Print
 په‌كه‌كه‌؛ ئه‌و هێزه‌ی‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵی‌ له‌ناوبردنی‌ ده‌درێت
Saturday, December 27, 2008

 

پشتیوان سه‌عدوڵڵا
هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان به‌ شێوازی‌ گفتوگۆو رێككه‌وتنی‌ نهێنی‌‌و به‌كارهێنانی‌ هێزی‌ سه‌ربازیی‌، تا ئێستاش له‌ئارادان‌و حكومه‌تی‌ توركیاش سوره‌ له‌سه‌ر له‌ناوبردنی‌ چه‌كداره‌كانی‌ ئه‌و پارته‌ كوردییه‌.

له‌ ساڵی‌ 2008دا بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ په‌كه‌كه‌، به‌رپرسانی‌ هه‌رێم‌و به‌غدا له‌ به‌غداو هه‌ولێر چه‌ند دانیشتنێكیان سازكردوه‌و چه‌ند رێككه‌وتنێكی‌ نهێنی‌‌و ئاشكراش له‌نێوان عێراق‌و توركیا‌و ئه‌مه‌ریكاو هه‌رێمدا به‌ستراوه‌، هه‌موان كۆكن له‌سه‌ر كۆتایی پێهێنانی‌ خه‌باتی‌ چه‌كدارییانه‌ی‌ ئه‌و پارته‌.

په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌نكه‌ره‌و هه‌ولێر
له‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگی‌ رابردودا به‌رپرسانی‌ توركیاو هه‌رێم چه‌ند دایشتنێكیان ئه‌نجامداوه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ ده‌ستكه‌وت داده‌نێن، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌نجامێكی‌ به‌رچاوی‌ نه‌بوه‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ هه‌ردولا له‌ ئاستێكی‌ لاوازدان.

فه‌لاح مسته‌فا، به‌رپرسی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، بۆ رۆژنامه‌ وتی‌: "په‌یوه‌ندییه‌كان حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و حكومه‌تی‌ توركیا له‌مدواییه‌دا پێشكه‌وتنی‌ به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، به‌تایبه‌تیش دوای‌ چه‌ند دانیشتنێكی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت‌و به‌رپرسانی‌ توركیا، ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كانمان ئاسایی بن‌و هه‌مو بواره‌كانی‌ ئابوری‌‌و بازرگانی‌‌و كلتوری‌‌و ئاسایشی‌ سنور بگرێته‌وه‌".
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ نوێنه‌ری‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان له‌ توركیا به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ‌ توركیا باشتربوه‌، به‌تایبه‌تیش له‌دوای‌ چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ به‌رپرسانی‌ هه‌ردولا، جگه‌ له‌وه‌ش په‌یوه‌ندیی‌ هاتوچۆ‌و بازرگانی‌‌و ئابوری‌ سه‌لمێنه‌ری‌ ئه‌و راستییه‌ن.

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ له‌ چاوپێكه‌وتنێكی‌ ‌ كه‌‌ناڵی ئاسمانیی (سی ئێن ئێن تورك)دا جه‌لال تاڵه‌‌بانی رایگه‌‌یاند: ئێستا گیروگرفت له‌‌نێوان كاربه‌‌ده‌‌ستانی هه‌‌رێمی كوردستان‌و توركیا نه‌‌ماون، (بارزانی) دۆستی توركیایه‌‌‌و ده‌‌یه‌‌وێت له‌‌گه‌‌ڵ‌ توركیا په‌‌یوه‌‌ندی باشی هه‌‌بێت، له‌‌به‌‌رئه‌‌وه‌‌ من چاوه‌‌ڕوانی ئه‌‌وه‌‌ له‌‌ (ئه‌‌نقه‌‌ره‌)‌ ده‌‌كه‌‌م كه‌‌ سیاسه‌‌تی په‌‌یوه‌‌ندییه‌‌كانی له‌‌گه‌‌ڵ‌ (بارزانی) نوێ‌ بكاته‌‌وه‌‌.

