Print
 ئه‌مه‌ كه‌مه‌كه‌یه‌، زۆره‌كه‌ كوا؟
Sunday, October 12, 2008


راپۆرت: فازڵ‌ نه‌جیب
له‌ ماوه‌ی (5) ساڵدا هه‌ردوو ئیداره‌كه‌ی هه‌ولێرو سلێمانی زیاتر له‌ 24 ملیار دۆلاریان له‌ حكومه‌تی عێراق وه‌رگرتووه‌و ئیداره‌ی هه‌ولێر كه‌ زیاتر له‌ 13 ملیار دۆلاری به‌ركه‌وتووه‌، نزیكه‌ی یه‌ك ملیارو 560 ملیۆن دۆلاری له‌ ماوه‌ی 4 ساڵدا له‌ پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كاندا بۆ هه‌ولێر سه‌رف كردووه‌، پارێزگای سلێمانییش له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی هه‌رێمه‌كان، نزیكه‌ی 296 ملیۆن دۆلاری سه‌رف كردووه‌.
یه‌كێك له‌ كێشه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئیداره‌ی حكومه‌تی كوردستان، نه‌بوونی شه‌فافیه‌ته‌ له‌ خه‌رجكردنی ئه‌و ملیار دۆلارانه‌ی له‌ حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ بۆی دێت، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هێشتا هاووڵاتییان پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ژیانیان بۆ دابین نه‌كراوه‌و ناشزانن ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌ی كه‌ بۆ خزمه‌تی ئه‌وان له‌ به‌غدا وه‌رده‌گیرێت، له‌ چیداو چۆن سه‌رف ده‌كرێت.
ئه‌وه‌ی له‌م راپۆرته‌دا ده‌خوێنرێته‌وه‌، به‌ خشكی رۆشتنه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك خه‌رجیی، چونكه‌ ئه‌و چه‌ند به‌رپرسه‌ كه‌مه‌ی كه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر سامانی خه‌ڵكی كوردستاندا ده‌ڕوات‌و مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ده‌كه‌ن، ئاماده‌نین ورده‌كاریی خه‌رجییه‌كان ئاشكرابكه‌ن‌و زۆربه‌ی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی‌و پارتی‌و وه‌زیره‌كانیش لێی بێئاگان. به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی كه‌ به‌رپرسانی هه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێرو سلێمانی پێیانداوین‌و سوپاسی هاوكارییان ده‌كه‌ین، ئه‌م راپۆرته‌ ئاماده‌ كراوه‌.

خه‌رجییه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی هه‌رێمه‌كان

به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی كه‌ پارێزگای هه‌ولێر پێیداوین، له‌ ساڵه‌كانی 2006و 2007 زیاتر له‌ 216 ملیارو 129 ملیۆن دیناریان له‌ حكومه‌تی عێراق وه‌رگرتووه‌و له‌ 469 پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریدا خه‌رجكراوه‌و پرۆژه‌كانیش له‌ بواری (په‌روه‌رده‌، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و رێگه‌وبان، ته‌ندروستی، شاره‌وانی‌و شاره‌وانییه‌كان، كشتوكاڵ‌و ئاودێری، كاره‌با، گه‌یاندن، كارگێإی خۆجێیه‌تی)دا سه‌رف كراون.
هه‌مزه‌ حامید، به‌رپرسی راگه‌یاندنی پارێزگای هه‌ولێر، به‌ رۆژنامه‌ی راگه‌یاند كه‌ ئه‌وپه‌ڕی دڵسۆزیی‌و لێزانیی له‌ سه‌رفكردنی ئه‌و پاره‌یه‌دا به‌كارهاتووه‌و هیچ یه‌كێكیش له‌ پرۆژه‌كان شكستی نه‌هێناوه‌.
ئه‌و گه‌شه‌كردنه‌ی كه‌ شاری هه‌ولێر له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، به‌ڵگه‌ی رێكوپێك خه‌رجكردنی ئه‌و پاره‌یه‌یه‌ كه‌ له‌به‌رده‌م پارێزگاری ئه‌و شاره‌دا بووه‌.

