سازدانی: سیروان ره‌شید
له‌م چاوپێكه‌وتنه تایبه‌ته‌دا نه‌رمین عوسمان جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی بالاَی مادده‌ی 140ی به‌غدا و وه‌زیری ژینگه‌ی عێراقی مه‌ترسی خۆی نیشاندا به‌رامبه‌ر ئه‌نجامی راپرسی له كه‌ركوك و ره‌خنه‌ی له سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد گرت به ئه‌نجامدانی راپرسی بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسی كه‌ركوك له‌و باره‌یه‌وه وتی: "نه‌ده‌بوو سه‌ركردایه‌تی كورد چاره‌نووسی كه‌ركوكی به راپرسی ببه‌ستایه‌ته‌وه و چۆن ده‌بێت رازیبێت به ئه‌نجامدانی راپرسییه‌ك كه ئه‌رز و خاكی خۆتبێت.
* له‌سه‌ره‌تاوه با به‌و پرسیاره ده‌ستپێبكه‌ین دواین گۆڕانكاری و پێشهاته‌كانی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 چییه؟
- خۆتان ده‌زانن مادده‌ی 140 ی تایبه‌ت به ئاساییكردنه‌وه‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تر، له‌سێ بڕگه پێكهاتووه (ئاسایكردنه‌وه، سه‌رژمێری، راپرسی)، كۆتا كاره‌كانی بڕگه‌ی ئاسایكردنه‌وه ئه‌وه‌بوو كه كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو 2400 خێزانی عه‌ره‌بی هاورده ئیشوكاره‌كانیان ته‌واو بووه و ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی كه 20 ملیۆن دیناره وه‌كو مینحه‌یه‌ك وه‌ریده‌گرن و چه‌كه‌كانیان لای ئێمه ئیمزاكراوه و ئۆفیسی كه‌ركوك دابه‌شیده‌كات به‌سه‌ر ئه‌و خێزانانه‌دا، له فه‌رعی هه‌ولێری بانقی مه‌ركه‌زیش پاره‌كه وه‌رده‌گرن، ئه‌م ژماره‌یه‌ش له‌كۆی زیاتر له (9000) فۆڕمه و كاره‌كانیان ته‌واوبووه و ژماره‌یه‌كیشیان موسته‌حه‌ق نه‌بوون و ویستویانه به ساخته پڕی بكه‌نه‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی تریش له رۆژانی داهاتوودا كاره‌كانیان ته‌واوده‌بێت و تهعویزكردنهكه له كۆتاییدایه.
ماوه‌ته‌وه ئاواره‌كان ئه‌وانیش ژماره‌یه‌كی زۆر فۆڕم پڕكراوه‌ته‌وه كه له سنووری 30 بۆ 40 هه‌زاردایه و ئه‌و خێزانه‌ی موسته‌حه‌ق بێت ته‌عویزی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌هه‌مانكاتدا له‌ناو لیژنه‌ی 140 دا لیژنه‌یه‌ك به سه‌رپه‌رشتی من دروستكراوه بۆ گۆڕانكاری سنووره ئیدارییه‌كان كه به‌ڕاستی كاره‌كانی ئه‌م لیژنه‌یه له ده‌سه‌ڵاتی لیژنه‌ی باڵای 140 نییه و ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی گه‌وره‌تری ده‌وێت ده‌ره‌قه‌تی بدات، چونكه لیژنه‌ی 140 ناتوانێت سه‌یته‌ره بكات به‌سه‌ریدا ئێستا كاروباره‌كانی ئه‌م لیژنه تازه‌یه‌ی دروستبووه و له گۆڕانكاری سنووره ئیدارییه‌كان ده‌كۆڵێته‌وه و له‌گه‌ڵ كاك دكتۆر محه‌مه‌د ئیحسان فایلمان له‌سه‌ر سنووره ئیدارییه‌كانی هه‌مووی ئاماده‌كردووه و دهستنیشانمانكردووه، كه ئه‌م قه‌زا و ناحیه‌یه فڵانه ساڵ، سه‌ر به چ شار و ناوچه‌یه‌ك بووه و به فڵان بڕیار سنووره ئیدارییه‌كه‌ی گۆڕاوه، بۆ نموونه كفری و كه‌لار، هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی ناكۆكییان له‌سه‌ره له‌ڕووی ئیدارییه‌وه هه‌مویمان ته‌واوكردووه.
