بایه‌زیدی مه‌ردۆخی، راوێژكاری ئابووریی پێشووی سه‌رۆك خاته‌می (سه‌رۆكی پێشووی كۆماری ئیسلامیی ئێران) ده‌ڵێت: به بۆچوونی من له كوردستانی عێراق، نه كه‌رتی تایبه‌ت هه‌یه نه كه‌رتی ده‌وڵه‌تیش هه‌یه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌شه كه باكووری عێراق زیانێكی زۆری لێكه‌وتووه، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه له كوردستاندا نه‌خشه‌یه‌كی ئابووری نییه‌و ئه‌ركێكی زۆر قورس كه‌وتووه‌ته سه‌رشانی هه‌رێم له دابه‌شكردنی مووچه‌دا.
له‌میانی دیمانه‌یه‌كدا مه‌ردۆخی وتیشی: له‌كوردستانی عێراق به‌رهه‌می ناوخۆیی نییه، ئه‌وه‌ی كه ته‌ماته‌و خه‌یارو په‌تاته‌و شته‌كانی تر له ده‌ره‌وه ده‌هێنرێن بۆ وڵاتێكی كشتوكاڵی، زۆر عه‌یبه، ئه‌وه مانای شكستی به‌ڕێوه‌به‌رێتی ئابوورییه، به راستی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رێتی ئابوورییه نه‌ده‌بوایه ئاوای لێ بهاتایه، چونكه كه‌سی تێگه‌یشتوو و زانا له‌ناو كوردستانی عێراقدا زۆر هه‌یه، به‌ڵام ره‌نگه هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه بووبێت كه حیزبه‌كان دوای ساڵانێك خهباتو تێكۆشان، به مافی خۆیانی ده‌زانن كه خۆیان ئیداره‌ی بكه‌ن، ئه‌وه عه‌یبێكی نییه، به‌ڵام زۆر شت پسپۆڕییه، هه‌روا كه كاره پزیشكییه‌كان ناده‌ن به پێشمه‌رگه‌یه‌كی دێرین‌و ده‌بێت پسپۆڕ بێت له‌و بواره‌دا، ده‌بێت له كاره ئابوورییهكانیشدا هه‌ر به‌وجۆره بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌وه نه‌كراوه. ئه‌مه‌ش ده‌قی دیمانه‌كه‌یه:
*زۆرێك له رۆژنامه ئێرانییه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه حكومه‌ت ده‌یه‌وێت كه‌رتی گشتی به ئاراسته‌ی كه‌رتی تایبه‌تدا به‌رێت، ئه‌و رێوشوێنانه چۆنن‌و له كه‌یه‌وه ده‌ستی پێكردووه، ئایا له ئێران‌دا كه‌رتی تایبهتو حكومی كامیان زاڵترن به‌سه‌ر ئابووریی ئێران‌دا؟
بایه‌زیدی مه‌ردۆخی: ئابووریی مۆدێرنی ئێران هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه ده‌وڵه‌تی بووه، بازاڕ‌و كه‌رتی تایبه‌ت هه‌ر له زه‌مانی شاوه تا ئێستا به هیچ شێوه‌یه‌ك رۆڵێكی ئه‌وتۆیان نه‌گێڕاوه، به‌ڵام كه‌سایه‌تیی ئه‌وتۆ هه‌بوو له سه‌رده‌می شادا كاریگه‌ریی هه‌بوو، ته‌نانه‌ت وه‌زیریشی دیاریی ده‌كرد، به‌ڵام له رووی چۆنیه‌تییه‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ك له 15- 20% نه‌چووه پێشه‌وه، هۆكاره‌كه‌شی روون‌و ئاشكرایه. ئێران له ساڵی 1327ه‌وه (1948) ده‌ستیكرد به به‌رنامه‌ڕێژیی گهشهپێدانو ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ داهاتی نه‌وت، كه به‌نیازبوون خه‌رجیی گه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌رته بكه‌ن، به‌و پێیه‌ش حكومه‌ت ده‌بووه خاوه‌نی هه‌موو ئه‌و پرۆژانه‌و دواتریش بوون به سوننهتێكو ده‌وڵه‌ته‌كانی ئێران هه‌میشه شانازییان پێوه ده‌كرد.
ئه‌و بودجه‌یه‌ی كه ده‌وڵه‌ت له ئه‌نجومه‌ن په‌سه‌ندی ده‌كات، 30-40% بۆ پرۆژه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و پرۆژه سهرمایهگوزارییو كشتوكاڵییهكانه، هه‌رچه‌نده ئێستا ئاماری دروستمان نییه، به‌ڵام نزیكه‌ی 80%ی ئابووریی ئێران ده‌وڵه‌تییه‌و بیرۆكه‌كه‌ش هه‌ر هه‌بوو. نزیكه‌ی ده‌یه‌ی ساڵی 1353 (1974) بوو كه شای ئێران جوڵانه‌وه‌یه‌كی رێكخست كه به‌شی كارخانه‌كان بدرێت به كرێكاره‌كان، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌مین جوڵانه‌وه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت بوو، به‌ڵام ئه‌وه هیچ كات سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێناو سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو.
به‌شێوه‌یه‌كی جدیی له به‌رنامه‌ی سێیه‌می گه‌شه‌ی ئێران‌دا «تایبهتمهندسازی»و چاكسازیی ئابووری ده‌ستی پێكرد، به‌رنامه‌ی سێیه‌میش 1999 تا 2003یه، كه به‌رنامه‌ی پێنج ساڵه‌ی سێیه‌می پێده‌ڵێن، به‌رنامه‌ی پێنج ساڵه‌ی سێیه‌م یه‌كێك له ته‌وه‌ره‌كانی «تایبهتمهندسازییهو ته‌واوی ته‌وه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی دیكه‌شی ستراكتۆرییهو زۆر به باشیش تۆماركرا، به‌شێكی جێبه‌جێ بوو، به‌شێكی كه‌وته به‌رنامه‌ی چواره‌مه‌وه. ئه‌گه‌ر سه‌رنجیش له به‌رنامه‌ی چواره‌م بده‌ن، ئه‌وا دوو ساڵی ماوه بۆ به‌رنامه‌ی چواره‌م، كه درێژه‌ی ئه‌و هێڵه‌یه كه له به‌رنامه‌ی سێیه‌مدا بوو، به‌داخه‌وه ده‌وڵه‌تی نۆیه‌م زۆر گرنگیی نه‌دا به به‌رنامه‌ی چوارهمو خۆی بیرۆكه‌و دروشمی نوێی هێناو شتێكی هێنایه‌كایه‌وه به‌ناوی «ده‌سته‌واژه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی». ده‌سته‌واژه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیش خه‌ڵكێكی زۆر لایه‌نگری لێده‌كه‌ن، ته‌نها كارێكیش كه كردوویه‌تی ئه‌وه‌یه كه پاره‌ی باش ده‌ده‌ن به خه‌ڵك یان سه‌رمایه‌ی كارخانه ده‌وڵه‌تییه‌كان به‌شێوه‌ی به‌ش ده‌درێت به خه‌ڵك‌و سووده‌كه‌ی خه‌ڵك وه‌ریده‌گرێت.
