ئاماده‌كردنی: هێمن لهۆنی - دانا نه‌وزه‌ر
ئۆباما...
له دوای ململانێیه‌كی سه‌خت كه مێژوی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا به‌خۆیه‌وه نه‌دیوه، باراك ئۆبامای ئه‌فریقی- ئه‌مریكی ببێته پاڵێوراوی پارتی دیموكرات‌و ركابه‌ری پاڵێوراوی پارتی كۆماری جۆن ماكین بكه‌وێته رێ، ئۆباما وتی: "بردنه‌وه‌ی من كۆتایی گه‌شتێكی مێژوییه‌و سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی مێژویه‌كی باشتر‌و خۆشتره بۆ گه‌لی ئه‌مریكا"، ئێستاش ئه‌گه‌ر ئۆباما سه‌ركه‌وێت ئه‌وا یه‌كه‌مین ره‌ش پێسته ده‌بێته سه‌رۆك، ئه‌گه‌ر جۆن ماكین سه‌ركه‌وێت ئه‌وا یه‌كه‌مین به‌ته‌مه‌نترین سه‌رۆك ده‌بێت بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا.
باراك ئۆباما كێیه؟
سیناتۆر باراك حسێن ئۆباما، له ساڵی 1961 له ویلایه‌تی هاوای له ئه‌مریكا له‌دایكبوه، به‌هۆی كێشه‌ی خێزانییه‌وه ئۆباما له جاكارتای پایته‌ختی ئیندۆنیسا سه‌ره‌تای خوێندنی ده‌ستپێكردوه، پاشان گه‌ڕاوه‌ته‌وه ئهمریكاو خوێندنی ناوهندییو دواتر كۆلێژی زانستی سیاسیی له زانكۆی كۆلۆمبیا ته‌واوكردوه، له ساڵی 1988 له به‌شی یاسای زانكۆی هارڤارد كاری كردوه‌و دواتر له ساڵی 1990 وه‌ك یه‌كه‌م ره‌ش پێست بوه‌ته سه‌رۆكی ده‌سته‌ی پیداچونه‌وه‌ی یاسایی هارڤارد، ئۆباما دواتر له شیكاگۆ كاری مرۆڤدۆستانه‌ی ده‌ستپێكردوه بۆ یارمه‌تیدانی خه‌ڵكی ویلایه‌تی شیكاگۆ، دواتر له 1993 بوه‌ته مامۆستای قانونی ده‌ستوریی له زانكۆی شیكاگۆ تا 2004 كه هه‌ڵبژێردرا به سیناتۆر له ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مریكا، ئۆباما له ماوه‌ی كاری وه‌ك سیناتۆر چه‌ند كارێكی گرنگی ئه‌نجامداوه‌و به‌پێی پسپۆڕان كه‌سێكی ئه‌كتیڤ بوه به‌تایبه‌تی له مه‌سه‌له‌ی جینۆساید‌و هه‌ژاریدا له ئه‌نجومه‌نی پیران، له 2007 ئۆباما وه‌ك كاندیدی دیموكراته‌كان خۆی ئاشكراكرد بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكای 2008.
ئۆباما‌و گۆڕان: له چاوه‌ڕێی مه‌سیحی ره‌ش پێستدا
زۆربه‌ی زۆری توێژه‌ره سیاسییه‌كان له‌و باوه‌ڕه‌دان كه زه‌مه‌نی ئیداره‌ی جۆرج ده‌بلیو بوش، نه‌ك ئه‌و خه‌ونه رهنگاڵهییانهی به‌دی نه‌هێنا كه پارێزگاره نوێیه‌كان مژده‌یان ده‌دا، به‌ڵكو ئه‌و جیهانه‌ی بوش دروستی كرد، ئێستا له هه‌ر كاتێك زیاتر به ده‌ست كێشه‌و مه‌ترسییه جۆربه‌جۆره‌كانه‌وه ده‌ناڵێنێت. ئه‌وه‌ی كه كۆماریه‌كان كردیان هیچ نه‌بو جگه له هه‌وڵێكی نالۆجیكیی بۆ گه‌یشتن به ته‌ونه خه‌یاڵییه‌كانی شه‌ڕی ئهرماجیدۆنو رزگاركردنی خاكه پیرۆزه‌كان له ده‌ست بهربهریهكانی جیهانی سێیه‌م. به‌ڵام هه‌ر هه‌نگاوێك كه به‌م ئاراسته‌یه‌دا نایان قه‌یرانێكی نوێی بۆ دروستكردن. دیكتاتۆریه‌ته شیوعی‌و ئیسلامیی‌و عه‌ره‌بییه‌كان نه‌ك هه‌ر نه‌كه‌وتن، به‌ڵكو ئێستا شه‌رعییه‌تی مانه‌وه‌یشیان وه‌رگرتوه‌و به‌رده‌وام مه‌ترسیی هێرشی ئهمریكیو ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی ده‌كه‌نه بیانو بۆ سه‌ركوتكردنی هه‌ر داوایه‌كی ناوخۆیی بۆ گۆڕان‌و چاكسازی. وا چاوه‌ڕوان ده‌كرا كه ئه‌مریكا له رێی ئه‌و هێزه سیاسی‌و ئابورییه مه‌زنه‌یه‌وه هۆكارێك بێت بۆ یارمه‌تیدانی ئۆپۆزسیۆنهكانو بانگه‌شه‌ی "دیموكراسیه‌تی تازه" بهێنێته دی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئیداره‌ی بوش كردی دروستكردنی دۆستایه‌تی بو له‌گه‌ڵ وڵاتانێكی وه‌ك لیبیا‌و كۆریای باكور كه تا سه‌ر ئێسقان له دیكتاتۆریه‌تدا گه‌وزاون. به كورتی، شهتڵهكهی ئیداره‌ی بوش بێجگه له جیهانێكی نائارام‌و نائاسودهتر، هیچی دیكه‌ی لێ سه‌وز نه‌بو.
