Print
 پیرۆت ئه‌حمه‌د: جیاكردنه‌وه‌ی‌ حیزب له‌حكومه‌ت كارێكی‌ مه‌حاڵه‌
Wednesday, January 28, 2009

 

دیمانه‌: سامان به‌شاره‌تی‌

پیرۆت ئه‌حمه‌د ئیبراهیم كادیری‌ پێشكه‌وتوی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، باس له‌ كۆنگره‌ی‌ 13ی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ده‌كات‌و ره‌خنه‌ش له‌ راپۆرتی‌ ئه‌و چوار حیزبه‌ كوردستانییه‌ ده‌گرێت‌و پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌موكوڕییه‌ك له‌ناو حكومه‌تدا هه‌بێت، ئه‌وانیش به‌شدارن، چونكه‌ وه‌زیریان له‌ناو ئه‌و حكومه‌ته‌دا هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت چاكسازیی‌ تێدابكه‌ن.
  له‌دیمانه‌یه‌كدا پیرۆت ده‌ڵێت: " كارێكی‌ مه‌حاڵه‌ بتوانین ده‌سه‌ڵاتی‌ حیزب له‌ حكومه‌ت جیابكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت‌و جێگره‌كه‌شی‌ ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ هه‌ردو حیزبه‌ باڵاده‌سته‌كه‌ن".
ئه‌مه‌ ده‌قی‌ دیمانه‌كه‌یه‌:

*ده‌توانن پێمان بڵێن بۆچی‌ هاتونه‌ته‌وه‌ كوردستان؟ ئه‌گه‌ر به‌ كارێكی‌ دیاریكراو له‌ كوردستانیت، ئه‌و كاره‌ چییه‌؟
پیرۆت ئه‌حمه‌د ئیبراهیم: هه‌ڵبه‌ته‌ له‌دوای‌ راپه‌ڕینه‌وه‌ له‌ كوردستانم، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ ماڵه‌كه‌م له‌ وڵاتی‌ نه‌مسایه‌، به‌ڵام به‌ حوكمی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ناو سیاسه‌تدا كارم كردوه‌‌و ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامم، پێویست به‌وه‌ ده‌كات ئه‌و هاتوچۆیه‌م له‌نێوان ئه‌وروپا‌و كوردستاندا هه‌بێت، بۆ ماوه‌ی‌ پێنج ساڵیش نوێنه‌رایه‌تیی پارتیم له‌ ئێران كردوه‌، ماوه‌ی‌ چوار ساڵێك ده‌بێت بڕیار ده‌رچوه‌ ببمه‌ باڵیۆزی‌ عێراق له‌ وڵاتێكی‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌و بڕیاره‌ش پێویست به‌ ره‌زامه‌ندیی په‌رله‌مانی‌ عێراقی‌ ده‌كات، خۆشمان ده‌زانین ئێستا په‌رله‌مان بێ‌ سه‌رۆكه‌‌و كاتێكی‌ زۆری‌ ده‌وێت تا سه‌رۆكێكی‌ بۆ دیاری ده‌كرێته‌وه‌، هۆكاری‌ دواكه‌وتنه‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ په‌رله‌مان هه‌ر رۆژه‌و به‌ كێشه‌یه‌كه‌وه‌ سه‌رقاڵه‌، رۆژێك رێككه‌وتننامه‌ ئه‌منییه‌كه‌ی‌ نێوان عێراق-ئه‌مه‌ریكاو رۆژێك به‌ بابه‌تی‌ پێڵاوتێگرتنه‌كه‌ی‌ بوشه‌وه‌ سه‌رقاڵه‌.

*جه‌نابت كه‌ پاڵێوراویت بۆ وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ باڵیۆزی‌ عێراق، ئایا ئه‌و وڵاته‌ دیاریكراوه‌ كه‌ جه‌نابت ده‌بیته‌ باڵیۆزی‌ عێراق تێیدا؟
پیرۆت ئه‌حمه‌د ئیبراهیم: نه‌خێر تا ئێستا دیاری نه‌كراوه‌، هه‌تا مانگێك ته‌واو نه‌بێت‌و مه‌رسومی‌ سه‌رۆكایه‌تیی وڵاتدا پێده‌نه‌چێت، دواتر وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌زانێت كوێ‌ پێویسته‌‌و ته‌نانه‌ت ئه‌و شوێنانه‌ش به‌سه‌ر لیستی‌ پارته‌ سیاسییه‌كاندا دابه‌ش ده‌كرێن‌و هه‌ر لایه‌نێك پۆستی‌ خۆی‌ پێده‌درێت، بۆیه‌ تا ئێستا شوێنه‌كانمان دیارنییه‌‌و ته‌نها وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ دیاری ده‌كات.

