Print
 سه‌رۆكی‌ پژاك:
هاوكاریی‌ ئه‌مریكا بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانمان قبوڵده‌كه‌ین
Tuesday, September 11, 2007

 
قه‌ندیل 
فه‌رمان عه‌بدولره‌حمان / سیروان ره‌شید

له‌ دوای‌ ساڵی‌  2004 ه‌وه‌ پژاك وه‌ك رێكخراوێكی‌ نه‌یاری‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران به‌ بیروباوه‌ڕێكی‌ هاوته‌ریب به‌ سیاسه‌تی‌ په‌كه‌كه‌ ده‌ركه‌وتن و ده‌ستیان به‌ خه‌باتی‌ چه‌كداریی‌ كردووه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كی‌ كورتدا توانیان له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوچه‌كه‌ بناسرێن، ئێستا ئێران له‌ دوای‌ موجاهیدینی‌ خه‌لق، ئه‌و رێكخراوه‌ به‌ سه‌رسه‌خترین نه‌یاری‌ خۆی‌ ده‌زانێت. به‌ درێژایی‌ مانگی‌ رابردووش سنووره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ تۆپبارانكرد به‌ بیانووی‌ بوونی‌ چه‌كدارانی‌ پژاك له‌ناوچه‌كه‌دا، سایتی‌ (سبه‌ی‌) له‌ سه‌ردانێكی تایبه‌تیدا بۆ قه‌ندیل ده‌رفه‌تی‌ بینینی‌ حاجی‌ عه‌بدولره‌حمان ئه‌حمه‌دی‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ ژیانی ئازادی ‌ كوردستان "پژاك"ی‌ بۆ ره‌خسا و له‌نزیكه‌وه‌ ئه‌م گفتوگۆیه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا ئه‌نجامدا.

 

* هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ توركیا بۆ لێدانی‌ په‌كه‌كه‌ و له‌شكركێشی‌ بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان تائێستاش ئه‌گه‌رێكی‌ كراوه‌یه‌، له‌و لاشه‌وه‌ ئیران تۆپبارانی‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كات، ئێوه‌ چۆن خۆتان بۆ ئه‌م ئه‌گه‌ر و پێشهاتانه‌ ئاماده‌كردووه‌؟
-حاجی‌ ئه‌حمه‌دی‌: ئه‌وه‌ی‌ كه‌ بابه‌تی‌ گشتییه‌ كه‌م تا زۆر ئێمه‌ لێی‌ ئاگادارین و ده‌توانین قسه‌ی‌ له‌سه‌ر بكه‌ین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ وه‌كو پژاك چ هه‌ڵوێستێكمان هه‌یه‌، به‌ بیروباوه‌ڕی‌ من ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ته‌نها مه‌سه‌له‌ی‌ په‌كه‌كه‌ و پژاك نییه‌ و ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ته‌نها به‌سه‌ر په‌كه‌كه‌ و "پژاك"دا ساغبكه‌ینه‌وه‌ ئه‌وه‌ بچووككردنه‌وه‌ی‌ مه‌سه‌له‌كه‌یه‌، مه‌سه‌له‌ی‌ توركیا و ئێران به‌ ته‌نها مه‌سه‌له‌ی‌ ئێمه‌ نییه‌، مه‌سه‌له‌ی‌ كورده‌، یاشار بیوك ئانیت سه‌رۆكی‌ سوپای‌ تورك، كه‌ باسی‌ په‌كه‌كه‌ و پژاك ده‌كات وه‌ك مه‌سه‌له‌ی‌ گشتیی‌ كورد لێی ده‌ڕوانێت، به‌ڵام له‌په‌كه‌كه‌دا قۆرخی‌ ده‌كه‌ن، ئه‌گینا ئه‌وان حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ باشوور به‌ته‌واوی‌ ناناسن و نایانه‌وێت باسی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بكه‌ن، نایانه‌وێت ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكی‌ عیراق كه‌ كورده‌ وتوێژی‌ له‌گه‌ڵ‌ بكه‌ن، ئه‌وان مه‌سه‌له‌ی‌ كوردیان قبوڵنییه‌ و به‌ڕاشكاوی‌ ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر كورد چادرێك له‌ ئه‌فریقا هه‌ڵبدات ده‌چین بۆردوومانی‌ ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ یانی‌ چی‌؟
 