* ئێستا خه‌ریكه مه‌سه‌له‌ی درێژكردنه‌وه و دواخستنی مادده‌ی 140 ده‌بێت به مه‌سه‌له‌یه‌كی جددی، چه‌ند رۆژێك له مه‌وبه‌ر كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند، به پاساوی بوونی هۆكاری ته‌كنیكی ناتوانرێت سه‌رژمێریی له كه‌ركوك بكرێت، ئایا درێژكردنه‌وه و دواخستنی راپرسی له كه‌ركوك له به‌رژه‌وه‌ندی كورده؟
- با دوو لایه‌نی مه‌سه‌له‌كه لێكبده‌ینه‌وه، یه‌كه‌م مادده‌ی 140 مادده‌یه‌كی ده‌ستوورییه، تاكه مادده‌یه كه پابه‌نده به كاته‌وه، گۆڕانكاریش نه له ده‌سه‌ڵاتی لیژنه‌ی140دا و نه له ده‌سه‌ڵاتی لایه‌نه سیاسییه‌كانه، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتی پارله‌مانه، درێژكردنه‌وه‌ی مادده‌ی 140 ده‌بێت پارله‌مان بڕیاری له‌سه‌ر بدات، به‌ڵام یه‌ك شتی ئیجابی هه‌یه له ناو پارله‌ماندا كه ده‌بێت لیژنه‌ی قانوونی و ده‌ستوورییه‌كه‌ی درێژكراوه‌ته‌وه بۆ 5 مانگ، واته لیژنه‌كه بۆی هه‌یه ماوه‌یه‌كی تر درێژیبكاتهوه بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم 4 بۆ 5 مانگ كه ئه‌م درێژكردنه‌وه‌یه‌ش به بۆچوونی من زه‌ره‌ر نادات له مادده‌ی 140، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دوابخرێت ئه‌وه مه‌ترسییه.
* سه‌رۆك كۆماری عێراق چه‌ند رۆژێك به‌ر له ئێستا به رۆژنامه‌ی (رۆژنامه)ی راگه‌یاند كه زه‌حمه‌ته ئه‌مساڵ راپرسی له كه‌ركوك بكرێت ئێوه‌ش وای ده‌بینن؟
- به‌ڵێ، باوه‌ڕناكه‌م ئه‌مساڵ فریای راپرسی بكه‌وین كه ئێستا سێ مانگمان ماوه، به‌ڵام ئێمه وه‌كو لیژنه‌ی ،140 كه ئاگامان له ئیشوكارهكانه پێمان باش نییه سه‌رژمێری بكرێت، به‌ڵكو پێمان باشه جه‌رد بكرێت، چونكه به‌ڕاستی له كه‌ركوك پێویست به سه‌رژمێری ناكات، به‌ڵكو ته‌نها پێویستی به جهردێك هه‌یه، جهردهكهش ئێمه ههیكهلهكهمان بۆ ئاماده كردووه و خه‌ڵكیشمان بۆ ئاماده كردووه و به مانگێك ده‌توانین ئه‌و جه‌رده ته‌واو بكه‌ین، بۆیه ئێمه جه‌ردی ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌ین كه مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌و پێویستمان به منداڵ و كه‌لوپه‌لی ناوماڵ و زه‌وی و مه‌ڕ و ماڵات و ئوتۆمبێل نییه كه ئه‌مانه له سه‌رژمێریدا ده‌بێت بكرێت، به‌ڵكو ئێمه ته‌نها پێویستمان به‌و كه‌سانه هه‌یه كه حه‌قی ده‌نگدانیان هه‌یه و خه‌ڵكی كه‌ركوكن و نفوسهكهی له ساڵی 1957 له‌وێ بووه.