*تا ئێستا له‌ زۆر وڵاتدا دو نوێنه‌رایه‌تیی پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ هه‌ن، خه‌ڵك گله‌یی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ نوێنه‌رایه‌تیی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن، كوڕو خزمی‌ سه‌ركرده‌كانن، ئایا ئه‌م كاره‌ له‌ڕوی‌ دیپلۆماسییه‌وه‌‌و هه‌روه‌ها له‌ناو جه‌ماوه‌ردا چه‌نده‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ سلبیی ده‌بێت؟
پیرۆت ئه‌حمه‌د ئیبراهیم: به‌داخه‌وه‌ ئه‌م نوێنه‌رانه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌مشێوه‌یه‌ دانران، ئه‌وكاته‌ی‌ كه‌ دو حكومه‌تمان هه‌بو، یه‌كێتی له‌لایه‌ك نوێنه‌ری‌ داده‌ناو پارتیش له‌لایه‌ك، به‌ڵام ماوه‌یه‌كی‌ زۆره‌ هه‌وڵ‌ ده‌درێت ئه‌مانه‌ یه‌ك بخرێن‌و یه‌ك نوێنه‌رمان له‌ شوێنێكدا هه‌بێت. زۆر وڵات هه‌ن ئێمه‌ دو نوێنه‌رمان تێیاندا هه‌یه‌، بۆ نمونه‌ ئه‌ڵمانیاو نه‌مساو هه‌ندێك وڵاتی دی، له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌ خزمه‌ت به‌ دۆزی‌ كورد ناكات، ئومێده‌وارین به‌ زوترین كات ئه‌م نوێنه‌رایه‌تیانه‌ یه‌ك بخه‌ن، چونكه‌ ئه‌وكات له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاتانه‌وه‌ زیاتر گرنگییان پێده‌درێت، بۆ كوردیش باشتر ده‌بێت. سه‌ره‌ڕای‌ كونسوڵخانه‌ی‌ عێراق، ئێمه‌ش دو نوێنه‌رایه‌تیمان هه‌بێت، ئه‌وا ده‌بێته‌ هۆی‌ هه‌بونی‌ سێ‌ ده‌سه‌ڵاتدار له‌ یه‌ك جێگادا، ئه‌مه‌ش كارێكی‌ باش نییه‌، هێشتا وای‌ لێنه‌هاتوه‌ جه‌ماوه‌ر بڕیار له‌سه‌ر دیاریكردنی‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌كان بده‌ن، به‌ڵكو بڕیاری‌ سیاسی ئه‌مانه‌ دیاری ده‌كات كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی‌ حكومه‌ت بكه‌ن له‌ ئه‌وروپا، ئیتر دواتر هه‌ركه‌سێك بۆ ئه‌م پۆسته‌ ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن، به‌ده‌ستی‌ ئه‌و حیزبه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌ده‌سته‌، ته‌نانه‌ت له‌ ئه‌وروپاش پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان بڕیار له‌سه‌ر دانانی‌ نوێنه‌ره‌كانیان له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌ده‌ن.
 
