Print
 خه‌ڵه‌ف عه‌له‌ییان: هه‌ركاتێك هه‌لومه‌رج ره‌خسا، ئێمه‌ پشتیوانیی‌ له‌ پێكهێنانی‌ كوردستانی‌ سه‌ربه‌خۆ ده‌كه‌ین
Tuesday, December 30, 2008

سازدانی‌: ساڵح ره‌حمان
شێخ خه‌ڵه‌ف عه‌له‌ییان، سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ دیالۆگی‌ نیشتمانی‌ عێراق، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات سیستمی‌ فیدراڵی‌ زیان به‌ یه‌كپارچه‌یی‌ عێراق ده‌گه‌یه‌نێت‌و هه‌ر هه‌وڵێك له‌وپێناوه‌دا بدرێت، به‌ زیانی‌ گه‌لی‌ عێراق ته‌واو ده‌بێت، له‌ چاوپێكه‌وتنێكی‌ تایبه‌تی‌ رۆژنامه‌دا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد ئه‌نجومه‌نی‌ دیالۆگی‌ نیشتمانی‌ پشتگیریی‌ پێكهێنانی‌ قه‌واره‌یه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ كوردی‌ ده‌كات كه‌ سه‌رجه‌م كورده‌كانی‌ جیهان كۆبكاته‌وه‌، به‌ڵام بۆ كاتێك كه‌ هه‌لومه‌رج ره‌خسا.

رۆژنامه‌: سه‌باره‌ت به‌و هه‌وڵانه‌ی‌ له‌ئارادان بۆ پێكهێنانی‌ هه‌رێمی‌ نوێ‌ له‌ عێراقدا، هه‌ڵوێستتان چییه‌‌و له‌باره‌ی‌ سیستمی‌ فیدراڵییه‌وه‌ چی‌ ده‌ڵێن؟
خه‌ڵه‌ف عه‌له‌ییان: ده‌ستور له‌كاتێكدا نوسراوه‌ته‌وه‌‌و په‌سه‌ند كراوه‌ كه‌ سه‌رجه‌م عێراقییه‌كان به‌شدارییان تێدا نه‌كردوه‌‌و له‌ بارودۆخێكی‌ هه‌ستیار‌و قورسدا په‌سه‌ندكراوه‌، چه‌ند لایه‌نێكی‌ دیاریكراو هه‌ستاون به‌و كاره‌‌و بۆچونی‌ خۆیان به‌سه‌ر گه‌لی‌ عێراقدا سه‌پاندوه‌‌و جێده‌ستیشیان له‌وبواره‌دا دیار‌و ئاشكرایه‌، بۆیه‌ هه‌مواركردنی‌ ده‌ستور‌و چاكسازیی‌ له‌ ناوه‌رۆكه‌كه‌یدا پێویستی‌ به‌ هه‌لومه‌رجی‌ شیاو هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ دروست‌و ته‌واو دابڕێژرێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ هاوبه‌ش له‌نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كاندا‌و ده‌توانێت ناكۆكییه‌كان كۆتایی‌ پێ‌ بهێنێت، ئێمه‌ پێش نوسینه‌وه‌‌و داإشتنی‌ ده‌ستور، دانمان به‌ فیدرالیه‌تی‌ گه‌لی‌ كوردستان‌و هه‌رێمی‌ كوردستاندا ناوه‌، ئه‌وه‌ش ته‌نها بۆ گه‌لی‌ كوردستان، چونكه‌ ئه‌و هه‌رێمه‌ تایبه‌تمه‌ندیی‌ خۆی هه‌یه‌‌و زیاتر له‌ 10 ساڵ‌ له‌پێش شه‌ڕی‌ عێراقه‌وه‌ خۆی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات‌و ئه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی‌ 16 ساڵه‌ خۆی‌ حوكمی‌ خۆی‌ ده‌كات‌و به‌ خواستی‌ خۆشی‌ له‌ناو عێراقدایه‌، ئێمه‌ خوازیارین گه‌لی‌ كوردستان به‌سه‌رجه‌م ماف‌و داخوازییه‌كانی‌ بگات، به‌ڵام سنوری‌ پارێزگاكانی‌ تر نه‌به‌زێنێت‌و به‌ هه‌مانشێوه‌ش مافه‌كانی‌ گه‌لی‌ عێراق پێشێل نه‌كات، له‌باره‌ی‌ سیستمی‌ فیدراڵیشه‌وه‌ ئه‌و سیستمه‌ بۆ گه‌لی‌ عێراق نه‌شیاوه‌، چونكه‌ وه‌كو پێشتر ئاماژه‌م پێكرد، به‌ده‌ر له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، كاركردن بۆ پێكهێنانی‌ هه‌رێمی‌ تر له‌ ناوچه‌كانی‌ تر، ده‌بێته‌ هۆی‌ دابه‌شبون‌و پارچه‌پارچه‌بونی‌ خاكی‌ عێراق، هه‌ندێك لایه‌ن هه‌وڵ‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌ده‌ن‌و به‌و ئاقاره‌دا كارده‌كه‌ن‌و ئه‌جێندای‌ هه‌ندێك لایه‌نی‌ عێراق ئه‌وه‌یه‌ عێراق دابه‌ش بكرێت، به‌ڵام هه‌ندێك لایه‌نی‌ تر جه‌خت له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی‌ عێراق ده‌كه‌نه‌وه‌‌و داوای‌ یه‌كڕیزی‌‌و یه‌كپارچه‌یی‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌رجه‌م هێز‌و پێكهاته‌كان یه‌كگرتوبن، كورده‌كان هه‌رێمی‌ تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌‌و ئێمه‌ش رێز له‌و هه‌رێمه‌ ده‌گرین‌و كار بۆ پێكه‌وه‌ژیانی‌ برایانه‌ی‌ كورد‌و عه‌ره‌ب ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌شمان له‌یادبێت كه‌ برایانی‌ كورد خاوه‌نی‌ مافگه‌لێكن كه‌ له‌ هیچ ناوچه‌یه‌كی‌ تری‌ عێراقدا نییه‌، به‌ڵام جگه‌ له‌ كورده‌كان هیچ لایه‌نێكی‌ تر مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ نییه‌ كار بۆ پێكهێنانی‌ هه‌رێم بكات‌و ببێته‌ هۆكاری‌ پارچه‌پارچه‌بون‌و دابه‌شكردنی‌ عێراق.

