Print
 كورد، له‌ به‌غدا داوای‌ لامه‌ركه‌زیه‌ت ده‌كات‌و له‌ هه‌رێمیش دژیه‌تی‌
Tuesday, January 20, 2009

راپۆرت: كامیل عومه‌ر

كورد، دژی‌ به‌هێزكردنی‌ ناوه‌نده‌
به‌پێچه‌وانه‌ی‌ بیرو بۆچون‌و لێدوانه‌كانی‌ مالیكی‌، بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ناوه‌ندێتی‌ به‌هێز له‌عێراقدا، نوێنه‌رانی‌ كورد له‌به‌غدا، پێداگری‌ توند ده‌كه‌ن له‌وه‌ی‌ كه‌ حكومه‌تی‌ عێراق، ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ له‌ناوه‌نددا كۆنه‌كاته‌وه‌‌و خۆی‌ له‌مه‌ركه‌زیه‌ت‌و خۆسه‌پاندن دوربخاته‌وه‌.

له‌كۆنگره‌ی‌ نوخبه‌‌و تونا عیراقیه‌كان، كه‌ رۆژی‌ 8- 11- 2008 له‌باره‌ی‌ دیاریكردنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ حكومه‌تی‌ فیدراڵی‌‌و حكومه‌ته‌ لۆكاڵیه‌كان به‌ڕێوه‌چو، نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق، رایگه‌یاند: به‌بێ‌ بونی‌ حكومه‌تێكی‌ مه‌ركه‌زی‌ به‌هێز له‌عیراقدا، هه‌رێم‌و پارێزگا فیدرالیه‌كان بونیان نابێت.

له‌به‌رامبه‌ردا، د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵحی‌ جێگری‌، وتی‌ "هێزی‌ ده‌وڵه‌ت، له‌هێزی‌ تاكڕه‌وی‌‌و خۆسه‌پاندن‌و ته‌عه‌سوفه‌وه‌ نیه‌".

له‌لێدوانێكیشیدا بۆ ئاژانی‌ فرانس پرێس، جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیری‌ عێراق، ته‌ئكیدی‌ له‌سه‌ر راكه‌ی‌ پێشتری‌ كرده‌وه‌‌و وتی‌" سه‌نترالیزم نه‌ك له‌كوردستان، به‌ڵكو له‌زۆربه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ تری‌ عیراقدا شكستی‌ هێناوه‌".

حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانی‌ كوردستان، له‌گه‌ڵ لامه‌ركه‌زیه‌ت نین
ئه‌م پێداگرییانه‌ی‌ نوێنه‌ران‌و لێپرسراوانی‌ كورد له‌به‌غدا بۆ لامه‌ركه‌زییه‌ت، له‌كاتێكدایه‌، كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ كورد له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا قبوڵی‌ نیه‌، ده‌سه‌ڵات دابه‌شبكات‌و لامه‌ركه‌زیه‌ت بداته‌  پارێزگاكان‌و له‌وباره‌یه‌وه‌ كه‌مال ره‌زای‌ پارێزه‌ر‌و شاره‌زای‌ بواری‌ یاسای‌ یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كان له‌عیراقدا، ده‌ڵێت" به‌داخه‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا، ئه‌و  جورئه‌ته‌ی‌  نیه‌، لامه‌ركه‌زییه‌كی‌ فراوان له‌كوردستاندا په‌یڕه‌و بكات ".

دوابه‌دوای‌ یاسای‌ ژماره‌ (71)ی‌ بریمه‌ر له‌ساڵی‌ 2004دا، په‌رله‌مانی‌ عیراق، یاسای‌ ژماره‌ (1)ی‌ ساڵی‌ 2008ی‌ ده‌ركرد‌و تیایدا ده‌سه‌ڵاتێكی‌ به‌رفراوان ده‌داته‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان، كه‌چی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان نایه‌وێت، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بدرێته‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێم. كاوه‌ عه‌بدوڵڵای‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانیش، ده‌ڵێت"په‌رله‌مان ده‌یه‌وێت سیسته‌می‌ مه‌ركه‌زی‌ په‌سه‌ند بكات بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ پارێزگانی‌ هه‌رێم".

حكومه‌تی‌ عیراق، كه‌ كورد به‌ هه‌وڵدان بۆ به‌هێزكردنی‌ ناوه‌ند تۆمه‌تباری‌ ده‌كات، به‌پێی‌ یاسای‌ ژماره‌ (1)ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان، لامه‌ركه‌زییه‌كی‌ به‌رفراوانی‌ داوه‌ته‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم، كه‌چی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاماده‌ نیه‌ ئه‌و لامه‌ركه‌زیه‌ته‌ بداته‌ پارێزگاكانی‌ سنوری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌، سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانیش، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات" یاسای‌ پارێزگاكانی‌ عیراق لامه‌ركه‌زییه‌تی‌ ته‌واوی‌ تێدایه‌، به‌ڵام هی‌ هه‌رێم مه‌ركه‌زییه‌ت زاڵه‌ به‌سه‌ر لامه‌ركه‌زیه‌تدا".

