Print
 سه‌عد خالید: ده‌بێت پارتی‌ و یه‌كێتی‌ گۆڕانكاری‌ سه‌رتاپاگیر له‌ خۆیاندا بكه‌ن
Sunday, February 22, 2009

سازدانی‌: رێبین فه‌تاح
وه‌زیری‌ هه‌رێم بۆ كاروباری‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ گۆڕانكاری‌ گه‌وره‌و بنه‌ڕه‌تی‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا بكرێت‌و باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ناكرێت ته‌نها ده‌سه‌ڵاتێك به‌ كه‌مته‌رخه‌م بزانێت له‌ ئاست كه‌موكوڕییه‌كان، سه‌عد خالید ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ئیراده‌یه‌كی‌ به‌هێز بۆ چاكسازی‌ نابینرێت‌و ده‌ڵێت: "تا ئێستا هیچ هه‌نگاوێكی‌ پراكتیكی‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ نه‌نراوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن حه‌وت وه‌زیره‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ئاراسته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌ت كرابو"، سه‌عد خالید، وه‌زیری‌ هه‌رێم بۆ كاروباری‌ په‌رله‌مان‌و ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی سیاسی حیزبی‌ زه‌حمه‌تكێشانی‌ كوردستان، له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی‌ رۆژنامه‌دا له‌سه‌ر بارودۆخی‌ ئێستای هه‌رێم ده‌دوێت.
 
* وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك ده‌مه‌وێت بۆچونی‌ ئێوه‌ له‌باره‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ وه‌ربگرم، پێتانوایه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتو كه‌ بڕیاره‌ له‌ 19/5 دا ئه‌نجام بدرێت، دوباره‌كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌زمونی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ رابردو ده‌بێت، یان جیاوازییه‌ك دروستده‌كات؟
سه‌عد خالید: شێوازی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتو به‌هه‌مان شێوازی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ رابردو ده‌بێت، په‌رله‌مان بڕیاریداوه‌ هه‌ڵبژاردن به‌ لیستی‌ داخراو به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام هه‌لومه‌رجی‌ سیاسیی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان زیاتر به‌ ئاراسته‌ی‌ بونی‌ چه‌ند لیستێكی‌ جیاوازه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتودا، خه‌ڵكانێك پێیانوایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و هاوكێشه‌ سیاسییه‌ی‌ ئێستا بونی‌ هه‌یه‌ تێكبشكێت‌و به‌ ئاراسته‌ی‌ گۆڕان‌و چاكسازیدا ببرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتو جیاوازییه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك لیستی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ تێدا ده‌بێت. 

* پێتوایه‌ بونی‌ لیسته‌ سه‌ربه‌خۆكان بتوانێت حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانێكی‌ كاراتر له‌وه‌ی‌ پێشو به‌رهه‌مبهێنێت، یان هه‌مان ئه‌زمون دوباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، ئێوه‌ چۆن خوێندنه‌وه‌یه‌كتان له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌؟
سه‌عد خالید: راستییه‌ك هه‌یه‌ ده‌بێت هه‌مومان بیزانین، كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان زیاتر له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتیدایه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و دو حیزبه‌و حیزبه‌كانی‌ دیكه‌ش باوه‌ڕمان وابێت كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ باشتر ئه‌زمونه‌كه‌ درێژه‌ی‌ هه‌بێت، ده‌بێت گۆڕان بكرێت، زۆرێك پێیانوایه‌ گۆڕان ده‌بێت له‌ پێكهاته‌ی‌ په‌رله‌ماندا بكرێت، به‌تایبه‌ت پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ ده‌بێت چاوبخشێننه‌وه‌ به‌ لیسته‌كانی‌ خۆیاندا‌و هه‌وڵبده‌ن كه‌سانێك له‌سه‌ر بنه‌مای‌ شاره‌زایی‌‌و كارامه‌یی‌ بهێننه‌ په‌رله‌مانه‌وه‌، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای‌ دیكه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت په‌رله‌مانێكی‌ كارا له‌ ئاست به‌رپرسیارییه‌تییه‌كان دروستبكه‌ین، پێویسته‌ پێوه‌ری‌ شاره‌زایی‌‌و كارامه‌یی‌ له‌به‌رچاو بگرین. هه‌رچی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ لیسته‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆچونێكی‌ زۆر هه‌یه‌ كه‌ پێیوایه‌ ده‌بێت گۆڕان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بێت، ده‌بێت به‌رده‌وام جیاوازییه‌ك له‌نێوان عێراق‌و هه‌رێمی‌ كوردستاندا بكه‌ین، ئه‌گه‌ر له‌ عێراقدا یه‌كگرتویی‌ یان یه‌ك لیستی‌ بۆ كورد گرنگ بێت به‌هۆی‌ ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی‌ كه‌ روبه‌ڕومان ده‌بنه‌وه‌، ئه‌وه‌ پێویسته‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا په‌رله‌مان ده‌نگ‌و ره‌نگی‌ جیاواز له‌خۆ بگرێت. 
 