*ئه‌وروپا به‌ چ جۆرێك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م دو نوێنه‌رایه‌تییه‌دا ده‌كات؟
پیرۆت ئه‌حمه‌د ئیبراهیم: به‌ حوكمی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ من له‌ حه‌فتاكانه‌وه‌ له‌ ئه‌وروپام، زۆرجار كه‌ داوایه‌كمان ده‌گه‌یانده‌ لای‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌و وڵاتانه‌، پێیان ده‌وتین ئێوه‌ وه‌ك فه‌له‌ستینییه‌كان یه‌ك بگرن، ئه‌وجا وه‌رن له‌گه‌ڵمان قسه‌بكه‌ن، بێگومان زۆر ناخۆشه‌ من بچم به‌شێوه‌یه‌ك قسه‌بكه‌م‌و ئه‌و نوێنه‌ره‌ی‌ تریش بچێت به‌شێوه‌یه‌كی‌ دیكه‌ قسه‌بكات، ئه‌مه‌ كاریگه‌ریی‌ ده‌بێت به‌سه‌ر فیكری‌ ئه‌وانه‌وه‌‌و ئه‌گه‌ر هاوسۆزییه‌كیان بۆ كێشه‌كانمان هه‌بێت، ئه‌وكات ئه‌وه‌ش نامێنێت.

*ده‌وترێت كورد له‌ناو عێراقدا بۆخۆی‌ هه‌ندێك سه‌ڵاحیه‌تی‌ به‌خۆی‌ داوه‌ كه‌ دژی‌ ده‌ستورن، بۆ نمونه‌ به‌پێی ده‌ستور ده‌بێت له‌ هه‌مو باڵیۆزخانه‌كاندا نوێنه‌رایه‌تیی هه‌رێمه‌كان هه‌بێت، به‌ڵام كورد ئه‌مه‌ جێبه‌جێ‌ ناكات‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ باڵیۆزه‌كان نوێنه‌رایه‌تیی بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان دروستده‌كات؟
پیرۆت ئه‌حمه‌د ئیبراهیم: ئه‌وه‌نده‌ی‌ من بزانم راسته‌ له‌ ده‌ستوردا به‌مشێوه‌یه‌ هاتوه‌، به‌ڵام وا پێده‌چێت حكومه‌تی‌ عێراق به‌مه‌ قایل نه‌بێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وابوایه‌، ئه‌وا ده‌بو له‌و شوێنانه‌ی‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ عێراقیان تێدایه‌، نوێنه‌ری‌ هه‌رێمیش هه‌بوایه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م نوسینگانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ عێراقی بن، ئه‌وا كێشه‌ دروست ده‌بێت، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌ماهه‌نگیی‌ له‌نێوان باڵیۆزو به‌ڕێوه‌به‌رانی‌ نوسینگه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا هه‌بێت، تاكه‌ رێگا بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌م كێشه‌یه‌، گفتوگۆكردنی‌ ئه‌م دو لایه‌نه‌یه‌‌و هه‌ردولا هه‌وڵبده‌ن بگه‌نه‌ رێكه‌وتن.

*ئایا هه‌رێم یان حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ تۆمه‌تبارن؟
پیرۆت ئه‌حمه‌د ئیبراهیم: ئێمه‌ ناتوانین ئه‌م یان ئه‌ولا تۆمه‌تباربكه‌ین، به‌ڵكو ده‌كرێت بڵێین هه‌ماهه‌نگی‌ له‌نێوان ئه‌م دولایه‌نه‌دا نییه‌، ئه‌وه‌نده‌ی‌ من ئاگاداربم پێنج مانگ له‌مه‌وبه‌ر كومه‌ڵێك نوێنه‌ری‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌م كێشه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ په‌رله‌مان دانیشتن، لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان به‌تایبه‌تی‌ كورده‌كان، قایل نه‌بون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ نوێنه‌رایه‌تی نه‌بێت، ئه‌وان رایانگه‌یاند ده‌بێت نوێنه‌رایه‌تی‌ هه‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌ ده‌ستوردا هاتوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ پێویستی به‌ هه‌ماهه‌نگی‌ ده‌بێت، بڕواناكه‌م تا ئێستا كورد راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م كێشه‌یه‌ گفتوگۆی‌ كردبێت، به‌دڵنیاییه‌وه‌ خه‌ڵكانێك هه‌ن پێیان ناخۆشه‌ كورد له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ باڵیۆزخانه‌كانی‌ عێراق نوێنه‌رایه‌تیان هه‌بێت، به‌ڵام له‌ ده‌ستوردا هاتوه‌‌و ده‌بێت جێبه‌جێ‌ بكرێت.