به‌رپرسی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌ش پێیوایه‌ نزیكبونه‌وه‌ی‌ توركیا له‌ هه‌رێم، به‌مه‌به‌ستی‌ هاوكاریكردنی‌ هه‌رێمه‌ بۆ له‌ناوبردنی‌ په‌كه‌كه‌، وتیشی‌: "چالاكییه‌كانی‌ ئێمه‌ توركیای‌ ناچاركرد كه‌ دانیشتن‌و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ‌ به‌رپرسانی‌ كورد بكات، چونكه‌ توركیا دڵنیابوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ رێگه‌ی‌ سه‌ربازیی‌ ناتوانێت په‌كه‌كه‌ له‌ناوبه‌رێت، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت حكومه‌تی‌ هه‌رێم هاوكاریی‌ بكات، بۆیه‌ لێك نزیكبونه‌وه‌ به‌وشێوه‌یه‌ هیچ سودێكی‌ نییه‌".

سه‌ردانه‌كان جێی‌ مه‌ترسین
به‌پێی‌ بۆچونی‌ چاودێرانی‌ سه‌ردانه‌كانی‌ به‌رپرسانی‌ عێراق بۆ توركیا‌و به‌رپرسانی‌ توركیا بۆ عێراق جێگه‌ی‌ مه‌ترسین‌و مه‌به‌ست له‌و سه‌ردانانه‌ له‌ناوبردنی‌ په‌كه‌كه‌و لاوازكردنی‌ رۆڵی‌ كورده‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا.

له‌ هه‌فته‌ی‌ رابردودا تاریق هاشمی‌ جێگری‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق‌و نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق، به‌جیا سه‌ردانی‌ توركیایان كردو به‌پێی‌ راگه‌یاندنه‌كان ئامانج له‌و سه‌ردانانه‌ بۆ دانانی‌ میكانیزمی‌ له‌ناوبردنی‌ په‌كه‌كه‌ بوه‌، مالیكی‌‌و هاشمی‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌نكه‌ره‌یان له‌ هاوكاریكردنی‌ حكومه‌ته‌كه‌یان بۆ له‌ناوبردنی‌ په‌كه‌كه‌ دڵنیاكردوه‌ته‌وه‌.
د. سالار باسیره‌ پسپۆإی‌ بواری‌ یاسا بۆ رۆژنامه‌ باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ هه‌مو سه‌ردانێكی‌ به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق بۆ توركیا‌و لێك نزیكبونه‌وه‌ی‌ هه‌ردولا‌و به‌ڵێندان بۆ شه‌ڕی‌ په‌كه‌كه‌، جێی‌ مه‌ترسین، له‌ رابردوشدا حكومه‌ته‌كه‌ی‌ مالیكی‌ له‌به‌ر رازیكردنی‌ توركیا ته‌نازولی‌ گه‌وره‌ی‌ كردوه‌و هه‌وڵی‌ بێهێزكردنی‌ كوردستان داوه‌، وتیشی‌: "نیه‌تێكی‌ خراپ له‌و سه‌ردانانه‌دا ده‌بینم‌و سیاسه‌تێكی‌ مه‌ترسیداره‌ بۆ سه‌ر كورد، جگه‌ له‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستی‌ له‌باربردنی‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ كورد، ئه‌گه‌ری‌ یه‌كگرتنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سێ‌ لایه‌نی‌ توركیا‌و عێراق‌و ئێرانی‌ زیاتر ده‌كات".

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ قادر عه‌زیز، سكرتێری‌ حیزبی‌ زه‌حمه‌تكێشانی‌ كوردستان، ئه‌و سه‌ردانانه‌ی‌ به‌ پیلانگێڕان دژی‌ كورد وه‌سف كردو وتی‌: "ئه‌و سه‌ردانانه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ به‌غدا، پیلانگێڕییه‌ دژی‌ گه‌لی‌ كوردو هه‌رێمی‌ كوردستان، چونكه‌ به‌رپرسانی‌ به‌غدا كه‌ ده‌چنه‌ توركیا، باسی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌ی‌ بۆچی‌ باسی‌ راگرتنی‌ تۆپبارانه‌كانی‌ توركیا ناكه‌ن كه‌ له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ ئه‌ركی‌ ئه‌وانه‌،  به‌داخه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ كوردیش له‌وكاره‌ بێده‌نگه‌‌و هه‌ڵوێستیان نییه‌، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا دڵنیان له‌ پیلانگێڕان دژی‌ كورد".

