Print
 خه‌ونی‌ كورد و رێكه‌وتنه‌ ئه‌منییه‌كه‌ی‌ عێراق - ئه‌مه‌ریكا
Thursday, August 14, 2008

 

راپۆرتی: هێمن لهۆنی‌
له‌گه‌ڵ مشت و مڕه‌ گه‌رمه‌كانی‌ كاندیده‌كانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ باره‌ی‌ داهاتووی‌ سه‌ربازه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، ئیداره‌ی‌ جۆرج بۆش خه‌ریكی‌ مۆركردنی‌ رێكه‌وتنێكه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ نوری‌ مالیكی‌ له‌ باره‌ی‌ رێكخستنی‌ یاسایی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق كه‌ به‌  رێكه‌وتنی‌ سۆفا(Status Of Forces Agreement) ناسراوه‌.
ستیڤن بیدڵ راوێژكاری‌ سه‌ربازی‌ كۆنگرێس و دامه‌زراوه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئایا ئیداره‌ی‌ بۆش ده‌توانێت له‌ كۆتای رۆژه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتیدا ئه‌م جۆره‌ رێكه‌وتنه‌ ئیمزا بكات تایبه‌ت به‌ رۆژنامه‌ی‌ "رۆژنامه‌‌"ی راگه‌یاند: "سه‌رۆك بۆش ناتوانێت هیچ رێكه‌وتنێك ئیمزابكات كه‌ جێگره‌وه‌كانی‌ پابه‌ند بكات پێی‌ ته‌نها له‌ حاڵه‌تی‌ په‌یمان دانه‌بێت. په‌یمان به‌ستنیش ده‌بێت له‌ ژێر ده‌ستوری‌ ئه‌مریكدا بێت و  هیچ په‌یمانێكیش به‌ بێ‌ ره‌زامه‌ندی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پیران(سێنێت) ئه‌نجام نادرێت. ئه‌نجومه‌نی‌ پیرانیش هیچ په‌یمانێك په‌سه‌ند ناكات له‌ باره‌ی‌ عێراقه‌وه‌ كه‌ ببێته‌ هۆی‌ ده‌ستگرتنی‌ جێگره‌وه‌كانی‌ سه‌رۆك بۆش".

سیناتۆر جۆزێف بایدنیش له‌ به‌رده‌م كۆنگرێس داوای‌ ئه‌وه‌ كرد كه‌ نه‌هێڵرێت سه‌رۆك بۆش بێگه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ پیران رێكه‌وتن له‌ گه‌ڵ عێراق ئیمزا بكات.

ئێستا وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا خاوه‌نی‌ زیاتر له‌ 150 رێكه‌وتنی‌ سۆفایه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری‌ جیهان، رێكه‌وتنی‌ سۆفا گرنگی‌ بۆ ئه‌مه‌ریكا له‌وه‌دایه‌ كه‌ چوارچێوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ بۆ مانه‌وه‌ی‌ سه‌ربازه‌كان له‌ عێراق دیاریده‌كات.

نوام چۆمسكی‌ له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ پرێس تیڤی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌وا رێكه‌وتنی‌ سۆفا له‌ نێوان ئه‌مه‌ریكا و عێراق له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ مالیكی‌ و بۆش له‌مانگی‌ 11ی7‌200له ‌كۆشكی‌ سپی‌ ئیمزاكراوه‌ كه‌ به‌ "راگه‌یاندنی‌ بنه‌ماكان" كۆتای‌ هات.

به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ راوێژكار و پسپۆره‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: "سه‌رۆك بۆش و سه‌رۆك وه‌زیران نوری‌ مالیكی‌ له‌ چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ بنه‌ڕه‌تیدا بیروڕای‌ جیاوازیان هه‌یه‌ به‌ تایبه‌تی‌ له‌ باره‌ی‌ خشته‌ی‌ زه‌مه‌نی‌. مشتومره‌كان له‌ عێراق ئه‌و سنورانه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ كۆشكی‌ سپی‌  بریوه‌".

به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ واقیعی‌ سیاسی‌ عێراق سیاسیه‌ عێراقیه‌كان بێجگه‌ له‌ كورده‌كان به‌ یه‌كگرتویی‌ دژی‌ خاڵه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ ئه‌م رێكه‌وتنه‌ وه‌ستانه‌وه‌.