ئێستا له‌هه‌ر كاتێك زیاتر تیۆریه‌ی مه‌سیحی فریادڕه‌س له ئارادایه، به‌شێكی به‌رچاو له ناوه‌ندی رۆشنبیریی دونیا جه‌خت له‌سه‌ر پێویستیی سه‌رۆكێك ده‌كه‌نه‌وه كه رێگر بێت له‌به‌رده‌م خراپتربونی بارودۆخ‌و ته‌شه‌نه‌كردنی توندوتیژیو نالێبوردهییو دوژمنایه‌تی. بینینی ئه‌م هه‌سته گشتییه له‌نێو خه‌ڵكدا زۆر سانایه كه چۆن هه‌مولایه‌ك وهإهس بون له‌م بارودۆخه‌و چاوه‌ڕوانی هێزێكن كه بتوانێت گۆڕانێك له وێنه‌كه‌دا دروست بكات. چاوه‌كانیش هه‌مو به ئاراسته‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا كراون، ئه‌و وڵاته‌ی كه تاكه جه‌مسه‌ری بڕیارده‌ری كێشه یهكلاكهرهوهكانه له دونیادا‌و ئێستا له ساته‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوێدایه، به‌ڵام وا پێده‌چێت ئه‌مجاره‌یان فریادڕه‌سی چاوه‌ڕوانكراو مه‌سیحی مه‌جده‌ل نه‌بێت، به‌ڵكو ره‌ش پێستێكی به ره‌گه‌ز ئه‌فریقی بێت، باراك حسێن ئۆباما، كاندیدای دیموكراته‌كان بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا.
ئۆباما یان كه‌نه‌دیه نوێیه‌كه
یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی بیركردنه‌وه‌و تێز‌و تێۆرییه مرۆییه‌كان ئه‌وه‌یه كه هه‌رچی ئێمه دهیڵێینو ده‌كه‌ین به‌شێكه له كات‌و شوێن‌و هیچ ده‌قێكی مرۆیی ناتوانێت بان- مێژویی بێت‌و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م بازنه‌یه بێت، هه‌روه‌ك هایدگه‌ر ئه‌م تێگه‌یشتنه به بونی مرۆڤ له- جیهاندا ناوده‌نێت، هه‌ربۆیه ژیری مرۆڤ به‌رده‌وام له بهرههمهێنانو خستنه‌كاری تێز‌و جیهانبینی نوێدایه‌و به‌رده‌وام روانگه‌كانی بینینیی حه‌قیقه‌ت له گۆڕاندان، به‌ڵام كاتێك چه‌قبه‌ستن‌و مهنگیو دۆگمابون له كایه مه‌عریفیه‌كاندا روده‌دات، هیچ له مرۆڤ نامێنێته‌وه جگه له جه‌سته‌یه‌كی به‌نده بۆ هه‌مو ئه‌و دۆگمایانه‌ی كه به تێپه‌ڕبونی زه‌مه‌ن ره‌نگی بتیان گرتوه. یه‌كه‌م هه‌نگاوی ركودو چه‌قبه‌ستنی فیكریش له‌وێوه ده‌ستپێده‌كات كه بگه‌ینه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی ئیدی پێویستمان به گۆڕان نییه. له‌كاتێكدا گۆڕان پێویستیه‌كی مرۆییه‌و هه‌رگیز مرۆڤ ناتوانێت ده‌ستی لێههڵبگرێتو هه‌ر پاشه‌كشه‌و سازش كردنێك له‌سه‌ر ئه‌م ره‌هه‌نده گرنگه‌ی بونی مرۆڤ، یه‌كسانه به ونكردنی كرۆكی مرۆڤ بون‌و گۆڕان بۆ مه‌خلوقێكی دیكه كه ته‌نها سمعو تاعهو گوێڕایه‌ڵی له‌سه‌ره.
پێویستیی گۆڕان‌و تازه‌كردنه‌وه له وێنا‌و جیهانبینیهكانماندا بوه‌ته هه‌ستێكی گشتی به‌ربڵاو زیاد له بیریارێك، پێویستی مرۆڤایه‌تی بۆ گۆڕانێكی نهوعیو كاریگه‌ر ده‌خه‌نه‌ڕو. ئه‌م راستیه باشتر ڕون ده‌بێته‌وه كاتێك كه باراك ئۆباما، كاندیدای خاوه‌ن چانسی دیموكراته‌كان دروشمی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ده‌كاته (we need change) (ئێمه پێویستمان به گۆڕانه).
گۆڕان، ئه‌و خه‌ونه تهلیسماویهیه كه ئۆباما هه‌ر له سه‌ره‌تای ركابه‌ریكردن بۆ به‌ده‌ستهێنانی كاندیدای دیموكراته‌كانه‌وه كردویه‌تی به ئه‌جێندای خۆی‌و به‌رده‌وام سوره له‌سه‌ر جه‌ختكردنه‌وه لێی. ئۆباما له رێی كه‌سایه‌تیه هه‌مه‌ڕه‌نگ‌و فره رهههندهكهیهوه، خۆی بۆ خۆی گۆڕانێكی گه‌وره‌یه له نه‌خشه‌ی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا. ئه‌م پیاوه له یه‌ك كاتدا یه‌كه‌م ره‌ش پێسته كه ده‌كرێت له‌م ساتانه‌دا ببێته سه‌رۆكی نوێی ئه‌مریكا، گه‌نجێكی لێهاتویشه كه به‌راورد به پاڵێوراوه ركابه‌ره‌كه‌ی رۆحێكی تازه‌یه. هه‌مو شته‌كانی ئه‌م پیاوه جێگه‌ی سه‌رنجن، هه‌ر له ره‌نگیه‌وه هه‌تا شوناسی فیكری، له ته‌مه‌نیه‌وه هه‌تا بیروباوه‌ڕو ئایینی، هه‌ربۆیه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه سه‌رنجی هه‌مو دونیای بۆلای خۆی راكێشا.