*له بواری ئابووری-سیاسییه‌وه پێتوانییه كارێكی ئهستهمو دژواره كه ده‌وڵه‌تێك كۆنترۆڵی هه‌موو بواره ئابوورییه‌كان بكات، ده‌وڵه‌تێكی یه‌كلایه‌نه‌و ئایدۆلۆژییانه بتوانێت ئابوورییه‌كی لیبراڵ‌و كراوه‌و ئه‌وه‌ی جاران پێمان ده‌وت «بۆرژوا» زاڵ بێت، ئایا كارێكی زۆر ئه‌سته‌م نییه، چونكه له فیكری ماركسیدا سهرخانو ژێرخان پێچه‌وانه‌ی یه‌كترن؟
بایه‌زیدی مه‌ردۆخی: له ئێران‌دا دیاره كارناكات، واته ئه‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌ت هه‌موو بار‌و به‌رپرساێتی ئابووری‌و خه‌ڵك‌و كۆمه‌ڵگه بگرێته ئه‌ستۆی خۆی، ناچێته پێشه‌وه‌و تا ئێستا نه‌چووه‌ته پێشه‌وه، هه‌ڵبه‌ت ته‌نها جیاوازییه‌ك هه‌یه كه ئایدۆلۆژیای ئیسلامه‌و گوزارشتێكی لێدهكهنو من نازانم ئه‌و گوزارشته دروسته یان نا، به‌ڵام گوزارشتێكی ئه‌سڵیی كه له ئیسلامدا ده‌كرێت دوو جۆره: جۆرێكی به‌ره‌و سۆسیالیزم‌و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته، گوزارشتێكی دیكه‌ش ئه‌وه‌یه كه لیبرالیزمێكی ئابوورییه به ئیسلامیی پێشنیاز ده‌كات، ئیتر له‌نێوان ئه‌و دووانهدان، جاری وا هه‌یه لیبرالیزمێكی زۆر پاوانخواز ده‌گرنه به‌رو جاری واش هه‌یه ئه‌و بواره‌ی دیكه هه‌ڵده‌بژێرن. به گشتی كاتێك له سیستمێكی ئابووریدا دروشمی لیبرالیزم ده‌ده‌یت یان لیبرالیستیی ده‌ده‌یت، ئه‌گه‌ر به جۆرێكی دیكه بجوڵێیته‌وه، ئیتر ئه‌وه ته‌واو هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، چونكه سه‌رمایه‌دار ترسنۆكه، ئه‌گه‌ر به دژی سهرمایهدارو سه‌رمایه‌داریی جوڵایتهوه، ئیتر كارناكات له‌و به‌شه‌دا كه په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه، ئه‌و مه‌ترسییه هه‌میشه هه‌بووه‌و هه‌میشه بووه‌ته كۆسپ‌و له‌مپه‌ر.
*وه‌ك ئابووریناسێك چۆن دهإوانیته بازاڕ؟ پێتانوایه كه به‌رده‌وام بازاڕی ئه‌و وڵاتانه له رووی ئابوورییه‌وه به‌ره‌و كه‌رتی تایبه‌ت ده‌ڕۆن؟
بایه‌زیدی مه‌ردۆخی: ئه‌وه‌ی كه رێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران راڤه‌ی كردبوو له كۆی 34 یاسای بنه‌ڕه‌تی، شتێكی زۆر باش‌و یه‌كگرتووه، كه رێگه‌ی خۆشكرد بۆ كه‌رتی تایبهتو ئابووریی مۆدێرن، ئه‌و راڤه‌یه‌ی كه رێبه‌ری ئێران كردی، ئێستا بووه به یاسا‌و به ده‌وڵه‌تیش راگه‌یه‌نراوه، به‌ڵام هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه راڤه‌كه‌ی رێبه‌ریی بڵاوكرایه‌وه، سه‌رۆك كۆمار موداخه‌له‌یه‌كی سۆسیالیستی كرد‌و رایگه‌یاند كه به‌شێك له‌و به‌شی كه‌رتی تایبه‌ته جیابكه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بیده‌ن به ناوچه هه‌ژارو تهنگدهستهكان، ئه‌و به‌شه‌ی كه كرایه‌وه، تا راده‌یه‌ك جێبه‌جێكراوه، به‌ڵام به‌شه‌كه‌ی تر له بۆرسه خه‌ریكه جێبه‌جێ دهكرێتو تا ئێستا زۆر سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، كاره سۆسیالیستییهكه جێبه‌جێ بووه‌و كاره سهرمایهدارییهكه به‌ته‌واوی جێبه‌جێ نه‌بووه.
*به رای به‌ڕێزتان ئه‌وه زۆرتر سۆسیالیستییه یان عهوامگهراییه؟
بایه‌زیدی مه‌ردۆخی: بێگومان ئه‌وه عهوامگهراییه، تۆ له ئابوورییه‌كی سه‌رمایه‌داریدا نا‌توانیت كاری سۆسیالیستی بكه‌یت، ده‌وڵه‌تی خۆشگوزه‌رانیش بێگومان له دنیادا له‌ناوچووه‌و كۆتایی به ماوه‌و كاتی هاتووه، به‌ریتانیاو ئه‌وروپا زۆر باش ئه‌و سیستمه‌یان جێبه‌جێكرد، به‌ڵام ئێستا ئه‌وانیش ئه‌وه ناكه‌ن، هاوكات له بواری تیۆرییه‌وه ئێستا بزوتنه‌وه‌و جوڵانه‌وه‌یه‌كی زانستی كهوتووهتهڕێ، كه ئه‌وه‌ش زۆر باشه، ئه‌و بزوتنه‌وه تیۆرێكه خه‌ریكه به جۆرێك وڵاته دواكه‌وتووه‌كان تیۆریزه دهكاتو ئه‌وه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌واندایه، ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: «ئه‌گه‌ر ئێوه دواكه‌وتوون، له‌به‌رئه‌وه نییه كه پاره‌تان نییه‌و ئیمپریالیزم ناهێڵێت گه‌شه بكه‌ن، بۆ ئه‌وه دواكه‌وتوون كه دامه‌زراوه‌و ناوهندهكانتان گه‌شه‌ی نییه، بهڕێوهبهرێتییهكانتان نادروست‌و هه‌ڵه‌یه».