* كه‌واته‌ توركیا ده‌یه‌وێت په‌كه‌كه‌ بكاته‌ بیانویه‌ك و ئێرانیش ئێوه‌ بكاته‌ بیانوو بۆ ده‌ستوه‌ردان له‌ بارودۆخی‌ گشتیی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و مه‌سه‌له‌ی‌ كه‌ركوكیش؟
-حاجی‌ ئه‌حمه‌دی‌: مه‌سه‌له‌ی‌ په‌كه‌كه‌ بۆ حكومه‌تی‌ توركیا له‌ باری‌ نیزامییه‌وه‌ هێزێكی‌ به‌هێز و گه‌وه‌ره‌یه‌ و ده‌توانین بڵێین ئه‌مڕۆ له‌ چوارچێوه‌ی‌ كوردستان و خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا په‌كه‌كه‌ گه‌وره‌ترین هێزی‌ نیزامییه‌، خه‌ته‌ری‌ له‌نێو توركیا هه‌یه‌ و توركیاش ئه‌مه‌ باش ده‌زانێت و ده‌وڵه‌تی‌ توركیا ده‌یه‌وێت پێ‌ به‌ پێ‌ بێت، له‌پێشدا په‌كه‌كه‌ له‌ ناوبه‌رێت دواتر  مه‌سه‌له‌ی‌ كه‌ركوك بقۆزێته‌وه‌ و دواتریش حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ناوبه‌رێت، ئێرانیش به‌ هه‌مان شێوه‌، پێم سه‌یره‌ هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌ كورده‌كان باس له‌ دۆستایه‌تی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو وڵاته‌دا ده‌كه‌ن.

*ئێوه‌ وه‌ك پژاك په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ‌ حزبه‌ كوردستانییه‌كانی‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌ت یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی‌ دیموكراتی كوردستان چۆنه‌؟
-حاجی‌ ئه‌حمه‌دی‌: ئێمه‌ كه‌ حزبێكین بڕیارمانداوه‌ له‌سه‌ر خۆپاراستنی‌ ره‌وا له‌گه‌ڵ‌ گه‌لی‌ خۆمان بین و نه‌مانویستووه‌ گیروگرفت بۆ باشووری‌ كوردستان دروستبكه‌ین، ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ی‌ باشووری‌ كوردستان كه‌ هه‌یه‌، پێموانییه‌ وه‌ك شه‌خسی‌ خۆم له‌ هیچ كه‌سێكی‌ تر خه‌باتم كه‌متر كردبێت بۆ ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌، من 43 ساڵه‌ سیاسه‌ت ده‌كه‌م، به‌شێكی‌ زۆری‌ خه‌باتم بۆ باشووری‌ كوردستان كردووه‌، هه‌موو سه‌ركرده‌كانی‌ باشوور من ده‌ناسن و به‌ واجبی‌ خۆمانی‌ ده‌زانین به‌رگری‌ له‌ ده‌ستكه‌وتی‌ باشووری‌ كوردستان بكه‌ین و ده‌بێت وه‌ك چاوی‌ خۆمان بیپارێزین و ئه‌گه‌ر له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانیش بێده‌نگ بین دیسان خیانه‌تمان كردووه‌.
* جیاوازی‌ ئێوه‌ی‌ حزبێكی‌ چه‌كدار له‌گه‌ڵ‌ دیموكرات و كۆمه‌ڵه‌ و حزبه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستانی ئێران چییه‌ كه‌ مێژوویه‌كی‌ كورتتان له‌ چاو ئه‌واندا هه‌یه‌؟
_حاجی‌ ئه‌حمه‌دی‌: من پێموایه‌ ئه‌ساسه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ وڵاتین و شه‌ڕی‌ چه‌كداری‌ ناكه‌ین، ئێمه‌ خۆمان ده‌پارێزین، به‌ڵام له‌باره‌ی‌ ئایدۆلۆژیاوه‌ ئێمه‌ جیاوازیمان هه‌یه‌.

