Print
 په‌رله‌مانتاران توانای‌ لێپێچینه‌وه‌یان نییه‌...
Monday, November 10, 2008

 

راپۆرت: ئیبراهیم عه‌لی‌
ئه‌ندامانی‌ خولی‌ دووه‌م له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان رۆژی‌ 4/6/2005 سوێندی‌ یاساییان خوارد، سه‌ره‌تا خولی‌ دووه‌می‌ په‌رله‌مان له‌ سێ‌ لیستی‌ سه‌ره‌كی‌ پێكهاتبوو، ئه‌وانیش بریتی‌ بوون له‌ لیستی‌ نیشتمانی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و لیستی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌‌و لیستی‌ حیزبی‌ زه‌حمه‌تكێشانی‌ كوردستان، ژماره‌ی‌ كورسییه‌كانیش به‌مشێوه‌یه‌ دابه‌شكراوه‌: لیستی‌ نیشتمانی‌ دیموكراتی‌ 104 كورسی‌‌و لیستی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ 6 كورسی‌‌و زه‌حمه‌تكێشانیش یه‌ك كورسی‌، به‌ڵام دوای‌ ماوه‌یه‌ك لیستی‌ نیشتمانی‌ دیموكراتی‌ كوردستان خۆی‌ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و جارێكی‌ دیكه‌ په‌رله‌مان دابه‌شی‌ چه‌ند فراكسیۆنێك بوو، ئه‌وانیش فراكسیۆنی‌ زه‌رد (پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان) 38 كورسی‌، فراكسیۆنی‌ سه‌وز (یه‌كێتی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان) 38 كورسی‌، فراكسیۆنی‌ قاوه‌یی‌ (یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌) 9 كورسی‌، فراكسیۆنی‌ سوور (حیزبی‌ شیوعی‌) 3 كورسی‌، فراكسیۆنی‌ شین (توركمان) 4 كورسی‌، حیزبی‌ سۆسیالیست دوو كورسی‌، فراكسیۆنی‌ مۆر (مه‌سیحییه‌كان) پێنج كورسی‌، سێ‌ كورسیش بۆ ئێزیدییه‌كان‌و دوو كورسیش بۆ سه‌ربه‌خۆكان. 

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان پێكهاته‌ی‌ جیاواز له‌خۆده‌گرێت، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌ڵنه‌بژێردراون، به‌ڵكو خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌نگی‌ به‌ حیزبه‌كان داوه‌و حیزبه‌كانیش ئه‌و كادیرانه‌ی‌ خۆیان دیاریكردووه‌ بۆ په‌رله‌مان، واتا ئه‌ندامانی‌ ئێستای‌ په‌رله‌مان ئه‌وه‌نده‌ی‌ نوێنه‌ریی‌ حیزب ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ نوێنه‌رایه‌تیی‌ خه‌ڵك ناكه‌ن، بۆیه‌ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ زۆرترین جار بۆچوونه‌كانیان له‌ژێر سایه‌ی رێنماییه‌ حیزبییه‌كاندا داده‌ڕێژن.
 
ترس له‌ سزا
ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ ترسی‌ ئه‌وه‌ی‌ رووبه‌ڕووی‌ سزای‌ حیزبه‌كه‌یان نه‌بنه‌وه‌، ناتوانن به‌ته‌واوی‌ بۆچوونه‌كانیان بخه‌نه‌ڕوو، چونكه‌ حیزبه‌كه‌یان هه‌میشه‌ له‌وه‌ ئاگاداریان ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئێوه‌ خه‌ڵك هه‌ڵینه‌بژاردوون، به‌ڵكو «من ئێوه‌م هێناوه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مان»، له‌مباره‌وه‌ په‌رله‌مانتار ئارێز عه‌بدوڵڵا بۆ رۆژنامه‌ وتی‌: «له‌ په‌رله‌مانه‌كانی‌ دنیادا به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ فراكسیۆنه‌كان كۆبوونه‌وه‌ی‌ خۆیان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌مه‌إ هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ك به‌یه‌ك ده‌نگ قسه‌بكه‌ن، به‌ڵام لێره‌ به‌وشێوه‌یه‌ نییه‌، به‌ڵكو لێره‌ حیزب رێنمایی داده‌به‌زێنێت‌و په‌رله‌مانتارانیش ده‌بێت جێبه‌جێی بكه‌ن»، ئارێز هۆكاری‌ ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ خه‌ڵك ده‌نگی‌ به‌ لیسته‌ حیزبییه‌كان داوه‌، نه‌ك به‌ په‌رله‌مانتاران‌و ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌ سیستمی‌ هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا.

