.
دروستكردنی لۆبی مه‌سه‌له‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ییه‌ و پێویسته‌ له‌و بواره‌دا به‌رژه‌وه‌ندی حزبی لیك نه‌درێته‌وه‌. بۆنموونه‌ ئه‌گه‌ر ئێستا توركیا له‌شكركێشی بكات، حزبه‌كان ناتوانن بچن خۆپیشاندان بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ژێر ناوی رێكخراوێكدابێت ئه‌وا ده‌كرێت خۆپیشاندانه‌ بكرێت، هه‌میشه‌ ده‌وترێت بۆ كورد هیچی نه‌كردووه‌ و بۆ ناتوانێت فشار دروست بكات، مه‌سه‌له‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ماڵه‌كه‌ی له‌ناوخۆدا رێك نییه‌ و له‌ده‌ره‌وه‌ش هه‌ر رێك نییه‌، له‌هیچ شوێنێكدا لێكنزیكبوونه‌وه‌ نییه‌.

سبه‌ی: بایه‌خدان به‌ ریكلام و بانگه‌شه‌ بۆ ناساندنی نه‌ته‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی نیشتمانه‌كه‌ی به‌یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی لۆبی داده‌نرێت، كورد له‌و بواره‌دا چی كردووه‌؟
سامان شاڵی: به‌م دواییانه‌ بۆ ناساندنی كورد و ده‌رخستنی باری پێشكه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌مریكا هه‌ندێك ریكلامی كردووه‌ ، به‌ڵام نابێت به‌ته‌نها لایه‌نه‌ جوانه‌كانی هه‌ندێك شوێنی ئێستا پیشانبده‌ین.
ده‌بوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سیدییه‌كی ئاماده‌ بكردایه‌ دیمه‌نی وێرانكارییه‌كانی پێشووی تێدا بوایه‌ و له‌به‌رامبه‌ریشیدا دیمه‌نی هه‌مان ئه‌و شوێنانه‌ی له‌ ئێستادا تێدا بووایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بمانتوانیایه‌ به‌ ئه‌مریكییه‌كان بڵێین ئێمه‌ی كورد توانیومانه‌ ئه‌و وێرانكارییه‌ بگۆڕین بۆ ئه‌م ئاوه‌دانی و پێشكه‌وتنه‌. له‌كوێوه‌ بۆكوێ هاتووین.
ده‌بێت هه‌نگاوه‌كانمان بخه‌ینه‌ڕوو، به‌راوردبكه‌ین له‌رووی ئابوری و ته‌ندروستی و رۆشنبیری و دیموكراسییه‌وه‌.
هێشتا له‌ورووه‌شه‌وه‌ ماومانه‌، به‌ڵام به‌ره‌وباشی ده‌ڕوات و ده‌بێت هه‌وڵی زیاتر بده‌ین. كێشه‌ی ئێمه‌ هه‌میشه‌ ئه‌وه‌یه‌ ره‌خنه‌ ده‌گرین و پێشنیازمان نییه‌. ده‌بێ له‌م روه‌شه‌وه‌ پێشنیازی گرنگ و بابه‌تیانه‌ بخه‌ینه‌ڕوو.

سبه‌ی: له‌چاو تورك و عه‌ره‌بدا، لۆبی كورد له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ چ ئاستێكدایه‌؟
سامان شاڵی: لۆبی كورد له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌چاو لۆبی تورك و عه‌ره‌بدا ئاستێكی زۆر نزمی هه‌یه‌ و توانایه‌كی زۆر كه‌میشی هه‌یه‌ و زۆر لاوازه‌، ئه‌وان له‌كورد به‌هێزترن، چونكه‌ ئه‌وان چه‌ندین ده‌وڵه‌تیان له‌پشته‌ و پشتگیرییه‌كی باش ده‌كرێن، ئه‌وان كۆنتریشن، خه‌ڵكی زۆرتریشیان هه‌یه‌.
ئێمه‌ كه‌مین و وه‌ك كه‌میشین بووینه‌ته‌ چه‌ند به‌شێكی دابڕاو له‌یه‌كتر، ئه‌وه‌ش كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، لۆبی توركی زۆر به‌هێزه‌، ئێمه‌ ده‌بێت په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وانیش باش بێت له‌پێناو ئه‌وه‌ی توانای خۆمان زیاد بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ملاو ئه‌ولا وه‌ك رێكخراو و وه‌ك تاك كردوومانه‌ ده‌بێت بێین كۆی بكه‌ینه‌وه‌ و به‌ هه‌ماهه‌نگییه‌ك یه‌كیان بخه‌ین.
بۆنموونه‌ ده‌توانین له‌چه‌ند شوێنێك خۆپیشاندان بكه‌ین، به‌ڵام كاتێك كاریگه‌ری ده‌بێت كه‌ یه‌كیان بخه‌ین و به‌رده‌وامیشی پێبده‌ین.