رۆژنامه‌: ئه‌و ترسه‌ له‌ چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتوه‌ كه‌ پێكهێنانی‌ هه‌رێمی‌ تر ده‌بێتـه‌ هۆی‌ پارچه‌پارچه‌بونی‌ عێراق، ئایا له‌ڕاستیدا هه‌وڵێك له‌ئارادایه‌ بۆ دابه‌شكردنی‌ عێراق؟
خه‌ڵه‌ف عه‌له‌ییان: به‌ڵێ‌ هه‌وڵێكی‌ زۆر هه‌یه‌ بۆ پارچه‌پارچه‌كردنی‌ عێراق، وه‌ك ئاشكرایه‌ كه‌ ئێران به‌رژه‌وه‌ندی‌‌و تموحی‌ زۆر له‌ عێراقدا هه‌یه‌‌و هه‌وڵده‌دات بۆ لاوازكردن‌و تێكشكاندنی‌ عێراق له‌سه‌رجه‌م روه‌كانه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی‌ ته‌واو به‌سه‌ر عێراقدا بسه‌پێنێت، ئه‌و چاوبڕینه‌ی‌ ئێرانیش ره‌گێكی‌ مێژویی‌ هه‌یه‌‌و ته‌نها بۆ ئێستا نییه‌، چونكه‌ به‌ درێژایی‌ مێژو، عێراق چه‌ند جه‌نگێكی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و وڵاته‌دا به‌رپاكردوه‌، بۆیه‌ ئێستا ده‌یه‌وێت عێراق لێك هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ش ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاشتیانه‌‌و به‌ ره‌چاوكردنی‌ هاوسێیه‌تی‌‌و پاراستنی‌ ماف‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ یه‌كتر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ گه‌لی‌ ئێراندا بكه‌ین، چونكه‌ به‌ گه‌لێكی‌ دۆست‌و هاوڕێی‌ خۆمانی‌ ده‌زانین، به‌ڵام ئه‌و رژێمانه‌ی‌ له‌و وڵاته‌دا دێنه‌ سه‌ركار، به‌رده‌وام كار بۆ شێواندنی‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی‌ نێوان هه‌ردو گه‌لی‌ عێراق‌و ئێران ده‌كه‌ن، له‌كاتێكییه‌وه‌ بۆ كاتێكی‌ تر هه‌ڵوێستێكی‌ دوژمنانه‌‌و ناهاوسه‌نگیان به‌رامبه‌ر گه‌ل‌و حكومه‌تی‌ عێراق هه‌بوه‌، بۆیه‌ ئێستا چه‌ند هه‌وڵێك له‌ئارادایه‌ بۆ لێكترازانی‌ عێراق له‌ژێر پاساوی‌ فیدراڵیه‌تدا، سیستمی‌ فیدراڵی‌ بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌شێت كه‌ چه‌ند وڵاتێكی‌ بچوك یاخود چه‌ند میرنشینێك به‌خواستی‌ خۆیان ده‌یانه‌وێت یه‌ك بگرن، ئه‌وكاته‌ وڵاته‌كه‌ ده‌بێته‌ وڵاتێكی‌ فیدراڵی‌‌و له‌ چه‌ند هه‌رێمێك پێكدێت وه‌كو له‌ میرنشینی‌ یه‌كگرتوی‌ عه‌ره‌بیدا هه‌یه‌، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ عێراق ئه‌وا وڵاتێكی‌ یه‌كپارچه‌یه‌‌و پێویستی‌ به‌وه‌ نییه‌ دابه‌ش بكرێت به‌سه‌ر چه‌ند هه‌رێمێكدا، بۆیه‌ نابێت گه‌لێكی‌ یه‌كپارچه‌ی‌ وه‌كو عێراق دابه‌ش بكرێت به‌سه‌ر چه‌ند هه‌رێمێكدا، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ دابه‌شبون، هه‌ر هه‌وڵێكیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بدرێت له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌‌و رێگه‌ی‌ پێناده‌ین‌و دژی‌ ده‌وه‌ستینه‌وه‌، هه‌وڵیش ده‌ده‌ین وڵاته‌كه‌مان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ حكومه‌تێكی‌ به‌هێزی‌ ناوه‌ندی‌ دابمه‌زرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ ره‌چاوكردنی‌ ده‌سه‌ڵات به‌ پارێزگاكان.