ئۆباما، گۆڕان وه‌ك دروشمێكی ئه‌بستراكتی كاتی‌و ئینتیخابی نابینێت، هه‌ربۆیه ئه‌وكاته‌ی كه ركابه‌ری هیلاری كلینتۆنی ده‌كرد بۆ بونه پاڵێوراوی دیموكراته‌كان، له نیوهامشایه‌ر رایگه‌یاند: زۆر خۆشحاڵین كه ده‌بینین ركابهرهكانیشمان دروشمی گۆڕانیان به‌رزكردوه‌ته‌وه، ئه‌مه هه‌ر ئه‌وه‌یه كه ئێمه ده‌مانه‌وێت. گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ئۆباما له وتاره‌كانیدا بۆ وته‌و بیروباوه‌ڕه‌كانی جۆن كه‌نه‌دی، سه‌رۆكه ناوازه‌كه‌ی ئه‌مریكا، ئاماژه‌یه‌كی تره بۆ ئه‌و رۆحه‌ی كه ئه‌م پیاوه هه‌ڵیگرتوه. له‌و باوه‌ڕه‌دام كه ئۆباما هه‌مان جورئه‌تی كه‌نه‌دی هه‌یه له بڕیاری گۆڕاندا، ئه‌م دو پیاوه خاڵگه‌لێكی لێكچونی زۆریان هه‌یه، به‌ڵام هیوادارم سهرهنجامهكانیان هاوشێوه نه‌بێت. ئۆباما له وتارێكیدا كه تایبه‌ت بۆ گه‌نجانی نوسیوه، ده‌ڵێت: "ئێستا كاتی هاتنه‌دی ئه‌و خه‌ونانه‌یه كه كهنهدیو هاوڕێكانی خه‌ونیان پێوه‌ده‌بینی".
ئۆباما‌و گه‌نج: رۆحی نوێی ی‌و ئێس ئه‌ی
به سه‌رنجێكی خێرا له جه‌ماوه‌ری به‌شداربوی وتاره‌كانی ئۆباما، یاخود راپرسییه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كان، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه ئۆباما زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ده‌نگی گه‌نجی ئه‌مریكی بۆ خۆی مسۆگه‌ر كردوه‌و ئه‌م پشتگیرییه بێشومارهیش له خۆڕا نه‌هاتوه. ئامانجی گۆڕان كه ئۆباما بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات، به‌بێ داینه‌مۆی به‌كارو وزه‌ی له‌بن نه‌هاتوی گه‌نجان، كه ئاسانتر گۆڕان په‌سه‌ند دهكهنو توانای خۆگونجاندیان زیاتره، به‌دی نایه‌ت. گه‌نجی ئه‌مریكی نایه‌وێت سه‌روه‌ریه‌كانی رابردو ببنه له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م دروستكردنی سه‌روه‌ری نوێ‌دا، هه‌ربۆیه جۆن مهكهین ناتوانایه له‌ئاست به‌ده‌ستهێنانی سۆز‌و پشتگیریی گه‌نجاندا، چونكه ئه‌وه‌ی ئه‌و زۆر شانازی پێوه‌ده‌كات خزمه‌تی سهربازیو به‌دیل گیرانیهتی له شه‌ڕی ڤێتنامدا، هه‌ربۆیه مهكهین زۆر دوره له‌وه‌ی بتوانێت موخاته‌به‌ی گه‌نجی ئه‌مریكی بكات‌و هیوایه‌كی نوێ‌و رۆحێكی دیكه‌یان بكاته‌وه به به‌ردا.
كۆشكی سپی له چاوه‌ڕوانی سه‌رۆكه ره‌شه‌كه‌دا
تا ئه‌م ساته‌یش هه‌مو راپرسیه‌كان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه ئه‌مریكا به‌نیازه له‌نێوان سپی‌و ره‌شدا، ره‌شێك بۆ وه‌رگرتنی كلیله‌كانی كۆشكی سپی هه‌ڵبژێرێت، هه‌ربۆیه گرنگه كه ئاوڕێك له‌و دونیایه بده‌ینه‌وه كه ئۆباما سه‌ركرده‌یه‌تی. ئۆباما هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌وه‌ی راگه‌یاند كه ئه‌و ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ هه‌مو جیهاندا گفتوگۆ بكات، به‌وانه‌یشه‌وه كه ناكۆكن له‌گه‌ڵی، چونكه ئه‌و به ته‌واوه‌تی له‌و راستییه تێگه‌یشتوه كه هێزی زهبهلاحو ئابوری مهزنو ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتو ناتوانن جێگه‌ی ئه‌و به‌ها مرۆییانه بگرێته‌وه كه ئاسوده‌یی به مرۆڤایه‌تی ده‌به‌خشن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ئه‌م ئامانجه به‌دی دێنێت‌و روه جوانه‌كه‌ی شارستانێتی ئه‌مریكی ده‌رده‌خات بریتیه له پاراستنی هاوسهنگیهكانو سه‌ركردایه‌تییه‌كی ژیرانه. هه‌ر له ئێستادا، چوار مهترسیو هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره چاوه‌ڕێی سه‌رۆكی داهاتوی ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن.
یه‌كه‌میان بریتیه له مه‌ترسی تیرۆر، تیرۆر ئه‌و چه‌مكه‌یه كه به‌هۆی نه‌بونی پێناسه‌وه هه‌مو شتێك ده‌گرێته‌وه‌و هیچیش ناگرێته‌وه، یه‌كه‌م هه‌نگاویش به ئاراسته‌ی بنه‌بڕكردنی تیرۆر بریتیه له وشك كردنی ئه‌و ژینگه‌یه‌ی كه ده‌كرێت خاكێكی به پیت بێت بۆ گه‌شه‌كردنی بیری توندڕهویو تیرۆر، ئه‌وه‌یش كه ده‌توانێت ئه‌م كاره ئه‌نجام بدات فیشه‌ك نییه، به‌ڵكو بڵاوكردنه‌وه‌ی دیموكراسی‌و له‌ناوبردنی ههژاریو بێكاری‌و هاریكاریكردنی ئه‌و بڵندگۆ میانڕه‌وانه‌یه كه له دژی توندڕه‌وی له‌كاردان.
