Print
 عێراق به‌ رێككه‌وتنێكی‌ ستراتیژیی‌ یادی‌ "رۆژه‌ شومه‌كه‌"ی‌ UN ده‌كاته‌وه‌
Monday, August 18, 2008


راپۆرت: هێمن لهۆنی‌
پێنج ساڵ‌ له‌مه‌و پێش له‌ رۆژێكی‌ وه‌ك ئه‌مڕۆدا ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌ به‌رده‌م باره‌گای‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ به‌غدای‌ پایته‌ختی‌ عێراق روویداو نوێنه‌ری‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌عێراق سیرجیۆ ڤێیریا دێ‌ میلۆ گیانی‌ له‌ده‌ستدا. عێراق له‌گه‌ڵ‌ یادكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و رۆژه‌دا رێككه‌وتنێكی‌ ستراتیژیی‌ له‌گه‌ڵ‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئیمزا ده‌كات.

به‌هۆی‌ دژایه‌تی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ داگیركردنی‌ عێراق له‌لایه‌ن به‌ریتانیاو ئه‌مه‌ریكا له‌ 2003دا، واشنتۆن‌و له‌نده‌ن له‌سه‌ره‌تادا ویستیان نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان پشتگوێ‌ بخه‌ن، به‌ڵام به‌هێزی‌ توندوتیژییه‌كان‌و كێشه‌ ئابووریی‌‌و سیاسییه‌كانه‌و ره‌خنه‌كان له‌ نه‌بوونی‌ پشتگیریی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌ جه‌نگی‌ عێراقدا وای‌ له‌ ئه‌مه‌ریكاو به‌ریتانیا كرد كه‌ هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌ كار  بۆ هێنانه‌ ناوه‌وه‌ی‌  رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق، ئه‌وه‌ بوو له‌دوای‌ 2 مانگ له‌ جه‌نگی‌ عێراق، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بڕیاری‌ 1483ی‌ ده‌ركرد، كه‌ داوای‌ یارمه‌تی‌ له‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ رێكخراوه‌كه‌ كرد بۆ هاوكاریكردنی‌ عێراق. له‌ هه‌نگاوێكی‌ دیكه‌شدا كۆفی‌ ئه‌نان سكرتێری‌ ئه‌و كاته‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، نوێنه‌ری‌ خۆی‌ بۆ عێراق ده‌ستنیشان كردو رێكخراوه‌كه‌ش چه‌ند به‌رپرسیارێتییه‌كی‌ بچووكی‌ گرته‌ده‌ست.

له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ 19-8-2003 له‌ به‌غدا له‌ هۆتێل كارناڵ‌، كه‌ ئۆفیسی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بوو، نزیكه‌ی‌ 20 كه‌س له‌ ستافی‌ UN كوژران‌و 100 كه‌سی‌ دیكه‌ش برینداربوون‌و رێكخراوه‌كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی‌ عێراقی‌ به‌جێهێشت‌و خۆیان له‌ به‌رپرسیارێتی‌ له‌ عێراق به‌دوور گرت.

جارێكی‌ دیكه‌ له‌ ساڵی‌  2004دا له‌ ژێر فشارێكی‌ زۆری‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا‌و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و به‌ بڕیاری‌ 1546 نوێنه‌رایه‌تی‌ خۆی‌ كه‌ له‌ 35ستافی‌ بیانی‌ پێكهاتبوو نارده‌ عێراق، كه‌ به‌ یۆنامی‌ ناسراوه‌، بۆ یارمه‌تیدانی‌ حكومه‌تی‌ كاتیی‌ عێراق‌و ئه‌مه‌ریكا پێیوایه‌ كه‌ لایه‌نه‌ مرۆڤایه‌تییه‌كه‌ی‌ ناو عێراق به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بێنه‌ ئه‌و وڵاته‌. 

هه‌ندێك له‌ پسپۆڕان پێیانوایه‌ كه‌ هاتنی‌ UN بۆ عێراق له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ خۆیدایه‌.
د. ناێل گاردنه‌ر، له‌ دامه‌زراوه‌ی‌ هێرتیچ، له‌ وتارێكیدا ده‌ڵێت: نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌نێو گۆڕه‌پانی‌ نێوده‌وڵه‌تیدا پێگه‌ی‌ لاوازه‌و ده‌توانێت به‌ گرتنه‌ئه‌ستۆی‌ رۆڵی‌ گرنگ له‌ عێراق ئه‌و ناوبانگه‌ بۆخۆی‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌.

به‌ڵام ره‌خنه‌گران پێیانوایه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌كاربهێنێت بۆ ئه‌جێنداكانی‌ خۆی‌ به‌ تایبه‌تی‌ له‌ مه‌سه‌له‌كانی‌ ناو عێراق وه‌ك ئاشته‌وایی‌‌و یاسای‌ نه‌وت‌و غازدا.