ده‌ته‌په‌ ته‌داخول ده‌كات
له‌ ناوه‌ڕاستی‌ ئه‌م مانگه‌دا وه‌فدێكی‌ پارتی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ دیموكرات (ده‌ته‌په‌) له‌ په‌رله‌مانی‌ توركیا سه‌ردانی‌ هه‌رێمیان كردو دوای‌ چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ‌ به‌رپرسانی‌ كورددا، ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد كه‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌رپرسانی‌ كورد له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ په‌كه‌كه‌ به‌ رێگه‌ی‌ گفتوگۆ‌و سازدانی‌ كۆنفراسێك رێككه‌وتون.

ئه‌‌حمه‌‌د تورك، سه‌‌رۆكی‌ پارتی‌ كۆمه‌‌ڵگه‌‌ی‌ دیموكرات، رایگه‌یاند: له‌‌گه‌‌ڵ‌ سه‌‌ركردایه‌تیی‌ هه‌‌رێمی‌ كوردستان رێككه‌‌وتوین له‌‌سه‌‌ر سازكردنی‌ كۆنگره‌‌یه‌‌كی‌ تایبه‌‌ت بۆ چاره‌‌سه‌‌ری‌ كێشه‌‌ی‌ په‌‌كه‌‌كه‌‌ به‌‌ رێگه‌‌ی‌ ئاشتییانه‌‌و ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ به‌ دیالۆگ چاره‌سه‌ر بكرێت.
به‌هرۆز گه‌ڵاڵی‌، نوێنه‌ری‌ یه‌كێتی‌ له‌ توركیا وتی‌: "ئێستا سه‌رده‌می‌ پێكه‌وه‌ژیان‌و گفتوگۆیه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێشنیازی‌ به‌ستنی‌ كۆنفراسمان داوه‌، ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌و كۆنفرانسه‌ ببه‌سترێت".

هه‌ڵوێستی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ كورد جێی‌ نیگه‌رانییه‌
بۆردومانی‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی‌ توركیا به‌رده‌وامه‌و به‌وهۆیه‌وه‌ سه‌دان هاوڵاتیی‌ مه‌ده‌نی‌ توشی‌ ئاواره‌یی‌‌و ده‌ربه‌ده‌ری‌ بونه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا به‌رپرسانی‌ هه‌رێم بێده‌نگن‌و داوای‌ راگرتنی‌ ناكه‌ن.

د. سالار باسیره‌ وتی‌: "به‌داخه‌وه‌ ده‌بینین رۆژانه‌ سنوره‌كانی‌ هه‌رێم بۆردومان ده‌كرێت، تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسیی‌ هه‌رێم هیچ هه‌ڵوێستێكیان نه‌بوه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ هیچ شتێك روینه‌دابێت، له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ كورد یه‌كإا نین‌و تا ئێستاش مام جه‌لال سیاسه‌تی‌ له‌ سیاسه‌تی‌ بازرانی‌ له‌گه‌ڵ‌ توركیادا جیاوازه‌".

 بۆ له‌ناوبردنی‌ په‌كه‌كه‌ رێككه‌وتنی‌ نهێنی‌ هه‌یه‌
به‌پێی‌ وته‌ی‌ به‌رپرسانی‌ عێراق‌و توركیا به‌مه‌به‌ستی‌ له‌ناوبردنی‌ چه‌كداره‌كانی‌ په‌كه‌كه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مریكا رێككه‌وتون‌و لیژنه‌یه‌كی‌ هاوبه‌شیش پێكهێنراوه‌.

عه‌‌لی ده‌‌باغ، وته‌‌بێژی ره‌‌سمیی حكومه‌‌تی عێراق، رایگه‌‌یاند: هه‌‌رسێ‌ حكومه‌‌تی عێراق‌و توركیاو ئه‌‌مریكا بڕیاریانداوه‌‌ لیژنه‌‌یه‌‌كی هاوبه‌‌ش پێكبهێنن بۆ دانانی میكانیزمی پێویست بۆ راگرتنی چالاكی‌‌و له‌ناوبردنی‌ چه‌كداره‌كانی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان.