سبه‌ی: به‌هێزبوونی لۆبی تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر په‌یوه‌سته‌ به‌ پشتگیری دارایی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان بۆ پرۆژه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، ئایا ده‌وڵه‌مه‌ند و پاره‌داره‌كانی كورد تا چه‌ند له‌ورووه‌وه‌ هاوكارن؟
سامان شاڵی: له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا خه‌ڵكه‌كه‌ یان ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان به‌پێی توانای خۆیان پشتگیری پرۆژه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌كه‌ن، بۆنموونه‌ ئه‌وانه‌ی توانایان هه‌یه‌ هاوكاری "KNC" ده‌كه‌ن، له‌كاتی پێویستدا پاره‌ ده‌ده‌ن.
له‌وبوارانه‌ی ئێستا ئێمه‌ وه‌ك كۆنگره‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كوردستان كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی چه‌كی كیمیاویان فرۆشتووه‌ به‌ سه‌دام بیانده‌ینه‌ دادگا، كۆمپانیایه‌كی پارێزه‌ریی ئه‌مریكی "كۆمپانیای مكیڵن" كه‌ پێشتر له‌ دادگا دۆسێی هۆڵۆكۆستی جوله‌كه‌یان بردۆته‌وه‌ به‌ڵێنیان داوه‌ پشتگیری ئێمه‌ بكه‌ن و كار له‌سه‌ر ئه‌و دۆسێیه‌ی ئێمه‌ش بكه‌ن و پرۆژه‌شمان داوه‌ته‌ په‌رله‌مانی كوردستان تا پشتگیریمان بكه‌ن.
چونكه‌ تا ئێستا حكومه‌ت و په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامیان نه‌داوینه‌ته‌وه‌ كه‌ ئایا پشگیریمان ده‌كه‌ن یان نا، ئێمه‌ له‌وێ له‌هه‌وڵداین بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌، چونكه‌ ناتوانین چاوه‌ڕێ بكه‌ین ئه‌گه‌ریش دواتر بڕیاری هاوكاریكردنیان دا ئه‌وه‌ پێكه‌وه‌ زیاتر مه‌سه‌له‌كه‌ ده‌به‌ینه‌ پێشه‌وه‌.
به‌داخه‌وه‌، زۆر به‌داخه‌وه‌ پاره‌دار و بازرگان و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی ناو هه‌رێمی كوردستان به‌هیچ جۆرێك ئاماده‌نه‌بوون هاوكاری پرۆژه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بۆ لۆبی كورد له‌ ئه‌مریكا بكه‌ن. تا ئێستا هیچ هاوكاریان نه‌كردووین، جوله‌كه‌ نموونه‌یه‌ و پێویسته‌ چاو له‌وان بكه‌ین. كورده‌كانی باكور زیاتر به‌په‌رۆشترن و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانیان پاره‌ ده‌ده‌ن و ئه‌وان توانایان زیاتره‌، ئه‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێن ئێمه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانمان هه‌یه‌ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و با ئه‌و پاره‌ بدات، به‌ڵام ئه‌وه‌ وا نابێت، پرۆسه‌ی دروستكردنی لۆبی  توانای دارایی زۆری پێویسته‌، ده‌بێت هه‌موومان كاربكه‌ین، ئه‌م حكومه‌ته‌ هه‌ر موچه‌ خواردویه‌تی و داهاته‌كه‌ی له‌ لۆبیدا سه‌رف ناكرێت.