شێروان حه‌یده‌ری‌، سه‌رۆكی‌ لیستی‌ زه‌رد له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، سه‌رباره‌ت به‌ وابه‌سته‌بوونی‌ ئه‌ندامانی‌ فراكسیۆنه‌كه‌ی‌ به‌ رێنماییه‌كانی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ وتی‌: «فراكسیۆن نوێنه‌رایه‌تیی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ ده‌كات له‌ناو هۆڵی‌ په‌رله‌ماندا، ئه‌مه‌ش له‌ هه‌موو دنیادا وایه‌، واته‌ سیاسه‌تی‌ حیزبه‌كان له‌ رێگه‌ی‌ فراكسیۆنه‌كان پێشنیاز ده‌كرێت‌و جێبه‌جێده‌كرێت له‌ناو په‌رله‌مان، مه‌رجیش نییه‌ له‌ هه‌موو بابه‌ته‌كاندا رێنمایی‌ له‌ حیزبه‌وه‌ بێت».
زۆرجار په‌رله‌مانتاران پابه‌ند نابن به‌ رێنماییه‌كانی‌ حیزبه‌كه‌یان، بۆ نموونه‌ له‌كاتی‌ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی‌ یاسای‌ باری‌ كه‌سێتی‌، رێنماییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ به‌و ئاراسته‌یه‌ بوو، كه‌ ده‌بێت هه‌وڵ‌ بدرێت به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت فره‌ژنی‌ قه‌ده‌غه‌ بكرێت، به‌ڵام چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی‌ خۆی بوونه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ رێنماییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ جێبه‌جێ‌ نه‌بن، بۆیه‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ بڕیاریداوه‌ كه‌ ده‌بێت ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ سزا بدرێن، ئارێز عه‌بدوڵڵا ده‌ڵێت: «زۆر به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ پێویسته‌ كه‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان پێوه‌ی‌ پابه‌ندبن، پێوه‌ی‌ پابه‌ند نابین، به‌تایبه‌ت له‌و شتانه‌ی‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ به‌رنامه‌و دروشم‌و سیاسه‌تی‌ حیزبه‌كانه‌وه‌، له‌كاتی‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسایه‌ك پابه‌ند نابن به‌ دروشم‌و به‌رنامه‌ی‌ حیزبه‌كه‌یان».

هۆشداریی‌ ئه‌وه‌ش ده‌دات ئه‌گه‌ر ئه‌و پابه‌ندبوونه‌ به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا زیانی‌ ده‌بێت بۆ ده‌ستووری‌ هه‌رێم‌و ره‌نگه‌ ده‌ستووره‌كه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌كی‌ ئیسلامیانه‌دا بڕوات، له‌كاتێكدا زۆربه‌ی‌ په‌رله‌مانتاره‌كان عه‌لمانین.

په‌رله‌مانتارێكی‌ ئیسلامی‌ باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ حیزبه‌كه‌ی‌ سه‌ربه‌ستیی‌ داوه‌ته‌ په‌رله‌مانتاره‌كانی‌، تا ئه‌و ئاسته‌ی‌ له‌ شه‌رع ده‌رنه‌چن، په‌رله‌مانتار تاڤگه‌ محه‌مه‌د، له‌سه‌ر لیستی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌، بۆ رۆژنامه‌ وتی‌: یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ سه‌رپشك كردووه‌ له‌ ده‌ربڕینی‌ بۆچوونه‌كانی‌، ئه‌وه‌نده‌ پابه‌ندی‌ نه‌كردووه‌ به‌ ئیلتیزاماته‌ حیزبییه‌كان به‌ مه‌رجێك له‌ «سنووری‌ شه‌رع» ده‌رنه‌چن، له‌وه‌ته‌ی‌ ئێمه‌ هه‌ڵبژێردراوین بۆ ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مان، یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك فه‌رمانێكی‌ نه‌كردووه‌ كه‌ ئێمه‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ك بجوڵێینه‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌كو كوتله‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ خۆمان ده‌كه‌ین‌و بۆچوونه‌كانی‌ خۆمان یه‌ك ده‌خه‌ین، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا زۆرجار له‌ناو لیستی‌ یه‌كگرتوو هه‌بووه‌ كه‌ به‌ ئاراسته‌ی‌ جیاواز ده‌نگی‌ داوه‌.