 به‌ گۆڕینی‌ كوفی‌ ئه‌نان‌و هاتنی‌ سكرتێری‌ نوێ‌ (بان كیمۆن) كاریگه‌ریی‌ ئه‌مریكا به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان زیاتر بوو. بان كیمۆن هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای‌ ده‌ستپێكردنی‌ كاره‌كه‌یه‌وه‌ داوای‌ رۆڵی‌ گه‌وره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ كرد له‌ عێراقدا. سه‌ره‌ڕای‌ ناڕه‌زایی‌  توندی‌ ستافی‌ كارگوزارانی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ پێكدێت له‌ 25000 كه‌س، ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش پابه‌ند بوو به‌ داواكانی‌ له‌نده‌ن‌و واشنتۆن. له‌ رۆژی‌ 10-8-2007 بڕیاری‌ فراوانكردنی‌ رۆڵی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق درا. 

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌گه‌ڵ‌ رۆڵی‌ هاوكاری‌ مرۆیی‌‌و ته‌كنیكیدا ئێستا رۆڵی‌ سیاسیش ده‌بینێت‌و چه‌ندین پێشنیازیی‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ ئاڵۆزه‌كان داوه‌ته‌ عێراقییه‌كان، هه‌ندێك لایه‌نی‌ عێراقیش داوای‌ رۆڵی‌ ئه‌منیی‌ ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی‌ له‌ كه‌ركوك.

پسپۆڕه‌كه‌ی‌ هێرتچ هۆشداریی‌ ده‌دات به‌وه‌ی‌ كه‌ هیچ ئه‌ركێكی‌ ئاساییش نه‌درێته‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و ده‌ڵێت: تۆماری‌ هێزه‌كانی‌ ئاشتیپارێزی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ به‌ڵكان‌و خۆرئاوای‌ ئه‌فریقا تۆمارێكی‌ زۆر لاوازه‌و جێگه‌ی‌ متمانه‌ نییه‌.

پسپۆڕه‌كه‌ی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ هێرتیچ له‌باره‌ی‌ رۆڵی‌ UN له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ ده‌نووسێت: رۆڵی‌ پێویسته‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردندا له‌ رووی‌ ته‌كنیكیی‌‌و راهێنان بێت، نه‌وه‌ك له‌ دیاریكردنی‌ رۆژی‌ هه‌ڵبژاردن.

له‌دوای‌ پێنج ساڵ‌ به‌ "رۆژه‌ شومه‌كه‌" نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و حكومه‌تی‌ عێراق  له‌ 13ی‌ ئابدا رێككه‌وتنێكی‌ ستراتیژیی‌ ئیمزا ده‌كه‌ن بۆ دیاریكردنی‌ "پلانی‌ رێگا" بۆ یارمه‌تیدانی‌ عێراق به‌ بودجه‌ی‌ 2.2ملیار دۆلار تا2010  له‌ بواره‌كانی‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ كارو ئاوه‌دانی‌ و خوێندندا، كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین رێككه‌وتنی‌ له‌م جۆره‌یه‌ له‌ ساڵانی‌ 1990ه‌وه‌ له‌م وڵاته‌دا ئیمزاده‌كرێت. دێڤید شێره‌ر، جێگری‌ نوێنه‌ری‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ به‌غدا، رایگه‌یاند: ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌م رێككه‌وتنه‌ بریتییه‌ له‌ به‌هێزكردنی‌ توانای‌ حكومه‌تی‌ عێراق‌و هاندانی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت.

 به‌رپرسه‌كه‌ی‌ UN گه‌شه‌كردنه‌كانی‌ بواری‌ ئه‌منیی‌ عێراقی‌ به‌ ده‌رفه‌ت زانی‌ بۆ زیاتركردنی‌ هاوكارییه‌كانی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق. رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رابردوویه‌كی‌ پاكی‌ نییه‌ له‌ عێراق‌و به‌ چه‌ندین كاری‌ گه‌نده‌ڵیی‌ تۆمه‌تباره‌، به‌ تایبه‌تی‌ له‌ پرۆگرامی‌ نه‌وت به‌رامبه‌ر به‌ خۆراك. بۆیه‌ له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ ئه‌مجاره‌ جه‌خت له‌ سه‌ر لێپێچینه‌وه‌ ده‌كرێت.

 له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌دا هاتووه‌ "مه‌به‌ستی‌ ئه‌م ستراتیژییه‌ تازه‌یه‌ دڵنیابوونه‌ له‌ ئه‌نجامی‌ پرۆژه‌كان‌و لێپێچینه‌وه‌یان".

 ستیڤان دیمستۆرا نوێنه‌ری‌ سكرتێری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان كه‌ ئێستا به‌رپرسی‌ زیاتر له‌ 140 ستافی‌ بیانیه‌ له‌ یۆنامی‌ له‌ عێراق له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند: "ئه‌وه‌ی‌ ئێستا ئێمه‌ خه‌ریكین پێوه‌ی‌ له‌ عێراق ئه‌وه‌ پیشان ده‌دات كه‌ رۆڵی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌. 

چاودێرانی‌ سیاسیی‌ پێیانوایه‌ كه‌ رۆڵی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌ر به‌ سنوورداریی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ تا ئه‌وكاته‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراقدا بێت.

Sbeiy.com © 2007