* له مادده‌ی 140ی ده‌ستووریدا به روونی ئه‌وه یه‌كلانه‌كراوه‌ته‌وه كه ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا بكرێت یاخود قه‌زا و ناوچه، سه‌ركردایه‌تی كوردیش له رابردوودا نه‌یتوانیوه له ورده‌كاریی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ئاگادار بێت و ئیشی بۆ بكات ئایا ئه‌مه گرفت دروستناكات؟
- به‌ڵێ گرفت دروستده‌كات.
* چۆن؟
- من له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌نجامدانی راپرسی له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا یاخود قه‌زا و ناحیه و ورده‌كاری باشی ده‌وێت، وه‌كو چۆن له مه‌سه‌له‌ی ئیشكردن بۆ سنووره ئیدارییه‌كان پێویستمان به راوێژكردنی یاسایی و پشووی درێژ و خه‌ڵكی شاره‌زا هه‌یه، له‌م مه‌سه‌له‌یه‌شدا پێویستی زۆرمان به خه‌ڵكی شاره‌زا هه‌یه، كه ئایا راپرسییه‌كه له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا بێت یاخود قه‌زا و ناحیه؟، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا بێت ره‌نگه له زۆر شوێن بیبه‌ینه‌وه له شوێنی دیكه‌ش بیدۆڕێنین، له‌سه‌ر ئاستی قه‌زاش ره‌نگه له هه‌ندێ شوێن بیدۆڕێنین و ره‌بته دیموگرافییهكهشت زه‌حمه‌ت ده‌بێت ئه‌مه پێویستی به ورده كارییه، بۆیه ئه‌مه پێویسته لایه‌نه سیاسییه‌كان بیزانن و به ئێمه بڵێن بۆ ئه‌وه‌ی خۆمانی بۆ ئاماده بكه‌ین، چونكه ئێمه به‌س خۆمان بۆ سیستمه‌كه ئاماده‌كردووه.
* چوار ساڵه ئێمه له مادده‌ی 58ه‌وه بۆ 140 باس له گێڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك ده‌كه‌ین به ئه‌نجامدانی راپرسی بۆ یه‌كلابوونه‌وه‌ی چاره‌نووسی ناوچه ناكۆكه‌كانی كه‌ركوك و شوێنه‌كانی دیكه، به‌رای تۆ نه‌ده‌بوو پارتی و یه‌كێتی له خه‌می ئه‌و ورده‌كارییانه‌دا بوونایه كه ئایا شێوازی راپرسی له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا بكه‌یت یاخود ناوچه، ئایا سه‌ركردایه‌تی كورد كه‌مته‌رخه‌م نییه؟
- به‌ڵێ كه‌مته‌رخه‌م بووه و ورده‌كاری تیانهكراوه ره‌نگه شاره‌زای ئه‌و ورده‌كارییانه كرابێت كه ده‌بوایه شتێكی پوخته هه‌بوایه و بدرایه‌ته ده‌ستی ئێمه.
* باشه به ره‌ئی تۆ راپرسی له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا بكرێت له قازانجی كورده یان له‌سه‌ر ئاستی قه‌زا و ناحیه؟
- به‌ڕه‌ئی من له‌سه‌ر ئاستی قه‌زا بۆ ئێمه باشتره تاوه‌كو له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا.
* به‌ڵام نه‌رمین خان به پێی زانیارییه‌كانی ئێمه، بۆ نموونه راپرسی له‌سه‌ر ئاستی قه‌زا، ئه‌گه‌ر قه‌زای خانه‌قین به‌نموونه بگرین ژماره‌ی كورد له‌ناو خانه‌قین 90% ، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی دوو ناحیه‌كه‌ی سه‌عدیه و جه‌له‌ولا 80% بۆ 85%ی عه‌ره‌ب و توركمانه چۆن كورد ده‌یباته‌وه؟
- ئه‌زانیت ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسیارانه نه‌كه‌ین باشتره.
* بۆچی؟
- ئێستا به‌عزێ پرسیار هه‌یه وه‌ڵامدانه‌وه‌ی زه‌ره‌ری هه‌یه، من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م ئه‌و شتانه به شه‌فافانه قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام جاری باسكردنیان زه‌ره‌ری هه‌یه بۆ ئێمه، چونكه ئینگلیز شتێكی هه‌یه ده‌ڵێت ورچی نووستوو خه‌به‌ر مه‌كه‌ره‌وه.