په‌رله‌مان كاریگه‌ری‌ نییه‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت
یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ په‌رله‌مان چاودێریكردنی‌ حكومه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزانرێت تا چه‌ند بڕیارو رێنمایی‌و یاساكانی‌ په‌رله‌مان جێبه‌جێ‌ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ده‌یبینین تا ئێستا په‌رله‌مانی‌ كوردستان وه‌كو پێویست ئه‌م ئه‌ركه‌ی‌ جێبه‌جێ‌ نه‌كردووه‌، گرنگترین دۆسیه‌ دۆسیه‌ی‌ گه‌نده‌ڵییه‌، كه‌ تا ئێستا په‌رله‌مان یه‌ك وه‌زیری‌ بانگهێشتی‌ په‌رله‌مان نه‌كردووه‌ بۆ لێپێچینه‌وه‌، پێشتریش له‌ دیمانه‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌دا عه‌دنان موفتی‌ ئه‌وه‌ی‌ راگه‌یاندووه‌ كه‌ تا ئێستا یه‌ك لیژنه‌ی په‌رله‌مانی‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌ به‌ڵگه‌ گه‌نده‌ڵییه‌ك ئاشكرابكات، بۆیه‌ وه‌زیره‌كان له‌سه‌ر ئه‌م دۆسیه‌یه‌ بانگهێشت نه‌كراون‌و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌بێت به‌ڵگه‌ هه‌بێت ئینجا لێپێچینه‌وه‌ بكرێت.

ئارێز عه‌بدوڵڵا پێیوایه‌ «ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ ویستویه‌تی‌ په‌رله‌مان وه‌ك واجیهه‌یه‌كی‌ دیموكراسی‌ پیشانی‌ ده‌ره‌وه‌ بدات‌و نه‌یویستووه‌ كه‌ په‌رله‌مان كاریگه‌ربێت به‌سه‌ر حكومه‌ت‌و بتوانێت لێپێچینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ بكات».
ئه‌یاد خالد، به‌رپرسی‌ دۆسیه‌ی‌ چاودێریكردنی‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ په‌رله‌مانتاران له‌ رێكخراوی‌ ئاسك، ده‌ڵێت: «به‌ ته‌ئكیدی‌ په‌رله‌مان نه‌یتوانیوه‌ چاودێریی‌ حكومه‌ت بكات، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ هه‌مان ئه‌و حیزبانه‌ی‌ كه‌ په‌رله‌مانیان پێكهێناوه‌، هه‌مان ئه‌و حیزبانه‌ن كه‌ حكومه‌تیشیان پێكهێناوه‌، بۆیه‌ نایه‌نه‌وێت عه‌یبه‌كانی‌ حكومه‌ت زۆر ده‌ربكه‌وێت».

په‌رله‌مانتاران كادیری‌ باڵای‌ حیزبه‌كان نین
یه‌كێك له‌ كێشه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ دیاریكراون بۆ ئه‌ندامێتی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، بڕیاربه‌ده‌ستی‌ حیزبه‌كان نین، به‌ڵكو زیاتر كادیره‌كانی‌ خواره‌وه‌ی‌ حیزبه‌كانن‌و ئه‌وانه‌ن كه‌ به‌رده‌وام بڕیاره‌كانی‌ حیزبیان جێبه‌جێكردووه‌ نه‌ك بڕیاریان ده‌ركردبێت، ئه‌یاد خالد، به‌رپرسی‌ دۆسیه‌ی‌ چاودێریكردنی‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ په‌رله‌مانتاران له‌ رێكخراوی‌ ئاسك، له‌م رووه‌وه‌ بۆ رۆژنامه‌ وتی‌: ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی‌ ئێستا هه‌ن، ئه‌گه‌ر نوێنه‌رایه‌تیی‌ راسته‌قینه‌ی‌ خه‌ڵك بكه‌ن، ئه‌وا ده‌بێت قسه‌و پێشنیازه‌كانیان ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ خواست‌و ویسته‌كانی‌ خه‌ڵك بێت، «به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ ده‌یبینین ئه‌وه‌نده‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حیزبییه‌كان ره‌چاو ده‌كرێت‌و به‌رگریی‌ لێده‌كرێت، ئه‌وه‌نده‌ بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ خه‌ڵك ناكرێته‌وه‌»، هۆكاری‌ ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ كه‌ په‌رله‌مانتاران ده‌سه‌ڵاتی‌ ته‌نفیزیان نییه‌، بۆیه‌ لای‌ خه‌ڵك گرنگ نین، چونكه‌ په‌رله‌مانتاران زیاتر خاوه‌ن قسه‌ن‌و مه‌رجیش نییه‌ قسه‌كانیان گوێی‌ لێبگیرێ‌، ده‌سه‌ڵاته‌ ته‌نفیزییه‌كه‌ لای‌ حكومه‌ته‌، بۆیه‌ حیزب كادیره‌ باڵاكانی‌ له‌ حكومه‌ت داناوه‌.