سبه‌ی: لۆبی كورد تاچه‌ند كاری كردووه‌ بۆ په‌یداكردنی پشتگیری بۆ مادده‌ی 140 و شه‌رعیه‌تدانی نێوده‌وڵه‌تی به‌و مادده‌یه‌؟
سامان شاڵی: به‌داخه‌وه‌ به‌پێی پێویست له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ كار بۆ دروستكردنی پشتگیری بۆ مادده‌ی 140 نه‌كراوه‌، له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا هه‌وڵێكی ئه‌وتۆ به‌دی ناكرێت و نه‌كراوه‌، ئێمه‌ له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و به‌تایبه‌ت له‌ واشنتن هه‌وڵێكمان داوه‌، ئنستتیوتی كورد له‌ واشنتۆن كه‌ د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم سه‌رۆكییه‌تی له‌گه‌ڵ‌ كۆنگره‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كوردستان و زانكۆی په‌نسلڤینیا له‌مانگی ئایاری ئه‌مساڵدا كۆنگره‌یه‌كمان ده‌رباره‌ی "مادده‌ی 140 و ئاینده‌ی عیراق" له‌ هۆڵی كۆنگرێسی ئه‌مریكا سازكرد، له‌و كۆنگره‌یه‌دا كه‌سانی پسپۆڕ به‌شدارییان كرد وه‌ك پیته‌ر گالبرس و برادی ئۆنیل و كه‌سانی دیكه‌ش.
پێنج ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كه‌ركوكیشمان داوه‌ت كرد، توركمانێك و كلدۆئاشورییه‌ك و عه‌ره‌بێك و دوو كورد، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ڤیزایان پێنه‌دان و هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵماندا نه‌مانتوانی ڤیزایان بۆ وه‌ربگرین.
كاركردن له‌سه‌ر مادده‌ی 140هه‌ماهه‌نگییه‌كی باشی ده‌وێت و كاری هه‌موو كوردێكه‌ و مه‌سه‌له‌یه‌كی نه‌ته‌وایه‌تییه‌، كورده‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ش به‌په‌رۆشن بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و مادده‌یه‌، سه‌ركردایه‌تی حزبه‌ كوردییه‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ش به‌په‌رۆشن بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌كه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ به‌گشتی پلانێكمان نییه‌ و هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان كورده‌كانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا بۆ پشتگیریكردن له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و مادده‌یه‌ نییه‌.
ئه‌وه‌مان به‌توانای خۆمان كردووه‌، هه‌ڵبه‌ت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌بێت له‌و رووه‌وه‌ رۆڵی هه‌بێت، به‌ڵام وه‌ك سازكردنی كۆنگره‌ی گه‌وره‌ له‌ ئه‌مریكا له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌سه‌ر مادده‌ی 140، ئه‌وه‌ شتی وامان نه‌بینیوه‌، به‌داخه‌وه‌ كوردی ئه‌وروپاش هه‌مووی نوستوون، پێویسته‌ له‌هه‌موولایه‌كمانه‌وه‌ فشار دروست بكه‌ین. به‌داخه‌وه‌ له‌ناو هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌و هه‌وڵه‌ به‌دی ناكرێت. خه‌ڵكه‌كه‌ له‌مه‌سه‌له‌ چاره‌نوسسازه‌كان دابڕاون. ناكۆكی حزبه‌كانیش كێشه‌ی دروست كردووه‌.

سبه‌ی: چ بكرێت بۆ به‌هێزكردنی لۆبی كورد له‌ ئه‌مریكا و بۆ كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ كوردییه‌ جیاوازه‌كانی ئه‌وێ؟
سامان شاڵی: خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌ره‌وه‌ و كوردی ئه‌مریكا ئاماده‌ن بۆ به‌شداریكردن، ده‌بێت نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌وێ له‌گه‌ڵ‌ رێكخراوه‌ كوردییه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌ پسپۆڕه‌كان دانیشێت و پلان دابنیت بۆ هه‌ماهه‌نگیكردن و لێكنزیكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان.
ده‌بێت له‌مه‌سه‌له‌ چاره‌نوسسازه‌كاندا كاری باش بكرێت، ده‌بێت بایه‌خ به‌هه‌موو ویلایه‌ته‌كان بدرێت، نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌نها بایه‌خ به‌ واشنتن ده‌دات، پێویسته‌ وه‌فدی په‌رله‌مانتارانی كوردستان بێنه‌ ئه‌وێ و له‌وێ خه‌ڵكه‌كه‌ كۆبكه‌نه‌وه‌ و قسه‌یان بۆ بكه‌ن، كه‌ سه‌ركرده‌كان هاتنه‌ ئه‌وێ به‌ویلایه‌ته‌كاندا بگه‌ڕێن و كورده‌كان ببینن. ئه‌مریكا ته‌نها واشنتن نییه‌.
به‌داخه‌وه‌ له‌م لایه‌نه‌شه‌وه‌ لاوازین و پێویسته‌ به‌هه‌موومان خۆمان به‌هێز بكه‌ین و ده‌بێت سه‌ره‌تا له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین و لێره‌وه‌ هه‌وڵه‌كان یه‌كبخه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی لۆبی كورد له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌هێز بكه‌ین.

 

 

Sbeiy.com © 2007