*بۆچی كورد پێداگره‌ له‌سه‌ر بونی‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌كانیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ عێراق؟
پیرۆت ئه‌حمه‌د ئیبراهیم: ئێمه‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆرمان له‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ باشتره‌ ئه‌م نوسینگانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ باڵیۆزخانه‌كان هه‌بێت، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌مه‌ش ئێمه‌ حكومه‌تێكمان هه‌یه‌. ره‌نگه‌ باڵیۆزه‌كه‌ بێلایه‌نانه‌ نه‌ڕوانێته‌ شته‌كان، بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر كۆمپانیایه‌كی‌ بیانی‌ بیه‌وێت له‌ كوردستاندا سه‌رمایه‌ بخاته‌گه‌ڕ، ئه‌م باڵیۆزه‌ش خه‌ڵكی‌ بۆ نمونه‌ شاری‌ كوت بێت، هانی‌ كۆمپانیاكه‌ ده‌دات بڕواته‌ كوت ‌و له‌وێ‌ سه‌رمایه‌كه‌ی‌ بخاته‌گه‌ڕ نه‌ك له‌ كوردستان، بۆیه‌ هه‌بونی‌ نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م قازانجه‌ی‌ بۆ ئێمه‌ ده‌بێت.

*ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك كه‌سانی‌ ئه‌زموندارمان له‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌مانه‌ شاره‌زای‌ ئه‌زمونی‌ سیاسیی ئه‌و وڵاتانه‌ن كه‌ تێیاندا ده‌ژین، به‌ڵام كاتێك دێنه‌وه‌ كوردستان، هیچ كاریگه‌ریی یان شوێنه‌وارێك له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ جێناهێڵن؟
پیرۆت ئه‌حمه‌د ئیبراهیم: ئه‌مه‌ پرسیارێكی زۆر به‌جێیه‌، زۆربه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ كاتێك دێنه‌وه‌ ناتوانن بۆچونه‌كانیان له‌ واقیعی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا جێبه‌جێ‌ بكه‌ن، ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ به‌ بڕوانامه‌ی‌ به‌رزه‌وه‌ دێنه‌وه‌، هیچ حسابێكیان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بۆ ناكرێت، یاخود له‌ڕوی‌ بژێویی ژیانه‌وه‌ هیچ زه‌مانه‌تێكیان نادرێتێ‌، كاتێك بیرده‌كاته‌وه‌ له‌ ئه‌وروپا موچه‌یه‌كی‌ زۆر وه‌رده‌گرێت‌و ماڵومنداڵیشی‌ هه‌ر له‌وێ‌ ده‌ژین، كه‌واته‌ ناچارنییه‌ ئه‌م ژیانه‌ له‌ خۆی‌ تێكبدات‌و بێته‌وه‌ كوردستان، لێره‌ش هیچ حسابێكیان بۆ نه‌كه‌ن، جاران حیزبه‌كان خه‌ڵكانێكی‌ تایبه‌تی‌ خۆیانیان له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌هێنایه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌ش به‌ته‌واوی‌ كه‌م بوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ مه‌بده‌ئیه‌ت نه‌ماوه‌‌و خه‌ڵكی‌ به‌دوای‌ گوزه‌رانی‌ ژیانی‌ خۆیاندا ده‌گه‌ڕێن، ئه‌و رۆحیه‌ته‌ كوردایه‌تییه‌ی‌ له‌ حه‌فتاو هه‌شتاكان هه‌بو، ئێستا له‌ناو خه‌ڵكی‌ ئه‌وروپادا جیاوازه‌‌و نه‌ماوه‌.

*ده‌توانیت پێمان بڵێیت هۆكاری‌ نه‌مانی‌ ئه‌و رۆحیه‌ته‌ چییه‌؟
پیرۆت ئه‌حمه‌د ئیبراهیم: هۆكاره‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی‌ خه‌باتیان بۆ هێنانه‌دی ئه‌م ئه‌زمونه‌ كرد، ئێستا هیچ به‌ده‌ستن‌و هه‌قی خۆیانیان پێنه‌دراوه‌، بۆ نمونه‌ خانه‌واده‌ی‌ شه‌هیدان، پێشمه‌رگه‌ ئه‌م حه‌قه‌یان وه‌رنه‌گرتوه‌، با ته‌ماشایه‌ك بكه‌ین‌و بزانین كێ‌ حوكم ده‌كات، من باسی‌ سێ‌ چوار ئه‌ندامی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی ناكه‌م كه‌ ئێستا خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتن، به‌ڵكو به‌ گشتی‌ باسده‌كه‌م، زۆربه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ ئێستا به‌رپرسن، هیچ به‌م ئه‌زمونه‌وه‌ ماندونه‌بون، ئێستاش خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتن.