* ئێوه‌ ئه‌دای‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان له‌ماوه‌ی‌ چوار ساڵی‌ رابردودا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن، خاڵه‌ پۆزه‌تیڤ‌و نێگه‌تیڤه‌كانی‌ چین؟ 
سه‌عد خالید: ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ باسی‌ بكه‌ین، یه‌كێك له‌ ئیجابیاته‌ گه‌وره‌كان له‌ماوه‌ی‌ رابردودا یه‌كخستنی‌ ئیراده‌ی‌ سیاسی‌ كوردستانی‌ بو، حكومه‌تی‌ یه‌كگرتو توانی‌ قۆناغێكی‌ باش تێپه‌ڕبكات، ئه‌مه‌ ده‌ستكه‌وتێكی‌ گرنگ بو بۆ ئه‌زمونی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا ئه‌و یه‌كگرتنه‌ بۆ ئاسته‌كانی‌ خواره‌وه‌ شۆڕ نه‌بوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت هه‌ڵسه‌نگاندنێك بۆ په‌رله‌مان بكه‌ین ده‌توانین بڵێین په‌رله‌مان له‌ماوه‌ی‌ كاركردنیدا چه‌ند یاسایه‌كی‌ باشی‌ ده‌ركردوه‌، ئه‌وه‌ ناڵێم كه‌ ئه‌و یاسایانه‌ كاریگه‌ری‌ حیزبییان له‌سه‌ر نه‌بوه‌، به‌ڵام ئازادییه‌ك هه‌بوه‌ كه‌ په‌رله‌مانتاران به‌ بۆچونی‌ خۆیان ده‌نگ بده‌ن. ئه‌وه‌ راست نییه‌ كه‌ په‌رله‌مان به‌ته‌واوی‌ له‌ژێر كاریگه‌ریی‌ حیزبه‌كاندا بێت، زۆرجار په‌رله‌مانتار به‌پێچه‌وانه‌ی‌ بۆچونی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ ده‌نگ ده‌دات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڵێن په‌رله‌مانی‌ كوردستان توانیویه‌تی‌ به‌ راده‌یه‌كی‌ باش چاودێری‌ كاره‌كانی‌ حكومه‌ت بكات، ئه‌و پرسیاره‌ ئه‌گه‌ر له‌ په‌رله‌مانتاره‌كانیش بكه‌یت هه‌ر ده‌ڵێن نه‌خێر، چونكه‌ په‌رله‌مانیش به‌شێكه‌ له‌و واقیعه‌ سیاسییه‌ی‌ ئێمه‌ تێیكه‌وتوین، ئه‌و په‌رله‌مانه‌ بمانه‌وێت‌و نه‌مانه‌وێت زیاتر پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ تێیدا باڵاده‌ستبون، حیزبه‌كانی‌ دیكه‌ كاریگه‌رییه‌كی‌ دیاریكراویان هه‌بوه‌، به‌ڵام دیسانیش حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پێویستی‌ به‌ چاكسازی‌‌و گۆڕانی‌ گه‌وره‌و بنه‌إه‌تی‌ هه‌یه‌، ده‌بێت به‌ر له‌ هه‌مو شتێكیش پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت ئه‌زمونه‌كه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بڕوات‌و متمانه‌ی‌ خه‌ڵك به‌ده‌ستبهێننه‌وه‌و مسداقییه‌تی‌ خۆیان بگێڕنه‌وه‌ ده‌بێت گۆڕانی‌ سه‌رتاپاگیر له‌خۆیاندا بكه‌ن، چونكه‌ چاكسازی‌ پێویستییه‌كه‌ بۆ به‌رده‌وامی‌ ئه‌زمونه‌كه‌ ئه‌گه‌ر نا ره‌نگه‌ داهاتویه‌كی‌ باش چاوه‌ڕوانمان نه‌كات. 

