Print
 بارزانی‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا
Wednesday, October 29, 2008

راپۆرت : محه‌مه‌د كه‌ریم
رۆژی‌ دوو شه‌مه‌ی‌ رابردوو سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌ردانێكی ره‌سمی گه‌یشته‌ ئه‌مه‌ریكا،
ئه‌م سه‌ردانه‌ی‌ بارزانی‌ له‌ كاتێكدا بوو كه‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێك پێشتر له‌ تارانی‌ پایته‌ختی‌ ئێران گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

ئه‌و دوو سه‌ردانه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌ بۆ دوو وڵاتی دژ به‌یه‌ك له‌ رووی سیاسییه‌وه‌، بۆته‌ جێگه‌ی پرسیار له‌ناو پسپۆڕان و شاره‌زایانی‌ سیاسی ‌و راو بۆچۆنی جیاوازی له‌سه‌ر دروست بووه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ عومه‌ر نوره‌دینی مامۆستای زانسته‌ سیاسییه‌كان له‌ زانكۆی سه‌لاحه‌دین ، له‌ لێدوانێكدا بۆ سبه‌ی رایگه‌یاند: "له‌ ئێستادا ئێران و ئه‌مه‌ریكا دوو لایه‌نی سه‌ره‌كین له‌ كێشه‌كانی عێراقدا و كاریگه‌ری راسته‌خۆیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر داهاتووی عێراق. ره‌وشی سیاسی ئێستای عێراق زه‌حمه‌ته‌ ده‌رباز بێت ئه‌گه‌ر هاوسه‌نگی له‌نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌دا دروست نه‌بێت، سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمیش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا لێكدانه‌وه‌ی‌ بۆ ده‌كرێت."

عومه‌ر نوره‌دینی پێی‌ وابوو بانگهێشت كردنی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بۆ ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌ ده‌سمه‌لێنێت كه‌ كورد وه‌ك كاراكته‌رێك رۆڵی هه‌یه‌ و راسته‌ ده‌وڵه‌ت نییه‌، به‌ڵام كاریگه‌ری سیاسی له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌. 

به‌ پێی هه‌واڵێكی رۆژنامه‌ی "یه‌نی شه‌فه‌ق"ی‌ توركی، بارزانی و وه‌فدی هاوڕێی سه‌ره‌تا به‌ فرۆكه‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێره‌وه‌ چوونه‌ته‌ بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌نچه‌رلیكی ئه‌مریكا له‌ شاری ئادانای توركیا و له‌وێوه‌ به‌ فرۆكه‌یه‌كی تایبه‌تی كۆشكی سپی به‌ره‌و واشنتۆن به‌ڕێ‌ كه‌وتون.
د. مه‌حمود عوسمان په‌رله‌مانتاری عێراق له‌سه‌ر هاوپه‌یمانی كوردستان له‌ لێدوانێكی پێشوویدا بۆ سبه‌ی رایگه‌یاندبوو: "سه‌فه‌ری سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ ئه‌مه‌ریكا له‌ كاتێكی‌ گونجاودا نییه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌فه‌ره‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌نجام بدرایه‌، ئه‌و كات ده‌توانرا كێشه‌كان له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكی داهاتووی ئه‌و وڵاته‌ تاوتوێ بكرێت."  

یوسف محه‌مه‌د، شاره‌زای سیاسی و مامۆستا له‌ زانكۆی سلێمانی كه‌ هاوڕابوو له‌گه‌ڵ‌ د.مه‌حمود عوسمان، له‌ لێدوانێكدا بۆ سبه‌ی رایگه‌یاند: "ئه‌م سه‌ردانه‌ پاداشتێكی‌ بێ به‌رامبه‌ر بوو بۆ ئیداره‌ی بوش، له‌كاتێكدا كه‌ نه‌ده‌بوو كورد له‌م كاته‌دا به‌و شێوه‌یه‌  كار بكات، چونكه‌ له‌مدواییانه‌دا ئه‌مه‌ریكا له‌ زۆرێك له‌ مه‌سه‌له‌ چاره‌نووسسازه‌كان و كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا پشتگیری له‌ هه‌ڵوێستی كورد نه‌كرد".

یوسف محه‌مه‌د رای‌ وابوو كه‌ ئه‌م سه‌ردانه‌ ره‌نگه‌ هیچ قازانجێك به‌ كێشه‌كانی كورد له‌ به‌غدا نه‌گه‌یه‌نێت و ته‌نها له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئیداره‌ی بوشه‌، كه‌ به‌ره‌و كۆتایی ده‌ڕوات.

وتیشی حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت هه‌رچۆنێك بێت ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌ی نێوان عێراق و ئه‌مریكا ئیمزا بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ و كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر هه‌ڵبژادنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكا و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ پارتی‌ كۆمارییه‌كان ته‌واو ببێت.

به‌ڵام عومه‌ر نوره‌دینی رای پێچه‌انه‌ی هه‌بوو وتی: "سیاسیه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا دووره‌ له‌ ململانێی حیزبایه‌تی، ئه‌گه‌ر هه‌ر كام له‌و دوو حیزبه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌مه‌ریكا ناتوانێت ده‌ست له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ڵبگرێت".

