Print
 هه‌ڵۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ به‌هێزترین رێگره‌ له‌ ریفۆرم
Saturday, February 28, 2009


سازدانی‌: رۆژنامه‌
دامه‌زرێنه‌ری‌ پارتی‌ پێشكه‌وتن له‌م دیمانه‌یه‌ی‌ رۆژنامه‌دا باس له‌ چۆنیه‌تی‌ پێكهێنانی‌ پارته‌كه‌و خۆئاماده‌كردنیان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتو ده‌كات، ده‌رباره‌ی‌ سیستمی‌ حیزبایه‌تی‌ كوردستانیش ده‌ڵێت: "میلله‌ت ئه‌وه‌نده‌ بێزاره‌ له‌ ده‌سه‌ڵات، حیزبایه‌تیشی‌ له‌به‌رچاو كه‌وتوه‌"، هه‌ڵۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ده‌رباره‌ی‌ كێشه‌كانی‌ ناو یه‌كێتی‌‌و پرۆسه‌ی‌ ریفۆرمیش رایوایه‌ كه‌ "مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ به‌هێزترین رێگره‌ له‌ ریفۆرم".

*هۆكار چی‌ بو كه‌ بیرتان له‌ دامه‌زراندنی‌ حیزبێكی‌ نوێ‌ كرده‌وه‌؟ ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حیزبێك هه‌بێت یان بۆشاییه‌ك هه‌یه‌ له‌ كوردستان ده‌تانه‌وێت پڕی‌ بكه‌نه‌وه‌؟
هه‌ڵۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: ئه‌و حیزبانه‌ی‌ كه‌ ئێستا له‌ ده‌سه‌ڵاتدان، میلله‌تیان له‌بیرچوه‌ته‌وه‌، ته‌نها بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان كارده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ بێمتمانه‌یی‌‌و كه‌لێنێكی‌ گه‌وره‌ له‌نێوان میلله‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتدا دروستبێت، میلله‌ت هه‌ستناكات ئه‌و پارتانه‌ به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ ده‌كه‌ن، پارتی‌ پێشكه‌وتن ده‌یه‌وێت ئه‌و كه‌لێنه‌ پڕكاته‌وه‌و پارتی‌ میلله‌ت بێت.   

*ئامانج له‌ پێكهێنانی‌ ئه‌و حیزبه‌ نوێیه‌ چییه‌؟ به‌رنامه‌ی‌ كاركردنی‌ به‌ چ ئاراسته‌یه‌ك ده‌بێت؟ بۆ ناوی‌ لێنراوه‌ پێشكه‌وتن؟
هه‌ڵۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: ده‌مانه‌وێت نوێنه‌رانی‌ راسته‌قینه‌ی‌ خه‌ڵك، كه‌سانی‌ دڵسۆز‌و لێهاتو و بوێر بنێرینه‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كه‌ له‌وێ‌ ململانێی‌ دیموكراسییانه‌ بكه‌ن بۆ به‌دیهینانی‌ داخوازییه‌كانی خه‌ڵك‌و پێشخستنی‌ وڵات.
له‌دوای‌ ئازادی‌ عێراقه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ، كه‌ نزیكه‌ی‌ شه‌ش ساڵه‌، زۆر بواری‌ ژیانی‌ هاوڵاتییان له‌ ئاستی‌ خۆیدا ماوه‌ته‌وه‌ یان به‌ره‌و دواوه‌ رۆشتوه‌، ئێمه‌ ده‌ڵێین، خه‌ڵكی‌ كوردستان شایانی‌ حكومه‌تێكی‌ زۆر به‌تواناتر‌و دڵسۆزتره‌ له‌ مه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌، به‌ پشتیوانی‌ جه‌ماوه‌ری‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌مانه‌وێت ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌م گێژاوه‌ رزگار بكه‌ین‌و به‌ره‌و پێشكه‌وتن بیبه‌ین.  