*به‌ڵام هه‌ستناكه‌یت ئه‌و په‌له‌كردنه له‌و به‌رنامه‌یه هه‌ندێكجار له‌ژێر گوشاری بانكی نێوده‌وڵه‌تیدا كۆمه‌ڵێك كێشه‌و گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی لێده‌كه‌وێته‌وه؟ ئێستا ئێمه نموونه‌مان هه‌یه له‌سه‌ر ئوردون كه له‌ژێر هه‌ندێك گوشاردا نرخی سووته‌مه‌نی‌و نان زیاد ده‌كرێت، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه له‌و بإوایهدا نین كه به به‌رنامه‌یه‌كی دیاریكراو نییه؟
بایه‌زیدی مه‌ردۆخی: به راستی وانییه، من له رێكخراوێكدا بووم كه پاش ئینقلاب زۆر حه‌زیان ده‌كرد له‌گه‌ڵ بانكی جیهانیدا دانیشن‌و قسه‌بكه‌ن، ئێمه دوو سێ كه‌س بووین‌و هانیان ده‌داین كه له‌گه‌ڵیان قسه‌بكه‌ین، هیچ شتێكی ئه‌وان بۆ ئێمه تازه‌و نوێ نه‌بوو كه به‌سه‌ر ئێمه‌دا بیسهپێننو ده‌ستوورمان پێبده‌ن، ئه‌وه‌ی كه هه‌ندێك ئابووریناسی ئێرانی ده‌ستیان دایه ره‌خنه‌گرتن له ده‌وڵه‌ت، ئه‌وه‌یه كه خه‌ریكه ره‌چه‌ته‌ی بانكی جیهانی جێبه‌جێده‌كات. جاری واهه‌بوو كه كاره‌كه‌ی ئێمه نه‌ده‌چووه پێش، بانگهێشتی كه‌سێكمان ده‌كرد له ده‌ره‌وه بێت، بۆ نموونه (هاشمی پێسهران) ئابووریناسێكی زۆر لێهاتووی ئێرانییه، كه ناوبانگێكی باشی هه‌یه‌و چه‌ندین بابهتو نووسراوی هه‌یه له‌وبواره‌دا، بانگهێشتمان كرد‌و هه‌مان ئه‌و قسانه‌ی ده‌كرد كه ئێمه ده‌مانكرد، قبوڵیشیان كرد، چونكه ئه‌و له ده‌ره‌وه هاتبوو، زیاتریش قسه‌كانی قبوڵ ده‌كرا.
ئه‌وه‌ی كه پێیان ده‌وت واشینگتۆن كانسین سووس، ئیجماعێك بوو له نێوان بانكی جیهانیو سندوقی دراوی نێودهوڵهتیو دامه‌زراوه‌كانی رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌وانه بڕیاریان دابوو هه‌روه‌ها ناویان نابوو گوزارشتی ئابووری. پێشنیازیان بۆ هه‌موو وڵاته‌كان ده‌كرد، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و پێشنیازه‌ی ئه‌وان نه‌بوو كه ئێمه له ئێران ئه‌نجاممان ده‌دا، به‌ڵكو ئه‌وه شتێك بوو كه ئێمه خۆمان پێی گه‌یشتبووین.
*مه‌به‌ستی ئه‌وان چی بوو له‌و مه‌رجانه‌ی كه دایان ده‌نا؟
بایه‌زیدی مه‌ردۆخی: ئه‌وان ده‌یانوت هه‌رچی كۆسپ‌و له‌مپه‌ر هه‌یه له‌به‌رده‌م ده‌قگرتنی ئابوورییه‌كی لیبراڵ، ده‌بێت لاببرێت، ئه‌وه ته‌واوی مه‌به‌سته‌كانیان بوو، ته‌نها شتێكیشیان پێوه زیادكردبوو ئه‌وه‌بوو كه له ئابووریی كلاسیك‌و نیوه كلاسیك‌دا نه‌بوو، وتیان تۆڕێكی ئه‌منییه‌تی دروستبێت‌و ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێك له پرۆسێسی چاكسازیی ئابووریدا تووشی زیان بوو، ده‌توانێت بچێته ژێر ئه‌و تۆڕه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له برسا نه‌مرێت، ئه‌وه ئیجماعی واشینگتۆنی بوو.
*هیچ مه‌رجێكی چاكسازیی سیاسی نه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌رجانه‌دا؟
بایه‌زیدی مه‌ردۆخی: نا، ئه‌وان به ده‌وڵه‌تێكی دیكتاتۆریش رازی بوون هه‌ر ئه‌و كاره بكات.
*به‌ڕێزتان ئاگاداری دۆخی ژاپۆنن، ئه‌و هه‌ستانه‌وه‌یه‌ی ژاپۆن له‌دوای جه‌نگی جیهانیو ئه‌و متبوون‌و شكسته‌ی وڵاتانی خۆمان له‌دوای ئه‌و شه‌ڕانه‌وه، چی وایكردووه كه ژاپۆن ببێت به‌و وڵاته‌و وڵاتانی ئێمه‌ش دوای ده‌یان ساڵ له نه‌مانی شه‌ڕو كوشت‌و كوشتار، هێشتا ئاسه‌واری شه‌ڕی پێوه‌یه، به جۆرێك كه ناتوانن له رووی ئابوورییه‌وه هه‌ستنه‌وه؟
بایه‌زیدی مه‌ردۆخی: ئه‌زموونی ژاپۆن زۆر سه‌رنجڕاكێشه، هه‌ر له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا كه دوایین بۆمبه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كه‌وته سه‌ر خاكی ژاپۆن، ژماره‌یه‌ك كه‌سی ژیر‌و تێگه‌یشتوو دانیشتن‌و به‌ڵگه‌یه‌كیان نووسی كه داهاتووی ژاپۆن ده‌بێت چۆن بچێته پێشه‌وه، ئه‌و به‌ڵگه‌یه زۆر رێوشوێنی زانستییانه‌ی تێدابوو، بێگومان ژه‌نه‌راڵێكی دۆڕاو نه‌بوو یان پیاوی سیاسی بێ عهقڵو ئاوه‌ز نه‌بوو، كه‌سانی باش‌و پسپۆڕی ژاپۆنی له هۆڵێكی نهێنیدا دانیشتن‌و ئێستاش به‌ڵگه‌و سهنهدهكانی هه‌ر هه‌یه، كه كاتێك ژاپۆن خۆی به ده‌سته‌وه دا، ئه‌و به‌ڵگه‌یان جێبه‌جێكرد، ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌ش جه‌خت له‌سه‌ر كاری ژیرانه‌و عاقڵانه ده‌كاته‌وه‌و بوار ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ به‌هادان به زانایی‌و تێگهیشتنو ناسین. له وڵاتانی دیكه‌دا به‌تایبه‌ت، ئه‌گه‌ر باسی ئێران نه‌كه‌م‌و باسی كوردستانی عێراق بكه‌م، زۆر حه‌زده‌كه‌ین كه بزانین چی ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه زانیاریی باشمان ده‌ست ناكهوێتو له حاڵێكدا من ئاگادارم كه خوێندنه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ی باش كراوه، كه هه‌م بیانییه‌كان كردوویانه، هه‌م ئهمهریكییهكانو رێكخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانیش كردوویانه، به‌ڵام هیچكام له‌وانه ناگاته ده‌ست ئێمه.