رۆژنامه‌: به‌ڵام به‌گوێره‌ی‌ ده‌ستور‌و ماده‌‌و بڕگه‌كانی‌ رێگه‌ به‌ پارێزگا‌و پێكهاته‌كانی‌ گه‌لی‌ عێراق ده‌دات بۆ پێكهێنانی‌ هه‌رێم‌و ئه‌و بابه‌ته‌ی‌ رێكخستوه‌؟
خه‌ڵه‌ف عه‌له‌ییان: له‌ وڵاتێكی‌ فره‌نه‌ته‌وه‌‌و مه‌زهه‌بدا كه‌ له‌ چه‌ند پارێزگایه‌كی‌ جیاجیا پێكدێت، به‌دڵنیایی‌ ناكۆكی‌‌و كێشه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ ئیتر هه‌ر پارێزگایه‌ك بۆخۆی‌ چی‌ بوێت ئه‌نجامی‌ بدات، چونكه‌ ئه‌و داهات‌و سامانه‌ی‌ كه‌ له‌ عه‌ماره‌‌و به‌سره‌ هه‌یه‌، مافی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیشی‌ پێوه‌یه‌، به‌ هه‌مانشێوه‌ش ئه‌وه‌ی‌ له‌ كوردستاندا هه‌یه‌ مافی‌ هاوڵاتییانی‌ ناوه‌ڕاست‌و باشوری‌ پێوه‌یه‌، كه‌واته‌ ده‌توانین پێكه‌وه‌ كار بۆ به‌دیهێنانی‌ ئامانجه‌كانمان بكه‌ین له‌ژێر سایه‌ی‌ یه‌ك وڵات‌و یه‌ك خاكدا، نه‌ك هه‌ر لایه‌نه‌‌و به‌ ئاره‌زوی‌ خۆی‌ هه‌ڵسوكه‌وت بكات‌و گوێ‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ گشتی‌ نه‌دات، وه‌كو پێشتریش وتم ده‌ستوریش تا ئێستا هه‌موار نه‌كراوه‌‌و ئه‌و مادانه‌ی‌ پێشتر داڕێژراون، گۆڕانكاریان به‌سه‌ردا دێت.

رۆژنامه‌: ئێستا ده‌نگێك له‌ئارادایه‌ كه‌ ده‌ڵێت عێراق به‌ره‌و لێكترازان‌و پارچه‌چارپه‌ بون هه‌نگاوده‌نێت به‌تایبه‌ت كه‌ كورده‌كان هه‌وڵی‌ پێكهێنانی‌ وڵاتێكی‌ سه‌ربه‌خۆ ده‌ده‌ن، ئێوه‌ راتان چییه‌؟
خه‌ڵه‌ف عه‌له‌ییان: هه‌ركاتێك هه‌لومه‌رج ره‌خسا بۆ پێكهێنانی‌ وڵاتێكی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ كوردی‌، ئێمه‌ رێگریی‌ له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ناكه‌ین، ئێمه‌ خوازیارین وڵاتێكی‌ كوردی‌ هه‌بێت كه‌ سه‌رجه‌م كورده‌كانی‌ جیهان كۆبكاته‌وه‌‌و به‌ هه‌مانشێوه‌ی‌ گه‌لانی‌ تر گه‌لی‌ كوردیش خاوه‌نی‌ پێكهاته‌‌و قه‌واره‌ی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ خۆی‌ بێت‌و به‌ ئاشتی‌ له‌گه‌ڵ‌ هاوسێكانیدا به‌ مافه‌كانی‌ شاد ببێت له‌ عه‌ره‌ب‌و غه‌یری‌ عه‌ره‌ب، ئه‌مه‌ش خواستی‌ سوننه‌كانه‌‌و ئێمه‌ پشتگیریی‌ لێده‌كه‌ین، به‌ڵام له‌ ئێستادا نابێت ئه‌وه‌ له‌سه‌ر پێكهاته‌كانی‌ تری‌ عێراق بێت.  

 

Sbeiy.com © 2007