ترسی‌ كورد  له‌لامه‌ركه‌زییه‌ت چیه‌؟
چاودێران پێیانوایه‌: پێنه‌دانی‌ لامه‌ركه‌زیه‌ت به‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێمه‌وه‌، ترسه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌یمه‌نه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌ یاساییه‌كانی‌ هه‌رێم له‌په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت نامێنێ‌‌و ئه‌و پارێزه‌ره‌ش ده‌ڵێت" گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ بیه‌وێت له‌و قه‌یرانه‌ ده‌ربچێت كه‌ ئه‌مڕۆ تێی‌ كه‌وتوه‌، پێویسته‌ جه‌ریئانه‌ بڕیار بدات له‌سه‌ر لامه‌ركه‌زیه‌تی‌ ئیداری‌‌و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان راسته‌وخۆ په‌یوه‌ست نه‌كات به‌ وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه‌، به‌ڵكو وه‌ك له‌ده‌ستوری‌ هه‌میشه‌یی‌ عیراقدا هاتوه‌ بیانكاته‌ كه‌سایه‌تیه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ‌و له‌نێو ده‌ستوری‌ هه‌میشه‌یی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا، ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ دیاری‌ بكرێت".

لامه‌ركه‌زییه‌ت، ریگایه‌ك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌كان
له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا، 42 وه‌زیرو وه‌زاره‌ت هه‌ن‌و گه‌ر ده‌سه‌ڵات بدرێته‌ پارێزگاكان به‌ چه‌ند وه‌زاره‌تێكی‌ كه‌م هه‌رێم به‌باشترین شێوه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت.

 له‌دوا دانیشتنی‌ ساڵی‌ 2008ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا، كه‌ تایبه‌ت بو به‌ خستنه‌ڕو گفتوگۆكردن له‌ باره‌ی‌ پرۆژه‌ یاسای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان‌و مه‌سه‌له‌ی‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ هه‌رسێ‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌‌و ناوخۆ‌و پێشمه‌رگه‌، ئه‌ندام په‌رله‌مانێك داوایكرد: كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و سێ‌  وه‌زاره‌ته‌ یه‌كناگرنه‌وه‌، با وه‌زاره‌ته‌كانی‌ تریش كه‌مبكرێنه‌وه‌‌و حكومه‌تی‌ ناوچه‌یی‌ له‌پارێزگاكاندا دروستبكرێت. كه‌مال ڕه‌زاش وتی‌"بونی‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی‌ وه‌زاره‌ت له‌ كوردستاندا ، ده‌بێته‌ هۆی‌ زۆری‌ ڕۆتینات‌و لاوازی‌ ئه‌دای‌ حكومه‌ت، بۆیه‌ ده‌كرێت ده‌سه‌ڵاته‌كان زیاتر بدرێنه‌ پارێزگاكان‌و ژماره‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌كانیش كه‌مبكرێنه‌وه‌‌و ته‌نها وه‌زاره‌ته‌ سیادی‌‌و ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ بهێڵدرێنه‌وه‌ كه‌ ڕه‌گه‌زێكی‌ یه‌كگرتوییان پێوه‌یه‌و هه‌ر سێ‌ پارێزگاكه‌ به‌ خۆیانه‌وه‌ گرێده‌ده‌ن، ئه‌وكاته‌ له‌جیاتی‌ (42) وه‌زاره‌ت، ڕه‌نگه‌ (10) وه‌زاره‌تی‌ پێویست بێت".

له‌لامه‌ركه‌زیه‌تدا، خزمه‌تگوزاری‌ باش‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ رۆتین
بونی‌ لامه‌ركه‌زییه‌ت بۆ پارێزگاكان، له‌ڕوی‌ به‌ڕێوه‌بردن‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ رۆتین‌و پێشكه‌شكردنی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان‌و به‌شدارپێكردنی‌ هاوڵاتیانه‌وه‌، گرنگی‌‌و بایه‌خی‌ زۆری‌ هه‌یه‌، هه‌ر بۆ نمونه‌ له‌سێ‌ ساڵی‌ رابردودا‌و به‌هۆی‌ ته‌رخانكردنی‌ بودجه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عیراقه‌وه‌ كه‌ جۆرێك له‌سه‌ربه‌خۆیی‌ پێبه‌خشیون، ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان توانیویانه‌ خزمه‌تێكی‌ به‌رچاو بكه‌ن، كه‌ ره‌نگه‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ هه‌رێم له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردودا نه‌یانكردبێت.

یاساكه‌ی‌ بریمه‌ر، باشترینیان بو
له‌مێژوی‌ عیراقدا، چه‌ند یاسایه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كان له‌عیراقدا دانراون، وه‌كو یاسای‌ به‌ڕێوه‌بردن‌و ویلایه‌ت به‌ بڕیاڕی‌ ژماره‌ (58)ی‌ ساڵی‌ 1927، یاسای‌ ژماره‌ (16)ی‌ سڵی‌ 1945، كه‌ له‌ساڵی‌ 1965 هه‌مواركراوه‌ته‌وه‌، یاسای‌ ژماره‌ (59)ی‌ ساڵی‌ 1969، یاسای‌ ژماره‌ (71)ی‌ ساڵی‌ 2004ی‌ پۆڵ بریمه‌ری‌ سه‌رۆكی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كاتی‌ هاوپه‌یمانان ده‌ریكرد‌و تیایدا ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ناوخۆییه‌كانی‌ تری‌ عێراق ده‌ستنیشانكران، كه‌ له‌یاساكانی‌ پێشتردا نه‌بون. هه‌روا، یاسای‌ ژماره‌ (1)ی‌ ساڵی‌ 2008ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان‌و یاسای‌ هه‌ڵبژرادنی‌ پارێزگاكان كه‌له‌2008دا له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنرانی‌ عیراقه‌وه‌ په‌سه‌ندكران.

 

Sbeiy.com © 2007