*كێن ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ وه‌ك ئه‌ندامانی‌ حیزب ده‌سنیشانده‌كرێن، ده‌توانرێت چاوه‌ڕوانی‌ گۆڕانێك بكرێت لێیان؟ یان هه‌ر كه‌سانی‌ به‌رژه‌وه‌ندخواز ده‌بن وه‌ك له‌ حیزبه‌كانی‌ دیكه‌دا ده‌بینرێن؟
هه‌ڵۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: هه‌مو هاوڵاتییه‌كی‌ دڵسۆز كه‌ ئاماده‌یه‌ ببێته‌ خزمه‌تكاری‌ ئه‌م میلله‌ته‌ به‌شخوراوه‌ ده‌رگای‌ ئه‌ندامییه‌تی‌ بۆ كراوه‌ته‌وه‌. ئه‌وانه‌ش كه‌ بۆ پله‌و پایه‌و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت دێن، ئه‌وانه‌ لای‌ ئێمه‌ جێیان نابێته‌وه‌، به‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی‌ خاوێن‌و پاڵێوراو دڵنیام گڕانكاریی‌ ده‌كرێت. 

*بۆ پێكهێنانی‌ ئه‌و حیزبه‌ پشتت به‌ ناوبانگی‌ بنه‌ماڵه‌ به‌ستوه‌؟ ئایا بونی‌ جه‌نابتان له‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ سه‌ركه‌وتنی‌ حیزبه‌كه‌، یان كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌یت له‌ رێگای‌ هێنانه‌دی‌ ئامانجه‌كانی‌ حیزبه‌وه‌ ناوبانگ په‌یدا بكه‌ن؟
هه‌ڵۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: شانازی‌ ده‌كه‌م به‌ مێژو و خه‌باتی‌ باوكمه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ ئه‌و خاوه‌نیه‌تی‌، من پشتم به‌ستوه‌ به‌ ده‌یان هه‌زار گه‌نجی‌ بێكارو نائومێد كه‌ ده‌بو ئه‌مڕۆ ئه‌وان داینه‌مۆی‌ ژیان‌و گۆڕان‌و پێشكه‌وتن بن، پشتم به‌ستوه‌ به‌ ده‌یان هه‌زار جوتیارو خه‌ڵكی‌ شارۆچكه‌و دێهاتی‌ كوردستان كه‌ دوێنێ‌ سوته‌مه‌نی‌ شۆڕش بون، به‌ڵام ئه‌مڕۆ كه‌س ئاوڕیان لێناداته‌وه‌. پشتم به‌ستوه‌ به‌ ده‌یان هه‌زار كه‌سوكاری‌ سه‌ربه‌رزی‌ ئه‌نفال‌و شه‌هیدان كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵات پشتگوێی‌ خستون‌و ته‌نها له‌ كۆڕو كۆبونه‌وه‌كاندا دێنه‌وه‌ بیری‌ به‌رپرسان پشتم به‌ستوه‌ به‌ جه‌ماوه‌ری‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان كه‌ گۆڕانیان ده‌وێت‌و له‌م بارودۆخه‌ بێزارن!.

*كێن ئه‌و چین‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی‌ پێتوایه‌ پشگیری‌ له‌ حیزبه‌كه‌ ده‌كه‌ن؟
هه‌ڵۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: مامۆستایان، پیشه‌وه‌ران، كرێكاران، خوێندكاران، گه‌نجان، ژنان، جوتیاران‌و هه‌مو ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ ژیانیان لێتاڵ‌ بوه‌ له‌به‌ر كه‌مته‌رخه‌می‌‌و بێ‌ به‌رنامه‌یی‌ ئه‌م حكومه‌ته‌، ده‌یانه‌وێت ئه‌م واقیعه‌ ناخۆشه‌ بگۆڕن.