خه‌رجییه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر له‌سه‌ر بودجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم

كاتێك باسی بودجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ین، مه‌به‌ستمان رێژه‌ی 54%ی‌ ئه‌و پاره‌یه‌یه‌ كه‌ به‌ناوی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ دێته‌ هه‌ولێرو به‌ته‌واوی له‌ژێر كۆنترۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستاندایه‌ كه‌ حكومه‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌بات‌و جگه‌ له‌ خۆی، هیچ حیزب‌و ده‌زگاو لایه‌نێكی كوردستانی لێی ئاگادار نییه‌.
له‌ رۆژی 1/1/2004 تا 31/12/2007 كه‌ ده‌كاته‌ 4 ساڵی ته‌واو، حكومه‌تی هه‌رێم (ئیداره‌ی هه‌ولێر) له‌و بڕه‌ پاره‌ی كه‌ وه‌ریگرتووه‌و زیاتر له‌ 13 ملیار دۆلاره‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ردوو شاری هه‌ولێرو دهۆك، (ئه‌وه‌ش جگه‌ له‌ داهاتی گومرك‌و باج‌و خه‌رجی‌‌و فرۆشتنی موڵكه‌كانی ده‌وڵه‌ت به‌ كه‌رتی تایبه‌ت‌و داهاته‌كانی گه‌شتوگوزارو ته‌ندروستی‌و به‌شه‌كانی دیكه‌و شیرینیی گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان)، پارێزگای هه‌ولێر كه‌ بڕیاره‌ بكرێته‌ دوبه‌ی‌و له‌ باری واقیعشدا گه‌شه‌یه‌كی  زۆر سه‌رنجڕاكێشی پێوه‌دیاره‌و پشكی شێری خه‌رجییه‌كانی حكومه‌تی به‌ جۆرێك بۆخۆی پچڕیوه‌، كه‌ وا هه‌ست بكرێت شاری دهۆك پشتگوێخراوه‌، ته‌نها 2 ترلیۆن‌و 106 ملیارو 837 ملیۆن‌و 827 هه‌زارو 112 دیناری بۆ خه‌رجكراوه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بكه‌ین به‌ دۆلارو به‌ 135 هه‌زار دینار (نرخی مامناوه‌ندیی نێوان 150 هه‌زاری ساڵانی رابردوو و 120 هه‌زاری ئێستا) بیشكێنینه‌وه‌، ده‌كاته‌ 1 ملیارو 560 ملیۆن‌و 620 هه‌زارو 612 دۆلاری ئه‌مریكی.
ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ 2403 پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریدا له‌ 11 بواردا خه‌رجكراوه‌.
به‌پێی ئاماری ساڵی 1987، رووبه‌ری پارێزگای هه‌ولێر 14 هه‌زارو 471 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه‌ كه‌ 2 هه‌زارو 83 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ی سنووری ماده‌ی 140و له‌ژێر ئیداره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمدا نییه‌، واته‌ ئه‌و 2403 پرۆژه‌یه‌ی له‌سه‌ر بودجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم‌و 469 پرۆژه‌ی له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی هه‌رێمه‌كان دروستكراوه‌، له‌سه‌ر رووبه‌ری (11688) كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ بووه‌.
ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ بۆ شاری هه‌ولێر خه‌رجكراوه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و 4 ساڵه‌دا له‌سه‌ر بودجه‌ی‌ حكومه‌تی هه‌رێم زیاتر له‌ ملیارێك‌و 500 ملیۆن دۆلاره‌، ده‌كاته‌ نزیكه‌ی یه‌ك له‌سه‌ر نۆی بودجه‌كه‌ (به‌بێ‌ پشكی دهۆك‌و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران).
چۆنێتی خه‌رجكردنی ئه‌و پاره‌یه‌و سه‌ركه‌وتن‌و فه‌شه‌لهێنانی پرۆژه‌كان‌و به‌رزیی كوالێتی پرۆژه‌كان، بابه‌تێكی دیكه‌یه‌و ده‌كرێت چه‌ندین پرسیاری له‌سه‌ر دروست بكرێت.