‌له‌ به‌‌یاننامه‌‌یه‌‌كی‌ حكومه‌تی‌ عێراقدا له‌ زاری‌ عه‌لی‌ ده‌باغه‌وه‌، ئاماژه‌ به‌ سه‌ردانی‌ وه‌فدێكی‌ باڵای‌ حكومه‌تی‌ توركیا ده‌كات له‌ 19/11دا كه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ كاره‌كانی‌ لیژنه‌كه‌ هاتبونه‌ عێراق، ده‌باغ راشیگه‌یاند: وه‌‌فده‌‌كه‌‌ی عێراق له‌‌ لیژنه‌‌كه‌‌دا  پێكدێت له‌ وه‌‌زیری ده‌‌وڵه‌‌ت بۆ كاروباری ئاسایشی نیشتمانی‌و ‌ وه‌‌زیری ناوخۆی هه‌‌رێمی كوردستان‌و چه‌‌ند به‌‌رپرسێك له‌‌ هه‌‌ردو وه‌‌زاره‌‌تی به‌‌رگری‌و ناوخۆی‌ عێراق.

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ سایتی‌ (توركیش ده‌‌یلی‌) ئاشكرایكرد كه‌ هه‌‌ریه‌‌ك له‌‌ عێراق‌و توركیا به‌‌ هه‌‌ماهه‌‌نگی‌ هه‌‌رێمی‌ كوردستان پلانێكی‌ نوێیان داڕشتوه‌‌ بۆ به‌‌رگرتن له‌‌ چالاكییه‌‌كانی‌ په‌‌كه‌‌كه‌‌، جگه‌ له‌وه‌ش چه‌ند ده‌زگایه‌كی‌ راگه‌یاندنی‌ توركیا رایانگه‌یاند كه‌ یاریده‌ده‌ری‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا به‌ نهێنی‌ چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌ ئێستا هاتوه‌ته‌ توركیاو له‌گه‌ڵ‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیادا مه‌سه‌له‌ی‌ په‌كه‌كه‌یان تاوتوێ‌ كردوه‌، له‌ مانگی‌ تشرینی‌ دوه‌می‌ ئه‌مساڵیشدا دوای‌ سه‌ردانێكی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا بۆ توركیا، جۆرج بوش مۆڵه‌تی‌ له‌شكركێشیی‌ سوپای‌ توركیای‌ بۆ سه‌ر هه‌رێم به‌ ئه‌ردۆگان دا.

به‌ بۆچونی‌ سالار باسیره‌، له‌ ئێستادا بۆ مه‌سه‌له‌ی‌ په‌كه‌كه‌ رێككه‌وتنی‌ نهێنی‌ هه‌یه‌و وتی‌: "هه‌مو كاتێك رێككه‌وتنی‌ نهێنی‌‌و ژێربه‌ژێر هه‌یه‌، به‌ڵام خه‌ڵك نایزانێت، كه‌ ئه‌مه‌ش جێگه‌ی‌ مه‌ترسییه‌، توركیا هه‌ڵوێستێكی‌ دوژمنكارانه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورد هه‌یه‌‌و ده‌یه‌وێت هه‌رێم شه‌ڕ له‌گه‌ڵ‌  په‌كه‌كه‌ بكات، هه‌مو هه‌وڵه‌كانیشی‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یه‌و له‌ رابردوشدا ئه‌و راستییه‌ ده‌ركه‌وت".

توركیا ناتوانێت په‌كه‌كه‌ له‌ناوببات
به‌رپرسانی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ توركیا له‌ به‌كارهێنانی‌ رێگه‌ی‌ سه‌ربازیی‌ بۆ له‌ناوبردنی‌ پارته‌كه‌یان شكستی‌ هێناوه‌، له‌ ئێستاشدا هه‌وڵده‌دات بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ كورده‌كان له‌دژی‌ یه‌كتر.

