Print
 ساخته‌كاری‌، دێوه‌زمه‌كه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن
Sunday, February 22, 2009


راپۆرت: به‌رهه‌م خالید
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی‌ مانگی‌ ئایاری‌ داهاتو له‌ كوردستان گه‌رموگوڕییه‌كی‌ زۆر به‌خۆوه‌ ببینێت، به‌تایبه‌ت كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌مجاره‌ لیستی‌ سه‌ربه‌خۆو جیاواز ململانێ‌ له‌سه‌ر كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مان بكه‌ن، كه‌ بڕوای‌ چاودێران بونی‌ لیستی‌ جیاواز‌و ئاماده‌بونی‌ چاودێره‌ بیانییه‌كان رێگر ده‌بێت له‌ دوباره‌ بونه‌وه‌ی‌ ساخته‌كاری‌، به‌پێی‌ راپۆرتی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان شاره‌كانی‌ هه‌رێم له‌ ریزی‌ پێشه‌وه‌ی‌ شاره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ عێراقدا بون كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ساڵی‌2005دا زۆرترین ساخته‌كاری تێدا تۆماركرا.

یه‌كێك له‌و مه‌ترسیانه‌ی‌ كه‌ روبه‌ڕوی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌بێته‌وه‌ ئه‌نجامدانی‌ ساخته‌كارییه‌ تیایدا كه‌ لایه‌نێك ئه‌نجامی‌ ده‌دات، ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ ئاراسته‌یه‌كی‌ جیاوازدا ده‌بات، ئه‌و حاڵه‌ته‌ش بوه‌ته‌ جێگای‌ مه‌ترسی ده‌نگده‌ران‌و ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ساڵی‌ 2005‌و هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ عێراق كه‌ كۆتایی مانگی‌ رابردو له‌ شاره‌كانی‌ عێراق به‌ڕێوه‌چو ساخته‌كاری‌ زۆر ئه‌نجامدرا، كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و حاڵه‌تانه‌ روبه‌ڕوی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژرادنه‌كان كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ زیاده‌ له‌ (300) حاڵه‌ت.

خه‌مان زرار، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌سته‌ی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردن به‌رپرسه‌ له‌ ده‌ركردنی‌ رێنمایی‌و گرتنه‌به‌ری‌ رێوشوێنه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن له‌ كوردستان، به‌تایبه‌ت بۆ رێگاگرتن له‌ ساخته‌كاری‌‌و ئه‌وه‌شی‌ نه‌شارده‌وه‌ كه‌ كلتوری‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ وه‌هایه‌ كه‌ لایه‌نه‌كان به‌ئاسانی‌ سه‌رنه‌كه‌وتن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا قبوڵ‌ ناكه‌ن، وتی: "ئێمه‌ داوامانكردوه‌ رێوشوێنی‌ باش بگیرێته‌به‌ر بۆ رێگاگرتن له‌ ساخته‌كاری‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتودا".

به‌بڕوای‌ خه‌مان رێگاگرتن له‌و حاڵه‌ پێویستی‌ به‌ هۆشیاری‌ جه‌ماوه‌ری‌و حیزبی هه‌یه‌‌و پشت به‌وه‌ نه‌به‌ستن كه‌ له‌ رێگای‌ ساخته‌و ته‌زویره‌وه‌ ده‌نگی‌ باش به‌ده‌ستبهێنن، ئه‌ندامه‌كانی‌ خۆیان له‌ بنكه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن له‌وه‌ ئاگاداربكه‌نه‌وه‌ كه‌ په‌نا بۆ ئه‌و دیارده‌یه‌ نه‌به‌ن ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای‌ توندكردنی‌ رێنماییه‌كان.

 به‌بڕوای‌ چاودێران هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ 19/5ی‌ ئه‌مساڵ‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ جیاوازی‌ ده‌بێت به‌وپێیه‌ی‌ چه‌ند لیستێكی‌ جیاواز له‌ ده‌سه‌ڵات به‌شداری‌ تێداده‌كه‌ن‌و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌ ئاماده‌بونی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ چاودێرانی‌ ناوخۆیی‌و بیانی‌ به‌ڕێوه‌ بچێت، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ری‌ ساخته‌كردنی‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌ به‌تایبه‌ت دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ساڵی‌2005دا راپۆرتی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ره‌خنه‌یان ئاراسته‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ شاره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان گرت كه‌ ساخته‌كاری‌ زۆری‌ تێدا ئه‌نجامدرابو.