ئه‌مه‌ریكییه‌كانیش پاره‌ زۆره‌كه‌یان له‌ هه‌ولێر خه‌رجكرد

له‌دوای ساڵی 2003 كه‌ ئه‌مه‌ریكا هاته‌ عێراق، جگه‌ له‌ چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كانیان، پرۆژه‌ی‌ خزمه‌تگوزاریشیان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ئه‌نجامداوه‌و له‌وه‌شدا هه‌ولێر له‌ به‌رامبه‌ر سلێمانیدا پشكی شێری به‌ركه‌وت.
له‌ رۆژی 1/1/2004 تا 31/12/2007 حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكا 81 پرۆژه‌ی له‌ بواره‌كانی (ته‌ندروستی، ئاو، كاره‌با، ئاسایش، په‌روه‌رده‌، گه‌یاندن، كۆمه‌ڵایه‌تی) بۆ پارێزگای هه‌ولێر ئه‌نجامداوه‌، كه‌ گه‌وره‌ترینیان پرۆژه‌ی ئاوی ئیفرازه‌ كه‌ 80%ی كێشه‌ی ئه‌و شاره‌ گه‌وره‌ی چاره‌سه‌ركرد.
بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ هه‌ولێردا خه‌رجیان كردووه‌، 414 ملیارو 465 ملیۆن‌و 412 هه‌زارو 500 دیناره‌، كه‌ ئه‌و بڕه‌ش دوو ئه‌وه‌نده‌و نیوی هه‌موو ئه‌و پاره‌یه‌یه‌ كه‌ له‌ حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ به‌ناوی بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی هه‌رێمه‌كان هاتووه‌ته‌ هه‌ولێر.

ناكۆكییه‌كانی ناوخۆی یه‌كێتی، كۆریاییه‌كانی كرده‌ خزمه‌تكاری هه‌ولێر

حكومه‌تی كۆریا بۆ پیشاندانی هاوپه‌یمانێتیی ئه‌مه‌ریكا، به‌ تیپی زه‌یتونی سه‌ربازیی هاته‌ عێراق‌و یه‌كه‌مجاریش سلێمانییان بۆ شوێنی نیشته‌جێبوونیان دیاریكردبوو، تیپی زه‌یتونی كۆرییه‌كان رۆڵێكی گرنگی هه‌بووه‌ له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و په‌ره‌پێدانی شاری هه‌ولێر. هه‌مزه‌ حامید، به‌رپرسی راگه‌یاندنی پارێزگای هه‌ولێر، باسی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك كۆرییه‌كان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، زۆر رێكوپێك‌و گونجاوه‌و به‌ته‌واوی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ده‌هێنێت.
سه‌رچاوه‌یه‌ك پێی راگه‌یاندم ئه‌و تیمه‌ی له‌ كۆریاوه‌ هاته‌ عێراق بۆ دیاریكردنی شوێنی جێگیربوونیان، شاری سلێمانییان ده‌ستنیشان كردبوو، به‌ڵام له‌به‌ر خیلافاتی ناوخۆیی‌و ته‌ماعی هه‌ندێك به‌رپرسی یه‌كێتی به‌وه‌ی كه‌ له‌بری كۆرییه‌كان، ئه‌مه‌ریكا بێته‌ سلێمانی، ئاماده‌نه‌بوون جێگه‌ی كۆرییه‌كان بكه‌نه‌وه‌و ئه‌وانیش رۆشتنه‌ هه‌ولێرو زۆر به‌ گه‌رمیی پێشوازییان لێكرا.
كۆرییه‌كان له‌ ماوه‌ی 4 ساڵی رابردوودا 190 پرۆژه‌ی سه‌ركه‌وتوویان پێشكه‌شی پارێزگای هه‌ولێر كردووه‌ به‌ بودجه‌ی 78 ملیارو 427 ملیۆن‌و 398 هه‌زارو 450 دینار، كه‌ زۆرترینی پاره‌كه‌یان له‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌دا خه‌رج كردووه‌.