* ئێمه وه‌ك رۆژنامه‌نووس مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه پرسیار له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كانی ئه‌و بواره بكه‌ین و به‌رچاو روونی بده‌ینه خه‌ڵك و سه‌ركردایه‌تی كورد، به‌ڵام ئاساییه ئه‌م ته‌وه‌ره‌یه داده‌خه‌ین.
* به‌پێی زانیاری ئێمه له ماوه‌ی رابردوودا سه‌ركردایه‌تی كورد به یه‌ك دوو رێكخراوی بیانی له شاری كه‌ركوك هه‌ندێ راپرسی ناڕه‌سمی به شێوه‌ی نهێنی ئه‌نجامداوه، بۆ زانینی حه‌جمی كورد له‌و شاره‌دا، ئایا ئێوه تا چه‌ند ئاگاداری ئه‌و راپرسییهن، ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و راپرسییه له به‌رژه‌وه‌ندی كورد بوو یان نا؟
- ئاگاداری ئه‌و راپرسییه نیم، ئه‌مه یه‌كێكه له‌و شتانه‌ی كه پێویسته به ئێمه بووترێت،وانییه؟
* سه‌ركردایه‌تی كورد و ئێوه له به‌غدا به‌رپرسیارێتییه‌كی مێژوویتان له ئه‌ستۆیه، ناو به‌ناو شه‌قامی كوردی و شاره‌زایانی سیاسی گله‌یی له ئێوه ده‌كه‌ن له به‌غدا كه كه‌مته‌رخه‌من له ئاستی ئیشكردن بۆ كه‌ركوك، ئایا ئه‌م گله‌یی و ره‌خنانه ره‌وان، یان ئێوه توانیوتانهوهك پێویست ئیشبكه‌ن؟
- هه‌ر شتێك ئهدائهكهی له سه‌دا سه‌د نییه به تایبه‌تی له‌و بارودۆخه نا ئه‌منییه‌ی به‌غدا، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌دای ئه‌و براده‌رانه‌ش نه‌بێت له به‌غدا، نه میزانییه‌ی كوردستان رێك‌وپێك ده‌بێت و نه ئه‌و پرۆژانه‌ی له كوردستان جێبه‌جێده‌كرێت ده‌توانرێت بكرێت، بۆیه به‌ڕاستی من نازانم خراپی ئه‌داكه مه‌به‌ستیان له چییه و روونیان ده‌كرده‌وه.
* هه‌موو ده‌زانین به‌غدا ته‌گه‌ره ده‌خاته به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140و مافه‌كانی كورد، به‌ڵام ئێوه‌ی نوێنه‌رانی كورد جارێك كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و پارله‌مانتان به‌جێ نه‌هێشت، كه دیاره مه‌ترسی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر چاره‌نووسی حكومه‌ت و پارله‌مانی به‌غدا ده‌بوو؟ ئێوه نه‌تانتوانیوه ئه‌و فرسه‌ته بقۆزنه‌وه یان تههدیدێكیشتان نه‌كرد به كشانه‌وه؟
- به‌ڵێ، بۆ نموونه ئه‌و چوار بڕیاره‌ی كه ده‌رچوو بۆ ته‌عویز و بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ ناوچه‌كان و وه‌زیفه‌كانیان به سه‌ردا دابه‌شبكرێت، به‌ڕاستی ئێمه دوو رۆژ موناقه‌شه‌مان له‌سه‌ر ئه‌مه كرد و بڕیارماندا ئه‌گه‌ر موافه‌قه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و چوار بڕیاره نه‌كرێت ئێمه دێینه ده‌ره‌وه له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، كه ئه‌مه فشار بوو ره‌نگه خه‌ڵك ئاگای لێ نه‌بێت، بۆیه ئه‌و ره‌خنانه‌ی له ئێمه ده‌گیرێت، راسته ره‌وایه‌تی تێدایه، به‌ڵام موبالهغهشی پێوه ده‌كرێت.