*كه‌واته‌ تۆ ئه‌م نادادپه‌روه‌رییه‌ بۆ كێ‌ ده‌گه‌ڕێنیته‌وه‌؟
پیرۆت ئه‌حمه‌د ئیبراهیم: بێگومان بۆ حیزبه‌كان، چونكه‌ حیزبه‌كان به‌رپرس داده‌نێن، خۆ میلله‌ت به‌م كاره‌ هه‌ڵناستێت. ناكرێت بڵێین ئه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌بوبێت، دانه‌نرێت، به‌ڵكو كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌م خه‌ڵكانه‌ خراونه‌ته‌ پێش پێشمه‌رگه‌وه‌.

* جاران خه‌باتی‌ چه‌كداریی‌ له‌ شاخ هه‌بو، به‌ڵام ئێستا له‌ حكومه‌ت پێویستی‌ به‌ كۆمه‌ڵێك كه‌سی‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌ هه‌یه‌، له‌و باوه‌ڕه‌دا نیت ئه‌مه‌ هۆكاربێت بۆ لادانی‌ خه‌باتگێڕه‌كان؟
پیرۆت ئه‌حمه‌د ئیبراهیم: به‌ڕاستی‌ ئه‌و ململانێ‌ ناخۆشه‌ی‌ نێوان پارتی‌‌و یه‌كێتی وایكرد كه‌ به‌رپرسیارێتی بده‌نه‌ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك تا ببنه‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌م یان ئه‌و، یاخود ئه‌و هه‌مو خه‌ڵكه‌مان كرده‌ موچه‌خۆر له‌پێناو حیزبایه‌تیداو ئێستاش پێمان ده‌ڵێن لایانبه‌ن.

* كه‌واته‌ ده‌كرێت بڵێین ركابه‌ریی نێوان پارتی‌و یه‌كێتی‌ وایكرد ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی بشێوێنرێت؟

پیرۆت ئه‌حمه‌د ئیبراهیم: به‌ڵێ، ده‌كرێت وابڵێین.

*تا چه‌نده‌ گه‌نده‌ڵییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌‌و ناوه‌وه‌ی‌ هه‌رێم ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌؟
پیرۆت ئه‌حمه‌د ئیبراهیم: جارێ‌ من له‌وه‌ تێناگه‌م خه‌ڵك چۆن پێناسه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر پێیانوایه‌ ته‌نها زیادبونی‌ سه‌رمایه‌ی‌ به‌رپرسێك گه‌نده‌ڵییه‌، ئه‌وا من پێموایه‌ به‌ هه‌ڵه‌دا چون، چونكه‌ گه‌نده‌ڵی له‌ناو ئیداره‌‌و سیستمدایه‌ هه‌یه‌، ده‌توانم بڵێم له‌ شۆفێرێكی‌ فه‌رمانگه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا ده‌گاته‌ سه‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌كدا كاره‌كان به‌ رێكوپێكی‌ به‌ڕێنه‌كرا، ئه‌وا گه‌نده‌ڵه‌، ئه‌گه‌ر خه‌رجی‌ زیاده‌ بكه‌یت، ئه‌وا گه‌نده‌ڵیت، ئه‌گه‌ر به‌ ناحه‌ق باسی‌ كاری‌ حكومه‌ت بكه‌یت، ئه‌وه‌ش هه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌. ده‌بینین ئێستا خه‌ڵكێك هه‌ن به‌ ته‌واوه‌تی‌ به‌ره‌ڵا بون، هیچ زه‌بتێك له‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ نییه‌، هیچ رێوشوێنێك له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م خه‌ڵكانه‌ ناگیرێته‌به‌ر مه‌گه‌ر كارێكی‌ مه‌ترسیداریان له‌ڕوی‌ ئه‌منییه‌وه‌ ئه‌نجامدابێت، ئایا ئه‌وه‌ش گه‌نده‌ڵی‌ نییه‌ هه‌ركه‌سێك هه‌ڵده‌سێت به‌ كه‌یفی‌ خۆی‌ شت ده‌نوسێت‌و جنێو ده‌دات.