*بارودۆخی‌ ئێستای‌ كوردستان له‌گه‌ڵ‌ بونی‌ چه‌ندین حیزب‌و باڵی‌ جیاوازدا چۆن ده‌بینی‌، پێتوایه‌ بارودۆخه‌كه‌ ته‌حه‌مولی‌ حیزبی‌ نوێ‌ ده‌كات؟
هه‌ڵۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: میلله‌ت ئه‌وه‌نده‌ بێزاره‌ له‌ ده‌سه‌ڵات، حیزبایه‌تیشی‌ له‌به‌رچاو كه‌وتوه‌. ده‌بێت زۆر خۆمان ماندو بكه‌ین تا متمانه‌ی‌ میلله‌ت به‌ده‌ستبهێنین، به‌ڵام له‌لایه‌كی‌ كه‌وه‌، كه‌لێنێكی‌ گه‌وره‌ هه‌یه‌و خه‌ڵك به‌دیلێكی‌ ده‌وێت له‌م گێژاوه‌ رزگاری‌ كات، له‌به‌رئه‌وه‌ من گه‌شبینم. 

*به‌ر له‌ دامه‌زراندنی‌ حیزبی‌ پێشكه‌وتن، ئاراسته‌ی‌ یه‌كبونتان دامه‌زراند بۆ هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌؟ تا چه‌ند ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ راستن كه‌ ئه‌ندامان‌و كادرانی‌ باڵای‌ ئاراسته‌كه‌ له‌ كاتی‌ سه‌ردانه‌كه‌یاندا بۆ لای‌ تاڵه‌بانی‌ له‌ ئاراسته‌ی‌ یه‌كبون جیابونه‌ته‌وه‌، یان بڕیاری‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یان داوه‌؟
هه‌ڵۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: ئاراسته‌ی‌ یه‌كبون هه‌وڵێك بو بۆ ریفۆرمكردنی‌ (ی‌.ن.ك) له‌ رێگای‌ دروستكردنی‌ فشار له‌لایه‌ن كادرانی‌ خواره‌وه‌‌و ناوه‌إاستی‌ یه‌كێتییه‌وه‌ بۆ سه‌ر مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌. به‌ بۆچونی‌ من مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ خۆی‌ به‌هێزترین رێگره‌ له‌ ریفۆرم‌و هه‌مو جۆره‌ گۆڕانكارییه‌كی‌ تر كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییان بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م مه‌ترسییه‌ش یه‌كبون هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌، ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی‌ سه‌ردانی‌ به‌ڕێز مام جه‌لالیان كرد ده‌سه‌ڵاتی‌ هیچ بڕیارێكیان نه‌بو، مام جه‌لال بڕیاری‌ بۆ دان!  به‌داخه‌وه‌، له‌ به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی‌ ته‌سكی‌ خۆیان سه‌دان كادری‌ دڵسۆزیان توشی‌ نائومێدی‌ كرد، هه‌ندێك له‌و براده‌رانه‌ نه‌یانوێرا خواحافیزیشم لێبكه‌ن!.

*ئه‌و چه‌ند كادره‌ دیاره‌ كه‌ پێشتر له‌ ده‌سته‌ی‌ باڵای‌ یه‌كبون بون، ئایا له‌ حیزبه‌ نوێیه‌كه‌ش له‌گه‌ڵتانن؟ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵتان نابن هۆكاره‌كه‌ی‌ چییه‌؟
هه‌ڵۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: ئه‌گه‌ر به‌ردی‌ بناغه‌ی‌ پارتی‌ پێشكه‌وتن كادره‌ كۆنه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ بن ئه‌وا یه‌كێتییه‌كی‌ بچوك دروست ده‌كه‌ینه‌وه‌، نه‌ك پارتێكی‌ نوێ‌ كه‌ دروشمی‌ پێشكه‌وتن‌و گۆڕانی‌ هه‌ڵگرتوه‌.