*ئایدۆلۆژیای‌ ئێوه‌ چییه‌؟
_حاجی‌ ئه‌حمه‌دی‌: ئایدۆلۆژیای‌ ئێمه‌ ئێستا ئه‌وه‌یه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی‌ كورد هه‌ر له‌كوردستاندا نابینین، ئێمه‌ كێشه‌ی‌ كورد به‌ كێشه‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌زانین، من پێموایه‌ ئه‌گه‌ر بتوانین خۆرهه‌ڵاتی كوردستان ئازاد بكه‌ین ناتوانین سه‌قامگیربین ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا به‌ ته‌واوی‌ چاره‌سه‌ر نه‌كه‌ین، شیكاری‌ ئێمه‌ كۆنفیدراڵیزمی‌ دیموكراتییه‌.

*ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا داواتان لێبكات بۆ لێدان و رووخانی‌ ئێران ئێوه‌ ئه‌و هاوكارییه‌تان قبوڵه‌؟ ئایا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كتان له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مریكا هه‌یه‌؟
_حاجی‌ ئه‌حمه‌دی‌: ئه‌و پرسیاره‌ زۆر له‌ من كراوه‌، ئێمه‌ زه‌مانی‌ شای‌ ئێران كه‌ نۆكه‌ری‌ سه‌د له‌سه‌دی‌ ئه‌مریكا بووه‌، شه‌ڕی‌ شامان كردووه‌، كۆماری ئیسلامی‌ دوژمنی‌ ئه‌مریكایه‌، ئێستا ئێمه‌ شه‌ڕی‌ ئه‌و ده‌كه‌ین، شه‌ڕی‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر حیسابی‌ ئه‌مریكا نییه‌، ئه‌گه‌ر نموونه‌ به‌وه‌ بهێنینه‌وه‌ كورد كه‌وتۆته‌ چه‌مێكه‌وه‌ خه‌ریكه‌ بخنكێت و وه‌ختێك كه‌سێك دێت خه‌ریكه‌ رزگارت بكات، ئایا تۆ ده‌پرسیت تۆ كێی‌ و بكوژیت و چی‌ و چیت؟ ئێمه‌ش واین و ئه‌و حكومه‌تانه‌ كه‌ داگیریان كردووین، مافی شه‌رعی‌ خۆمانه‌. هه‌ركه‌سێك ده‌ستی‌ یارمه‌تیمان بۆ درێژ بكات ناڵێین چ كاره‌یت.
 
*كه‌واته‌ باوه‌ڕتان به‌ هاوكاریی‌ ئه‌مریكا هه‌یه‌؟
_حاجی‌ ئه‌حمه‌دی‌: هه‌ر كه‌سێك و شتێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان بێت ده‌ڵێین ئا، به‌ڵام به‌ زه‌ره‌ر ته‌واو بێت نایكه‌ین.

* ئێستا په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مریكا هه‌یه‌؟
_حاجی‌ ئه‌حمه‌دی‌: هه‌یه‌ و نییه‌.

* ئێوه‌ دژی‌ ئه‌نسار ئیسلامن كه‌ ده‌ڵێن له‌ئێرانه‌وه‌ هاوكاریی‌ ده‌كرێن؟
_ئێمه‌ به‌ واجبی‌ خۆمانی‌ ده‌زانین هه‌رشتێك كه‌ مه‌ترسیبێت له‌سه‌ر ئه‌زموونی‌ باشووری‌ كوردستان شه‌ڕی‌ له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر به‌ نموونه‌ باسی‌ قه‌ندیل بكه‌ین، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ لێره‌ نه‌بین ئه‌وه‌ ئه‌نسار ئیسلام بێنه‌ قه‌ندیل وه‌زعی‌ باشوور  وه‌ها به‌ باشی‌ ده‌مێنێته‌وه‌، كه‌ كۆماری ئیسلامی‌ سه‌د له‌سه‌د هاوكارییان ده‌كات؟، ئێمه‌ دیوارێكی‌ گه‌وره‌ین له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌دا بۆ پاراستنی‌ باشووری‌ كوردستان.