ئارێز عه‌بدوڵڵا ده‌ڵێت: له‌ په‌رله‌مانی‌ هه‌موو دنیادا كادیره‌ به‌تواناو بڕیاربه‌ده‌سته‌كانی‌ حیزب ده‌چنه‌ نێو په‌رله‌مان، له‌ په‌رله‌مانی‌ وڵاتان ململانێ‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كام له‌ ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یا سه‌ركردایه‌تیی‌ حیزب ببن به‌ ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مان، لێره‌ وانییه‌، كه‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ حیزبه‌كان له‌نێو په‌رله‌مان نین، بگره‌ ده‌سته‌بژێری‌ رۆشنبیر‌و سیاسه‌تمه‌دارانی‌ حیزبیش له‌نێو په‌رله‌ماندا نین، به‌ بیانووی‌ جۆراوجۆر په‌رله‌مانتار دیاریكراوه‌، ئارێز یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی‌ لاوازیی‌ كاری‌ په‌رله‌مان له‌وه‌دا ده‌ستنیشان ده‌كات كه‌، په‌رله‌مانتاران له‌سه‌ر بنه‌مای‌ پسپۆڕیی‌‌و كاری سیاسی‌ دانه‌نراون، ئه‌م پێكهاته‌یه‌ی‌ ئێستای‌ په‌رله‌مان خودی‌ په‌رله‌مانی‌ بێهێز كردووه‌. «ئه‌گه‌ر به‌شی‌ زۆری‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ حیزبه‌كان له‌نێو هۆڵی‌ په‌رله‌مان بوونایه‌، په‌رله‌مان ده‌یتوانی‌ باشتر هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت‌و كاریگه‌رتر بێت».

جیاواز له‌ حیزبه‌كانی‌ ناو په‌رله‌مان، یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كادیره‌كانی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌‌و سه‌ركردایه‌تی‌ دیاریكردووه‌، له‌م رووه‌وه‌ تاڤگه‌ محه‌مه‌د ده‌ڵێت: «له‌ هه‌موو په‌رله‌مانانی‌ دنیادا حیزبه‌كان ئه‌و كادیرانه‌ ده‌پاڵێون بۆ په‌رله‌مان كه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ باڵای‌ ئه‌و حیزبه‌ بن‌و له‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ ئه‌و حیزبه‌دا بڕیاربه‌ده‌ست بن، چونكه‌ په‌رله‌مان ده‌سه‌ڵاتێكی‌ گه‌وره‌ی‌ سیادی‌‌و سیاسییه‌»، ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه‌ كه‌ حیزبه‌كانی‌ دیكه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ باڵای‌ حیزبه‌كه‌یان ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مانیان دیاری‌ نه‌كردووه‌، به‌ڵام حیزبه‌كه‌ی‌ ئه‌و (یه‌كگرتوو) په‌رله‌مانتاره‌كانی‌ له‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌و سه‌ركردایه‌تی‌ ده‌ستنیشان كردووه‌.

رێنماییه‌كانی‌ حیزب
به‌پێی زانیارییه‌كانی‌ رۆژنامه‌، مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ حیزبه‌كان به‌ر له‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر هه‌ر بڕیارێك یا پرۆژه‌یاسایه‌ك، كۆبوونه‌وه‌ی‌ خۆیان ده‌كه‌ن‌و بڕیاره‌كانی‌ خۆیان له‌ژێر ناوی‌ رێنمایی‌ بۆ په‌رله‌مانتاره‌كانیان ده‌نێرن، په‌رله‌مانتار ئارێز عه‌بدوڵڵا پێیوایه‌ به‌ رێژه‌ی‌ له‌ سه‌دا سه‌د پابه‌ندی‌ بڕیارو رێنماییه‌كانی‌ فراكسیۆنه‌كان ده‌بن كاتێك بڕیار ده‌درێت كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ده‌نگ بدرێت یا گفتوگۆ بكرێت، ئه‌مه‌ش له‌وكاته‌دایه‌ كه‌ له‌ حیزبه‌كانه‌وه‌ رێنمایی‌ ده‌دابه‌زێنرێت.