*چۆن ده‌ڕوانیته‌ جۆری‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئێستای‌ یه‌كێتی‌؟ به‌إای‌ به‌ڕێزتان هۆكاری‌ ئه‌و كێشانه‌ی‌ نێو یه‌كێتی‌ چییه‌؟
هه‌ڵۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: به‌ بۆچونی‌ من، یه‌كێتی‌ رۆژ ده‌باته‌ سه‌ر له‌ كێشه‌یه‌كه‌وه‌، كه‌ بنه‌ماكه‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ تایبه‌ت یان به‌رژه‌وه‌ندیی‌ تاقمێكه‌ بۆ كێشه‌یه‌كی‌ تر له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌ما، له‌و به‌ینه‌شدا هه‌زاران كادری‌ دڵسۆزی یه‌كێتی‌‌و میلله‌تێك زه‌ره‌رمه‌نده‌، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی‌ به‌په‌له‌ ده‌ستنه‌كات به‌ كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاریی‌ بنه‌ڕه‌تی‌‌و خۆنوێكردنه‌وه‌، ئه‌وا ده‌بێته‌ پارتی‌ سێیه‌م له‌ كوردستاندا.

*ئه‌و هه‌نگاوه‌ی‌ له‌لایه‌ن (5) ئه‌ندامی‌ باڵای‌ نێو یه‌كێتییه‌وه‌ نرا بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ له‌ حیزب‌و دواتر پاشگه‌زبونه‌وه‌یان چۆن لێكده‌ده‌نه‌وه‌؟
هه‌ڵۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: هه‌ڵوێستی‌ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كی‌ یه‌كجار كه‌م په‌یوه‌ندی‌ به‌ بیروباوه‌ڕ‌و ریفۆرمی‌ ناو یه‌كێتییه‌وه‌ هه‌یه‌، هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ زیاتره‌، ئه‌ندامانی‌ یه‌كێتی‌‌و جه‌ماوه‌ری‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان زۆر بێزارن له‌م كێشانه‌ی‌ ناو مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌، میلله‌ت ئاو‌و كاره‌بای‌ ده‌وێت، گه‌نجه‌كانمان هه‌لی‌ كارو ئاینده‌یه‌كی‌ رونیان ده‌وێت، دێهاته‌كانمان وێرانن‌و كشتوكاڵمان له‌ناو چوه‌،... هتد، سه‌ركرده‌كانمان ده‌بو زیاتر بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ میلله‌ت بكه‌نه‌وه‌‌و كه‌متر له‌ هی خۆیان.

*ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ به‌ناوی‌ ریفۆرمه‌وه‌ كارده‌كه‌ن‌و له‌نێو یه‌كێتی‌‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ش، پێتوایه‌ بتوانن گۆڕان بكه‌ن؟
هه‌ڵۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: ئه‌وسا كه‌ كاك نه‌وشیروان جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌ بو، ده‌بوایه‌ هه‌مو ده‌سه‌ڵاتێكی‌ خۆی‌ به‌كاربهێنایه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ ئارام‌و سه‌رده‌میانه‌ بۆ ریفۆرم، له‌و باوه‌ڕه‌شدام پێیده‌كرا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ‌ رێز‌و خۆشه‌ویستیمدا بۆ كاك نه‌وشیروان، ناتوانێت به‌م كه‌ره‌سته‌یه‌ی‌ ئێستا له‌به‌رده‌ستیایه‌تی‌ سه‌ركه‌وتو بێت له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ كۆڵه‌كه‌كانی‌ ریفۆرم خۆیان پێویستیان به‌ ریفۆرمه‌! ده‌بو كاك نه‌وشیروان هیچ نه‌بێت هه‌ندێك ده‌موچاوی‌ نوێ‌ بێنێته‌ پێشه‌وه‌.

*ئه‌وه‌ی‌ ده‌بینرێت زیاتر گوشاره‌كان له‌سه‌ر یه‌كێتییه‌ بۆ ئه‌و جیابونه‌وه‌‌و بڵ‌ پێكهێنانه‌ له‌نێو پارتیدا نابینرێت؟
هه‌ڵۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: ده‌سه‌ڵات له‌ناو پارتیدا به‌شیوازێكی‌ (هه‌ڕه‌می‌) دێته‌ خواره‌وه‌، رێز له‌ بڕیاری‌ سه‌ره‌وه‌ ده‌گیرێت‌و ئه‌و بڕیارانه‌ جێبه‌جێده‌كرێن، هه‌ندێك هۆكاری‌ مێژویش هه‌ن، له‌ سه‌ره‌تای‌ دروستبونی‌ یه‌كێتییه‌وه‌ له‌ پارتیدا نه‌بون.  