دوه‌م مه‌ترسی بریتیه له كێشه‌ی گه‌رمبونی گه‌ردونی (Global Warming) كه به رای 2000 زانای جیهانیی، ئه‌م مه‌ترسییه به پله‌ی دوه‌م دێت له‌پاش مه‌ترسیی چه‌كی ئه‌تۆمی. ئه‌مریكا له‌پێش هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌وه داوالێكراوه كه رێز له ژینگه‌ی ئه‌م هه‌ساره‌یه بگرێت‌و بێ‌باك نه‌بێت له‌ئاست ئه‌و مه‌ترسییه گه‌وره‌یه‌دا.
سێیه‌م مه‌ترسی بریتییه له قه‌یرانی ئابوریی دونیا، كه ئێستا به هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جدیی داده‌نرێت له‌سه‌ر باری ئابوری‌و سه‌قامگیری دارایی له جیهاندا، ئه‌م كێشه‌یه‌ش جودا له چاره‌سه‌ره كاتییه‌كان، پێویستی به چاره‌سه‌ری ریشه‌یی هه‌یه.
چواره‌میشیان مه‌ترسیی چه‌كی ئه‌تۆمییه، كه رۆژ له‌دوای رۆژ له بڵاوبونهوهدایهو هیچ یه‌ك له ده‌وڵه‌ته‌كان (به روسیا‌و ئه‌مریكاشه‌وه) پابه‌ندی رێككه‌وتننامه‌ی به‌رگرتن له بڵاوبونه‌وه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی ناگرن، ئه‌م مه‌ترسییه هێنده گه‌وره‌یه كه دورنییه ده‌وڵه‌ته‌كانی پشتگیریی تیرۆر له جیهاندا له ماوه‌یه‌كی كورتی زه‌مه‌نیدا ببنه خاوه‌نی ئه‌م چه‌كه وێرانكه‌ره.
هه‌مو داتا مه‌یدانییه‌كان له به‌های ئه‌و راستییه كه‌مناكه‌نه‌وه كه جیهان ئومێدێكی ئێجگار گه‌وره‌ی به پیاوه ره‌شه‌كه هه‌یه‌و پێیوایه سه‌ركه‌وتنی ئۆباما، داخستنی لاپهڕهیهكو هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی سپی‌تر ده‌بێت له مێژوی مرۆڤایه‌تی.
مهكهین..
به‌پێچه‌وانه‌ی پارتی دیموكرات هه‌ر له سه‌ره‌تای هه‌ڵبژاردنه به‌راییه‌كاندا كاندیدی پارتی كۆماری جۆن مه‌كین توانی سه‌ركه‌وێت به‌سه‌ر ركابه‌ره‌كانیدا له پارته‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ئاسان، ئه‌مه دوه‌مین جاره جۆن مه‌كین خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا كاندید ده‌كات پاش ئه‌وه‌ی له یه‌كه‌مین جاردا نه‌یتوانی له ساڵی 2000دا ركابه‌ری هاوتا كۆمارییه‌كه‌ی جۆرج بوش بكات. پێشتریش له 1996دا خۆی كاندید كردبو وه‌ك پاڵیۆراوی كۆمارییه‌كان بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆك، مه‌كین هه‌ر له 1996دا له لیستی ئه‌و 25 كه‌سایه‌تییه كاریگه‌ره‌ی ناو ئه‌مریكا بو كه ساڵانه گۆڤاری تایم بڵاوی ده‌كاته‌وه.
جۆن مه‌كین كێیه؟
جۆن مه‌كین به قاره‌مانی جه‌نگ ناسراوه، یه‌كێكه له جه‌نگاوه‌رانی ڤێتنام كه زیاتر له پێنج ساڵ زیندانی جه‌نگ بوه، له ساڵای 1936 له ویلایه‌تی ئه‌ریزۆنا له‌دایكبوه، له ساڵی 1958 خوێندنی ئه‌كادیمی سه‌ربازیی ته‌واوكردوه، له‌كاتی جه‌نگی ڤێتنامدا له مردن گه‌ڕایه‌وه كاتێك فڕۆكه‌كه‌ی كه‌وته خواره‌وه‌و به خه‌ستی برینداربو، هه‌ردو دهستو قاچی شكاو دواتر بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ‌و نیو له زیندانی ڤێتنامییه باكورییهكاندا سزادراوه، له ساڵی 1981دا خانه‌نشین دهبێتو له ساڵی 1983دا بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا هه‌ڵده‌بژێرێت، پاشان له 1986 تا 2004 ده‌بێته سیناتۆر له ئه‌نجومه‌نی پیران، مه‌كین له‌ناو پارته‌كه‌یدا به سیاسییه‌كی سه‌ربه‌خۆ ناسراوه به‌هۆی بونی جیاوازیی له‌سه‌ر زۆربه‌ی مه‌سه‌له گرنگه‌كان له‌گه‌ڵ پارته‌كه‌یدا.
