Print
 ئه‌نفال، ئه‌و کاره‌ساته‌ی ته‌نها کورد به‌ جینۆسایدی ده‌زانێت
Wednesday, July 18, 2007
قه‌ته‌ر - فرمان عه‌بدولره‌حمان

له‌ نێو كافتریای‌ سه‌نته‌ری‌ جه‌زیره‌ی‌ ئیعلامی‌ بۆ راهێنان و په‌ره‌پێدان كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌نووسی‌ عه‌ره‌ب ته‌ماشای‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ دوا دانیشتنی‌ دادگاییكردنی‌ شه‌ش تاوانباره‌كه‌ی‌ دۆسیه‌ی‌ ئه‌نفالیان ده‌كرد، ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ كه‌ بۆ راهێنان له‌ بواره‌ جیاوازه‌كانی‌ رۆژنامه‌نووسیدا له‌و سه‌نته‌ره‌دا كۆببونه‌وه‌ هه‌ریه‌كه‌یان له‌ وڵاتێكی‌ عه‌ره‌بی‌ جیاوازه‌وه‌ هاتبوون، له‌نێویاندا خه‌دیجه‌ بو وه‌له‌د، 34 ساڵ، كه‌ رۆژنامه‌نووسێكی‌ مه‌غریبی‌ بوو له‌ هه‌موان زیاتر به‌ سه‌رنجه‌وه‌ له‌ گفتوگۆی‌ نێو دادگاكه‌ ورد ده‌بووه‌وه‌. خه‌دیجه‌ كه‌ هیچی‌ ده‌رباره‌ی‌ ئه‌نفال نه‌بیستبوو ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد كه‌ شتێكی‌ دروستكراوه ‌و میكانیزمێكه‌ بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌و شه‌ش سه‌ركرده‌یه‌ی‌ به‌عس. خه‌دیجه‌ وتی‌: "دادگاییكردنی‌ عه‌لی‌ حه‌سن مه‌جید و پێنج هاوكاره‌كه‌ی‌ شانۆگه‌رییه‌كی‌ سیاسی‌ ئه‌مریكایه‌ و هیچ راستییه‌كی‌ تێدا نییه‌".

هه‌رچه‌نده‌ كاره‌ساتی‌ ئه‌نفال به‌لای‌ كورده‌وه‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌یه‌ و به‌رده‌وام سه‌ركرده‌ كورده‌كان وه‌كو جینۆساید وه‌سفیده‌كه‌ن، به‌ڵام وا دیاره‌ كاریگه‌ریی‌ ئه‌و بانگه‌شانه‌ نه‌یتوانیوه‌ سنووری‌ كوردستان ببه‌زێنێت و لانیكه‌م وه‌كو كاره‌ساتی‌ قه‌تڵ و عامكردنی‌ موسڵمانانی‌ بۆ سنه‌ له‌ نێو جیهانی‌ عه‌ره‌بی‌ و ئیسلامیدا بناسرێت.

عیسا بو قانون، رۆژنامه‌نووسێكی‌ جه‌زائیرییه‌ و بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆرسی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ فیلمی‌ دۆكیۆمێنتاری‌ له‌ سه‌نته‌ری‌ جه‌زیره‌ ئیعلامی‌ هاتبووه‌ شاری‌ دۆحه‌، عیسا هه‌رچه‌نده‌ عه‌لی‌ حه‌سه‌ن مه‌جیدی‌ به‌ تاوانبارێكی‌ جه‌نگ ده‌زانیك‌ به‌ڵام نه‌یده‌توانی‌ باوه‌ر به‌وه‌ بهێنێت كه‌ 182 هه‌زار كورد له‌و كاره‌ساته‌دا له‌سه‌ر ده‌ستی‌ رژێمی‌ سه‌دام حوسێن و دارو ده‌سته‌كه‌ی‌ تیاچووبن. عیسا وتی‌: "له‌وانه‌یه‌ كه‌مته‌رخه‌می‌ له‌ ئێمه‌ی‌ عه‌ره‌به‌وه‌ بێت كه‌ ره‌هه‌ندی‌ ئینسانی‌ له‌نێوماندا كه‌مبۆته‌وه‌" به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا وتی‌ "كورد خۆی‌ نه‌یتوانیوه‌ باوه‌ڕ به‌ ئێمه‌ی‌ عه‌ره‌ب بێنێت كه‌ ئه‌نفال روداوێكی‌ راسته‌قینه‌یه‌ و ئامانج لێی‌ جینۆسایدكردنی‌ كورد بووه‌".