*له‌ حیزبه‌ نوێیه‌كه‌دا به‌نیازن هاوپه‌یمانێتی‌ له‌گه‌ڵ‌ حیزبه‌كانی‌ دیكه‌ بكه‌ن؟
هه‌ڵۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: به‌ڵێ‌ بێگومان، به‌ڵام جارێ‌ كاتی‌ نه‌هاتوه‌ باسبكرێت.

*سه‌رچاوه‌ی‌ دارایی‌ حیزب چی‌ ده‌بێت؟
هه‌ڵۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: سه‌رچاوه‌ی‌ سه‌ره‌كیمان ئابونه‌ی‌ ئه‌ندام‌و یارمه‌تی‌ دۆست‌و لایه‌نگران ده‌بێت، دوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌پێی‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ی‌ هێناومانه‌‌و پشتئه‌ستور به‌ یاسای‌ حیزبه‌كان داوای‌ یارمه‌تی‌ ده‌كه‌ین له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، هه‌ر چۆنێك بێت، ئێمه‌ پارتێكی‌ كه‌م مه‌سره‌ف ده‌بین، نه‌ ئۆتۆمبێل‌و قه‌سر‌و زه‌ویمان بۆ خۆمان ده‌وێت‌و نه‌ ده‌یبه‌خشین به‌ خه‌ڵك. 

*ئایا له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ هاوكاری‌ ده‌كرێن؟ ئه‌گه‌ر نا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌یه‌كدادان دروستبێت له‌نێوانتاندا به‌تایبه‌ت كه‌ به‌ڕێزتان له‌و بنه‌ماڵه‌یه‌وه‌ نزیكن‌و تێكه‌ڵن؟
هه‌ڵۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: سه‌ره‌ڕای‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ئاڵۆز‌و پڕ له‌ كێشه‌ له‌نێوانماندا،  ئه‌مڕۆ به‌ڕێز مام جه‌لال به‌ كۆڵه‌كه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ دیموكراسی‌‌و ئازادی‌ داده‌نێم له‌ كوردستاندا، له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه‌ دڵنیام له‌وه‌ی‌ ته‌نها به‌یه‌كدادانی‌ دیموكراسییانه‌ له‌نێوانماندا دروستده‌بێت. 

*گۆڕانێك ده‌بینرێت له‌ په‌یڕه‌و پرۆگرامی‌ حیزبه‌كه‌دا، ئایا ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بتانه‌وێت فۆرمێكی‌ مۆدرێنی‌ حیزبایه‌تی‌ بهێنه‌ كوردستان یان بۆ چییه‌؟
هه‌ڵۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌ رابردوی‌ حیزبه‌كان ده‌نگده‌ده‌ن‌و له‌به‌ر دڵپاكی‌‌و دڵسۆزییان چاوپۆشی‌ ده‌كه‌ن له‌ كارنامه‌ی‌ ئه‌م حیزبانه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت میلله‌ت له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی‌ ئه‌مڕۆمان‌و به‌رنامه‌مان بۆ سبه‌ی‌ ده‌نگمان پێبدات.   

*به‌ڵێنه‌كان كورت مه‌وداو زۆرن له‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ حیزبه‌كه‌دا، ئایا ده‌توانرێت هه‌موی‌ بهێنرێته‌دی‌؟
هه‌ڵۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: كێشه‌‌و كه‌موكوڕییه‌كانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ش زۆرن! بڕوابكه‌، به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌و كه‌موكوڕیانه‌ی‌ كه‌ ئه‌م میلله‌ته‌ به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت‌و ئێمه‌ش له‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆدا باسمان كردوه‌، زۆر به‌ئاسانی‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێن ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات نییه‌تی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ هه‌بێت.

Sbeiy.com © 2007