مهكینو ستراتیژیه‌تی سه‌ركه‌وتن له عێراق
جۆن مه‌كین له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی عێراق پاڵپشتیی جۆرج بوش ده‌كات به‌تایبه‌تی له سیاسه‌تی نوێی سه‌رۆكی ئهمریكاو تاكتیكه‌كانی ژه‌نه‌راڵ پاتریۆس، مه‌كین پێشتر ره‌خنه‌ی له سیاسه‌تی ئیداره‌ی بوش له عێراق گرتوه به‌تایبه‌تی له وه‌زیری به‌رگریی پێش‌و دۆناڵد رامسفێلد، به خراپترین وه‌زیری به‌رگریی له مێژوی ئه‌مریكا وه‌سفی ده‌كات. مه‌كین بۆ عێراق پلانی خۆی راگه‌یاندوه كه به‌پێی راڤهكارانی سیاسی‌و سه‌ربازیی، درێژكراوه‌ی سیاسه‌تی سه‌رۆك بوشه، به‌پێی جۆن مه‌كین پلانه‌كه‌ی له 2013دا عێراقێكی سه‌قامگیری دیموكرات كه پێویستی به رۆڵی راسته‌خۆی ئه‌مریكا نه‌بێت، ده‌هێنێته كایه‌وه، ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌قی پلانهكهیهتی كه له سایتی ره‌سمیی مهكیندا بڵاوكراوه‌ته‌وه:
جۆن مه‌كین باوهإی وایه كه وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا هه‌م له روی ئهخلاقیو هه‌م له روی ستراتیژییه‌وه پشتگیریی حكومه‌تی عێراق بكات، تا بتوانێت بكه‌وێته سه‌رپێی خۆی، بتوانێت خۆی بهڕێوهبهرێتو خه‌ڵكه‌كه‌ی بپارێزێت.
مه‌كین هه‌مو ئه‌و بیروبۆچونانه به توندی ره‌تده‌كاته‌وه كه داوای كشانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن پێش ئه‌وه‌ی حكومه‌تێكی به‌هێزی عێراقی هه‌بێت.
مه‌كین ده‌ڵێت: "هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه كه پێش ئه‌وه‌ی قاعیده شكست پێ بهێنیت یاخود هێزێكی عێراقی به‌توانای راهێنراوت هه‌بێت، عێراق به‌جێبهێڵیت، پێویسته له‌سه‌رمان كه پاڵپشتیی حكومه‌تی عێراقی بكه‌ین له جه‌نگ له‌دژی ئه‌و كه‌سانه‌ی ئاگری شه‌ڕی ناوخۆ‌و جه‌نگی تائیفی گه‌رم ده‌كه‌ن، كه ده‌بێته هۆی ناسه‌قامگیربونی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، عێراق نابێت ببێته وڵاتێكی شكستخواردو یاخود مۆڵگه‌ی تیرۆریستان‌و ئێران، چونكه ئه‌نجامه‌كه‌ی شكستی ئه‌مریكا دهبێتو به‌ره‌و جه‌نگێگی دژوارتر ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه".
له درێژه‌ی پلانه‌كه‌یدا مه‌كین ده‌ڵێت: "باشترین رێگه بۆ سهقامگیرییو ئارامیی بریتییه له دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی دیموكراتی‌و سهقامگیریو خۆشگوزه‌ران له عێراقدا، كه نه‌بێته هه‌ڕه‌شه بۆ هیچ كه‌سێك له دراوسێكانیو بتوانێت به‌ره‌نگاری تیرۆریستان بێته‌وه، هه‌ركاتێك هێزه‌كانی عێراق توانیان وڵاتی خۆیان بپارێزن، ئه‌وكات سوپای ئه‌مریكا ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه وڵات".
پاڵێوراوی كۆماری جۆن مه‌كین هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پشتیوانیی له سیاسه‌تی زیادكردنی سه‌ربازه‌كانی ئهمریكاو تاكتیكه‌كانی ژه‌نه‌راڵ دێڤید پاتریۆس كردوه‌و داوای به‌رده‌وامی ستراتیژیه‌تی دژه یاخیبوان ده‌كات كه له ساڵی 2007وه ده‌ستی پێكردوه "له كۆتایی 2006و دوای چوار ساڵ له جه‌نگی عێراق، جۆن مه‌كین پشتیوانیی ستراتیژیه‌تی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی دژه یاخیبوه‌كانی كردوه كه ئه‌وكات عێراق له بارێكی ناخۆشدا بو، هێرشه‌كانی قاعیده زۆر توندبو، هه‌روه‌ها زۆرێك له پارێزگاكان به‌ده‌ست توندڕه‌وه‌كان بو و جه‌نگی تائیفیش له كۆنترۆڵ ده‌رچوبو، ئه‌و ستراتیژیه‌ته به‌رهه‌می خۆی هه‌بو، له ناوه‌ڕاستی 2007 تا مانگی سێی 2008 جه‌نگی تائیفی‌و توندوتیژی ئیتنیكی به رێژه‌ی 90% دابه‌زی، كوشتنی مهدهنیو سه‌ربازه‌كانی هاوپه‌یمانیش به رێژه‌ی 70% هاته خواره‌وه، ئه‌م ستراتیژیه‌ته‌ش رێگه‌ی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیانی ئاسایی ئابوری‌و سیاسی بۆ سه‌رجه‌م عێراقییه‌كان كرده‌وه، ئاشته‌وایی سیاسیی له سه‌رتاسه‌ری عێراقدا خه‌ریكی ره‌گ داكوتانهو ئه‌و سوننه‌و شیعانه‌ی كه له ده‌ستی تیرۆریستان رایانكردوه، ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ شوێنی خۆیان، "رۆڵه‌كانی عێراق" یاخود ئه‌نجومه‌نی سه‌حوه كه له یاخیبوه سوننه‌كان پێكهاتوه، ئێستا له‌دژی قاعیده ده‌جه‌نگن، ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه هه‌موی له‌ناوده‌چن ئه‌گه‌ر شوێنی سیاسه‌تی سیناتۆر ئۆباما بكه‌وین كه داوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كان ده‌كات له عێراق‌و به‌جێهێشتنی هێزێكی شه‌ڕكه‌ری بچوك بۆ لێدانی تیرۆریستان، ئه‌م ستراتیژیه‌ی ئۆباما هه‌مان ئه‌و ستراتیژیهیه كه فه‌شه‌لی هێنا له ساڵی 2006دا كاتێك هێزه‌كانمان له شه‌قامه‌كان له عێراق كشانه‌وه".