*ئێوه‌ چۆن ده‌ڕواننه‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی‌ (مام جه‌لال) كه‌ داواده‌كات ده‌سه‌ڵاتی‌ حیزب له‌ حكومه‌ت جیابكرێته‌وه‌؟
پیرۆت ئه‌حمه‌د ئیبراهیم: رێزم بۆ مام جه‌لال هه‌یه‌، پێشبینی‌ ده‌كه‌م ئه‌م پرۆژه‌یه‌ لای‌ ئێمه‌ جێبه‌جێ‌ ناكرێت، به‌ڵام ده‌بێت جیاوازیی‌ له‌ كاری‌ حكومه‌ت‌و حیزبدا بكرێت‌و ده‌ست له‌كاری‌ یه‌كدی‌ وه‌رنه‌ده‌ن، ئێمه‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین حكومه‌ته‌كه‌مان سه‌ر به‌ حیزبه‌، كارێكی‌ مه‌حاڵه‌ بتوانین ده‌سه‌ڵاتی‌ حیزب له‌ حكومه‌ت جیابكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت‌و جێگره‌كه‌شی‌ ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ هه‌ردو حیزبه‌ باڵاده‌سته‌كه‌ن.

*ئایا ئه‌و چوار حیزبه‌ ده‌توانن ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌وه‌؟
پیرۆت ئه‌حمه‌د ئیبراهیم: له‌ ساڵی‌ 1992ه‌وه‌ تا ئێستا ئۆپۆزسیۆنم نه‌دیوه‌، ئه‌و چوار حیزبه‌یش ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆنن با وه‌زیره‌كانیان له‌ حكومه‌ت بكشێننه‌وه‌‌و موچه‌ی‌ مانگانه‌ له‌و حكومه‌ته‌ وه‌رنه‌گرن، راسته‌ كۆمه‌ڵێك نوسه‌ر وه‌ك ئۆپۆزسیۆن ده‌رده‌كه‌ون، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌س نییه‌، چونكه‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ به‌هێز ده‌توانێت مه‌ترسیی‌  به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ دروستبكات، ئه‌مه‌ش تا ئێستا له‌ كوردستاندا بونی‌ نییه‌.

*بڕیاره‌ ئه‌مساڵ‌ پارتی‌ كۆنگره‌ی‌ (13) ببه‌ستێت، ئایا ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ چاكسازیكردن‌و نوێبونه‌وه‌ی‌ ئه‌م پارته‌؟
پیرۆت ئه‌حمه‌د ئیبراهیم: بڕیاردانی‌ هه‌ر پارتێك بۆ به‌ستنی‌ كۆنگره‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ بارودۆخی‌ سه‌رده‌مه‌كه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ته‌ماشای‌ كۆنگره‌كانی‌ پارتی‌ بكه‌ین، هه‌مویان به‌گوێره‌ی‌ پێویستیی سه‌رده‌مه‌كانی‌ خۆیان به‌ستراون، ئێستاش ئێمه‌ له‌ قۆناغێكداین كه‌ پێویستمان به‌ ئاڵوگۆڕو ده‌ستكاریكردنی‌ په‌یڕه‌و ‌و پرۆگرام هه‌یه‌، كه‌ به‌م سه‌رده‌مه‌ بخوات، باوه‌ڕناكه‌م كۆنگره‌ی 13ی‌ پارتی‌ به‌وشێوه‌یه‌ بێت كه‌ خه‌ڵكانێك چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن. هه‌رگیز ئه‌وه‌ روینه‌داوه‌ له‌ كۆنگره‌ی‌ هیچ حیزبێكدا چه‌ند به‌رپرسێك به‌ بۆنه‌ی‌ گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ یان هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كی‌ دیكه‌وه‌ لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كرابێت‌و ده‌ركرابن، به‌ بڕوای‌ من كۆنگره‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئاڵوگۆڕ له‌ناو ئه‌ندامانی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ ئه‌و حیزبه‌دا بكرێت.   

 

Sbeiy.com © 2007