كۆی ئه‌و پارانه‌ی له‌ هه‌ولێردا خه‌رجكراوه‌ له‌ ماوه‌ی 4 ساڵی رابردوودا

پشكی شێری خه‌رجییه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر، بودجه‌ی حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌و پاشان ئه‌مه‌ریكییه‌كان‌و دواتریش كۆرییه‌كان‌و ژماره‌ی ئه‌و پرۆژانه‌ش كه‌ ئه‌و 3 لایه‌نه‌ پاره‌یان تێدا خه‌رج كردووه‌، (2674) پرۆژه‌یه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ 469 پرۆژه‌ كه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی هه‌رێمه‌كان دروستكراوه‌، ئه‌وكات كۆی پرۆژه‌كان ده‌كاته‌ (3143) پرۆژه‌.
هه‌موو ئه‌و پرۆژانه‌ش به‌ 2 ترلیۆن‌و 599 ملیارو 730 ملیۆن‌و 638 هه‌زارو 062 دیناری عێراقی دروستكراوه‌، كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ 1 ملیارو 925 ملیۆن‌و 726 هه‌زارو 398 دۆلاری ئه‌مریكییه‌ (هه‌ر دۆلارێكی ئه‌مریكی به‌ 1350 دینار داشكێنراوه‌ته‌وه‌، نێوانی 1500ی جاران‌و 1200ی ئێستا).
كۆی خه‌رجییه‌كانی چوار ساڵی رابردوو كه‌ ئه‌گه‌ر دابه‌شی بكه‌یت به‌سه‌ر هه‌ر ساڵێكدا، نزیك له‌ 500 ملیۆن دۆلاره‌ بۆ پارێزگای هه‌ولێرو ئه‌وه‌ش به‌شێكی كه‌می ئه‌و بودجه‌ زه‌به‌لاحه‌یه‌ كه‌ هاتووه‌ته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی.

سلێمانی، چی له‌ 11 ملیار دۆلاره‌كه‌ كردووه‌؟

كاتێك ده‌چیته‌ ناو پارێزگای هه‌ولێر، داوای بودجه‌و ناوی ئه‌و پرۆژانه‌ ده‌كه‌یت كه‌ حكومه‌ت یان كۆریایی یان ئه‌مریكییه‌كان به‌إێوه‌یان بردووه‌، پاش 25 ده‌قیقه‌ هه‌موو زانیارییه‌كانت به‌ جۆرێك ده‌ده‌نێ‌ كه‌ هه‌موو كه‌س به‌ ئاسانیی لێی تێبگات.
هه‌مان داوامان له‌ پارێزگای سلێمانی هه‌بوو، ئه‌وان كه‌متر له‌و ماوه‌یه‌و به‌ دیزاینێكی زۆر جوان، ته‌واوی پرۆژه‌و بودجه‌و خه‌رجییه‌كانی خۆیان پێداین‌و وتیان هیچ لیستێكی حازرمان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ بۆ ئه‌و پرۆژانه‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر بودجه‌ی خۆی له‌ پارێزگای سلێمانی ئه‌نجامیداوه‌، ئه‌گه‌ر لایه‌نی به‌رپرس كۆمه‌كمان بكات، به‌ هه‌مانشێوه‌ی خه‌رجییه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر، خه‌رجییه‌كانی پارێزگای سلێمانی (ته‌نها شاری ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ته‌كه‌ی یه‌كێتی له‌ ماوه‌ی رابردوو) بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌وه‌ی لێره‌دا بڵاوی ده‌كه‌ینه‌وه‌ ته‌نها ئه‌و پرۆژانه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی هه‌رێمه‌كان دروستكراوه‌و دوورو نزیك په‌یوه‌ندی‌ به‌ بودجه‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌وه‌ نییه‌.
له‌ ساڵی 2006دا پارێزگای سلێمانی به‌ بودجه‌ی 71 ملیارو 469 ملیۆن‌و 608 هه‌زارو 293 دینار، توانیویانه‌ 86 پرۆژه‌ جێبه‌جێ‌ بكه‌ن.
له‌ ساڵی 2007دا به‌ بودجه‌ی 170 ملیارو 230 ملیۆن‌و 741 هه‌زارو 192 دینار، توانیویانه‌ 166 پرۆژه‌ جێبه‌جێ‌ بكه‌ن، له‌ ساڵی 2008یشدا 211 پرۆژه‌یان به‌ 158 ملیارو 431 ملیۆن‌و 584 هه‌زارو 980 دینار دروست كردووه‌.
كۆی خه‌رجییه‌كانی 463 پرۆژه‌ی پارێزگای سلێمانی له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی هه‌رێمه‌كان، 400 ملیارو 131 ملیۆن‌و 934 هه‌زارو 465 دیناره‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ش به‌ 1350 دینار بۆ دۆلارێك بشكێنینه‌وه‌، ده‌كاته‌ 296 ملیۆن‌و 394 هه‌زارو 025 دۆلاری ئه‌مریكی، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ یه‌كێتی نیشتمانی له‌ ماوه‌ی ئه‌و 3 ساڵه‌ی رابردوودا  زیاتر له‌ 9 ملیار دۆلاری له‌ حكومه‌تی عێراق وه‌رگرتووه‌و یه‌ك دۆلاری له‌و پرۆژانه‌دا سه‌رف نه‌كردووه‌ كه‌ ئێمه‌ باسمان كردوون، بۆیه‌ پێویسته‌ ئیداره‌ی سلێمانی روونی بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و 9 ملیار دۆلاره‌ی چۆن‌و له‌ چیدا سه‌رف كردووه‌و چه‌ندی بۆ مووچه‌ رۆیشتووه‌و چه‌ندی له‌ پرۆژه‌كاندا سه‌رف كردووه‌و بۆ كام پرۆژه‌و چۆنیش سه‌رفی كردووه‌.