به‌هۆی سه‌ركه‌وتنه‌كانی سیاسه‌تی زیادكردنی ژماره‌ی سه‌ربازانی ئه‌مریكا، باری سیاسیی عێراق به رێگه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤ‌و ئومێدبه‌خشدا ده‌ڕوات، چوار له‌و شه‌ش یاسایه‌ی كه به‌لای ئه‌مریكاوه گرنگه، له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه په‌سه‌ندكراوه، به‌ڵام ئیستاش ده‌بێت حكومه‌تی عێراق به‌ره‌وپێشچونی زیاتر به‌خۆیه‌وه ببینێت‌و ده‌بێت بتوانێت خزمه‌تی گشت عێراقییه‌كان بكات، یه‌كێك له گرنگترین كاری حكومه‌ت، دۆزینه‌وه‌ی كاره بۆ "رۆڵه‌كانی عێراق" له‌ناو ده‌زگاكانی ئاسایش‌و ده‌زگا مه‌ده‌نییه‌كاندا، چونكه ئه‌وان ژیانی خۆیان خسته مه‌ترسییه‌وه له جه‌نگیان له‌دژی تیرۆریستان، عێراق له ماوه‌ی داهاتودا دو هه‌ڵبژاردنی گرنگ به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت: یه‌كێكیان هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانه له كۆتایی 2008و ئه‌وی تریش بۆ حكومه‌تی نیشتمانییه له 2009دا، جۆن پێیوایه ده‌بێت رۆڵی زیاتر بدرێت به نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان له مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، ئه‌ركی هێزه‌كانی ئه‌مریكاش شانبه‌شانی جوامێره‌كانی عێراق، پاراستنی كه‌شوهه‌وای هه‌ڵبژاردنه‌و پیشاندانی خه‌ڵكی عێراقه به‌وه‌ی پشتان لێناكه‌ین به‌ڵكو گوشار ده‌خه‌ینه سه‌ر سیاسهتمهدارهكانتان بۆ سه‌ركردایه‌تییه‌كی باش بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی عێراق.
جۆن مه‌كین باوه‌ڕی وایه گه‌شه‌كردنی ئابوری شتێكی گرنگه بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته ئه‌منییه‌كان، بازاڕه‌كان كه بێده‌نگ بون‌و چۆڵ بون، ئێستا بوژانه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه دیوه، به‌ڵام هێشتا رێژه‌ی بێكاریی زۆره‌و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی زۆری هه‌یه له زیادكردنی كاری توندوتیژی، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نجانی عێراق له چنگی گروپه توندڕه‌وه‌كان ده‌ربكه‌ین، پێویستمان به گه‌شه‌كردن هه‌یه به ئابوریی عێراق. حكومه‌تی عێراق ده‌بێت له‌م بواره‌دا هه‌نگاوی به په‌له بنێت، ئه‌ویش به دابینكردنی به‌شێكی بودجه‌كه‌ی بۆ دامه‌زراندنی عێراقییه‌كان له پرۆژه بنه‌ڕه‌تییه‌كان‌و دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كان، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵگه‌ی نێودهوڵهتیو وڵاتانی دراوسێ‌و عه‌ره‌به‌كانی عێراق پێویسته وه‌به‌رهێنان له عێراقدا ده‌ستپێبكه‌ن، به‌مه‌ش كه‌رتی تایبه‌ت ده‌بوژێته‌وه، چونكه حكومه‌تی عێراق له ئێستادا بۆ بوژاندنه‌وه‌ی ئابوریی وڵاته‌كه‌ی پێویستی به هاوكاریی ده‌ره‌كی هه‌یه.
سوریا‌و ئێران بۆ ماوه‌یه‌كی درێژه یارمه‌تیی كاره توندوتیژییه‌كانی ناو عێراق ده‌ده‌ن، سوریا ئاماده‌یی پیشان نه‌داوه بۆ لێدانی یاخیبوه عێراقییهكانو تیرۆریسته بیانییه‌كان كه له خاكه‌كه‌یدا كارده‌كه‌ن، له‌لای خۆشیه‌وه ئێران چهكو راهێنان ده‌به‌خشێت به میلیشیا توندوتیژه‌كانی شیعه كه ئامانجیان سه‌ربازانی ئهمریكاو ئێرانه، هه‌روه‌ها وته‌بێژه‌كانی سوپای ئه‌مریكا ئه‌وه دوپاتده‌كه‌نه‌وه كه ئێران یارمه‌تیی گروپه یاخیبوه سوننه‌كانیش ده‌دات، وه‌ڵام بۆ ئه‌مه بریتی نییه له دایالۆگی بێ مه‌رج له‌گه‌ڵ ئه‌و دو دیكتاتۆره، چونكه ئه‌مجۆره كاره له بێهێزیهوهیه، به‌ڵكو وه‌ڵام ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی گوشاری راسته‌قینه بخاته سه‌ر ئێران‌و سوریا بۆ گۆإینی ره‌فتاره‌كانیان، هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌مریكا هێزه سه‌ربازییه ئیقلیمییه‌كانی خۆی بههێزبكاتو پیشانی ئێرانی بدات كه له تواناماندایه هێزه‌كانی خۆمان بپارێزین‌و رێگه‌بگرین له هه‌مو ده‌ستێوه‌ردانێكی ئێرانی.
خه‌ڵكی ئه‌مریكا ده‌بێت له ههلو مه‌ترسییه‌كانی داهاتو ئاگاداربكرێنه‌وه، خه‌ڵكی ئه‌مریكا شایه‌نی ئه‌وه‌ن كه له هه‌مو راستییه‌كان له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌كانیانه‌وه ئاگاداربكرێنه‌وه.