* ئێوه‌ وه‌ك و پژاك كه‌ دیاره‌ خۆتان به‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ده‌زانن، ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ داوا له‌ ئێوه‌ بكات بۆ هاوكاریكردنیان له‌ دژی‌ توركیا ئێوه‌ ئاماده‌ن شه‌ڕ له‌ دژی‌ توركیا بكه‌ن؟
_حاجی‌ ئه‌حمه‌دی‌: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ‌ په‌كه‌كه‌ خاوه‌نی‌ یه‌ك ئایدۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه‌ی‌ خه‌باتین و دوو حزبی‌ براین و هاوكاریمان هه‌یه‌ پێكه‌وه‌، هه‌ر وه‌خت بزانین خه‌ته‌ریان له‌سه‌ر زیادده‌بێت، ئاماده‌ین بچینه‌ به‌ره‌ی ئه‌وانه‌وه‌ و ئه‌وانیش بۆ ئێمه‌ وان و ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌م له‌ یه‌كێتی‌ و پارتیش هه‌یه‌.

*خه‌ڵكێك هه‌یه‌ پێیانوایه‌ كه‌ ئێوه‌ په‌كه‌كه‌ دروستیكردوون و لقێكی په‌كه‌كه‌ن؟

_  حاجی‌ ئه‌حمه‌دی‌: ئه‌وه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ نییه‌، ئه‌وه‌ چه‌ند گروپێكن، هه‌ندێكیان به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێن كۆماری ئیسلامی‌ دروستیكردوون، كۆماری ئیسلامیش ده‌ڵێن ئێوه‌ ئیسرائیل و ئه‌مریكا دروستیكردوون، جا وه‌ره‌ بۆ خۆت قه‌زاواتی بكه‌، هه‌ندێك حزبی‌ كوردیش ده‌ڵین پژاك ئێران دروستیكردووه‌، راستییه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ په‌كه‌كه‌ ئێمه‌ی‌ دروست نه‌كردووه‌، به‌ڵام یارمه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ داوه‌ بۆ دروستبوونی‌ ئێمه‌، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك یارمه‌تی‌ داوین.

*ژماره‌ی‌ چه‌كداره‌كانتان چه‌نده‌؟
_حاجی‌ ئه‌حمه‌دی‌: ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ 500 چه‌كدارمان هه‌بووه‌ كه‌ ده‌ستمان به‌ دروستكردنی‌ حزب كرد، ئه‌وه‌نده‌ت عه‌رز ده‌كه‌م ئێمه‌ له‌ زۆر شوێنی‌ خۆرهه‌لاتی كوردستان ئاماده‌ییمان هه‌یه‌، ئێستا ژماره‌ی‌ چه‌كداره‌كانیشمان له‌ سنووری‌ 3000 چه‌كداره‌.