* ئاماژه‌تان بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان، له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ پێویسته‌ هه‌نگاوی‌ گه‌وره‌و بنه‌ڕه‌تی‌ به‌ ئاراسته‌ی‌ چاكسازیدا بنێن، كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌بێت له‌و چاكسازییه‌دا ئه‌وله‌ویه‌تی‌ پێبدرێت چییه‌؟
سه‌عد خالید: ئه‌و كێشانه‌ی‌ ئێستا روبه‌ڕوی‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ بونه‌ته‌وه‌، له‌ ئه‌نجامی‌ كۆمه‌ڵێك سیاسه‌تی‌ هه‌ڵه‌ی‌ حیزبه‌كان به‌تایبه‌ت پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ دروستبون، ئه‌و ئیداره‌یه‌ی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ دروستیانكرد به‌ر له‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادی‌ عێراق‌و دوای‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادی‌ عێراق پاره‌یه‌كی‌ زۆر هاته‌ كوردستان خه‌ڵكیان به‌ لێشاو داده‌مه‌زراند، ئێستا به‌پێی‌ قسه‌ی‌ حكومه‌ت 75%ی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ موچه‌ ته‌رخانده‌كرێت، كه‌واته‌ به‌شێكی‌ زۆر كه‌می‌ بودجه‌ بۆ وه‌به‌رهێنان‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و بواره‌كانی‌ دیكه‌ ته‌رخانكراوه‌، ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌كی‌ زۆر گه‌وره‌یه‌ كه‌ عه‌قڵییه‌تی‌ حیزبی‌ هێناویه‌تیه‌ ئاراوه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات بیه‌وێت چاكسازی‌ بكات، ده‌بێت له‌ سه‌ره‌تادا پرۆژه‌ی‌ چاكسازی‌ هه‌بێت، هه‌ر لێره‌وه‌ ده‌بێت باس له‌وه‌ بكه‌ین كه‌ له‌ چه‌ند مانگی‌ رابردودا حكومه‌ت لیژنه‌یه‌كی‌ له‌ حه‌وت وه‌زیر دروستكرد، ئه‌و لیژنه‌یه‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ سه‌رتاپاگیرییان به‌مه‌به‌ستی‌ چاكسازیكردن پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران كردوه‌. ئه‌وه‌ی‌ ده‌بێت بوترێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ شه‌فافییه‌تی‌ زیاتر له‌ بودجه‌دا هه‌بێت، ده‌زگایه‌كی‌ كارای‌ نه‌زاهه‌ پێكبهێنرێت، جیاكردنه‌وه‌ی‌ حیزب‌و حكومه‌ت ئه‌نجامبدرێت، ئه‌مانه‌ هه‌مو ئه‌و بوارانه‌ن كه‌ ده‌بێت ئه‌وله‌ویه‌تیان پێبدرێت.

* په‌رله‌مانتاران زیاتر حكومه‌ت به‌ به‌رپرس ده‌زانن، به‌رامبه‌ر به‌و كه‌موكورتیانه‌ی‌ هه‌ن، به‌ بۆچونی‌ ئێوه‌ كێشه‌كان له‌ حكومه‌ته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن یان له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌؟
سه‌عد خالید: به‌ بۆچونی‌ من به‌ ته‌نها حكومه‌ت به‌رپرسیار نییه‌ له‌ كێشه‌كان، به‌ڵكو په‌رله‌مان‌و حیزبه‌كان‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و خه‌ڵكیش به‌رپرسیارن، ئێستا كه‌ گه‌نده‌ڵی‌ وه‌ك په‌تایه‌ك سه‌رتاپای‌ ئه‌م وڵاته‌ی‌ گرتوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر خه‌ڵك زه‌مینه‌ بۆ گه‌نده‌ڵی‌ خۆش نه‌كات، به‌و شێوه‌یه‌ ته‌شه‌نه‌ ناكات ئه‌وه‌ش گه‌نده‌ڵییه‌ كه‌ خه‌ڵكێك ده‌یه‌وێت به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ كارێك بكات موچه‌ وه‌ربگرێت بۆیه‌ ده‌بێت گۆڕانێكی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ له‌ ته‌واوی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كاندا بكرێت، چونكه‌ هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستراون، تا په‌رله‌مانێكی‌ كارا نه‌بێت حكومه‌تێكی‌ كارا دروست نابێت.