* ئێستا كه‌متر له 90 رۆژ بۆ ته‌واو بوونی سه‌قفی زه‌مه‌نی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140، ئایا ئه‌گه‌ر شه‌و و رۆژ بخرێته سه‌ر یه‌ك و كار بكرێت ئه‌و مادده‌یه جێبه‌جێده‌كرێت؟
- به‌ره‌ئی من سنووره ئیدارییه‌كان ئه‌گه‌ر لایه‌نه سیاسییه‌كان هاوكاریان بكه‌ن و به به‌رنامه‌یه‌ك پێشكه‌شی پارله‌مانی بكه‌ین مانگێكی ناوێت، ئه‌مێنێته‌وه سه‌ر جه‌رد، كه ئه‌مه‌ش به مانگێك مانگ و نیوێك ده‌كرێت، چونكه هه‌موو قاعیده به‌یانییه‌كان حازره ته‌نانه‌ت كادیره مه‌یدانییه‌كان و هه‌یكه‌له ئیدارییهكهشی ته‌واوبووه و هیچ كێشه‌یه‌كی نابێت، ماوه‌ته‌وه ریفراندۆم كه به بۆچوونی من ده‌كه‌وێته دوای ساڵی تازه، به‌ڵام به مه‌رجێك پارله‌مان بڕیار بدات بۆ درێژكردنه‌وه‌ی.
*كۆتا پرسیارمان ئه‌وه‌یه، وه‌ك جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی مادده‌ی 140، ئایا كورد له جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 58و 140 شكستی خواردووه یان نا؟
- پێشتر من له كاره سیاسییه‌كاندا نه‌بووم، به‌ڵام ویستومه ئه‌و راستییه بزانم بۆچی مادده‌ی 140 داندراو رێگاچاره‌یه‌كی تر نه‌دۆزرایه‌وه به تایبه‌تی له زه‌مه‌نی مه‌جلیسی حوكم و پێش دانانی ده‌ستووردا، ده‌كرا به شێوه‌یه‌كی تر چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تر بكرایه و نه‌خرایه‌ته راپرسییه‌وه، چونكه راپرسی له‌سه‌ر ئه‌رز و خاك زۆر زه‌حمه‌ته، خۆزگه ده‌مزانی هۆكاری ئه‌وه چی بوو كه رازی بوون به مادده‌ی 58و 140 له‌گه‌ڵ زۆر لایه‌ن قسه‌م كردووه، جوابێكی زۆر قه‌ناعه‌ت پێكراوم وه‌رنه‌گرتووه كه بۆچی مادده‌ی 140 دانراوه، به‌رای من ره‌نگه رێگای تر هه‌بوایه له 140 باشتر بوایه، چونكه تۆ داواكارییه‌كانت ده‌ده‌یته ده‌ست خه‌ڵكی تر بۆیه به بۆچوونی شه‌خسی خۆم ده‌بوایه ئێمه به‌و شێوه‌یه رازی نه‌بووینایه بۆ مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك.
* شاره‌زایه‌كی سیاسی ده‌ڵێت راپرسی له‌سه‌ر كه‌ركوك واته قومار، كه دیاره قوماریش چه‌نده ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ت هه‌یه ئه‌وه‌نه‌ش دۆڕاندن؟
- ئه‌وه ترسهكهیه، كه نابێت ئه‌رز خاكی خۆت بخه‌یته راپرسییه‌وه، چۆن ده‌بێت ئه‌مه بخه‌یته ده‌ستی ئاره‌زووی خه‌ڵكه‌وه، چونكه ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌كی مێژووییه ره‌نگه ئاره‌زووی خه‌ڵكانێك وابێت داوای هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆت لێبكه‌ن له كه‌ركوك بۆ نموونه: به‌ڵام به دوو رۆژی تر جیلێكی تر دێت پێت ده‌ڵێت چۆن ئه‌مه‌ت كرد، ئه‌مه بڕیارێكی قورسه، هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ر له ناحیه‌ی مافی مرۆڤ لێی بكوڵیتهوه به پێی زروفی ئێستا راسته‌و ده‌بێت خه‌ڵك خۆی چاره‌نووسی خۆی دیاریبكات، به‌ڵام به‌ڕاستی بڕیاره‌كه زۆر قورسه.