مه‌كین ده‌ڵێت: "من نامه‌وێت سه‌ربازه‌كانمان یه‌ك چركه له عێراقدا بمێننه‌وه ئه‌گه‌ر پێویست نه‌كات بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانمان له‌وێ، ئامانجی ئێمه عێراقێكی دیموكرات‌و سه‌قامگیره كه بتوانێت له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێت، ئامانجی ئێمه عێراقێكه كه چیتر پێویستی به ئه‌مریكا نه‌بێت، من پێموایه ئێمه ده‌توانین ئه‌م ئامانجانه بهێنینه‌دی خێراتر له‌وه‌ی كه زۆرێك وێنای ده‌كه‌ن، من باوه‌ڕم به‌و په‌یمانانه نییه كه له‌كاتێكدا وه‌ك كاندید دهیدهمو نه‌توانم له‌كاتی بون به سه‌رۆك جێبه‌جێی بكه‌م، په‌یماندان به كشانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانمان له عێراق بێگوێدانه ئه‌نجامه كاره‌ساتاوییه‌كانی بۆ عێراقییهكانو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانمان بۆ داهاتوی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئهوپهإی نابهرپرسیارهتییهو شكستی سهركردایهتیكردنه، ئه‌وه‌ی له‌پێشمانه رێگه‌یه‌كی سه‌خته، به‌ڵام رێگه‌یه‌كی راسته". له كۆتایدا زۆرێك له راڤهكارانی سیاسی بونی جۆن مه‌كین به سه‌رۆكی ئه‌مریكا وه‌ك دوباره‌كردنه‌وه‌ی رابردو ده‌ناسێنن، هه‌روه‌ها وه‌ك سێیه‌م خولی سه‌رۆكایه‌تیی سیاسه‌تی جۆرج بوش له قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن، هه‌ندێكیشیان جیاوازیی نێوانیان له‌وه‌دا ده‌بینن كه جۆن مه‌كین له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وه‌ك بوش تونده، به‌ڵام توندی‌و عه‌قڵی پێكه‌وه گرێداوه.
مه‌كین شه‌ڕی چی ده‌كات؟
ئه‌وه‌ی ئێستا هاوڵاتی ئه‌مریكی پێویستی پێیه‌تی، ژیانێكی باشتره نه‌ك شتێكی دی، ئاشكراشه سیاسه‌ته‌كانی مه‌كین درێژه‌پێدانی سیاسه‌ته‌كانی بوشهو ناكرێت هیچ هیوایه‌كی له‌سه‌ر گرێ بدرێت، ئه‌وه‌ی كه جێی سه‌رنج بو له هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكادا، ئه‌وه‌بو كه مه‌كین زیاد له خستنه‌ڕوی پرۆژه‌و دیدگا سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی خۆی، هه‌وڵی ده‌دا هێرش بكاته سه‌ر كه‌سایه‌تیی ئۆباما، ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك له ناوه‌نده‌كانی جه‌ماوه‌ری مهكیندا كار گه‌یشته ئاستێك كه په‌نا ده‌برایه به‌ر توانج‌و پلاری ره‌گه‌زپه‌رستانه بۆ رتوش دروستكردن له‌سه‌ر وێنه‌ی ئۆباما.
سه‌ره‌تا ویسترا پرسیار له‌سه‌ر رهنگو ره‌گه‌زی ئۆباما دروستبكرێت‌و قسه له‌سه‌ر شیاویه‌تی ئه‌وه بكرێت كه ئایا ده‌كرێت ره‌ش پێستێك سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا بگرێته ده‌ست؟ به‌ڵام ئه‌مجۆره پرسیاره هه‌ر ئه‌وكاته وه‌ڵامدرایه‌وه كه ئۆباما بویه پاڵێوراوی ره‌سمیی دیموكراته‌كان‌و كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی سه‌لماندی ئه‌و كۆمه‌ڵگه كراوه‌یه كه ناكرێت رێگه بدات به بوغزاندنی هیچ جۆره ره‌گه‌زو ره‌نگێك، پاشتر بانگه‌شه یه‌كله‌دواییه‌كه‌كانی موسوڵمانێتی ئۆباما كرایه ده‌سكه‌لایه‌ك بۆ ناشرینكردنی وێنه‌ی ئه‌م پیاوه، به‌ڵام وه‌ڵامی دانایانه‌ی ئۆباما‌و ته‌ماشانه‌كردنی ئه‌م بابه‌ته وه‌ك مه‌ترسییه‌ك له‌لایه‌ن ئه‌مریكییه‌كانه‌وه، سه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌شی داخست، ته‌نانه‌ت به‌شێكی به‌رچاوی ئه‌مریكییه‌كان وه‌ك پشتگیرییه‌ك بۆ ئۆباما‌و سه‌لماندنی ئه‌و راستییه‌ی كه بیروباوه‌ڕی جیاواز ناكرێت ببێته هۆیه‌ك بۆ رق‌و دوژمنایه‌تی، بڕیاریاندا ناوی دوه‌می خۆیان بۆ حوسه‌ین بگۆڕن كه ئه‌وه‌ش ناوی دوه‌می ئۆبامایهو پێگه‌یه‌كی ئینته‌رنێتی له ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا دو سه‌د حاڵه‌تی له‌مجۆره‌ی تۆماركردوه.