به بۆچوونی من له كوردستانی عێراق، ئینستیشوونی گه‌شه‌پێدان نییه، نه كه‌رتی تایبه‌ت هه‌یه، نه كه‌رتی دهوڵهتییهكهشی ئه‌زموونی حكومه‌تداریی هه‌بوو، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌شه كه من پێموایه باكووری عێراق زۆر له‌مانه‌دا خه‌ساری بینی‌و له‌ده‌ست چوو، ناڵێم حكومه‌تێكی ده‌سه‌ڵاتخوازو موداخلهگهر پێویسته، به‌ڵام ئه‌و جۆره‌ش كه وێڵتان كردووه، باش نییه.
*موداخه‌له ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات بیكات، ده‌بێت چۆن بێت به بۆچوونی ئێوه؟
بایه‌زیدی مه‌ردۆخی: كه‌س پێشنیاری موداخهلهگهری جۆری ستالینی ناكات، بۆ نموونه بڵێت نرخی خه‌یارو میوه چه‌ند ده‌بێت ئه‌وه‌نده بێت، خۆ ئێستا ئه‌وانه باویان نه‌ماوه، به‌ڵام ئه‌و 17%یه كه به‌رامبه‌ر داهاته له‌گه‌ڵ داهاتی ناوخۆی كوردستانی عێراق، ئه‌وه ده‌بوایه هه‌ر له رۆژی یه‌كه‌مه‌وه به‌پێی به‌رنامه بێت، به‌ڵام ئه‌وه نه‌كراوه، هه‌ر كه‌سێك ده‌ستی به‌و كیسه‌وه بووه، ئه‌و كیسهیهی كردووه‌ته‌وه كه خه‌ڵك به ئاره‌زووی خۆیان شت هاورده بكه‌ن، به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆیی نییه، ئه‌وه‌ی كه ته‌ماته‌و خه‌یارو په‌تاته‌و شته‌كانی تر له ده‌ره‌وه ده‌هێنرێن بۆ وڵاتێكی كشتوكاڵی، زۆر عه‌یبه، ئه‌وه مانای شكستی به‌ڕێوه‌به‌رێتی ئابوورییه، به راستی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رێتی ئابوورییه نه‌ده‌بوایه ئاوای لێ بهاتایه، چونكه كه‌سی تێگه‌یشتوو و زانا له‌ناو كوردستانی عێراقدا زۆر هه‌یه، به‌ڵام ره‌نگه هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه بووبێت كه حیزبه‌كان دوای ساڵانێك خهباتو تێكۆشان، به مافی خۆیانی ده‌زانن كه خۆیان ئیداره‌ی بكه‌ن، ئه‌وه عه‌یبێكی نییه، به‌ڵام ده‌بوایه راوێژكاریان هه‌بوایه، یانی به‌ڵێ ئه‌و كه‌سه‌ی كه ساڵانێك پێشمه‌رگه بووه‌و خه‌باتی كردووه، ئێستا مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه رۆڵی ههبێتو قسه‌ی هه‌بێت له داهاتووی ئه‌و وڵاته‌دا، به‌ڵام زۆر شت پسپۆڕییه، هه‌روا كه كاره پزیشكییه‌كان ناده‌ن به پێشمه‌رگه‌یه‌كی دێرین‌و ده‌بێت پسپۆڕ بێت له‌و بواره‌دا، ده‌بێت له كاره ئابوورییهكانیشدا هه‌ر به‌وجۆره بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌وه نه‌كراوه.
*تۆ پێتوانییه چاره‌سه‌رنه‌كردنی ئه‌وه، كێشه‌و گرفتی دیكه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه، ئێستا بێكاریی هه‌ر زۆر دهبێتو پاره‌یه‌كی زۆر ده‌رێت به هه‌ندێك كهسو پاره‌یه‌كی زۆریش په‌رشوبڵاو دهكرێتو به‌فیڕۆ ده‌چێت، ئایا ئه‌وه نیشانه‌ی ئه‌وه نییه كه نه‌خشه‌یه‌كی ئابووری نییه له كوردستاندا؟
بایه‌زیدی مه‌ردۆخی: من پێموایه زۆر ئاشكرایه كه نه‌خشه‌ی ئابووری نییه‌و ئه‌و ئه‌ركه قورسه كه كه‌وتووه‌ته سه‌رشانی ده‌وڵه‌تی هه‌رێم كه مووچه بدات به‌و كه‌سانه، به‌تایبه‌ت كاتێك كه كه‌سی وا هه‌یه سێ مووچه وه‌رده‌گرێت، ئه‌وه زۆر ئاسانه كه چاره‌سه‌ر بكرێت‌و به‌رگریی لێ بكرێت. ده‌یتوانی هه‌ر ئه‌و پاره‌یه خه‌رج بكات، به‌ڵام بڵێت من سێ مووچه‌ت پێده‌ده‌م مه‌یه بۆ ئیداره‌و نووسینگه، بڕۆ مه‌زرایه‌ك ئاوه‌دان بكه‌ره‌وه، بڕۆ باخێك ئاوه‌دان بكه‌وه، بڕۆ كارخانه‌یه‌ك دروستبكه، بڕۆ كارخانه‌یه‌ك دروستبكه، حكومه‌ت ده‌یتوانی ئه‌و كاره بكات، ئه‌وكات كه كارگه‌كه ده‌كه‌وێته كار، دوو مووچه‌ت لێ دهسهنمهوهو مووچه‌یه‌كت پێده‌ده‌م، سێیهمهكهشی دوای ماوه‌یه‌كی دیكه پێت ناده‌م، به‌وجۆره ده‌كرێت كاربكرێت كه ناڕه‌زایه‌تیش دروست نه‌بێت.