شیروان حه‌یده‌ری‌ پێیوایه‌ كه‌ شتێكی‌ ئاساییه‌ په‌رله‌مانتاران رێنمایی حیزبه‌كان جێبه‌جێ‌ بكه‌ن‌و له‌ زۆر بابه‌تیش بۆچوونی‌ جیاواز هه‌یه‌‌و زۆرجاریش ئه‌ندامانی‌ لیستی‌ زه‌رد به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ده‌نگی‌ فراكسیۆن ده‌نگیانداوه‌، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت تا ئێستا هیچ په‌رله‌مانتارێك سزا نه‌دراوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ بۆچوونێكی‌ جیاوازی هه‌بووبێت له‌ حیزبه‌كه‌ی‌.

په‌رله‌مانتاران سنووری‌ خۆیان ده‌زانن
ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌وپێیه‌ی‌ هه‌ڵبژێردراوی‌ حیزبه‌كانن، بۆیه‌ نابێت له‌ چوارچێوه‌ی‌ سیاسه‌تی‌ حیزبه‌كانیش ده‌ربچن، له‌م رووه‌وه‌ شیروان حه‌یده‌ری‌، سه‌رۆكی‌ لیستی‌ زه‌رد له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، بۆ رۆژنامه‌ وتی‌: «ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان ده‌بێت سنووری‌ حیزبه‌كه‌ی‌ خۆیان بزانن، مه‌رجیش نییه‌ له‌ هه‌موو پرسه‌كاندا حیزب رێنمایی‌ بنێرێت، ئه‌ندامانی‌ فراكسیۆنیش چوارچێوه‌ی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ خۆیان ده‌زانن‌و ستراتیژیه‌تی‌ حیزبه‌كه‌شیان ده‌زانن».

وتیشی‌: «مه‌رج نییه‌ من وه‌ك سه‌رۆكی‌ فراكسیۆن له‌ هه‌ر بڕیارێك ده‌ست به‌رزبكه‌مه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌ندامه‌كانی‌ لیستی‌ زه‌ردیش ده‌ست به‌رزبكه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو به‌ ئازادیی‌ خۆیانه‌».
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ ئه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان له‌كاتی‌ ده‌نگداندا سه‌یری‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنه‌كه‌یان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ وه‌ك ئه‌و ده‌نگ بده‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌شی‌ نه‌شارده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان بۆچوونه‌كانیان زۆر له‌یه‌ك نزیكه‌و به‌بێ‌ ئاگاداریی‌ یه‌كتر، وه‌كو یه‌ك بۆ یه‌ك مه‌به‌ست ده‌نگیانداوه‌، ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت كه‌ ئه‌مه‌ مانای‌ وانییه‌ كه‌ په‌رله‌مانتارانی‌ یه‌كگرتوو له‌مه‌إ هه‌ندێك پرس جیاواز نه‌بن‌و ده‌ڵێت: «ئێمه‌ زۆرجار دابه‌ش بووین بۆ سێ‌ گروپ له‌ناو په‌رله‌ماندا».

په‌رله‌مان؛ مینبه‌ری‌ ده‌ركه‌وتنی‌ كادر
ئه‌گه‌ر به‌شدارینه‌كردنی‌ كادره‌ باڵاكانی‌ حیزبه‌كان، په‌رله‌مانی‌ سست كردبێت، ئه‌وا له‌ به‌رامبه‌ردا بووه‌ته‌ هۆی‌ ده‌ركه‌وتنی‌ ژماره‌یه‌ك كادر بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانن له‌ داهاتوودا چانسی‌ ئه‌وه‌یان هه‌بێت كه‌ ببن به‌ ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ حیزبه‌كانیان، تاڤگه‌ محه‌مه‌د له‌مباره‌وه‌ ده‌ڵێت: هۆڵی‌ په‌رله‌مان بووه‌ته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ناو حیزبه‌كاندا كادیری‌ باش ده‌ربكه‌ون‌و بتوانن له‌ كۆنگره‌ی‌ حیزبه‌كانیان ده‌نگ به‌ده‌ست بهێنن بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببن به‌ ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ حیزبه‌كانیان، «زۆر په‌رله‌مانتار هه‌یه‌ له‌ناو هۆڵی‌ په‌رله‌ماندا ده‌ركه‌وتووه‌و توانیویه‌تی‌ خۆی‌ بسه‌لمێنێت‌و وایكردووه‌ كه‌ بۆچوونی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مانی‌ غه‌یری‌ حیزبه‌كه‌ی‌ خۆشی‌ بۆخۆی‌ رابكێشێت».

Sbeiy.com © 2007