 ئه‌حمه‌د ده‌نیز، توركیای‌ به‌‌ پیلانگێڕی‌ به‌‌مه‌‌به‌‌ستی‌ هه‌‌ڵگیرسانی‌ شه‌‌ڕ له‌نێوان په‌‌كه‌‌كه‌‌و هه‌‌رێمی‌ كوردستان تۆمه‌‌تباركرد، به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: كێشه‌ی‌ كورد له‌ توركیا گه‌یشتوه‌ته‌ ئاستێكی‌ گه‌وره‌‌و ده‌وڵه‌تی‌ تورك ده‌زانێت كه‌ ناتوانێت په‌كه‌كه‌ له‌ناوبه‌رێت‌و له‌ به‌كارهێنانی‌ هێزدا شكستی‌ هێنا، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت هه‌رێم له‌گه‌ڵ‌ ئێمه‌ شه‌ڕبكات، بۆیه‌ ده‌بێت سه‌‌ركردایه‌‌تیی‌ سیاسیی‌ كورد پابه‌‌ند نه‌‌بێت به‌‌ جێبه‌‌جێكردنی‌ پیلانه‌‌كانی‌ توركیا.

 د. سالاریش ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ڕو كه‌ "حكومه‌تی‌ توركیا ناتوانێت چه‌كداره‌كانی‌ پارتی‌ كرێكاران له‌ناوببات، له‌ ئێستاشدا گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی‌ كه‌ كێشه‌ی‌ په‌كه‌كه‌ به‌ رێگه‌ی‌ سه‌ربازیی‌ چاره‌سه‌ر ناكرێت، به‌ڵام عه‌قڵیه‌تی‌ عه‌سكه‌رتاریه‌تی‌ تورك ئه‌وه‌ قبوڵ‌ ناكات كه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ به‌ ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ربكات، بۆیه‌ش ده‌یه‌وێت شه‌ڕه‌كه‌ به‌ هه‌رێم بكات".

په‌كه‌كه‌ چه‌ك دانانێت
به‌رپرسانی‌ په‌كه‌كه‌ وازهێنانیان له‌ خه‌باتی‌ چه‌كداریی‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌ ده‌ستهه‌ڵگرتنی‌ توركیا له‌ به‌كارهێنانی‌ هێز‌و بانگه‌واز بۆ ئاشتی‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق داوای‌ له‌ پارتی‌ ناوبراو كرد كه‌ چه‌كه‌كانیان دابنێن.

ئه‌حمه‌د ده‌نیز له‌وباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند: كاتێك ئێمه‌ واز له‌ خه‌باتی‌ چه‌كداریی‌ ده‌هێنین كه‌ توركیا ده‌ست له‌ بۆردومانكردن‌و هێرشی‌ سه‌ربازیی‌ هه‌ڵگرێت‌و بانگه‌وازی‌ ئاشتی‌ بكات، به‌ڵام توركیا تا ئێستاش سوره‌ له‌سه‌ر سیاسه‌تی‌ خۆی‌‌و به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر هێرشه‌كانی‌.

 له‌ دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ‌ رۆژنامه‌ی‌ (ئه‌كشام)ی‌ توركیا، جه‌لال تاڵه‌بانی‌ داوای‌ چه‌كدانانی‌ له‌ چه‌كداره‌كانی‌ پارتی‌ كرێكاران كرد‌و رایگه‌یاند كه‌ به‌م نزیكانه‌ پارته‌ كوردییه‌كان بانگشه‌ی‌ په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن بۆ چه‌كدانان‌و گرتنه‌به‌ری‌ رێگه‌ی‌ دیالۆگ‌و گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ كورد له‌ توركیا.

مه‌سه‌له‌ی‌ په‌كه‌كه‌ به‌ كۆنفرانس چاره‌سه‌ر ناكرێت
به‌مه‌به‌ستی‌ كۆتایی‌ پێهاتنی‌ پرسی‌ په‌كه‌كه‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێم پێشنیازی‌ به‌ستنی‌ كۆنفرانسێكیان كردوه‌و چاودێرانی‌ سیاسیش به‌بێ‌ به‌شداریی‌ په‌كه‌كه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ بێسود داده‌نێن.