*من ویستم پرسیای ئه‌وه‌ت لێ بكه‌م‌و به‌ڕێزتان نیوه وه‌ڵامێكتان دایه‌وه، ئێستا له كوردستاندا ده‌رگایه‌كی زۆر باش كراوه‌ته‌وه بۆ مه‌سه‌له‌و پرسی وه‌به‌رهێنان، خه‌ڵكێكی زۆر دێت‌و وه‌به‌رهێنان ده‌كات. به بۆچوونی به‌ڕێزتان ئه‌وه چه‌نده هه‌نگاوێكی پۆزه‌تیڤه بۆ ئه‌وه‌ی كه كوردستان به‌ره‌و وڵاتێكی پێشكه‌وتووی ئابووری بڕوات، یانی ته‌نها مه‌رجێك بۆ گه‌شه‌كردنی ئابووری ئه‌وه‌یه كه ده‌رگاكان بكه‌یته‌وه بۆ وه‌به‌رهێنانی ده‌ره‌كی؟
بایه‌زیدی مه‌ردۆخی: ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌ت نه‌بێت، له داهاتوودا نا‌توانیت كۆی بكه‌یته‌وه، چونكه ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی بیانی دههێنێتو كارگه دروستده‌كات یان هه‌ر شتێكی دیكه، له داهاتوودا چونكه ئه‌و سه‌رمایه‌كه‌ی مسۆگه‌ره، مافی یاسایی هه‌یه‌و ده‌توانێت سه‌رمایه‌كه‌ی خۆی بكێشێته‌وه، ئه‌گه‌ر كێشایه ده‌ره‌وه، ئێوه گۆڕستانێكی كارگه‌و كێڵگهتان بۆ ده‌مێنێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی شتی وا روونه‌دات، ده‌بێت به به‌رنامه‌وه كاربكه‌ن، یانی ئێستاش كه‌س نازانێت به‌رنامه‌یه‌كی 5 ساڵه، 10 ساڵه، یانی ئه‌وه‌ی كه ئێمه پێی ده‌ڵێین بێژنگ (فلته‌ر)، بێژنگێك دروست بكرێت بۆ 20 ساڵ‌و هێدی هێدی بیكه‌نه به‌رنامه‌ی 5 ساڵان.
*له كوردستاندا كۆمه‌ڵێك ئیش له‌سه‌ر بواری كشتوكاڵی كراوه، زۆربه‌ی ئابووریناسانی كوردستان ده‌نگیان دا به‌وه كه ئه‌م كه‌رته ئابوورییه خه‌ریكه به‌ره‌و مردنێكی ته‌واو ده‌ڕوات، زه‌وییه‌كی زۆر فراوان هه‌یه كه سوودی لێ نابینرێت، به‌هه‌رحاڵ له كوردستاندا ئه‌و سوودو كهڵكهی لێ نابینرێت وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ڕێزتان باستان كرد، ئێمه له كوردستاندا خۆمان ئاگاداری ئه‌وه‌ین كه زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری خۆراكه كشتوكاڵییه‌كان له ده‌ره‌وه دێت، شتێكی وا نییه له كوردستاندا به‌رهه‌م بێت، له‌بیركردنی كه‌رتی كشتوكاڵ ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه تۆ گرنگی به بازرگانی‌و پیشه‌سازی ده‌ده‌یت، بۆ نموونه كاتێك به وڵاتێكی وه‌كو فه‌ره‌نسادا ده‌ڕۆیت هه‌ست به‌وه ناكه‌یت وڵاتێكی پیشه‌سازییه، به‌ڵكو هه‌ست ده‌كه‌یت وڵاتێكی كشتوكاڵییه؟
بایه‌زیدی مه‌ردۆخی: نه‌خۆشییه‌كه ئه‌وه‌یه كه به‌لای پیشه‌سازیشدا نه‌چووه، ئه‌گه‌ر چووبووایه هیچ عه‌یبێكی نه‌بوو، به‌لای بازرگانیدا چووه‌و هه‌موو ئه‌و خه‌رجییانه له بێهوده‌ییدا خه‌رج ده‌كرێت، به راستی شایسته‌ی ئه‌و هه‌رێمه نییه، من جارجار به گاڵته ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر بازرگانیی هه‌رێمی كوردستان به ریز بێت، بینووسی له گه‌وره‌ترین قه‌ڵه‌مه‌وه تا بچووكترین قه‌ڵه‌م، به‌شێكی زۆری له ره‌نگی "قژ"و ئامێری ئارایشو توالێتو شتی ئاوا خه‌رج ده‌كرێت، ئه‌وه بۆچی وایه!!
*وا هه‌ست ده‌كرێت ئابووریی كوردستان به‌ره‌و ئه‌وه ده‌ڕوات كه متمانه‌یه‌كی زۆر به نه‌وت هه‌یه، پێتانوانییه ئه‌وه كێشه بێت بۆ داهاتووی كوردستان؟
بایه‌زیدی مه‌ردۆخی: به بۆچوونی من ئه‌وه‌ی كه نه‌وت گرنگه بۆ هه‌رێمی كوردستان، نابێت له‌بیر بكرێت، چونكه سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه نییه‌و موڵكانه‌و باج‌و شته‌كانی تر ناتوانێت خه‌رجیی حكومهتو ئاسایش دابین بكات. ده‌بێت ئه‌و نه‌وته زۆر به جدیی پارێزگاریی لێ بكرێت، به‌ڵام تووشی ئه‌و نه‌خۆشیانه نه‌بێت كه ئابوورییه‌كانی دیكه تووشی بووه وه‌كو ئێران، كه ئێمه پێی ده‌ڵێین نه‌خۆشیی هۆڵه‌ندی "دات سیزیست"، كه نه‌خۆشییه‌كه كاتێك له سه‌رچاوه‌یه‌كی گه‌وره‌وه، جا له ده‌ره‌وه بێت یان ناوخۆ، داهاتێكی گه‌وره‌ت بۆ دێت، ته‌واوی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ناوده‌بات، ئیتر گرنگیی به هیچ شتێكی دیكه نادرێت، ئه‌وه له بواری ئابوورییه‌كه‌یه‌وه، له بواری سیاسییهكهشییهوه حكومه‌ته‌كه حكومه‌تێكی ده‌سه‌ڵاتخواز ده‌بێت، چونكه موڵكانه له خه‌ڵك وهرناگرێتو پێویستی به‌وه نییه كه وه‌ڵامی خه‌ڵك بداته‌وه. ئه‌و نه‌خۆشییه زۆر گرنگه‌و ده‌بێته هۆی ئه‌وه كه به‌شی تایبه‌تی ره‌سه‌نیش ئه‌گه‌ر بكه‌وێته كار، له به‌شی بازرگانییه‌وه ده‌ستپێده‌كات، ئێستا ئێوه تووشی نه‌خۆشیی هۆڵه‌ندی بوون، خۆشتان بێئاگانو هیچ كارێكیشی بۆ ناكه‌ن.