*مێژووی‌ دروستبوونی‌ پژاك بۆكه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟
-حاجی‌ ئه‌حمه‌دی‌: زۆرجار باسمكردووه‌ مێژووی‌ دروستبوونی‌ پژاك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ 4 ساڵ واته‌ له‌ ساڵی‌  2004دا دروستبووه‌، ئه‌مه‌ وه‌كو ناوی‌ پژاك، كه‌ دوو كۆنگره‌ی‌ گرتووه‌، به‌ڵام له‌ڕاستیدا پێكهاته‌ی‌ ئه‌و بیروبۆچوونه‌ بڕێك له‌ مێژتره‌، زۆر له‌ پێش ئه‌و مێژووه‌ رووناكبیرانی‌ كورد له‌ فكری‌ ئه‌وه‌ كه‌وتن كه‌ ئێمه‌ چی‌ بكه‌ین، هاتن رێی‌ شاخیان گرته‌به‌ر و له‌ شاخیش تووشی‌ هه‌ڤاڵانی‌ په‌كه‌كه‌ بووین و ئه‌وانیش له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌ دۆستایه‌تیان زۆر باشبوو له‌گه‌ڵ‌ ئێراندا، چونكه‌ توركیا و ئێران موشكیله‌یان هه‌بوو، ئێمه‌ش سوودمان له‌و هه‌له‌ وه‌رگرت و توانیمان رووناكبیر و سیاسه‌تمه‌داری‌ كورد زیندووبكه‌ینه‌وه‌ و هاتینه‌ شاخ و له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڤاڵانی‌ په‌كه‌كه‌ ماینه‌وه‌ و شه‌ڕمان كرد، ئیتر گه‌یشتینه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی‌ وتمان: با ئێمه‌ حزب دروستكه‌ین و ده‌توانین، وه‌ختێك كه‌ كۆنگره‌ی‌ یه‌ك گیرا، منیش له‌ ئه‌وروپا گه‌ڕامه‌وه‌ و پێشئه‌وه‌ی‌ كه‌ كۆنگره‌ ببه‌سترێت كۆنفرانس گیرا، وتیان ئه‌گه‌ر ببینه‌ حزب ده‌بێت خۆمان له‌ بابی‌ نیزامیشه‌وه‌ ئاماده‌ بكه‌ین، ئه‌گه‌ر ببینه‌ حزب و له‌ بابی‌ نیزامیشه‌وه‌ توانیمان خۆمان دروستبكه‌ین، ئه‌وه‌ پێویسته‌ سه‌ره‌تای‌ خه‌باتێكی‌ تر رابگه‌یه‌نین، ئیتر هاتین كۆنگره‌یه‌كمان پێكهێنا و نزیكه‌ی‌ 210 كه‌س ئاماده‌بوو له‌ وڵات و له‌ده‌ره‌وه‌ كۆنگره‌مان پێكهێنا و ئه‌م حزبه‌ به‌ناوی‌ پژاك دروستبوو، ئێمه‌ش رێگایه‌كی‌ ئاسانمان هه‌ڵنه‌بژارد، رێگایه‌كی‌ گرانمان هه‌ڵبژارد، رێگای‌ به‌ربه‌ره‌كانی‌ و چوونه‌ ناو خه‌ڵك.

 *چۆن له‌ماوه‌ی‌ ئه‌و دوو ساڵه‌دا ئه‌و ناوبانگه‌ گه‌وره‌یه‌ به‌سه‌ر پژاكدا بڕا، ناوبانگتان له‌سه‌ر خه‌باتی‌ خۆتان دروستكرد؟
_زۆر ئاسانه‌، ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ رێگایه‌كی‌ ئاسانمان ده‌ستنه‌دایه‌ و رێگایه‌كی‌ سه‌ختمان گرته‌ده‌ست و گه‌وره‌ترین شه‌هیدمان داوه‌، له‌ شه‌ڕی‌ پارتیزانیدا دوو سه‌ركه‌وتن هه‌یه‌، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زه‌ربه‌ له‌ دوژمن بده‌یت، یه‌كێكیشیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناهێڵیت دوژمن زه‌ربه‌ت لێبدات و ئه‌وه‌ش سه‌ركه‌وتنه‌، ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌ زه‌ربه‌لێدان زۆر سه‌ركه‌وتووبووین، بۆیه‌ وا به‌گه‌وره‌یی‌ ناومان ده‌ركرد. له‌ پاش 15 ساڵ‌ بێده‌نگی‌، باوه‌ڕتان هه‌بێت جاری‌ وا هه‌بووه‌ 40 بۆ 50 پاسدارمان كوشتووه‌ و نه‌مانویستووه‌ رایبگه‌یه‌نین و به‌ پێنج شه‌شێكمان له‌ قه‌ڵه‌م داوه‌ و نه‌مان ده‌وێرا گه‌وره‌ی‌ بكه‌ین، مانگێك له‌مه‌وپێش كۆپته‌رێكمان به‌ردایه‌وه‌ و گوتمان 17 پاسدار كوژراوه‌، خه‌به‌ری‌ ده‌قیقت بده‌مێ‌ له‌ دوو گونددا خه‌به‌ر به‌ ئێمه‌گه‌یشتووه‌ زیاتر له‌ 100 بۆ110 كوژراویان هێناوه‌ته‌ ئه‌و گوندانه‌ و سه‌ر له‌شكر و سه‌رتیپ و سه‌رهه‌نگی‌ تیابووه‌ و 14 كه‌سی‌ باڵای‌ تیابووه‌.

 

Sbeiy.com © 2007