هاوكات به‌ پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی ئانادۆلی توركیا، سه‌ردانی‌ ره‌سمی مه‌سعود بارزانی بۆ ئه‌مه‌ریكا دوو هه‌فته‌ی پێده‌چێت. 

سه‌باره‌ت به‌و ده‌نگ و باسانه‌ی‌ له‌ ئارادایه‌ له‌باره‌ی ناڕه‌زایی ئه‌مه‌ریكا له‌ سه‌ر سه‌فه‌ره‌كه‌ی مه‌سعود بازارنی بۆ ئێران، عومه‌ر نوره‌دینی‌ رایگه‌یاند: "پێم وانییه‌ ئه‌مه‌ریكا ناڕازی بێت له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ تاران، چونكه‌ خۆشی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئه‌منیه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ‌ تاران چه‌ندین جار دانشتنی كردووه‌."

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئاشكرا له‌ ئێران وتویه‌تی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ‌ رێككه‌وتنامه‌ ئه‌منییه‌كه‌ داین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ‌ به‌كارهێنانی خاكی عێراقدا نیین بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر وڵاتانی‌ دراوسێ‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌ پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه‌یه‌كی توركیا بارزانی له‌و سه‌فه‌ره‌یدا چاوی به‌ هه‌ندێك به‌رپرسی حكومه‌تی توركیا ده‌كه‌وێت.

یوسف محه‌ممه‌د به‌ دووری نه‌زانی ئه‌و شێوه‌ دیدارانه‌ له‌ ئه‌مریكا روو بدات، به‌ تایبه‌ت كاتێك كه‌ سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌ڕوات كه‌ گرنگییه‌كی زیاتر بدات به‌ توركیا و  سیاسه‌تی توركیاش به‌و ئاراسته‌یه‌ گۆڕاوه‌ كه‌ هه‌وڵ ده‌دات بۆ لێَكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ‌ هه‌رێم و وتی: "ره‌نگه‌ سه‌ردانی به‌رپرسانی توركیا بۆ هه‌رێم له‌ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌دا به‌ قورسی بكه‌وێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ری‌ ئه‌م جۆره‌ دیدارانه‌ به‌هێز ده‌كات."

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌نگۆیه‌ك هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵگری په‌یام یان نامه‌یه‌ك بێت له‌ ئێرانه‌وه‌ بۆ ئه‌مریكا یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. 

د. فودا حسێن، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، پێش ئه‌وی سه‌فه‌ره‌كه‌ ده‌ست پێبكه‌ن، له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌ی شه‌رقلئه‌وسه‌ت به‌ ئاماژه‌كردن به‌وه‌ی كه‌ ئێران و ئه‌مه‌ریكا هه‌لی دیكه‌ی زۆریان له‌به‌ر ده‌سته‌ بۆ گفتوگۆ و  په‌یام گۆڕینه‌وه‌ وتی: "سه‌رۆكی هه‌رێم هیچ په‌یامێكی له‌تارانه‌وه‌ بۆ واشینتۆن پێ نه‌بووه‌ و نییه‌، چونكه‌ ئه‌و كاره‌ له‌گه‌ڵ‌ رۆڵ و كه‌سایه‌تی ئه‌و یه‌كناگرێته‌وه‌."

ئه‌م سه‌فه‌ره‌ی بارزانی بۆ ئه‌مه‌ریكا دوای بانگهێشتی ره‌سمی جۆرج بوشی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌مه‌ریكا هات، پاش ئه‌وه‌ی‌ دیك چینی له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ هه‌رێمی كوردستان، به‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ راگه‌یاند.
له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ئێستادا نزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ سوننه‌ و هه‌وڵه‌كانی بۆ رازیكردنی شیعه‌كان له‌ ئارادایه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ سه‌ر حسابی كورد روویداوه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ وه‌ك مێژوو كورد هه‌میشه‌ له‌ دیموكراته‌كان نزیكتر بووه‌ و له‌ رێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ هه‌وڵی داوه‌ را و داواكاری خۆی بگه‌یه‌نێته‌ كۆنگریسی ئه‌مریكا. له‌ به‌رامبه‌ردا كۆمارییه‌كان هه‌میشه‌ له‌ لایه‌نه‌كانی‌ تری‌ وه‌ك تورك و عه‌ره‌ب نزیكتر بوون، به‌ڵام له‌م دواییه‌انه‌دا و به‌ هۆی شه‌ڕی عێراق كورد هاوده‌نگییه‌كی له‌گه‌ڵ‌ كۆمارییه‌كانیش ده‌ست پێكرد. 

به‌ڵام ئه‌وه‌ی دیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سیاسه‌تی دره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌ كۆماری و دیموكراته‌وه‌ دووباره‌ به‌ره‌و لای عه‌ره‌ب له‌ عێراقدا و تورك له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌ڕوات كه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ نوێیه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورددا نابێت.

ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆی سلێمانی به‌ ئاماژه‌كردن به‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ كورد زۆر ژیرانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ پێشهاته‌كانبكات وتی: "ئێستا كه‌ گۆڕانی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌دا له‌ ئارادیه‌،  پێویسته‌ كورد هه‌وڵ‌ بدات جۆرێك له‌ لێكتێگه‌یشتن بێنێته‌ ئاراوه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ ئێستا ده‌بینین رای گشتی جیهانی له‌مڕۆدا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورددا نییه‌."

Sbeiy.com © 2007