شاری‌ دۆحه‌ پایته‌ختی‌ وڵاتی‌ قه‌ته‌ره‌ و یه‌كێكه‌ له‌ شاره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی‌ كه‌نداو كه‌ رێژه‌یه‌كی‌ زۆر بیانی‌ تێدایه‌ له‌ عه‌ره‌بی‌ وڵاتانی‌ تر و خه‌ڵكی‌ باشوری‌ ناوه‌ڕاستی‌ ئاسیا كه‌ زۆربه‌یان هه‌ڵگری‌ ئاینی‌ ئیسلامن، ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ دۆحه‌ 630 هه‌زار كه‌سه‌ و نزیكه‌ی‌ 40%ی‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ خه‌ڵكانی‌ بیانین له‌ باشوری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ئاسیا.

باوه‌ڕنه‌هێنان به‌ ئه‌نفال و ته‌ماشاكردنی‌ تاوانبارانی‌ كاره‌ساته‌كه‌ وه‌كو پاڵه‌وان و شه‌هید ته‌نها رۆژنامه‌نووسانی‌ عه‌ره‌بی‌ نه‌گرتۆته‌وه‌ كه‌ به‌ بڕوای‌ زۆرێك له‌ كورده‌كان "بیری‌ شۆڤێنی‌ زاڵه‌ به‌سه‌ریاندا"، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێگای‌ سه‌رسوڕمانه‌ به‌ ده‌گمه‌ن هه‌ن له‌و ئاسیاییانه‌ی‌ نیشته‌جێی‌ دۆحه‌ باوه‌ڕیان به‌ كاره‌ساتی‌ ئه‌نفال هه‌بێت و ته‌نانه‌ت سه‌دام حسێن و دار و ده‌سته‌كه‌شی‌ وه‌كو پاڵه‌وان و شه‌هید ته‌ماشا نه‌كه‌ن.

ئیندیكا دی‌ سیلڤا، خه‌ڵكی‌ سریلانكایه‌، كارمه‌ندی‌ ئوتێلێكه‌ له‌ دۆحه‌ و ماوه‌ی‌ 5 ساڵه‌ له‌و شاره‌ نیشته‌جێیه‌و عه‌ره‌بیه‌كی‌ باش فێربووه‌. ئه‌و كه‌ تا سه‌ر ئێسقان رقی‌ له‌ ئه‌مریكا ده‌بجوه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌نفال راستبوایه‌ له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ به‌ ره‌سمی‌ ده‌ناسرا، ئیندیكا سه‌دام و تاوانباره‌كانی‌ تری‌ دۆسیه‌ی‌ ئه‌نفالی‌ به‌ قوربانییه‌كی‌ ده‌ستی‌ ئه‌مریكا ده‌زانی‌. ئیندیكا وتی‌: "ئه‌وه‌نده‌ی‌ من بزانم كوردیش گه‌لێكی‌ ئاریاییه‌ و له‌عیراقدا ده‌ژی‌، به‌ڵام ناتوانم باوه‌ڕ به‌وه‌ بكه‌م كه‌ ده‌وڵه‌تێك هه‌بێت گه‌له‌كه‌ی‌ خۆی‌ قه‌تڵوعام بكات وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا باسی‌ لێوه‌ ده‌كات".
رۆژی‌ 24ی حوزه‌یرانی 2007 دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كان بڕیاری‌ له‌ سێداره‌دانی‌ بۆ عه‌لی‌ حه‌سه‌ن مه‌جید و دوو له‌ هاوكاره‌كانی‌ دا به‌ تۆمه‌تی‌ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌نفال. ئه‌گه‌رچی‌ ئه‌و بڕیاره‌ تائێستا له‌ دادگای‌ ته‌میز بڕیاری‌ كۆتایی‌ لێنه‌دراوه،‌ به‌ڵام پێناچێت ده‌رچوونی‌ بڕیاره‌كه‌ و جێبه‌جێكردنیشی‌ هیچ له‌و راستییه‌ بگۆڕێت كه‌ ئه‌نفال بكاته‌ كاره‌ساتێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و وه‌كو جینۆسایدی‌ گه‌لی‌ كورد لا‌نی كه‌م له‌ ناوچه‌كه‌دا بناسرێت.