سالار باسیره‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ تیشكی‌ خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆنفرانسه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ پڕوپاگه‌نده‌كردن بێت، ئه‌وه‌ شتێكی‌ خراپه‌و هیچ سودێكی‌ نابێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كۆنفرانسه‌كه‌ كۆنفراسێكی‌ چاره‌سه‌ری‌‌و گشتی‌ بێت‌و لایه‌نی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و توركیاو هه‌رێم‌و په‌كه‌كه‌ی‌ تێدابێت، ئه‌وكاته‌ ئومێد ده‌كرێت مه‌سه‌له‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.

په‌كه‌كه‌؛ رێگری‌ سه‌ره‌كیی‌ به‌رده‌م باشبونی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ هه‌رێم‌و توركیا

به‌پێی‌ لێدوانه‌كانی‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم، خراپیی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ هه‌رێم‌و توركیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بونی‌ چه‌كداره‌كانی‌ پارتی‌ كرێكاران له‌ ناوچه‌ سنورییه‌كانی‌ هه‌رێم.

به‌هرۆز گه‌ڵاڵی‌، نوێنه‌ری‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان له‌ توركیا، رایگه‌یاند: مه‌سه‌له‌ی‌ په‌كه‌كه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ ناوخۆی‌ توركیاو په‌یوه‌ندی‌ به‌ هه‌رێمه‌وه‌ بۆ بونیان له‌ ناوچه‌ سنورییه‌كانی‌ هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ بوه‌ته‌ كۆسپ بۆ باشبونی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ توركیاو هه‌رێم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا ده‌مانه‌وێت برا توركه‌كان تێبگه‌ن كه‌ مه‌به‌ستمان باشبونی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانه‌ له‌ هه‌مو بواره‌كاندا.

بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر هه‌رێم توركیا له‌ فرسه‌تدایه‌
به‌مه‌به‌ستی‌ له‌ناوبردنی‌ چه‌كداره‌كانی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان‌و هێرشكردنه‌ سه‌ر خاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، سوپای‌ توركیا خۆی‌ ئاماده‌ ده‌كات‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ند كۆپته‌رێكی‌ جه‌نگیی‌ ده‌كإێت.

رۆژنامه‌‌ی زه‌‌مانی توركی له‌‌سه‌‌ر زاری چه‌‌ند سه‌‌رچاوه‌‌یه‌‌كی‌ حكومه‌تی‌ توركیاوه‌ بڵاویكرده‌‌وه‌‌ كه‌ له‌ ‌ئاینده‌‌یه‌‌كی نزیكدا توركیا 32 كۆپته‌‌ری جه‌‌نگیی روسی جۆری (MI28) به‌مه‌به‌ستی‌ لێدانی‌ چه‌كداره‌كانی‌ په‌كه‌كه‌ ده‌‌كڕێت.

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ عه‌‌لی‌ باباجان، وه‌‌زیری‌ ده‌‌ره‌‌وه‌‌ی‌ توركیا، دوپاتی‌ كرده‌وه‌ كه‌ تا ئێستاش رێگه‌‌چاره‌‌ی‌ سه‌‌ربازیی‌ هه‌‌ر له‌‌ئارادا ماوه‌‌‌و رایگه‌‌یاند: حكومه‌‌تی‌ توركیا بۆ مامه‌‌ڵه‌‌كردن له‌‌گه‌‌ڵ‌ په‌‌كه‌‌كه‌،‌ له‌‌ گشت رێگه‌‌چاره‌‌كان ده‌‌ڕوانێت‌و بۆ به‌‌رگرتن له‌‌ جموجوڵی‌ چه‌‌كدارانی‌ په‌‌كه‌‌كه‌،‌ رێوشوێنی‌ جیاجیا ده‌‌گرینه‌‌به‌‌ر.

د. سالار باسیره‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ رۆژنامه‌ ئاشكراكرد كه‌ توركیا ده‌یه‌وێت وه‌كو زلهێزێكی‌ ناوچه‌كه‌ خۆی‌ پیشانبدات، به‌رده‌وامێتیی‌ بۆردومانه‌كانیشی‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا له‌ خۆئاماده‌كردندایه‌و له‌ فرسه‌تێك ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ هێرشی‌ سه‌ربازیی‌ بكاته‌ سه‌ر هه‌رێم، به‌تایبه‌تیش كاتێك كه‌ ئه‌مریكا پشت له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بكات.

Sbeiy.com © 2007