*گرنگترین پرسیار لای ئێمه ئه‌وه‌یه كه وڵاتێكی وه‌ك كوردستان ئێستا هه‌نگاو به‌ره‌و ئه‌وه ده‌نێت، به بۆچوونی به‌ڕێزتان به‌بێ ئابوورییه‌كی به‌هێز، ئابوورییه‌ك كه بتوانێت خه‌ڵكه‌كه‌ی بژێنێتو جۆرێك له سه‌ربه‌خۆیی پشت به‌خۆ به‌ستن له‌بیربكات، مومكینه قسه له‌سه‌ر گهشهكردوویهكی سیاسی بكرێت به‌بێ گرینگی‌دان به هیچ ژێرخانێك؟
بایه‌زیدی مه‌ردۆخی: ئه‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ك ناكرێت، یانی ئه‌گه‌ر هێزی سهربازیو نیزامیش هه‌بێت، ناتوانێت به راده‌ی هێزی ئابووری، كه‌سایه‌تی‌و حه‌یسییه‌ت به‌و وڵاته بدات، ته‌نانه‌ت من له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م كه ئه‌گه‌ر ئابووریی كوردستان گه‌شه بكات‌و پێشكه‌وتوو بێت، ئه‌وا ره‌نگه ئه‌و ئابوورییه گه‌وره‌ترین پارێزگارییو پێشمه‌رگه بێت بۆ مانه‌وه‌و پاراستنی هه‌رێمی كوردستان تا لیژنه‌یه‌كی سهربازییو رێكخراوێكی سه‌ربازیی، به‌تایبه‌ت ئێستا له ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هه‌رێمی كوردستان ئه‌و چانسه‌ی هه‌یه كه ببێت به گه‌شه‌كردووترین ئابووریی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هۆكاره‌كه‌شی روون‌و ئاشكرایه، من هێشتا به شوێن ئه‌و ئامار‌و ژماره‌یه‌دا ده‌گه‌ڕێم كه نازانم خۆتان هه‌تانه یان نا، ئێستا پێموایه داهاتو سه‌رانه‌ی كوردستانی عێراق له زۆربه‌ی دراوسێكانی سه‌رووتره، یانی ئێستا ئێمه له ئێران‌دا داهاتی تاكهكهسمان به‌سه‌ر 70 ملیۆن كه‌سدا دابه‌ش ده‌كه‌ین‌و كۆی گشتیی داهاتی وڵاته‌كه ده‌بێته 3 هه‌زار دۆلار له ساڵێكدا، پێموایه له هه‌رێمی كوردستان له ئێران زیاتره، له عێراقی عه‌ره‌ب زیاتره، له سوریا زیاتره، له ئوردون زیاتره، ئه‌وه حه‌یفه ئه‌و ئیمكانه نه‌بێت به ژێرخانێك.
*ئه‌ی مه‌رجه‌كان چین ئه‌وه‌ی به‌ڕێزتان باسی ده‌كه‌ن ئه‌و چانسه‌ی هه‌یه بۆ گه‌شه‌كردن؟
بایه‌زیدی مه‌ردۆخی: مه‌رجه‌كان ئه‌وه‌یه كه سه‌رمایه‌گوزار هانبدرێنو ناچاربكرێن له‌جیاتی ئه‌وه‌ی كه بچن داهاته‌كه‌یان له ره‌نگی "قژ"و ئه‌و شتانه‌دا خه‌رج بكه‌ن، خه‌ڵك هانبده‌ن كه شانازیی به‌وه‌وه بكه‌ن كه فڵانه كارگه 30%ی هی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌وانه.
*سه‌باره‌ت به سه‌رمایه‌گوزاری ده‌ره‌وه، كێشه‌یه‌ك هه‌یه له كوردستاندا، زۆرێك له سه‌رمایه‌داره‌كانی ده‌ره‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌ڵێن كورد هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ ده‌ره‌وه، نایه‌ن سه‌رمایه‌گوزاریی بكه‌ن؟
بایه‌زیدی مه‌ردۆخی: سه‌رمایه‌گوزاری ده‌ره‌كی چه‌ند جۆری هه‌یه، جۆرێكیان ریسك دهكهنو دێن سه‌رمایه‌گوزاریی دهكهنو هه‌ست به مه‌ترسیش ده‌كه‌ن، به‌ڵام چاوه‌ڕوانی سوودیان یه‌گجار زۆره، یانی ئه‌گه‌ر له وڵاتێكی ئاوهدانو ئاسایش‌دا چاوه‌ڕوانی سوودیان 10% بێت، له هه‌رێمی كوردستاندا چاوه‌ڕوانی 30%یان هه‌یه، كه 30%كه‌یان برد، هیچ نیگه‌رانییه‌كیان نییه‌و دهیكێشنه ده‌ره‌وه، ئه‌وه ریسكهكهیه. ده‌سته‌واژه‌یه‌ك هه‌یه له بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تیدا پێی ده‌ڵێن سه‌رمایه‌گوزاریی له‌سه‌ر ئیسكهیتهوه، ده‌ڵێت: ماشین‌و ئامێرهكانو شته‌كانی تر ئیسكهیتهو ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌نده زه‌حمه‌تی نییه‌و جۆرێكه له سه‌رمایه‌گوزاریی كه زۆر جێی دڵخۆشی نییه. بۆیه من حه‌زده‌كه‌م سه‌رمایه‌گوزاری ناوخۆیی هانبدرێت كه سه‌رمایه‌گوزاریی بكات، ئه‌و خه‌ڵكه نابێت هه‌ر خه‌ریكی كڕین‌و فرۆشتن‌و بازرگانی‌و بهكارهێنانو كإین بێت، خه‌ڵك ده‌بێت سه‌رقاڵی كاری به‌رهه‌مهێنان بێت، كاری به‌رهه‌مهێنانیش به سه‌رمایه‌گوزاریی ده‌كرێت، حكومه‌تیش ده‌بێت ئێستا ئه‌وه بكات، من پێموایه دروست نییه حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستوه‌رنه‌داته ناو كاروبارهوهو خۆی بچووك بكاته‌وه.