باقی پاره‌كان له‌چیدا سه‌رفكراوه‌؟

به‌پێی ئه‌و پلانه‌ی كه‌ بۆ بوژانه‌وه‌ی شاری هه‌ولێر دانرابوو كه‌ وه‌ك دوبه‌ی لێبكرێت، ساڵانه‌ نزیكه‌ی‌ (500) ملیۆن دۆلاری تێدا خه‌رجكراوه‌و  به‌دڵنیایی له‌به‌ر بچووكیی شاری دهۆك‌و هه‌ندێك جیاوازیی دیكه‌، بڕێكی زۆر كه‌متر له‌و پاره‌ی تێدا خه‌رجكراوه‌. ئێمه‌ له‌م راپۆرته‌دا به‌ هیچ جۆرێك نه‌چووینه‌ته‌ ورده‌كاریی خه‌رجییه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رپرسانیش دانیان به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا پاره‌یه‌كی زۆر به‌هه‌ده‌ر دراوه‌و له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستانیشدا چه‌ندین پرۆژه‌ هه‌بووه‌ له‌به‌ر خاتری خاتران، زیاد له‌ بوجه‌ی خۆی بۆ ته‌رخانكراوه‌.
له‌ شاری سلێمانییش یه‌كێتی نزیكه‌ی 11 ملیار دۆلاری له‌ حكومه‌تی عێراق وه‌رگرتووه‌و(جگه‌ له‌ داهات‌و گومرگ‌و باج‌و خه‌راجه‌كان‌و فرۆشتنی موڵكی ده‌وڵه‌ت به‌ كه‌رتی تایبه‌ت) تا ئێستاش هیچ یه‌كێك له‌ پرۆژه‌ ستراتیژییه‌كان ته‌واونه‌كراوه‌، ئه‌وه‌ خه‌سته‌خانه‌ 400 قه‌ره‌وێڵه‌ییه‌كه‌ ساڵ‌ به‌ساڵ‌ ته‌مه‌نی ئیشكردن تێیدا درێژ ده‌كرێته‌وه‌و تونێله‌كه‌ی ئه‌زمه‌ڕیش كه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان پێویستی سه‌ره‌كی نه‌بوو، ته‌واونه‌بووه‌و هه‌ردوو جاده‌ی دوكان‌و عه‌ربه‌ت بۆ سلێمانی به‌ته‌واوی جێبه‌جێ‌ نه‌كراوه‌و شاره‌ حه‌یاته‌كه‌ش ئه‌م هاوینه‌ به‌ تانكه‌رو له‌شێوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ زۆره‌ملێكان ئاوی خواردنه‌وه‌ی بۆ براوه‌و هێشتا هێڵی دووه‌می ئاوی دوكان بۆ سلێمانی ته‌واونه‌بووه‌، كاره‌باكه‌شمان هه‌ر هی ده‌ربه‌ندیخان‌و دوكانه‌ كه‌ پشت به‌ ئاسمان ده‌به‌ستێت نه‌ك بودجه‌ی حكومه‌ت‌و بڕێكی دیكه‌ی له‌ هه‌ولێرو عێراقه‌وه‌ دێت.
ئێمه‌ ده‌زانین حكومه‌ته‌كه‌ی سلێمانی ئه‌و 11 ملیار دۆلاره‌ی خه‌رج كردووه‌ (به‌شێكی بۆ مووچه‌یه‌)، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌گه‌ر هه‌مووشی ئاشكرا نه‌كرێت، سه‌ره‌داوێكمان بده‌نێ‌.

Sbeiy.com © 2007