هه‌ندێك له‌ پسپۆرانی‌ سیاسی‌ ئه‌م ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ عێراقیه‌كان بۆ ئه‌و ئه‌زمونه‌ تاڵه‌ی‌ پێنج ده‌یه‌ی‌ له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ به‌ریتانیه‌كان ده‌گێرنه‌وه‌. بیدڵ له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی‌: "گومانم هه‌یه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ یادگارییه‌كانی‌ به‌ریتانیا‌ كاریگه‌ری‌ ئه‌و تۆی‌ هه‌بێت له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ به‌ په‌له‌كان له‌ گفتوگۆكانی‌ حكومه‌تی‌ مالیكی‌ و ئیداره‌ی‌ بۆشدا".
كورده‌كانی‌ عێراق كه‌ به‌ "هاوپه‌یمانی‌ راسته‌قینه‌"ی‌ ئه‌مه‌ریكا داده‌نرێن وه‌ك گه‌لێك شتی‌ دیكه‌ له‌م رێكه‌وتنه‌دا به‌ هانای‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ هاتوون و پابه‌ندن به‌ گشت خاڵه‌كانیه‌وه‌.

زێباری‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق له‌ سه‌ر لیستی‌ كورد به‌ كه‌ناڵی‌ CNN ی‌ راگه‌یاند: سه‌ره‌ڕای‌ كۆسپه‌كان هه‌ر ده‌بێت ئه‌و رێكه‌وتنه‌ به‌ زووترین كات ئیمزا بكرێت.

په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ كورد له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ مه‌ركه‌زی‌ له‌ چه‌ند ده‌یه‌ی‌ رابردوودا په‌یوه‌ندیه‌كی‌ خوێناوی‌ بووه‌ بۆیه‌ كورد ده‌یه‌وێت له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌و رێكه‌وتنه‌وه‌ گه‌ره‌نتیه‌ك بۆ پاراستنی‌ خۆی‌ له‌ هێزه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ مه‌ركه‌زی‌ به‌غدا به‌ ده‌ست بهێنێ هه‌رچه‌نده‌ سنورداركردنی‌ هێزه‌كانی‌ به‌غدا زه‌حمه‌ته‌.

راوێژكاره‌كه‌ی‌ كۆنگرێس به‌ دووری‌ زانی‌ پێكهاته‌كانی‌ دیكه‌ی‌ عێراق به‌وه‌ رازیبن كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ سنورداربكرێت  وتی‌: "باوه‌ڕناكه‌م پێكهاته‌كانی‌ دیكه‌ی‌ عێراق به‌ چه‌ند مه‌رجێك رازیبن كه‌ جوڵانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌منی‌ حكومه‌تی‌ عێراق له‌ سه‌رتاسه‌ری‌ وڵات سنورداربكات".

ستیڤن بیدڵ  باوه‌ری‌ وایه‌ كه‌ له‌ مانه‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكاله‌ عێراق كورده‌كانیش وه‌ك پێكهاته‌كانی‌ دیكه‌ سودمه‌ند ده‌بن  وتی‌: به‌رای‌ من مانه‌وه‌ی‌ به‌رده‌وامی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا هۆكارێكی‌ یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ سه‌قامگیركردنی‌ بارودۆخی‌ عێراق، كورده‌كانیش وه‌ك گشت پێكهاته‌كانی‌ دیكه‌ سودمه‌ند ده‌بن. رێكه‌وتنی‌ سۆفایه‌كی‌ سه‌ركه‌وتوو سه‌قامگیرییه‌كی‌ درێژخایه‌نی‌ به‌ دواوه‌یه‌ و عێراقیه‌كان و ئه‌مریكیه‌كان و كورد و عه‌ره‌به‌كانیش سودمه‌ند ده‌بن.

یه‌كێك له‌ و خاڵانه‌ی‌ كورد جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌و به‌رده‌وام داوای‌ ده‌كات بریتیه‌ له‌ بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ ئه‌مریكی‌ له‌ هه‌رێمه‌كه‌یاندا و شیعه‌كان و سونه‌كانیش كۆكن له‌ نه‌بونی‌ بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌، به‌ڵام تائێستا پێشهاته‌كان واپیشان ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌م خه‌ونه‌ی‌ كورد نایه‌ته‌دی‌.