*ده‌مه‌وێت پرسیار له‌سه‌ر رۆڵی حكومه‌ت بكه‌م له هێنانی شتومه‌ك، واته هه‌رچه‌نده قسه له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی حكومه‌ت ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئایا پێویست به‌وه ناكات كه حكومه‌ت بیسه‌پێنێت به‌سه‌ر بازرگانه‌كاندا كه چ شتومه‌كێك (كه له ئێستادا پێویسته)، بهێنرێته وڵاتهكهوهو چ شتێك نه‌هێنرێت؟
بایه‌زیدی مه‌ردۆخی: زۆر پێویسته كه ئه‌و كاره بكرێت‌و هه‌ر حكومه‌تێك ئه‌وه له‌بیربكات، خه‌ڵكه‌كه‌شی له‌بیر ده‌چێته‌وه، به‌تایبه‌تی له كوردستاندا، ته‌نانه‌ت ئێستا له ئێرانیشدا له به‌رنامه‌ی چوارهمو سێیه‌میشدا من زۆر گوشارم هێناو قبوڵیش بووه كه ئێران نابێت خۆی بكێشێته‌وه له سه‌رمایه‌گوزاریی له ناوچه هه‌ژاره‌كاندا. له‌بیرمه 10 ساڵ لهمهوپێش ئیسفه‌هان داوایان له ده‌وڵه‌ت كرد كه هیچ خه‌رجییه‌ك نه‌كه‌ن بۆیان‌و ئیجازه بده‌ن خۆیان‌و خۆیان ئیداره بكه‌ن، به‌ڵام له كوردستان وانییه، من بهڵگاندنهكهشم ئه‌وه‌یه ده‌ڵێم ئه‌وكاته‌ی كه دۆلار حه‌وت تمه‌ن بوو، زۆر جێگه‌ی ئێران گه‌شایه‌وه. ئهراكو ئههوازو ئیسفه‌هان‌و شیراز‌و مهشههدو تهورێزو...، كوردستان هیچ به‌شێكی نه‌بوو، ئێستا كه دۆلار بووه‌ته نزیكه‌ی 1000 تمه‌ن، خه‌ڵك بیكات؟!! خه‌ڵك توانای ئه‌وه‌ی نییه، ده‌بێت ده‌وڵه‌ت به‌شێكی بۆ دابین بكات، به خۆشحاڵییه‌وه ده‌وڵه‌تی خاته‌می ئه‌وه‌ی قبوڵ كرد‌و وتی: ئه‌گه‌ر پرۆژه پێناسه بكرێت، كه ئه‌و پرۆژه‌یه سه‌د خه‌رجی هه‌یه، من تا 30 له خه‌رجییه‌كانی دهدهمو ئه‌و كاره‌ش كرا. له زانستی ئابووریشدا به بواری تیۆرییهكهوه، هه‌ندێك كار هه‌یه كه به هیچ شێوه‌یه‌ك به كه‌رتی تایبه‌ت ناكرێت، بۆ نموونه گه‌شه‌ی ته‌كنه‌لۆژی، كه‌رتی تایبه‌ت كارێكی به‌سه‌ر گه‌شه‌ی ته‌كنه‌لۆژییه‌وه نییه. ده‌وڵه‌ت ره‌نگه حه‌زو ویستی ئاوا بێت كه له بواری ته‌كنه‌لۆژییه‌وه گه‌شه بكات، ئه‌ویش سه‌رمایه‌گوزاریی بكات، جا بۆیه پێموایه ئێستا ئێوه به خۆشحاڵییه‌وه وه‌زاره‌تی بهرنامهڕێژیتان (پلاندانان) هه‌یه، ئه‌و وه‌زاره‌تی به‌رنامه‌ڕێژییه ده‌بێت نه‌خشه‌ی گه‌شه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئامادهبكاتو بێته خوارتریشه‌وه، بڵێت ئه‌و سه‌د پرۆژه‌یه من ئاماده‌م كردووه، چونكه ئه‌گه‌ر سه‌رمایه‌گوزاریی تێدا بكرێت، سوودیشی هه‌یه بۆ خه‌ڵك، ده‌رده‌كه‌وێت كه كامه سوودی هه‌یه‌و كامه بێكهڵكه، له رۆژنامه‌و تهلهفزیۆنو كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندندا بڵاویان بكاته‌وه‌و بڵێت خه‌ڵكینه وه‌رن 30%- 40% قه‌رزتان له‌و سه‌د پرۆژه‌یه پێده‌ده‌ین، به رای من له هه‌رێمی كوردستاندا ده‌بێت قه‌رزی 70% بدرێت‌و درێژخایه‌ن بێت‌و له ماوه‌ی 15 ساڵدا وه‌ربگیرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره نه‌كه‌ن، هه‌موو شتێك گران دهبێتو ته‌كنه‌لۆژیا گران دهبێتو ئیتر ئه‌وه نییه كه دونیای خۆرئاوا ته‌كنه‌لۆژیا به ههرزانو به پاره‌ی كه‌م بدات به ئێمه یان به ئێوه، كاتێك كه گران بوو، گرانبوونی داهاتی نهوتو شته‌كانی تر هیچ كه‌ڵكێكی ئه‌وتۆی نابێت، به جۆرێك كارخانه‌یه‌ك كه ده‌توانێت به 10 ملیۆن دۆلار بخرێته گه‌ڕ، ئێستا به 20 ملیۆن دۆلاریش ناخرێته كار.
*هیچ ههوڵێكتداوه بۆ نزیكبوونه‌وه له حكومه‌تی هه‌رێم بۆ نووسینی هه‌ندێك پرۆژه، هیچ هه‌نگاوێكتان نه‌ناوه بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌وه بكرێت كه كوردستان له بواری ئابوورییه‌وه چۆن گهشهبكاتو چ كارێك بكرێت؟
بایه‌زیدی مه‌ردۆخی: من كارێكی وام نه‌كردووه، له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه بانگهێشتی زاره‌كی كراوم‌و جارێكیش كه كاك نێچیرڤان بارزانی له تاران بوو، وتی: ته‌نانه‌ت خۆتان نامه‌ی بانگهێشته‌كه بنووسن كه من بینێرم بۆتان، به‌ڵام ئێمه ئه‌و كاره‌مان نه‌كرد، زۆر پێویسته، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له كاناڵێكی ره‌سمییه‌وه بكرێت، ئه‌وا زۆر باشتره.
*خۆتان بیرتان له‌وه نه‌كردووه‌ته‌وه جۆرێك له به‌رنامه‌یه‌ك دابنرێت بۆ كوردستان‌و له‌گه‌ڵ خۆتاندا بیبه‌ن؟
بایه‌زیدی مه‌ردۆخی: كارێكی ئاوام ئه‌نجام نه‌داوه، له‌سه‌ر ئاستی شه‌خسی شتی وام نه‌كردووه، به‌ڵام بۆ كاری راوێژكاریی، بێگومان زۆر حه‌زیش ده‌كه‌م‌و ده‌شتوانم ئه‌و كاره بكه‌م.