پارێزه‌ر عه‌لی قادر، سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ هه‌ڵبژاردن له‌ كوردستان، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وان رێوشوێنی‌ پێویست ده‌گرنه‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێگابگرن له‌ هه‌ر حاڵه‌تێكی‌ ساخته‌كاری‌ له‌لایه‌ن لیسته‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش سود له‌ ئه‌زمونی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ عێراق ده‌بینن بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڵانه‌ دوباره‌ نه‌بنه‌وه‌و ده‌ڵێت: "ده‌مانه‌وێت هه‌ڵبژاردنی‌ كوردستان به‌باشترین‌و پاكترین شێوه‌ به‌ڕێوه‌بچێت بۆ ئه‌وه‌ش  پێویستمان به‌هاوكاری‌ هه‌مو لایه‌ك هه‌یه‌".

به‌ بۆچونی‌ عه‌لی قادر مه‌ترسی‌ ساخته‌كاری‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتودا زۆر كه‌مه‌، چونكه‌ رێوشوێنی‌ باش ده‌گرینه‌به‌ر‌و ئه‌وه‌شی‌ وت: "پێموایه‌ كیانه‌ سیاسییه‌كان په‌نا بۆ ساخته‌ ده‌به‌ن، به‌ڵام ناتوانن ساخته‌كاری بكه‌ن به‌وپێیه‌ی‌ چاودێری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ئاماده‌ ده‌بێت‌و به‌باشی چاودێری‌ ده‌كرێت".

ساخته‌كاری‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا به‌چه‌ند قۆناغێك ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ بریتین له‌ ده‌ستكاریكردنی‌ یاسای هه‌ڵبژاردن‌و تۆماری‌ ناوی‌ ده‌نگده‌ران‌و بێلایه‌ن نه‌بونی‌ كارمه‌نده‌كانی‌ سه‌ر سندوقه‌كان‌و فۆرمی‌ ده‌نگدان كه‌ ژماره‌ی‌ زۆری‌ لێچاپ بكرێت، پاشان ده‌ستكاریكردنی‌ ژماره‌ی‌ كارته‌كان‌و چه‌ندباره‌ بونه‌وه‌ی‌ ده‌نگدان‌و یاریكردن به‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن به‌ زیادكردن‌و كه‌مكردنی‌ ژماره‌كان له‌كاتی‌ جیاكردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگه‌كاندا.

سه‌ركه‌وت حه‌مه‌ حسێن، ئه‌ندامی‌ ده‌سته‌ی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ په‌یمانگای‌ كوردی‌ بۆ هه‌ڵبژاردن كه‌ چاودێری‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كات، هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێویسته‌ رێگا بگیرێت له‌و حاڵه‌تانه‌ی‌ كه‌ ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ساخته‌كاری‌ تێدا بكرێت، ئه‌و بونی‌ یاسایه‌كی‌ تۆكمه‌‌و كۆمسیۆنێكی‌ سه‌ربه‌خۆ به‌مه‌رجی‌ سه‌ره‌كی‌ ده‌زانێت بۆ رێگاگرتن له‌ ساخته‌كاری‌ ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌بێت ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی له‌سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان داده‌نرێن بێلایه‌ن‌و ده‌ستوه‌رنه‌ده‌نه‌ پرۆسه‌كه‌وه‌‌و وتیشی: "پێویسته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ هه‌مو پێكهاته‌كانی‌ وڵات پێكبێت‌و پێشتر چاوپێكه‌وتن‌و راهێنانیان پێبكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ دڵنیابن له‌وه‌ی‌ بێ لایه‌نن‌و شه‌فافییه‌ت هه‌بێت له‌ دانانیاندا له‌ رێگای‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ فۆرمه‌كان پڕبكه‌نه‌وه‌و به‌ ژماره‌ دیاریبكرێن نه‌ك ناو بۆ ئه‌وه‌ی‌ ساخته‌ی‌ تێدا نه‌بێت به‌وه‌ش نوێنه‌ری‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی‌ تێدا ده‌بێت‌و رێگا ده‌گرێت له‌ ساخته‌كاری‌".

Sbeiy.com © 2007