لێپرسراوانی‌ ئه‌مریكی‌ له‌ لێداونه‌كانیاندا دامه‌زراندنی‌ بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌  له‌سه‌رتاسه‌ری عێراق ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، بێڵ گێتسی‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نوسیدا ئه‌وه‌ی‌ راگه‌یاند كه‌ ئه‌مه‌ریكا هیچ حه‌ز به‌ بوونی‌ بنكه‌یی‌ هه‌میشه‌ی‌ سه‌ربازی‌ له‌ عێراقدا ناكات،  ووته‌بێژه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ش هه‌مان بیروڕا دوباره‌ده‌كه‌نه‌وه‌.

سیناتۆر ئۆباماش كاندیدی‌ دیموكراتیه‌كان (كه‌ ئه‌گه‌ری‌ زۆری‌ هه‌یه‌ ببێته‌ سه‌رۆكی‌ داهاتوو) له‌ پلانه‌كه‌یدا بۆ عێراق بوونی‌ بنكه‌ی‌ هه‌میشه‌یی‌ سه‌ربازی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق به‌ "حه‌زێكی‌ سه‌ر لێشێواو" وه‌سف ده‌كات.


راوێژكاره‌كه‌ی‌ كۆنگرێس له‌ باره‌ی‌ ئه‌و خه‌ونه‌ی‌ كورد وتی‌: "به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ بڕیاری‌ بوونی‌ بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ ئه‌مریكی‌  له‌ عێراق پێویستی‌ به‌ ره‌زامه‌ندی‌ حكومه‌تی‌ عێراقه‌".

خالێكی‌ دیكه‌ی‌ ناكۆكی‌ له‌ نێوان ئه‌میكا و عێراق بریتیه‌ له‌ سیاده‌. نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق له‌ ئوردن له‌ 13-6-2008 به‌ توندی‌ ره‌خنه‌ی‌ له‌و مه‌رجانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا گرنكی‌ بۆ سۆفای‌ داناوه‌ و به‌ پێشێلكردنی‌ سیاده‌ی‌ عێراق وه‌سفی‌ كرد.

ستیڤن بیدڵ له‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌و پرسیاره‌ی‌ كه‌ ئه‌یا به‌راستی‌ عێراق سیاده‌ی‌ خۆی‌ له‌ ده‌ست ده‌دات له‌و رێكه‌وتنه‌دا وتی‌: "عێراق ده‌وڵه‌تێكی‌ سیادیه‌ به‌ بێ‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌  رێكه‌وتنی‌ سۆفا چ خاڵیك له‌ خۆ ده‌گرێت.هه‌موو ده‌وڵه‌تێكی‌ سیادیش ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ كه‌ مه‌رج بۆ هه‌ڵسوكه‌وتی‌ كاروباری‌ بیانیه‌كان له‌ ناوسنوره‌كانی‌ خۆی‌ دابنێت جا ئه‌و بیانیانه‌ سه‌ربازی‌ بن یان مه‌ده‌نی‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ عێراق ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ كه‌ هه‌ر مه‌رجێك ده‌یه‌وێت له‌ رێكه‌وتنی‌ سۆفا دابنێت. هه‌ره‌وه‌ها ئه‌مه‌ریكاش وڵاتێكی‌ سیادیه‌ ئێمه‌ش ده‌توانین هه‌ر مه‌رجێك ره‌تبكه‌ینه‌وه‌ كه‌ نه‌مانه‌وێت دابنرێت".


له‌ كۆتایی‌ قسه‌كانیدا بۆ رۆژنامه‌ پسپۆره‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ ئه‌گه‌ری‌ رێكنه‌كه‌وتن له‌ سه‌ر سۆفا به‌ مه‌ترسیی‌ بۆ داهاتوی‌ عێراق و گشت پێكهاته‌كانی‌ ده‌بینێت و وتی‌: "عێراق زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت گه‌ر چه‌ند مه‌رجێك دابنێت كه‌ ئه‌مه‌ریكا نه‌توانێت قبوڵی‌ بكات، چونكه‌ له‌ ئه‌نجامدا كشانه‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكای‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و توندوتیژیه‌كی‌ زۆریش بۆ عێراق به‌ جێ‌ ده‌مێنێت".

Sbeiy.com © 2007