*به‌گوێره‌ی بواره‌كه‌ی خۆت‌و بوونت له‌نێو ئابووریزاناندا، بێگومان په‌یوه‌ندییه‌كی باشت هه‌یه، هه‌وڵتنه‌داوه هانی كۆمپانیاكان یان حكومه‌تی ئێران بده‌یت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌گوزاریی بكه‌ن له كوردستاندا؟
بایه‌زیدی مه‌ردۆخی: كاری له‌وجۆره‌م ئه‌نجامداوه، له چه‌ند جێیه‌كیش راوێژیان له‌گه‌ڵ كردوومو ته‌نانه‌ت كه‌سیشم پێ ناساندوون. ئه‌ندازیارێكی سنه‌یی نزیكه‌ی ساڵ‌و نیوێك نووسینگه‌یه‌كی ده‌برد به‌ڕێوه، كۆمپانیایه‌كی زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه، چووبوونه ئه‌وێ (هه‌رێمی كوردستان) كه كاربكه‌ن، به‌ڵام ئیشیان بۆ نه‌دۆزرابووه‌وه، ته‌نها خه‌رجیان كرد‌و هاتنه‌وه، كه من پرسیارم له‌و هاوڕێیه ده‌كرد، ته‌نها باسی له گه‌نده‌ڵی ده‌كرد، ده‌یوت له گه‌نده‌ڵیدا ئێمه ناتوانین كاربكه‌ین، ئه‌و كه‌سه زۆریش هه‌وڵیدا كه بتوانێت كارێكی دروست‌و باش بكات، چونكه ئه‌و كۆمپانیایه كۆمپانیایه‌كی خاوه‌ن تهكنهلۆژییهو له دونیادا ناسراوه.
*هه‌ست ناكه‌ن كورد زۆرتر سه‌رقاڵی پرسی سیاسی‌و پرسی فه‌رهه‌نگییه‌و زۆر به كه‌میی گرنگی به ئابووری ده‌دات، با نموونه‌یه‌كت بۆ بهێنمه‌وه جارێكیان رۆژنامه‌نووسێكی كه‌نداومان بینی زۆر باسی رۆژنامه‌كانی خۆمانمان بۆكرد، باسی ئه‌وه‌مان بۆكرد كه ئێستا ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ی ئێمه (رۆژنامه) 16 لاپه‌ڕه‌یه، لاپه‌ڕه‌یه‌كی بۆ ئابووری ته‌رخانكراوه، ئه‌و وتی هه‌ست ده‌كه‌م ئێوه به‌و قسه‌وباسه میلله‌تێكن له رابردوودا دهژینو په‌یوه‌ستن به مه‌له‌سه‌ی رابردووه‌وه، ئه‌وه‌نده ئاگاداری داهاتوو نین، داهاتووش یانی ئابووری، رۆژنامه‌كانی كه‌نداومان بینی كه چه‌ند گهشهكردوونو رۆژنامه‌ی ئابووریی تایبه‌تیان هه‌یه، پێتانوانییه كورد زۆر كه‌مته‌رخه‌مه له بواری ئابووریدا؟
بایه‌زیدی مه‌ردۆخی: به‌داخه‌وه وایه، ئه‌و عه‌یبه له‌ناو ئێمه‌شدا هه‌یه، یانی كورد به ته‌واویی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ئێوه‌ش هێشتا لاوازن، ئه‌وه زۆر سه‌یره، ئه‌وه حهیفو نابێت ئاوا بێت، ئێمه ده‌سه‌ڵاتێكمان نییه، ئێوه زۆر به باشی ده‌توانن بزووتنه‌وه‌یه‌كی ئاگابهخشی له بواری ئابوورییه‌وه به خه‌ڵك بده‌ن، به‌شێكی ئه‌وه به رۆژنامه ده‌كرێت، له‌وه گرنگتر ئه‌وه‌یه دامه‌زراوه‌كان كامڵ بكرێن، دامه‌زراوه‌كان‌و ناوه‌ندی بهرنامهإێژیی ده‌بێت یه‌كێك له كاره‌كانی ئه‌وه بێت. كه ده‌بینم ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكیان ناردووه بۆ ده‌ره‌وه، بۆ نموونه بۆ كۆریای باشوور، ئه‌وه زۆر باش‌و به‌سووده، ده‌توانن شێوه‌ی ساڵی 1960ی كۆریای باشوور له‌وان فێربن، وه‌زیره‌كانیان به‌ناوبانگن، بۆ نموونه وه‌زیرێكیان هه‌بوو به‌ناوی "ساكچۆریی" كه زۆر به‌ناوبانگه‌و بونیادنه‌ری گه‌شه‌ی ئابووریی كۆریای باشووره، ئه‌و وه‌زیری زانست بوو، كاری سه‌یروسه‌مه‌ره‌یان ده‌كرد، بۆ نموونه كۆمپانیایه‌ك كه لاواز بوایه ده‌چوو گوێی به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و كۆمپانیا لاوازه‌ی ده‌گرت، له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی دیكه كه كه‌مێك له‌و به‌هێزتر بوو، ده‌یوت ده‌بێت تێكه‌ڵ بن، ده‌یانوت ئێمه كاری خۆمان ده‌كه‌ین، ده‌یوت ناتوانن كاری خۆتان بكه‌ن، بۆیه ماوه‌و كاتیشتان بۆ داده‌نێم، ئه‌گه‌ر نه‌یكه‌ن من ده‌ستوور به بانكه‌كان ده‌ده‌م ته‌واوی ئیعتباراتتان به‌تاڵ بكهنو متمانه‌تان لێبسه‌ننه‌وه، جا كۆمپانیایه‌ك كه زۆر گه‌وره بوو، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌بوو كه زیان به‌و بگه‌یه‌نێت، به ئاسانی ده‌چوو داوای ده‌كرد ده‌یوت ده‌بێت ببن به 3 دانه، به 4 دانه كه له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا ركابه‌ریی بكهنو ئێمه كاری دیكه قبوڵ ناكه‌ین. به بۆچوونی من هه‌رێمی كوردستان ئێستا ده‌بێت ئه‌و شێوه‌یه بگرێته به‌ر، یان بۆ نموونه كارێك كه كۆریای باشوور كردی، ته‌واوی دونیا گاڵته‌یان پێده‌كرد، كۆریای باشوور بڕیاریدا كه‌شتیسازی دابنێت، به ئابوورییه‌كی هه‌ژاره‌وه وتی من كه‌شتیسازی داده‌نێم، ئه‌وه‌نده باش ئه‌و كاره‌یان كرد كه كۆریای باشوور له پۆڵه‌نده‌و له ئه‌مه‌ریكای برده‌وه، یانی كهشتیسازییهكهی ئه‌وه‌نده گه‌شه‌ی به‌خۆیه‌وه بینی، جا بۆیه پێموایه ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌ی دروست‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی بكرێت، له كوردستانیشدا ده‌كرێت هه‌ندێك بهشو لق ده‌ستنیشان بكرێت‌و دیاریی بكرێت بۆ گهشهپێدانو ده‌وڵه‌ت به ته‌واوی گرنگیی پێبدات‌و هاوكاریی بكات.