* ئایا ئێوه‌ ئیراده‌یه‌كی‌ به‌هێز له‌سه‌ر ئاستی‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ ئه‌م گۆڕانه‌ ده‌بینن؟
سه‌عد خالید: پێشتر باسم له‌و لیژنه‌یه‌ كرد كه‌ حكومه‌ت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێكیهێناوه‌، دروستكردنی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ له‌و شێوه‌یه‌ خۆی‌ له‌ خۆیدا مانای‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ حكومه‌ت هه‌ست ده‌كات كه‌موكوڕی‌ هه‌یه‌‌و ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێت. په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ پارته‌ سیاسییه‌كانیش، به‌هه‌مان شێوه‌ قسه‌یان له‌سه‌ر چاكسازی‌ كردوه‌،ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ پرۆژه‌و راپۆرتیان هه‌یه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ كه‌موكورتی‌ هه‌یه‌، ئێستا حیزبه‌كان خۆشیان پرۆژه‌ی‌ چاكسازی‌ ده‌خه‌نه‌ڕو، بۆ نمونه‌ به‌رپرسانی‌ یه‌كێتی‌ تا ئێستا چه‌ند پرۆژه‌یه‌كیان له‌م روه‌وه‌ خستوه‌ته‌ڕو، به‌رپرسانی‌ پارتی‌ دیسانه‌وه‌ باس له‌ چاكسازی‌ ده‌كه‌ن، چوار حیزبه‌كه‌ به‌هه‌مانشێوه‌ باس له‌ گۆڕان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ گۆڕان بوه‌ته‌ پێویستییه‌كی‌ ئه‌م قۆناغه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا من ئیراده‌یه‌كی‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز بۆ ئه‌م گۆڕانه‌ نابینم، هه‌رچه‌نده‌ هیچ لایه‌نێك له‌ گۆڕان زه‌ره‌ر ناكات، ده‌بێت هه‌مو لایه‌نه‌كان ئه‌وه‌ بزانن كه‌ كێشه‌و گرفته‌كان وه‌ك شێرپه‌نجه‌ وان كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ستێكت توشی‌ بێت، چاره‌سه‌ری‌ نه‌كه‌یت سه‌رتاپای‌ جه‌سته‌ت ده‌گرێته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ گۆڕان پێشگرتنه‌ له‌ له‌ناوچونی‌ ته‌واوه‌تی‌.

* به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتاران باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ شه‌فافییه‌ت له‌ بودجه‌ی‌ حكومه‌تدا نییه‌، ئێوه‌ وه‌ك وه‌زیرێك هیچ چاوه‌ڕوانییه‌كتان هه‌یه‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ داهاتودا بۆ بودجه‌ ره‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مان ده‌كرێت، شه‌فافییه‌تی‌ زیاتری‌ تێدا بێت؟
سه‌عد خالید: به‌ڵێ‌ له‌و باوه‌ڕه‌دام پرۆژه‌ بودجه‌ی‌ داهاتو له‌ جارانی‌ رابردو باشتر ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بوترێت شه‌فافییه‌تی‌ سه‌د له‌ سه‌د هه‌یه‌، به‌ڕاستی‌ نییه‌، بۆیه‌ یه‌كێك له‌و كێشانه‌ی‌ پێویسته‌ ده‌سه‌ڵات چاكسازی‌ تێدا بكات شه‌فافییه‌ته‌ له‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا. باشتره‌ په‌رله‌مان باشترو وردتر قسه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بۆ حیزبه‌كان‌و خه‌ڵك رون ببێته‌وه‌ كه‌ بودجه‌كه‌ چۆنه‌و چۆن خه‌رجده‌كرێت، نایشارمه‌وه‌ كه‌ له‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانیشدا كه‌سانێك هه‌ن هه‌ر له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ بودجه‌ تێناگه‌ن.

* پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ حیزبه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران دانیشتنی‌ له‌سه‌ر كراوه‌؟
سه‌عد خالید: كاتێك یه‌كه‌مجار (56) په‌رله‌مانتار پرۆژه‌كه‌یان ره‌وانه‌ كرد، حكومه‌ت قسه‌ی‌ له‌سه‌ر كرد، بڕیاردرا لیژنه‌یه‌كی‌ بۆ دروستبكرێت، به‌ڵام لیژنه‌كه‌ دروستنه‌كرا، ئه‌وه‌ی‌ من بزانم حكومه‌ت‌و پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ بڕیاریانداوه‌ له‌ قۆناغی‌ یه‌كه‌مدا بودجه‌ی‌ حیزبه‌كان یه‌ك بخه‌ن، چونكه‌ حیزب هه‌یه‌ له‌ ئیداره‌ی‌ سلێمانی‌‌و له‌ ئیداره‌ی‌ هه‌ولێریش بودجه‌ وه‌رده‌گرێت.

* ئایا له‌ هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیراندا روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و جیاكردنه‌وه‌ی‌ حیزب له‌ حكومه‌ت ته‌وه‌ری‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ بوه‌؟
سه‌عد خالید: باسكراوه‌، لیژنه‌یه‌ك پێكهات، پرۆژه‌یه‌كی‌ گشتگیر به‌رزكرایه‌وه‌، به‌ڵام هیچ هه‌نگاوێكی‌ پراكتیكی‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌كه‌ نه‌نراوه‌، بۆ مه‌سه‌له‌ی‌ ده‌ستوه‌ردانیش تا ئێستا وه‌ك ته‌وه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ كۆبونه‌وه‌كان قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ نه‌كراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ كێشه‌یه‌كه‌و زۆرجار وه‌زیره‌كانی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌‌و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانیش موعاناتیان به‌ده‌ست ئه‌و كێشه‌یه‌وه‌ هه‌بوه‌.

Sbeiy.com © 2007