د. عه‌لی‌ قه‌ره‌داغی‌ پرۆفیسۆر له‌ بواری‌ ئابووریی‌ ئیسلامیدا، یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سایه‌تییه‌ كوردییانه‌ی‌ كه‌ ساڵانێكی‌ درێژه‌ له‌ شاری‌ دۆحه‌ ده‌ژی‌ و ئه‌ندامی‌ كۆنگره‌ی‌ وڵاتانی‌ ئیسلامییه‌، نه‌ناسین و باوه‌ڕنه‌هێنانی‌ كه‌سانی‌ غه‌یره‌ كورد به‌ ئه‌نفالی‌ گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ نه‌بوونی‌ هۆشیاری‌ رۆشنبیریی‌ و سیاسی‌ لای‌ ئه‌و كه‌سانه‌ و پێی‌ وابوو به‌شێكی‌ زۆری‌ جیهانی‌ عه‌ره‌بی‌ و ئیسلامی‌ سه‌رقاڵی‌ په‌یداكردنی‌ بژێوی‌ رۆژانه‌ن. د. عه‌لی‌ قه‌ره‌داغی‌ وتی: ‌ " مه‌سه‌له‌كه‌ به‌و ره‌هاییه‌ نییه،‌ چونكه‌ ده‌شێت ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌راپۆرته‌كه‌دا بیروڕایان وه‌رگیرابێت ته‌عبیر له‌ شه‌قامی‌ عه‌ره‌بی‌ و ئیسلامی‌ نه‌كه‌ن و ئاگاداری‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندن نه‌بووبن". به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا ناوبراو وتی‌: "ماوه‌یه‌كی‌ زۆر مه‌سه‌له‌ی‌ دادگاییكردنه‌كه‌ی‌ سه‌دام حسێن و تاوانبارانی‌ ئه‌نفال وروژێنرا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ باش به‌رێوه‌نه‌چوونی‌ دادگاییكردنه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ خزمه‌تی‌ سه‌دام و رژێمه‌كه‌ی‌ كرد ئه‌وه‌نده‌ خزمه‌تی‌ قوربانییانی‌ كورد و عیراقی‌ نه‌كرد".

د. عه‌لی‌ قه‌ره‌داغی‌ ئه‌وه‌شی‌ وت كه‌ حكومه‌تی‌ نوێی‌ عیراق ویستی‌ له‌ رێگا‌ی‌ دادگاییكردنه‌وه‌ تاوانه‌كانی‌ سه‌دام و رژێمه‌كه‌ی‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ بچه‌سپێنێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و په‌یامه‌ی‌ كه‌ ده‌خوازرا له‌ رێگا‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ دادگاییكردنه‌كانه‌وه‌ بگاته‌ خه‌ڵكی‌ به‌ پێچه‌وانه‌ گه‌یشته‌ رای‌ گشتی‌ عه‌ره‌بی‌ و ئیسلامی‌، به‌ تایبه‌تی‌ شێوازی‌ له‌ سێداره‌دانی‌ سه‌دام و بڵاوكرنه‌وه‌ی‌ وێنه‌كه‌ی‌ بووه‌ هۆی‌ كه‌سبكردنی‌ عاتیفه‌ی‌ موسڵمانانی‌ دونیا.

به‌ڵام باوه‌ڕنه‌هێنان به‌ كاره‌ساتی‌ ئه‌نفال ته‌نها لای‌ موسوڵمانه‌كان نییه‌، به‌ڵكو خه‌ڵكانی‌ مه‌سیحیش هه‌مان بیروڕایان هه‌یه‌.

لۆپی‌ ناسیم، 28ساڵ، كچێكی‌ مه‌سیحی‌ خه‌ڵكی‌ فلیپینه‌ و ماوه‌ی‌ 4 ساڵه‌ له‌ دۆحه‌ی‌ پایته‌ختی‌ قه‌ته‌ر نیشته‌جێیه‌ و له‌ چێشتخانه‌یه‌كی‌ سه‌ر به‌ ماكدۆناڵد كارده‌كات. لۆپی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك وشه‌ی‌ ئه‌نفالی‌ نه‌بیستبوو، به‌ڵام پێیوابوو ئه‌مریكا داگیركه‌ری‌ عیراقه‌ و بۆ له‌ناوبردنی‌ سه‌ركرده‌كانی‌ عیراق بیانوی‌ هه‌ڵبه‌ستراو ده‌دۆزێته‌وه‌ بۆ دادگاییكردن و له‌سێداره‌دانیان.

جیاواز له‌و بیڕوڕایانه‌ ره‌مه‌زان خان سه‌عدوڵا، 52 ساڵ، پاكستانییه‌ و پێشنوێژی‌ مزگه‌وتی‌ ئه‌سمای‌ كچی‌ ئه‌بوبه‌كر بوو له‌ شاری‌ دۆحه‌، پێیوابوو سه‌دام و داروده‌سته‌كه‌ی‌ سته‌مكار و تاغوت بوون و خودا تۆڵه‌ی‌ لێكردونه‌ته‌وه‌. ره‌مه‌زان كه‌ خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ به‌لوجستان بوو، زانیارییه‌كی‌ زۆری‌ له‌سه‌ر كورد هه‌بوو، ئه‌و كه‌ خۆی‌ به‌ ئامۆزای‌ كورده‌كان ده‌زانی‌ وتی: ‌" كورده‌كان رووبه‌ڕووی‌ قه‌تڵوعام بوونه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی‌ دان به‌و حه‌قیقه‌ته‌دا نه‌نێت خودا له‌ خۆی‌ ده‌ڕه‌نجێنێت".
Sbeiy.com © 2007