پاشانیش ئه‌زمونی سیاسیی ئۆباما كرایه ئامانج، ئایا سیناتۆرێكی كه‌م ئه‌زمونی وه‌ك ئۆباما، سه‌ركردایه‌تیی ئابوری‌و سیاسیی دونیا بكات؟ هه‌رچه‌نده زۆرێك پێیانوابو ئه‌م پرسیاره له‌جێی خۆیدایهتیو جیاوازیی ئه‌زمونی سیاسیی مه‌كین ده‌كرێت ببێته هۆكارێك بۆ سه‌ركه‌وتنی مه‌كین، به‌ڵام بڕیاره ژیرانه‌كه‌ی ئۆباما به پاڵاوتنی جۆزێف بایدنی عه‌قڵی سیاسیی ئه‌مریكی، ئه‌م بابه‌ته‌شی یه‌كلاكرده‌وه، نه‌ك ئه‌وه، به‌ڵكو ئێستا كه‌سایه‌تیی لاوازی سارا پالینی كه‌م ئه‌زمون كه پاڵێوراوی كۆمارییه‌كانه بۆ جێگری سه‌رۆك، هۆكارێكی كاریگه‌ره له دابه‌زینی ده‌نگی مهكیندا، له دواهه‌مین مونازه‌ره‌ی تهلهفزیۆنیشیاندا ئۆباما به ماناوه وتی: "ئه‌گه‌ر من به‌هه‌ر هۆیه‌كه‌وه له پۆستی سه‌رۆكایه‌تیدا نه‌مام، ئه‌وه پێموایه ئه‌مریكا له‌ده‌ستێكی ئه‌میندایه"، بێگومان ئه‌م وته‌یه ئاراسته‌ی مهكینو جێگره كه‌م ئه‌زمونه‌كه‌ی كرابو، كه ئێستا قسه‌كانی بونه‌ته نوكته‌ی میدیای ئه‌مریكی، دواهه‌مین تۆمه‌تێكی ئایدۆلۆجیش مه‌كین به‌كاریهێنا بۆ ناشرینكردنی وێنه‌ی ئۆباما، بریتی بو له تۆمه‌تباركردنی ئۆباما به سۆشیالیست، وه‌ڵامه‌كه‌ی ئۆباماش گورچكبڕ بو "ئه‌گه‌ر خزمه‌تكردنی چینه هه‌ژاره‌كانی كۆمه‌ڵگه له كاركه‌رو مامۆستا‌و ته‌ندروستكاران سۆشیالیزم بێت، ئه‌وه من سۆشیالیستم".
سه‌رۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا:
یه‌كه‌م 1789 جۆرج واشنتۆن(.....)
دووه‌م 1792
سێیه‌م 1796 جۆن ئادامز (فیدراڵی)
چواره‌م 1800 تۆماس جێفه‌رسۆن(دیموكراتی_كۆماری)
پێنجه‌م 1804
شه‌شه‌م 1808 جه‌یمس مادیسۆن(دیموكراتی_كۆماری)
حه‌وته‌م 1812
هه‌شته‌م 1816 جه‌یمس مۆنرۆی(دیموكراتی_كۆماری)
نۆیه‌م 1820 جه‌یمس
ده‌یه‌م 1824 جۆن كوینسی ئادامز(دیموكراتی_كۆماری)
یانزه‌یه‌م 1828 ئه‌ندرو جاكسۆن(دیموكراتی)
دوانزه‌یه‌م 1832
سیانزه‌یه‌م 1836 مارتین ڤان بارین( دیموكراتی)
چوارده‌یه‌م 1840 ویلیا‌م هێنری هاریسۆن(ویگ)
پانزه‌یه‌م 1844 جه‌یمس ك.پۆڵك(دیموكراتی)
شانزه‌یه‌م 1848 زهكاری تایلۆر(ویگ)
حه‌ڤده‌یه‌م 1852 فرانكلین پایرس(دیموكرات)
هه‌ژده‌یه‌م 1856 جه‌یمس بوكانان(دیموكرات)
نۆزده‌یه‌م 1860 ئه‌براهام لینكۆڵن(كۆماری)
بیسته‌م 1864 (یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی)
بستویهكهم 1868 یولیسیس س.گرانت(كۆماری)
بیست‌و دووه‌م 1872
بیست‌و سێیه‌م 1876 روزه‌رفۆرد ب.هاییس(كۆماری)
بیست‌و چواره‌م 1880 جه‌یمس گرافێڵد(كۆماری)
بیست‌و پێنجه‌م 1884 گرۆڤه‌ر كلیڤلاند(دیموكراتی)
بیستوشهشهم 1888 بینیامین هاریسۆن(كۆماری)
بیستوحهوتهم 1892 گرۆڤه‌ر كلیڤلاند(دیموكراتی)
بیستوهه‌شته‌م 1896 ویلیا‌م مه‌كینلی(كۆماری)
بیستونۆیه‌م 1900
سی یه‌م 1904 تیۆدۆر رۆزفهڵت(كۆماری)
سیویهكهم 1908 ویلیا‌م هاوارد تافت(كۆماری)
سی‌و دووه‌م 1912 ۆدرۆویڵسۆن(دیموكراتی)
سی‌و سێیه‌م 1916
سی‌و چواره‌م 1920 وارێن گ.هاردینگ(كۆماری)
سی‌و پێنجه‌م 1924 كاڵڤین كۆڵیدج(كۆماری)
سیوشه‌شه‌م 1928 هێربه‌رت هووڤه‌ر(كۆماری)
سیوحهوتهم 1932 فرانكلین د.رۆزفهڵت(دیموكراتی)
سیوههشتهم 1936
سیونۆیهم 1940
چله‌م 1944 فرانكلین د.رۆزفهڵت(دیموكراتی)
چلویهكهم 1948 هاری س.ترومان(دیموكراتی)
چل‌و دووه‌م 1952 دوایت د.ئیسینهاوهر(كۆماری)
چلوسێیه‌م 1956
چلوچوارهم 1960 جۆن كیندی(دیموكراتی)
چلوپێنجهم 1964 لیندۆن جۆنسۆن(دیموكراتی)
چلوشهشهم 1968 ریچارد نیكسۆن(كۆماری)
چلوحهوتهم 1972
چلوههشتهم 1976 جیمی كارته‌ر(دیموكراتی)
چلونۆیهم 1980 رۆناڵد ریگن(كۆماری)
په‌نجایه‌مین 1984
په‌نجاو یه‌كه‌مین 1988 جۆرج بوشی باوك(كۆماری)
په‌نجاودووه‌مین 1992 بیڵ كلینتۆن(دیموكراتی)
په‌نجاو سێیه‌مین 1996
په‌نجاو چواره‌مین 2000 جۆرج بوشی كوڕ(كۆماری)
په‌نجاوپێنجه‌مین 2004
په‌نجاو شه‌شه‌مین 2008 ؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